Barzani

ئاودێر لوقمان: پارتی مەلا مستەفایەکی تری بۆ سەرۆکی هەرێمی دەبێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵات هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە هەبوە و کۆمەڵێکی کەم حوکمی زۆرینەی کردووە، ئەویش لەسەر بنەمای هێزو و توانا بەجۆرێک بێ هێزەکان هەمیشە لەلایەن بەهێزەکانەوە چەوسێنراونەتەوەو زوڵم و ناعەدالەتیان بەرامبەر کراوە. لەمافەکانی خۆیان بێبەری کراون و هەموو مافێکی سەرەتاییان لێزەوت کراوە وەک ئازادی. ئەم چینە بێهێزە بەکار هێنراون لەخزمەتی کەسە بەهێزوو دەسەڵاتدارەکاندا و بنەماڵەکانیاندا. جا بۆکاری قورس و گران بەکارهێنراون بۆ ئەوەی ئەوان خۆش بژین. وەچەوساوەو ژێر دەستەکانیش تەنها ئەوەندەیان پێدراوە کە بژین بۆ خزمەتی ئەوان.
لە دوای ئەوەی مرۆڤ لە 10بۆ 12 هەزار ساڵ پێش زاینەوە ئەشکەوتیان جێهێشت و هاتن لە دەشتایی و نزیک کانیاو ڕووبارەکاندا کوخی سەرەتاییان درووست کردو نیشتەجێبوون. بەجۆرێک کە سەرەتا خێزانی بچوک بوون و پاشان وردە وردە زیادیان کرد و ئیتر فێری کشتوکاڵ و نیشتە جێبوون بوون لە دەشتایەکاندا ئەمەش بووە هۆی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کە قۆناغی ڕاوشکاری بەجێهێشت و چووە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش نیشتە جێبوون و کشتووکاڵ بوو. ئیتر بیریان کردەوە لەم قۆناغەدا پێوویستیان بە دەستی کاری زۆرە بۆ کێڵانی زەوی و کشتووکاڵ کردن. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیان دا وەچەی زیاتر بخەنەوەو بەمەش گوندە بچوکەکان بوونە شاری بچوک و وردە وردە گەورە بوون. ئیتر لەو شارە بچووکانە کۆمەڵێک کەس ئەوانەی کەتوانییان دەست بەسەر زەویەکی زۆردا بگرن و، ئەیاندا بەکۆمەڵێک کەس تاوەکو بیچێنن بۆیان و کاری تێدا بکەن. بەمەش ئەو کەسانە لایەنگیری خاوەن کێڵگەکەیان دەکرد و داهاتی ساڵانەیان دەداوە بەخاوەن کێڵگەکەو خاوەنی کێڵگەش بەشی ئەوەی پێدەدان کە پێی بژین.
دوایی ئەوەی سیستمی پاشایەتی درووست بوو، ئیتر هەموو موڵکەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ناوچەیەی ئەو شارەی تێدابوو بووبوونە موڵکی پاشاو بنەماڵەکەی. ئیتر بەهۆی ئەوەشەوە کۆیلایەتی سەری هەڵداو پاشاو بنەماڵەی پاشا دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەی داهاتەکانی ئەو ناوچەدا دەگرت و لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنا، تەنها ئەوەندەیان بە ژێردەستەکانیان دەدا کەبژین بۆ خزمەتی ئەوان.
دوای ئەوەی بازرگانیش سەری هەڵدا، ئیتر بووە هۆی کرانەوەیەک لەبەینی شارەکانداو، وەهەروەها پێشکەوتنێکیش بوو بۆ مرۆڤایەتی. مرۆڤ زیاتر گەشەی کردوو پاشاکان خەڵکی زیاتریان کەوتەژێر دەست و هەوڵیان دەدا زەوی زۆرتر داگیر بکەن بۆ خۆیان لەسەر حسابی ئەو فرمان ڕەوایانەی کە دراوسێی یان بوون. ئەم فراوانخوازیەش ئەبووە هۆی جەنگ و کوشتارو شەڕ لەنێوان دوو فرمان ڕەوادا کێ بێهێز بوایە ناوچەو شارەکەی داگیر دەکراو دەسوتێنرا خەڵکەکەی دەکوژراو هەندێکیشی دەکرا بەکۆیلە. ئیتر ئەم فراوانخوازیە بووە هۆی جەنگ و کوشتاری گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەو پاشاو دەسەڵاتدارانەی کە زۆرتریان ناوچەو شاریان داگیر دەکرد، حوکمی هەموویان دەگرتە دەست. هەموو سەرچاوەی داهاتەکانی ئەو ناوچانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان قۆرغ دەکرد. ئیتر خێزانی پاشا هەمو ماف و دەسەڵاتێکیان هەبوو. لەدوای ئەوەی کەپاشاش دەمرد کوڕەکەی جێگای دەگرتەوە هەموو پاشایەک هەوڵی دەدا کە کوڕی هەبێت و هەر لەمنداڵیەوە بەشێوەیەک پەروەرودە دەکرا کە بۆ جێگرەوەی باوکی ئامادەبێت، لەدوای مەرگی باوکی زۆربەی جار کوڕەگەورەی پاشا بۆ ئەم مەبەستە دیاری دەکراو ئامادە دەکرا. ئەویش بەچەند قۆناغێکدا تێدەپەڕی، هەتا زۆرجار سەرکردایەتی سووپای دەکرد لەکاتی هێرشوو پەلاماردانەکاندا. لەسەر هەموو شتێک ڕادەهێنرا. تاوەکو لەدوای باوکی بتوانێت حوکم بکات. ئیتر بەمشێوەیە بەردەوام دەبوو تاوەکو ئەو دەوڵەت و بنەماڵەیە لەناو دەچوون، جا بەهۆکاری ململانێی ناوخۆیی بێت، کەشەڕ لەنێو خودی بنەماڵەکەدا درووست دەبوو لەسەر دەسەڵات، یان بەهۆی داگیرکاری و ڕوخانی ئەو دەوڵەتەوە بێت لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە، ئەمە لەکۆندا بەم شێوەیەبوو.
بەڵام ئەگەر ئێمە باسی هەرێمی کوردستان بکەین لە ئێستادا بەهەمان شێوەی ڕابردوو دەسەڵاتداران کوڕەکانیان دەکەنە جێنشینی خۆیان، وە بۆ ئەو مەبەستەش بەرگی دیمووکاسیان کردوە بەبەریدا کە بەحساب لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەهاتە دەسەڵات، که بەهیچ شێوەیەک دیموکراسی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لەم هەرێمە بوونی نییە. ئەگەر سەیرێکی حیزبەکان بکەین تاڕادەیەکی زۆر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. لەدوای کۆچی جەلال تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا قوبادو بافێڵ لەگەڵ برازاکانی و نزیکەکانی جەلال تاڵەبانی توانیویانە تا ڕادەیەکی زۆر دەست بەسەر ئەو حیزبەدا بگرن و هەموو ئەو پۆستە حکومیە گرنگانەی کەپشکی ئەو حیزبەیە بەدەست کەس و کارەکەی جەلال تاڵەبانیەوەن. بەهەمان شێوەش لەدوای کۆچی دوای نەوشیراوان مستەفا دوو کوڕەکەی بوونە ڕەقەمێکی دیار لەناو ئەو حیزبەدا.
وە لەناو پارتی دا هەموو پۆستە گرنگەکانیان بۆ خۆیان گرتوەو کوڕەکانی مەسعود بارزانی و برازاکانی کەسی یەکەمن لەدوای مەسعود بارزانیەوە. لەو پۆستانەی کەهی پارتی نین و بەزۆر و هێز دەستی بەسەرا گرتون. وە لەدوای ئەمانیش کوڕو ئەو جیلەی دوای ئەمانە لە هەمان بنەماڵە دەبنە حوکمڕانی هەرێم. لەوانە کوڕە بچوکەکەی مەسعودە بەناوی مستەفا مسعود کە (بابۆ)شی پێدەڵێن، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی وورد و لەسەر خۆ پەروەرە دەکرێت بۆ ئەوەی لەدوای چەند خولێکی تر بابۆ ببێتە سەرۆکی هەرێم هەر لەبەر ئەوەی کە بەناوی باپیرەیشیەوە ناونراوەو ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت لەناو بنەماڵەی بارزانی و وەلەناو هەموو لایەنگرەکانی پارتیدا.
واتە بەدڵنیاییەوە بابۆ یەکێک دەبێت لە کەسە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەداهاتوودا. هەربۆیە بە سەرۆکی هەرێمێک لە گریسدا زۆر جار ناودەبرێت. جا خەڵکی بەش مەینەتی کوردستانیش باجی هەموو خەڵەت و کارە دزێو چەوتەکانی ئەم بنەماڵە دزو گەندەڵانە دەدەن و باجی شەڕوو شۆڕو نەهامەتیەکان خەڵکە بەشمەینەتەکە دەیدات و ئەوانیش لە کۆتایدا هەموو پۆستە گرنگەکان دەیگرنە دەست، لە کاتی مەترسیشدا تانانەت ناتوانن بەرگری لەخاکی کوردستان بکەن کە بەهەزاران شەهیدمان بۆی داوەو هیچ باکیشیان نیە ئەگەر سبەینێ مەترسی لەسەر هەرێم درووست بێتەوە دەرگا بۆ دووژمن ئاوەڵا ئەکەن و، وەکو چۆن نیوەی کوردستانیان جێهێشت ئاوا ئەم نیوەی تریشی جێبهێڵن و بیدەن بەدەس دووژمنەوە. چونکە نیشتمان هیچ بەهایەکی لای ئەوان نییەو ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەنها نەوت و خێرو بێرەکانی ئەم هەرێمەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت