نوری کەریم: یەکێک لە بنەماڵە دێرینەکانى سلێمانى، بنەماڵەى شێخ ئەمینى وەتراخچى/ بەشی یەکەم.

یەکێک لەو بنەماڵە رەسەنانەى دواى بنیاتنانى شارى سلێمانى، شارەکەیان ئاوەدان کردەوە، بنەماڵەى شێخ ئەمینى سەیید قاسم بو، کەدواتر بە شێخ ئەمینى وەتراخچى ناسرا. ئەم بنەماڵەیە بەبنەچە لەساداتى پیرخدرى شاهۆن و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

یەکێک لەو بنەماڵە رەسەنانەى دواى بنیاتنانى شارى سلێمانى، شارەکەیان ئاوەدان کردەوە، بنەماڵەى شێخ ئەمینى سەیید قاسم بو، کەدواتر بە شێخ ئەمینى وەتراخچى ناسرا. ئەم بنەماڵەیە بەبنەچە لەساداتى پیرخدرى شاهۆن و سەیید قاسم لە کوردستانى خۆرهەڵاتەوە هاتۆتە ئەمدیو و لەگوندى گەنکێ. شارباژێر دەگیرسێتەوەو نیشتەجێ دەبێت و دواتریش هەندێک لەوەچەکانى دەچنە گوندى بەردەزەرد و هەردولایان بەکشتوکاڵ و مەڕداری یەوە خەریک دەبن، بەڵام دواى تەواوکردنى بەشە سەرەکییەکانى شار وەک بنکەو بارەگاى فەرمانڕەوایى بابانەکان، قشڵە، مزگەوت و خانەقاو حوجرە، بازاڕو دوکان و رێگاوبان، گەرماو… شێخ ئەمینى کوڕەگەورەى سەیید قاسمى شاهۆیى باروبارگەى بنەماڵەکە دەگوێزێتەوە بۆشارى نوێ و لەگوندە کۆنەکەى مەلکەندى نەوایەک پەیدادەکەن و نیشتەجێ دەبن و هەندێکیان هەرلەسەرمەڕدارى دەمێننەوە و شێخ ئەمینیش لەگەڵ دەستەى یەکەمى دوکاندارەکانى شاردا دۆکانێک دادەنێت بۆکڕین و فرۆشتنى فەرش و بەڕە و جاجم و بەرماڵ و لێفەو …. ئەم پیشەیەش پێیدەوترا (وەتراخچى). شێخ ئەمین سێ کوڕى هەبووە: مەحمود، ئەحمەد ، محەممەد. مەحمود کەدەکاتە باوکى دایکم و مامى باوکم و لەهەڕەتى لاویداو ساڵێکیش کەمتر دواى هاوسەرگیریى جوانەمەرگ دەبێت. محەممەد سەربازى پلەداربووە لەسوپاى عوسمانیدا، بەڵام ئەحمەد 1886-1953کەکوڕەگەورەى باوکى بو، بەشێخ ئەحمەدە رەش ناسرابوو، شەش کچ و چوارکوڕى هەبو: شێخ کەریم، غەفور، عیززەت و عارف، هەموشیان خوێندەوارو خەتخۆش بون، خودى خۆیشى خوێندەوارێکى چاک و لە منەوەرانى ئەو سەردەمە بو، زمانەکانى تورکى و فارسى و عارەبى بەڕەوانى دەزانى، خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشت و شاعیرێکى ناسک و خەتخۆش و جواننووسێکى بەهرەمەندیش بوو. لەو دواییانەدا نێوانى لەگەڵ شێخ مەحمودى مەلیکى کوردستاندا خۆشنەبووە و بە شیعریش هەجوى کردووە، پیاوەکانى شێخیش شەوێک بەنهێنى دەرمانێکى زیانبەخشیان بەناو مەڕەکانیدا رشتووە و زیانێکى قورسیان پێگەیاندووە. بەشبەحاڵى خۆم لەهیچ کەسێکم نەبیستووە، نەخزم و نەبێگانە، یا زۆر بە مندالى بەرگوێم کەوتووەو لەبیرەوەریمدا کوژاوەتەوە، ئاخۆ دەرمان رشتن و کوشتنى مەڕەکان و هەجوکردنەکە کامیان پێشتربووە، خوالێیخۆشبێت کاک عوسمان دەرویش کارمەندى بانقى رافیدەین لقى سلێمانى، جارێک ئەو شیعرى هەجوەى بۆخوێندمەوە، داوامکرد بینووسمەوە وتى هەمو شیعرەکانى لاى شێخ عیززەتى مامتە. منیش خۆشبەختانە ئەم دو نیوە دێڕەم لەیادماوە:
( مشتى بوخلى هیندە توندە هەرزنیش بێ ئەیگرێ
کار کەهێشتا ناتەواوە زەحمەتە خۆى راگرێ )
بەهەرحاڵ سەرئەنجام شێخ بڕیاردەدات شێخ ئەحمەد بچێتە گوندى سیتەک و دەرس بەمنداڵان بڵێتەوە! ساڵى 1976وەک مامۆستاى وانە بێژ لەگوندى سیرەمێرگەوە گوێزرامەوە بۆ گوندى سیتەک ـ شارباژێڕ، لەوکەسانەى هاتنە بەخێرهاتن کردنم شەهیدى جوانەمەرگ شێخ کاوەى شێخ لەتیفى شێخ مەحمودى مەلیکى کوردستان و چەندکەسێکى گوندەکە، کە دوو پیرەپیاویان تێدابو توشى سەرسامییانکردم کەباو و باپیرانم دەناسن. دەستپێکى قسەکانیان وتیان {ئەفەنى بەخێربێیت، تۆهاتویت دەرز بەنەوەکانمان بڵێیت، شێخ ئەحمەدى باپیریشت سەردەمى حکومەتى شێخ هاتە ئەم سیتەکە، موعەللیم بو دەرزى بەئێمە ئەوت، بەرەحمەت بێت و ئەمشەوى لەهەمو شەوێک خۆشتربێت پیاوێکى باڵابەرزى هەتا دەست هەڵبڕى کەڵەگەت و بەشانوشەوکەت، چاوەکانى دەبریسکانەوەو کاریان لەعەقڵ و شعورى بنیادەم دەکرد، زۆر پۆشتەو پەرداخ بوو، کەواو سەڵتەى لەبەردەکرد و مشکى و جامانەى پێکەوە دەبەست، غەریقى رەحمەت بێ تۆزێک تووڕە و بەزەبرو داروەشێن بو، هەزار جار گەردنى ئازادبێت، ئێمە هەردوکمان (مەتکەبلی!) (1) بوین، ئێستەش شیعرەکانمان لەیادماوە، ئەهاگوێبگرە !} چەند کۆپلەیەک هۆنراوەى مامۆستایان (قانع، بیخود و زێوەر) یان بەتێکەڵوپێکەڵى خوێندەوە، دوو سێ دێڕیشیان بەتورکى دەوت، من تێینەدەگەیسشتم و ئەوانیش ماناکەیان نەدەزانى! دواتر لەسەرچاوەکانى مێژوى عوسمانییەکاندا بینیم ئەوە یەکێک بووە لەسرودەکانى تورکە رەفتار فاشییەکان و هەرلەسەردەمى ئەفسەرە توندڕەوەکانەوە: ئەنوەر، جەمال، تەلعەت بەتورکیاو وڵاتانى بندەستى عوسمانی یەکاندا بڵاودەکرایەوە، بۆنموونە: (جەنگیزخانک بایراغى ** ئانلى شانلى سانلاندى) واتاکەى بەکوردى: ئاڵاکانى جەنگیزخانى (باوەگەورەمان) بەشنەباى سەرکەوتن و نەمرى دەشەکێنەوە.
شێخ ئەحمەد ماوەیەک لە سیتەک بەسەردەبات، بەڵام فێرە ئەو ژیانە نەبووە و هەرزو وەڕس دەبێت و بڕیاردەدات بگەڕێتەوەشار، یەکەم هەنگاو نامەیەک بۆمامۆستا زێوەرى هاوڕێ و هاودەمى دەنووسێت داوادەکات لاى شێخ (عەرزى حاڵى بکات لەپاڵ دو قسەى خێردا). خوشبەختانە دواى ماوەیەک وەڵامێکى مژدەبەخشى پێدەگات ( یاشێخ وەرەوە پێکەوە دەچینە خزمەت شێخى گەورە). جا من ئەو چونە خزمەت مەلیکى کوردستانەم لەخودى باپیرم بیستووە، بۆ کەسانى دیکەى گێڕاوەتەوە و منیش گوێم لێبوە: (لەگەڵ زێوەر چوین بۆبارەگاى شێخ و نەمدەزانى ئەنجامەکەى چۆن دەبێت، بەڵام لەحاجى تۆفیقى پیرەمێردم بیستبوو، کەسێک دڵى شێخى لێڕەنجابێت، کەدەچێتە حزورى و سڵاو دەکات، ئەگەر سڵاوەکەى ئاسایى سەندەوە (عەلەیکەسەلام) ئەوە ماناى دڵگرانەو لەوانەیە بڕووخێت بەسەریداو لەوانەشە هەندێک سەرزەنشتى بکات و ئینجا خاویبکاتەوە و دڵنەواییەکى بکات، بەڵام ئەگەر سڵاوەکەى بەمجۆرە سەندەوە: (عەلەیکەسەلام فڵان کەس، بەخێربێیت)ئەوە ماناى هیچى لەدلدا نییەو ئاشتى دەکاتەوە. من (حاجى تۆفیقى پیرەمێرد) کەچوومە خزمەتى، بەڵى رەخنەم لەهەندێک کردارو رەوتارى گرتبو، بەڵام ناحەز زۆرخراپ زمانیان لێ خستبومەکار، بۆیە وەک بەتیریک دوونیشان بپێکم هەر کە چومە ژورەوە، روومکردە شێخ و یەکسەر ئەم شیعرەم بۆخوێندەوە:
ئەبێ بەخشندە مل کەچکا لەئاستى موچەخۆرى خۆى
سوراحى سەرفرو دێنێ لەبۆ پیاڵە کەتێکا بۆى
کە ئاو دارى لەسەر سەر گرتووە زانیم کەچى تیایە
لەلاى نەنگە کەپەروەردەى نوقومکا، گەورەیى وایە
لێرەدا ئەو مەلیکى کوردستانە ڕووى گەشایەوەو فەرموى (بەخێربێیت حاجى تۆقیق، دانیشە.) منیش(شێخ ئەحمەد) کەچومە دیوان و سڵاوم لەحازران کرد، هەستم بە سوکە زەردەخەنەیەک کرد بەسەرلێوەکانی شێخەوە و فەرموى( ئەحمەد دیمانەت بەخێر، دانیشە.)

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نوری کەریم

ئەرشیڤی بەڕێز: نوری کەریم