بورهان شێخ ڕەئوف: هەڵوێستى شیعەکانى عێراق لەمەڕ ململانێکانى ئەمریکاو ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە دەبوو هەڵوێستى فەرمى دەوڵەتى عێراق لەمەڕ گرژى و هەڵکشان و داکشانى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکاو ئێران لە لایەن حکومەتى عێراقەوە ڕابگەیەنرایە، بەڵام لە بەرئەوەى حکومەت و دامودەزگاکانى فەرمانڕەوایى لە عێراقدا فۆرمى تەواوى نیشتمانى یان وەرنەگرتووە و لە چوار چێوەیەکى تەسکى تائیفى و ئتنیکى دا دەخوولێتەوەو ئەوەش بە ئاشکرا لە لێدوانى سەرکردەى لایەن و تاقمەچەکدارەکانى حەشدى شەعبى بە دەردەکەوێت کە یەکێکیان دەڵێت عێراق دەکەین بە ڤێتنام بۆ ئەمریکییەکان ئەگەر پەلامارى ئێران بدەن و یەکێکى تریان بەجۆرێکى تر لێدوان هەڵوێستى خۆى دەردەبڕێت.
جگە لەوانەش باڵەکانى حەشدى شەعبى مەرجەعیەتى جیاوازییان هەیە ئەگەر لە ڕووى سیاسی و یاساییەوە لە چوارچێوەى هەردوو وەزارەتى بەرگرى وناوخۆى عێراقدا ڕێکخرابن و لە ژێر فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراقدا بن کە دکتۆر عادیل عەبدولمهدیە ئەوا لە ڕووى مەزهەبی یەوە هەرلایەنێکیان وابەستەى ناوەندو مەرجەعێکى ئاینزاى شیعەن دیارترینیان کە خۆى لە تاقمەکانى بەدرى هادى عامرى عەسائیبى ئەهلى هەقى قەیس خەزعەلى و بزوتنەوەى نوجەباو حزبوڵاى عێراق و… تد، سەربە مەرجەعیەتى ئایەتوڵاى عوزما عەلى خامنەئى ولایەتى فەقیهو ڕابەرى شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران و جیهانى ئیسلامى شیعەیە و پابەند بوون بە فەرمان و ئامۆژگارییەکانى ئەرکێکى ئایینى پیرۆزەو هیچ لێکدانەوەو قسەوباسێک هەڵناگرێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت و وەکو فەرمانى خوداوەند وان فەرمانەکانى دەبێت خێرا و دەستەجێ بخرێنە بوارى پراکتیکەوە چونکە خامنەئى وەلى ئەمرى مووسڵمانانە تا هاتنى ئیمامى مەهدى بۆیە ئەم فەرمانانە نەک هەر لە ئێران بەڵکو دەبێت هەموو هێزەکانى وابەستە بە مەرجەعیەتى ولایەتى فەقیهەوە لە تەواوى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین وبگرە جیهانیش جێبەجێ ى بکەن بۆ سەرخستنى چەوساوەو زۆرلێکراوان بە قەولى خۆیان.
لە گەڵ ئەمانەشدا چەند باڵێکى تریان هەیە شیعەکانى عێراق وابەستەى مەرجەعیەتى نەجەف و سەید عەمار حەکیم و سەید موقتەدا سەدرن وەکو سەرایا سەلام و سەرایا عاشورا و فرقەى عەباسى جەنگاوەر و لیواى عەلى ئەکبەر کە ئەمانە فەرمانەکانیان لە ناوخۆى عێراقەوەیەو لە گەڵ ئەوەدان بەتایبەتى موقتەدا سەدر کە عێراق بێلایەن بێت لە شەڕى چاوەڕوانکراوى ئەمریکاو ئێراندا و خاکى عێراق نەکرێتە گۆڕەپانى یەکلا کردنەوەى ئەو ململانێ دێرینەى ئەمریکا و ئێران.
هەرچەندە حەشدى شەعبى لە چرکە ساتێکى مێژوویى هەستیاردا هاتە دامەزراندن ئەویش لە دواى داگیرکردنى شارى مووسڵ لەلایەن چەتەکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش ) لە سەر بانگەوازى سەید عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەى عێراق کە ئامانج لێ ى پاراستنى مەزارو شوێنە پیرۆزەکانى شیعە بوو لە عێراق بەڵام لە ئێستاو دواى نەمانى داعش بە ئاشکراو هەندێک لە پێکهاتەکانى عێراق بە تایبەتى سوونەو دواتر کوردیش لەو بڕوایەدان ئیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەى ئەو هێزانە نى یە بەڵکو دەبێت سوپاى عێراق ئەرکى پاراستنى خاک و سەروەر ى و سنوورەکانى عێراق بگرێتە ئەستۆ چونکە سوپاى عێراق بە شێوەیەکى هاوسەنگ پێکهاتووەو هەموو پێکهاتەکانى عێراقى لە خۆ گرتووە بەڵا م هێزى چەکدارى تائیفى و مەزهەبى مەترسى یەکى گەورەیە بۆ ئایندەى پێکەوەژیان و مانەوەى عێراق وەکو وڵاتێکى سەربەخۆ.
لەوەش سامناکتر پێکهاتەکانى ترى عێراق جگە لە شیعە مانەوەى ئەم هێزە تائیفیە بەو چەک و توانا و بوودجە زەبەلاحەى کە بۆى تەرخانکراوە بە مەترسى گەورە دەبینن و ئەجنداى دەرەکى پێ جێبەجێ دەکرێت بە تایبەتى ئەو ڕۆڵەى کە لە شەڕى ناوخۆیى سوریا گێڕایان پێدەچێت لە ئایندەشدا بەشدارى ململانێ و شەڕە تائیفیەکانى ناوچەکە بکەن کە هەموو ئەمانە کاریگەر خراپیان بۆ عێراق دەبێت.
ماوەتەوە لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین هەرچەندە سەید سیستانى فەتواى ئەوەى داوە کە عێراق بێلایەن بێت لە ململانێ ى ئێران و ئەمریکادا بەڵام پێناچێت ئەو فەتوایە زۆر خۆى بگرێت لە بەر زۆر فاکتەر لەوانە لەبەرئەوەى زۆربەى ئەو تاقم گروهە چەکدارانەى حەشدى شەعبى بە تایبەتى سەرەکیەکانیان وابەستەى مەرجەعیەتى قوومن و حکومەتى عێراقیش ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت