بەهرۆز جەعفەر: ئەگەرەکانی بەیەکداکێشانی ئێران و ئەمریکا لە کەنداو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماتماتیکدا سێگۆشە تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر سێ لاکانی یەکسانن، درێژی هەر لایەکی یەکسانن بە درێژی بنکەی سێگۆشەکەو، زاویەکانی یەکسانن بەیەک و هەریەکەیان پلەی 60 ن و، سەری سێگۆشەکە گوزارشتە لە ستراتیژو بونیەتی ئەم شێوە ماتماتیکیەو… تادوایی. لە بەدواداچونی زانستیشدا هەموو ئەوانە گریمانەن، بۆ ئەوەی شیکاری و سەلماندن بۆ ئەو گریمانانە بکرێت پێویست بە پێدراو و میتۆد ئەکات تا باشتر لە ئەنجامەکەی بگەین:
یەکەم/ ئەگەر ئەمریکا زلهێزێکی جیهانی بێت و گوزارشت بێت لە خواوەندێکی زەمینی و تەکنۆلۆژی و سەربازیی کە ( 750 ) حەوتسەت و پەنجا بنکەی سەربازیی لە (130) دەوڵەتی جیهاندا هەیە، گەورەترین هێزی ئابوری ئەم گۆی زەوییەیە کە لەدوای جەنگی ساردەوە(1989) ەوە تا هەنوکە (90٪) مامەڵە داراییەکانی جیهان بە دۆلار $ ە، ئەوەندە بەسە بپرسین: بۆچی نەوت تەنها بە دۆلار ئەفرۆشرێت، بۆچی پڕ بەهاترین کاڵا ئابوورییەکان کە خوێنی سیستەمی سەرمایەدارین بە دۆلار مامەڵەی پێوە ئەکرێت؟. ئەگەر ئەمریکا ئەو هێزە بێت، ئەوا ئێرانیش گەورەترین هێزی هەرێمیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە باکوری ئەفریکاش. ئێران وەک هێزێکی ئایدۆلۆجی پێی وایە سنورەکانی هەمان ئەو سنورانەن کە لە دەوڵەتی فاتیمی کۆندا هەبووەو ئێستا ناکرێت خۆی لە چوارچێوەی سنورەکانی خۆیدا قەتیس بکات، ڕێچکەکەی ئەو سیاسەتەیە کە «بۆ ئەوەی هەمیشە کارتێکی بەهێزی دانوستان بیت پێویستە بەردەوام لە مانۆڕدا بێت لە دەرەوەی خۆت». گروپێکی لاتو لەواری وەک « ئەنساروڵای یەمەن» کە نوێنەرایەتی هێزە شیعی و حوسیەکانی یەمەن ئەکات ناتوانێ تاکە نەعلێک دروست بکات کەچی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش ئەکاتە سەر سعودیە!. حیزبوڵای لوبنانی کە تاوەکو ساڵی (2017 ) ساڵانە ئێران (750) ملیۆن دۆلاری بۆ سەرف کردون، لە ساڵی (2006) و دواتریش ئیختراقی سیستەمی هێرشکردنی ئیسرائیلی ئەکرد. لە عێراق لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا حەشدی شەعبی لەسەر مۆدێلی سوپای پاسداران دروست ئەبێ و یاسای بۆ دەرئەکرێ و پڕ چەک ئەکرێ و شەڕی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی خۆی پێ ئەکا. لە کەنداو چوار جار هێرش ئەکاتە سەر کەشتیەکانی نەوت لە یەک مانگی ناوەڕاستی 2019 ەدا. ئەمانەن هێزی ئێران سەرۆکوەزیرانی یابان شینزۆ ئابە لەدوای کۆبونەوەکەی ئێران بە جێدەهێڵێت، ئێران بۆمبێکی موگناتیسی ئەگرێتە کەشتیەکی یابانی گوازەرەوەی نەوت تا جارێکی تر نەوت لە وڵاتانی عەرەبیەوە نەبەن و نەوتەکەی ئێرانیش فەرامۆش بکەن. مووشەکبارانی بارەگای دیموکرات لە کۆیە ئەکات تا توانای پێکانی سەربازیی خۆی بە ئەمریکا نیشان بدات.
دووەم/ بابەتی « سعودیە» یە، زۆربەی چاودێران پێیان وایە ئەم جەنگە پێش ئەوەی جەنگی ئەمریکاو ئێران بێت، جەنگی ئیسرائیل و سعودیەیە لەگەڵ ئێران، کە زۆرجار لۆبی جولەکەو پارەو ڕەشوەی هێزەکانی کەنداو بۆ بڕیاربەدەستانی ئەمریکا وای کردووە ئەمریکا تا ئاستی بەیەکدا کێشان لەگەڵ ئێران ببەن. لە ساڵی ( 1933) کۆمپانیای «ئارامکۆ – Saudi Aramco » وەک گەورەترین کۆمپانیای نەوتی سعودی دروست ئەبێ لەبنەڕەتدا ئەمە کۆمپانیایەکی سعودی- ئەمریکیە، کە لە سەرەتادا سەروکاری لەگەڵ بەریتانیادا دەستپێکرد، بەڵام دوای دەستاودەست کردنی ئیمپریالیزمی بەریتانی بە ئبمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەم کۆمپانیایە ئەبێتە گەورەترین هێمایەک بۆ بەرژەوەندی زەبەلاحی ئابوری نێوان خۆرئاواو سعودیە، تەنها لە ساڵی (2018) قازانجی پەتی – Net Profit کۆمپانیای ئارامکۆ بریتی بوە لە (111) سەت و یانزە ملیار دۆلاری ئەمریکی (قازانجی پەتی – صافي الأرباح: ئەو بڕەیە کە لە تێکڕای قازانج ئەمێنێتەوە دوای ئەوەی تەواوی تێچووەکانی تری لێ دەرئەهێنرێت). تەنها یەک کۆمپانیا (111) ملیار دۆلار مسۆگەر بکات لە نێوان هەردوو ووڵاتی سعودیەو ئەمریکادا، ئەبێت قازانجی فرۆشی چەک لەلایەن کۆمپانیا بەریتانی و ئەمریکیەکانەوە چەندی تر بێت. بۆیە فرانکلین ڕۆزفێڵت ساڵی (1943) ئەڵێت « هێرش کردنە سەر سعودیە هێرشکردنە بۆسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان» بەهەمان شێوە جیمی کارتەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان (1977- 1981) ئەڵێت « ئاسایشی سعودیە بریتی یە لە ئاسایشی ئەمریکا».
سێهەم: ئەکرێت باس لە ململانێ بکرێت، بەڵام ڕەگو ڕیشەی ئەم ململانێیە لە کوێوە دێت؟!. لێرەدا ئەبێت بگەڕێینەوە بۆ دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، بۆ دروست بوونی نەتەوە یەکگرتوەکان کە لە دیباجەکەیدا نوسراوە (To maintain international peace of security) واتە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی جیهانی دروستکراوە. بەڵام کاتێک نەتەوە یەکگرتوەکان ناتوانێ ئەم ئارامیە بپارێزێت و دادگەری بچەسپێنێ، کاتێک ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی لە ساڵی 1957 بەدواوە لە سەر مەسەلەی نۆکەندی سوێس و پەلاماردانی میسر شکست دێنن و دەمامکەکەیان ئەکەوێت. کاتێک 11 ی سێپتەمبەر ڕووئەدات، کاتێک بەهاری عەرەبی دێت و بەرەنجامی چەکوش وەشاندنەکانی ئیمپریالیزمی نوێ لە سەدەها دیمەنی کارەساتباری مرۆییدا ئەبینرێت، لە ڕواندا وە تا کۆماری کۆنگۆ تا غانا و نەیجیریا، هەتا ئەگاتە دڵدارییەکانی سیستمە دیموکراتەکانی خۆرئاوا لەگەڵ دیکتاتۆرە نەوتاوییەکانی ڕۆژهەڵات، ئیتر تا دێت بەرهەڵستی جۆراوجۆری سیستەمی خۆرئاوایی کە ئەمریکا ڕەنگڕێژکەرو گرامەریەتی زیاد ئەکات، ئێرانیش وەک سیستەمێکی کۆنزێرڤاتی کیشوەری ئەبێتە یەکێک لەو « نەخێر» ە گەورانە لە بەردەم سیاسەت و پلانەکانی ئەمریکادا.
چوارەم: ئایا بۆچی ئێران تورکیا نییە؟. بۆچی ئێران سعودیە نییە؟ بۆچی ئێران قەتەرو عێراق و میسر نییە؟. لەکاتێکدا هەر یەکە لەو وڵاتانەش توانای مرۆیی و پێگەی جیۆپۆلەتیک ی و سەرچاوەی ئابوریی گرنگیان لەبەردەستەو پاڵپشتی گەورەی جیهانیشیشیان هەیە. وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە تاکە سەرچاوەو مەرجەعی هەموو شیعەی دونیا یان لانی کەمی (60 بۆ 70) ملیۆن شیعەی ناوچەکە تەنهاو تەنها ئێرانە. بەڵام سەرچاوەو مەرجەعی هەموو سووننەی دونیا تەنها وتەنها تورکیا نییە، سعودییە نییە بە تەنها، تەنانەت سوننە کە (1400) ساڵ لە ووڵاتی دوو ڕووبار (بلاد ما بين النهرين) دا حوکمیان کردووە، لە خالیدی کوڕی وەلیدەوە بۆ سەددام حوسەین سووننە بکوژو بوڕ و حاکمی ئەم ناوچەیە بون، کەچی دوای ڕووخانی سەدام حوسەین لە (2003) هیچ مەرجەعێکی ئەوتۆی سووننە نییە لە عێراق، ئەوەی هەیە هەندێکیان بازرگانی سیاسین، ئەودواکەشیان لەگەڵ ئێران هاوپەیمانێتیان دروست کردوەو بونەتە سووننەو حەشدی ئێرانی.

سەرئەنجام؛
لێرەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتۆتە بەردەم شڵەژانێکی مەعنەوییەوە. ترامپ ئەو کاراکتەرەی لەماوەی فەرمانڕەوایی دا هەرچی وتوە (99٪) جێبەجێی کردووە، بەڵام لە پەلاماردان یان چۆک پیادانی ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکادا ڕاڕایەو، بڕیارەکانی ترسی زۆری لە کەسێتی و ژیانی ڕۆژانەشیدا دروستکردووە، ئەم دەلاقەیە هێزی ئەمریکا ئەخاتە ژێر پرسیارەوەو لەبەرانبەردا هەڵوێستی ئێرانی بەهێزکردووە، بەڵام هۆیە سەرەکیەکەی لە شوێنێکی ترە، ئەوەیە کە لە کاتی دەست پێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران ترامپ بۆ خولی ئایندە کورسی سەرۆکایەتی لەدەست ئەدات، هاوکات نوخبەی سیاسی و بڕیاربەدەستانی کۆشکی سپی لەسەر پرسی ئێران دابەشبوونە، ئەگەرچی بیانوەکان بۆ لێدانی ئێران زۆر زیاترن لە بیانوەکانی کە سەددام حوسەین یان پێ لەناوبرد.
ئەوەی زۆربەی چاودێرانی ئەم جیهانە چاوەڕێیان ئەکرد، ئەوەبو کە ئێران نەرمی پتر بنوێنێت، ئەگەر لێرەو لەوێش هێرش یان فاوڵێکی سەربازی لە لایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت، ئەوا گورج لایەنی دیبلۆماسی ئێرانی ئەم پرسە چارەسەر بکات لەلاکەی ترەوە. ئێ بەڵام ئەوەتا ئەیبینین ئێران چوار جار هێرش ئەکاتە سەر کەشتیەکانی نەوت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی ئەخاتە خوارەوەو، هەردوو ناوەندی سەربازی و دیبلۆماسیش هەمان تەحەددا ئەڵێنەوە.
بۆیە جەنگ لەگەڵ ئێران جەنگێکی هەرێمیەو، پەیوەندیشی بە کەسێتی مەعنەوی زلهێزێکی جیهانیەوە هەیەو، بەرژەوەندیەکی گەورەو ناوچەیەکی ستراتیژی گەورەش لەو نێوانە هەیە، ئەگەری ڕوودانی زیاترە لە ڕوونەدانی. ئەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. چونکە هەر گۆڕانێک لە سیستەم و سیاسەتی ئێراندا یەکسانە بە گۆڕانی هاوکێشەو هاوپەیمانێتیە ئەمنی و سیاسیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا. هەروەک چۆن هەر گۆڕانێک لە سیاسەتی ئابوری و دەرەکی ئەمریکا گۆڕانە لە هەموو جیهان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت