دکتۆر کەمال میراودەلی: چارەنووسی ئەردۆگان لە ئەستەمبوڵەوە بۆ ئیدلیب. بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئابووریناسیی و ئابووری تورکیا

( 1 )
فەرمانە- ئابووریی
ئەمە زاراوەیەکی خۆمە لە جیاتی [کۆماند ئیکۆنۆمی] واتە ئابوورییەک بە فەرمانی دەسەلات بکشێ و بگرژێ، بە پێچەوانەی هەلومەرج و پێداویستییەکانی بابەتی گەشە و گەورەبوون، داوا و دراو، کڕیار و فرۆشیار، بە کورتی بە پێچەوانەی میکانیزم و کارکردنی بازاڕی ئازاد.
فەرمانە- ئابووریی فەلسەفە و پراکتیسێكی زانراوی سیاسەتی ئابوورییە کە بە تایبەتی دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان: سۆڤیەتی پێشوو، چین، کۆبا و کۆریای باکوور بەکاریان ‌هێناوە و بە ئابووری سۆشیالیستیش ناسراوە. هەندێ جار فەرمانئابووری لەگەڵ بازاڕئابووریی تێکەڵ دەبێت و ناوی تری وەک سەرمایەداریی دەوڵەت وەردەگرێ. واتە دەوڵەت رێگا بە کارکردنی سەرمایەی ناوخۆ و کاسبسازیی و بازاڕ تارادەیەک دەدات، بەلام زۆربەی سەرچاوە ئابوورییەکان و سەرمایە و پرۆژەسازییەکان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا دەمێننەوە و بەپێی نەخشەی گەشەسەندنی نێوەندیی بەڕێوە دەچن. بە مانایەکی تر سەرمایە و بەرهەمهێنان و نەخشەسازیی تا رادەیەکی زۆر لە ژیر دەسەلاتی دەولەتی نێوەندییدا دەمێنێتەوە.
بە کورتی میکانیزمی فەرمانئابووریی بریتییە لە دەسەڵاتی دەولەت یان حکومەتی نێوەندیی بە سەر ئابوورییدا ئەمیش وەک باوە لە ڕێگای نەخشەی ئابووری پێنج ساڵیی یەوە جێبەجێ دەبێت، واتە دەولەت، [ لای کۆمۆنیستەکان مەکتەبی سیاسیی حیزب و دەزگاکانی] بڕیار دەدەن بۆ پێنج سالی داهاتوو چۆن داهاتی ولات خەرج بکڕێ و چ پرۆژەیەکی بنخانیی، گەشەسەندن، چەکسازیی، سنعەت، پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ، هەناردەکردن بۆ دەرەوە ئەنجامبدرێ و بۆ هەر کەرتێکی بەرهەمهێنان کۆمەڵێ ئامانج/ تارگێت دادەنێن کە دەبێ جێبەجێبکرین و ئەوان هەروەها نرخی فرۆشی پێداویستییەکان [وەک خۆراک] و کاڵاکان لە بازار دا بە فەرمان دادەنێن واتە بە پێی یاسای دراو [ هەبوو ] و داوا، [عرض و طلب] نرخەکەی ناگۆڕێ. هەروا حکومەت ئەو یاسا و ڕێکاریی و سیستمی چاودێرییە دادەنێ کە ئەو جۆرە چالاکییە ئابوورییانە رێک دەخات.

( 2 )
چاکلایەنەکانی فەرمانئابووریی
فەرمانئابووریی وەک هەموو شتێک لایەنی چاک و خراپی هەیە. لە سەرەتادا کە کۆمەلگایەک پێویستی بە گۆڕانکاریی شۆرشگێڕانە هەیە بە تایبەتی بۆ چەسپاندنی داد و یەکسانیی و پێشخستنی کۆمەلایەتیی و پرۆژەی تەماداری وەک بلاوکردنەوە و باشكردنی پەروەردە و خوێندن و سیستمی تەندروستیی و نەهێشتنی بێکاریی و گەیاندنی گەشەسەندنی هاوسەنگ بە هەموو ناوچەکان و شوێنە دوور و پەراوێزکراوەکانیش نەک تەنیا پێتەخت و چەند شارێكی گەورەو… هتد، لەم کاتەدا فەرمانئابووریی دەوری رادیکالی گرنگ دەبینێ و دەبێتە میکانیزم و پلانێک بۆ پێشخستنی هەموو کۆمەل و ناوچەیەک و بەکارهێنانی وزەو هێزی کار و داهێنانی هەموو هاوولاتان. بەلام کاتێ سیستمەکە لە جێی خۆی دەچەقێت، لەگەڵ زەماندا ناڕوا، لە کەموکورتییەکان فێر نابێت و دەبێت بە دۆگما و سیاسەت ئابووری بەرێوە دەبا و مانەوەی دەسەلاتی چینی یان مافیای حوکمبەدەست دەبێتە تەنیا ئامانج و یاسا بابەتییەکانی ئابووریی و پەرەسەندن و بازاڕ و خواستی خەلک و پێداویستییەکانی پێشکەوتن و مونافەسەی بازرگانیی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییدا لەبەر چاو ناگرێت، ئەوا درەنگ یان زوو تووشی وەستان و تەپان و ئاژاوە و هەرەسهێنان دێت و لەگەل خۆیدا سیستمە سیاسییەکەش بنکۆل دەکات هەروەک لە هەرەسهێنانی سۆشیالیزمی سۆڤیەتییدا بینیمان.
بەلام بە پێچەوانەوە سیستمی چینی و ڤێتنامیی لەم دەرسانە فێر بوون و لە کاتێکدا دەسەڵاتی نەخشەدانانی گەشەسەندن نێوەندییە و کەڵک لە فەلسەفەی سۆشیالیزم وەردەگرێ ، ڕیگا دەدرێ چالاکییە ئابوورییەکان و یاساکانی بازار و سەرمایە و قازانج و وەبەرهێنان و داهێنان و مونافەسە دەوری خۆیان ببینن.
ئەمەش وای کردووە کە ئابووری هەر دوو ولاتی چین و ڤێتنام لە گەشەسەندنی بەردەوامکراو لە سنووری %6 تا %7 دا بن.

( 3 )
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی [ تبن]
پێشکەوتنی ئابووریی ولاتان بە رادەی گەشەکردن و جی. ئین. پی [ گرۆس نەشنەڵ پرۆدەکت] دەپێورێ.
جی.ئێن.پی مانای [تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی یان بەهای ناوخۆیی – تبن-] وڵاتێکە کە لە سەر بنەمای ساڵانە حیساب دەکرێ.
جی.ئێن.پی پێوەرێکی بەرفراوانە بۆ تێکڕای چالاکی ئابووری وڵاتێک. بریتییە لە بەهای هەموو کالا و خزمەتگوزارییە تەواوکراوەکانی ولاتێک لە لایەن هاوولاتانیەوە لە ماوەی ساڵێکدا. ئەمە ئەو داهاتەش دەگرێتەوە کە هاو-ولاتانی ولاتێک لە دەرەوە بەدەستی دێنن بەلام داهاتی کەسانی بێگانە لە ناو ولاتەکەدا ناگرێتەوە.
Gross national product (GNP) is a broad measure of a nation’s total economic activity. GNP is the value of all finished goods and services produced in a country in one year by its nationals. GNP includes income earned by citizens and companies abroad, but does not include income earned by foreigners within the country.
[تبن] لە ئاستی جیهانییشدا بۆ نیشاندانی ناوپلە [معدل] ی پێشکەوتنی ئابووری جیهان بەکار دێت، بۆ نموونە بانکی جیهانیی پێشبینی دەکات کە شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین ببێتە هۆکاری دابەزینی %1-%1.5 لە [تبن] ی جیهان.

( 4 )
بۆچی[ تبن ] گرنگە؟
تبن گرنگە بۆ چاوەدێرکردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتن، کشان یان داکشانی ئابووریی ولاتەکان و زانینی ساغیی و تەندروستی یان گرفت و ناسازیی پرۆسە ئابوورییەکانی. لە سەر بنەمای ئەو زانینە و داتاکانی ئابووریی کەسان و کۆمپانیاکان بریار دەدەن داخۆ ئەو وڵاتە جێی متمانەیە، سەرمایە لەو ولاتەدا لە پرۆژەی وەبەرهێناندا بەکاربێنن یان نا، یان گەر ئابوورییەکە لە داکشان و ژێر هەڕەشە دابوو، سەرمایەکانیان بوەستێنن یان بکێشنەوە.

( 5 )
هەموو ولاتێک دەبێ پێوەری تبن و بلاوکردنەوەی هەبێت؟
گەر باشوور حکومەتی هەبێت، و تەنیا قاحبەخانەیەکی ئەستەمبوولی نەبێت کە داهاتەکەی بۆ [ تبن] ی تورکیا دەچێت، دەبێ سالانە و هەر چارەکەساڵێک رادەی [ تبن] ی بزانرێت و بەراورد بکرێت، واتە کۆی هەر هەموو سەرچاوەکان و پرۆسەکانی داهات: نەوت، کشتوکاڵ، قازانجی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان، سنعەت و پیشەسازییە خۆماڵییەکان، دەسکەوتی حکومەت لە خزمەتگوزارییەکان: کارەبا و باج و… هتد، و تەنانەت داهاتی مەساج و مەیخانە و سێکسخانەکانیش وەک تورکیا دەیکات، لەگەڵ کۆی داهاتی نەتەوەیی حیساب دەکرێت و لەگەڵ ساڵەکانی پێشوودا بەروارد دەکرێت. قازانجی ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی دیمەنە گەورەکەی تێکرایی داهاتەکان، ئەوەشە کە داهات و لەمەوە بە هێزیی و لاوازیی هەر کەرتێک دەردەکەوێت، لەمەوە ولاتانی نەوتدار بۆ نموونە پێداچوونەوەی سیاسەتی ئابوورییان دەکەنەوە و تێدەکٶشن کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی گەورە وەک داهاتی نەوت نەبەستن و فرە-جەمسەریی و فرە-داهاتیی بکەن وەک گرنگی دانی زیاتر بە کشتوکاڵ و برەوپێدانی پێشەسازیی خۆماڵیی و رێگەگرتن لە هاوردەکردنی ئەو کالا و بەرهەمانەی زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنن. بە کورتی، چاودێرییکردنی تبن متمانەبوون بە پرۆسە ئابووریەیکان لە لایەکەوە و نەخشەدانان و بەرنامەسازیی سیاسەتی ئابووریی، لە لایەکی ترەوە، زۆر گرنگە. بۆ نموونە روسیا کەڵکیکی گەورەی لە سزادانە ئابوورییەکان و گوشار بۆ سەر رۆبل و دابەزینی سالانەی تبن وەرگرت، تا تەنیا پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت و گرنگییەکی بێئەندازەی بە کەرتی كشتوکالی دا تا رادەیەک کە روسیا لەم چەند ساڵەی دواییدا بوو بە یەکەم هاوردەکاری گەنم بۆ ولاتان.

( 6 )
پێشکەوتنی ئابووری تورکیا
بە پێی تبن پێشکەوتنی ئابووریی تورکیا لە ساڵی 2014 ەوە تا 2019 بەم جۆرەیە:
2014 = %5.17
2015 = %6.9
2016 = %3.18
2017 = %7.44
2018= %2.57
2019= % – 2.54
لە کاتێکدا [تبن] لە جێی خۆی دەچەقێ و زیاد ناکات ئەمە بە وەستان – ستاگنەیشن – ی دادەنرێ، کاتی کەم دەکات ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئابووریی نەک هەر لە گەشەسەندن کەتووە بەڵکو لە [ داکشان – ریسێشن] و پاشەکشە دایە.
ئەم ژمارانەی سەرەوە نیشانی دەدەن کە گەورەترین گەشە واتە زیادکردنی تبن ی تورکیا سالی 2017 بوو بە ڕێژەی %7.44 کە لە هی زۆربەی ولاتانی تر لەو سالەدا زیاتر بوو، بەلام لە سالی 2019 دا کە هێشتا لە نیوەدایە بە رێژەی %2.54 دابەزیوە واتە کەوتۆتە ڕەوشی داکشان و پاشەکشێوە.

( 7 )
پێشانەکانی تری ئابوورییدروستیی:
ئابوورییدروستیی [ لە سەر شێوەی تەندروستیی] مانای ئاستی ساغی و ناساغی ئابوورییە.
بێگومان [ تبن] تەنیا پێشانێکی / نیشاندەرێکی دەرەوەیی گشتیی یە بۆ ئابووریدروستی واتە ساغیی و گەشەدەوامیی ئابووری ولاتێك.
لە پرۆسەی چالاکییە ئابوورییەکاندا کۆمەلە پێشانێکی گرنگی تر هەن کە بەردەوام چاوەدێرییدەکرێن و پێشبینەی رەوتەکانی هەڵکشان یان داکشان دەکەن. ئەمانەش بریتین لە؛
1- ئاستی هاوسان [ئینفلەیشن] کە زیاد بوو مانای گرانبوونی نرخی شمەک و کەمبوونی توانستی کڕینی پارە.
2- ئاستی بێکاریی: تا زیاتر بێت مانای سستیی چالاکی ئابووریی و وەبەرهێنانی نوێ و کەمقازانجیی نیشان دەدات
3- ئاستی قەرزی ناوخۆیی و دەرەوەیی بە دراوی قورس/دراو. تا رێژەی قەرز بە بەروارد لەگەڵ تبن و پارەی پاشەکەوت زیاد بێت، نیشانەیە بۆ لاوازیی ئابووریی و کێشە و تەنگژە بە تایبەتی کە توانستی دانەوەی قەرزەکان لە کاتی ۆخیدا کەم بێت یان نەمێنێت.
4- نرخی پارەگۆڕینەوە: ئاستی بەهێزیی یان داشکانی نرخی گۆڕینەوەی پارەی نەتەوەیی بە دراوە قورسەکان/ دۆلار. تا نرخی پارەی خۆمالیی زیاتر بشکێت واتە نرخی کالاکان بە پارەی خۆمالی زیاتر بەرز دەبیتەوە. بۆ نموونە لە کاتێکدا دۆلاریك تەنیا دوو لیرە بوو، کڕیاری تورک دەیتوانی بە دوو لیرە کیلۆیەک تەماتە بکرێت. بەلام ئێستا کە دۆلارێک شەش لیرەیە مانای وایە بە شەش لیرە کیلۆیەک تەماتە دەکڕێت لە کاتێکدا پێش دوو ساڵ سێ کیلۆی پێدەکڕی. هەمان شت بۆ نرخی جلوبەرگ و سمارتفۆن و تەلەفزیۆن و هەر هەموو شتێک بەتایبەتی کە لە دەرەوە بە دۆلار بکڕدرێت.
5- سوودبایی واتە [سعر الفائدە] [ئینتیرێست ڕەیت] سوودبایی ئەو پارەیە کە بانکەکان لە قەرزەکانیان وەردی دەگرن یان بۆ پاشەکەوتی پارەی خەلک دەیدەن. ڕێژەی سوودبایی عادەتەن لە لایەن بانکی نێوەندیی دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دادەندرێت، کە سوودبایی کەم بێت کاسبییسازەکان و وەبەرهێنەران و کریاران کەڵک لەم دەفەتە وەردەگرن و پارەیەکی زۆر لە بانکەکان قەرز دەکەن و لە پرۆژەسازیی نوێدا بەکاری دێنن بەمە چالاکی بەرهەمهینان و دەرفەتی کار و بەرهەم زیاد دەکات و ئابووری دەبوژێتەوە، بە پێچەوانەوە کە سوودبایی بەرز بۆوە زۆر کاسبیی و سەرمایەدار ناتوانن سوودبایی لە سەر قەرزەکانییان بدەن و لەسەریان کەڵەکە دەبیت و ئاخری ئیفلاس دەکەن.
6- پاشەکەوتی پارەی بیانیی [ پپب]: واتە پاشەکەوتی ولاتەکە لە ئاڵتوون و دراوی قورس [ دۆلار] تا پاشەکەوت [ئیحتیاتی] زیاتر بێت مانای بە هێزیی ئابوورییەکە و توانستی خۆڕاگرتن و وەلامدانەوەی لە ئەگەری باری نائاسایی و تەنگژەی داراییدا دەردەخا..بۆ بەراورد ئەمە قەبارەی پاشەکەوتی هەندێ ولاتە بە ملیۆن دۆلار:
چین = 3.210.000
یابان = 1.293.499
سوێسرا = 800.389
سەعودی عەرەبی: 5.4.754
ڕوسیا = 492.000
تورکیا = 27.09
بە بێ بوونی [ پپب] لە ئاستێکی پێویستدا، دەشێ ئابووری دەوڵەتێک لە کاتی تەنگژەی گەورەدا هەرەس بێنێت. ئای-ئێم-ئێف [ سندوقی پارەی نێونەتەوەیی] پاشەکەوتی بیانیی وەک بنسەرمایەی دەرەوەیی پێناسە دەکات کە دەسەلاتی دارایی وڵاتێک دەتوانێت بەکاری بێنێت بۆ پێویستییەکانی هاوسەنگردنی بودجەکەی، راستکردنەوەی داشکانی پارەکەی لە بازاڕی گۆرینەوەدا، و دابینکرنی پارە بۆ کات و پرۆژەی نائاسایی و وەستان بەرامبەر هەڕەشەکانی سزادانی ئابووریی و مونافەسە و دابەزین و هەڵكشانی نرخی کالا جەوهەرییەکان وەک نەوت و گاز. تا بڕی پاشەکەوت پتر بێت دەولەتان باشتر دەتوانن بەرامبەر پیشهاتە چاوەڕێنەکراوەکان بوەستن، ڕوسیا بۆ نموونە دوای بەسەرخستنەوەی قرم لە 2014 دا کەوتە بەر هێرشی سزای ئابووریی ئەمریکا و ئەوروپا لە هەمان کاتدا نرخی نەوت کە داهاتی هەرە گەورە و سەرەکیی روسیایە هەرەسی ‌هێنا تا نرخی بەرمیلەنەوتێک گەیشتە 26 دۆلار. ئەمە کاری کردە سەر ڕۆبل و نرخی گۆڕینەوەی %40 بەرامبەر دۆلار دابەزیی. بەلام لەبەر ئەوەی ڕوسیا[ پپب] بەهێزی هەیە توانی بەرامبەر ئەم شالاوانە خۆ بگرێت و لەو کاتەشەوە زیاتر وزیاتر پاشەکەوتەکەی بە تیابەتی بە کڕینی زێڕ [ بە مەبەستی بێهێزکردنی دۆلار] بنیاتدەنێت. www.investopedia.com
7- متمانەی وەبەرهێنەران و کاسبسازان و کڕیاران: کاسبسازان ئەوانەن کاسبی نوێ و دەرفەتی کاری نوێ دروستدەکەن. ناوبەناو گشتپرسیی لە ناویاندا دەکرێ تا بزانرێ تا چەند گەشبینن یان ڕەشبینن بەرامبەر ئایندە و ڕەوتی پێشکەوتنی ئابووریی. هەروەها ئەم گشتپرسییە بۆ کڕیاران یان بەکاربەران [مستهلکین] دەکرێت تا بزانن لە ئایندەیەکی وەک شەش مانگی داهاتوودا پارە زیاتر خەرج دەکەن یان کەمتر. تا گەشبینی وەبەرهێنەران و کڕیاران زیاتر بێت، ئابوورییەکە دەرفەتی گەشەدەوامیی زیاتری دەبێت.

( 8 )
سەرنجێکی خێرا لە ئابووری تورکیا بە پێی ئەو پێشانانە
1- هاوسان [ گرانبوونی نرخی شمەک ] لەنیسانی 2019 دا
تورکیا : %19 کە ئەمە ئاستێکی بەرزە.. بۆ بەراورد:
بەریتانیا %2.1
ڕوسیا %5.17
لاتفیا % 2.9
ولاتانی یەکێتی ئەوروپا %1.55
ڤێتنام %2.88
2- سوودبایی: [ئەو سوودەی لە پارەی قەرزکراو وەردەگیرێت]
تورکیا %24
بەریتانیا %750.0 واتە کەمتر لە سەدی یەک
ولاتانی یەکێتی ئەوروپی: % 250 [واتە نزیکی سفر]
روسیا: %7.50
پێشکەوتنی ئابووری تورکیا و دامەزراندن و ئەنجامدانی پرۆژە زەبەلاحەکان لە ئەنجامی زۆریی پارەی قەرز بوو، قەرزی دەرەوە و هەم ناوخۆیی بە تایبەتی کە دوای تەنگژەی دارایی رۆژاوا لە 2008-2009 دا، ئەمریکا و بەریتانیا ئەوسا یەکیتی ئەوروپاش دەستیان بە چاپکرنی ملیارەها پارەی کاغەز یان دیجیتال کرد، ئەم پارە بەردەست بوو بۆ قەرزکردن . تورکیا دەرفەتی لەمە وەرگرت بۆ قەرزی گەورە بۆ پرۆژەی گەورە و لە ناوخۆش بانکەکانی تورکیا قەرزیان بە سوودباییەکی کەم دەدات کە بووە هۆی زیادکردنی وەبەرهێنان و چالاکی ئابووری لە بوارەکانی بیناسازیی و پیشەسازیی و کشتوکاڵدا. ئێستا بە هۆی دابەزینی نرخی گۆڕینەوەی لیرە %40 و هاوسان لە %19 لە لایەک و بەرزبوونەوەی سوودبایی بۆ ئاستی ترسێنەری %24. پارە بڕا و چالاکییەکان وەستاون بۆیە ئەردۆگان هێندە خەمییەتی سوودبایی کەم بکرێتەوە تا چالاکی و بزاڤ بۆ ئابوورییە وەستاوەکەی بگەرێتەوە بەلام نازانێت کە سوودبایی کەم بکرێتەوە ئۆتۆماتیکی نرخی لیرە زیاتر دەشکێت. ئەمە لەگەڵ قورسباریی دانەوەی قەرزەکان گرفتی سەرەکیی ئابووری تورکیا پێکدێنێت.
3- بێکاریی
تورکیا: %15 [ سەدی پازدە، بەرزترین ئاست لە ماوەی دە ساڵدا]
بەریتانیا: %3.9
روسیا: %4.9
4- قەرزداریی بە دۆلار:
لە کۆتایی سالی 2017دا قەرزی دەرەوەی تورکیا رێژەی % 53.5 ی تێكرای بەرهەمی نێوخۆیی [تبن] بوو، لە سالی 2018 دا بەرزبۆوە بۆ %57.5. [ لە دوا راپۆرتی تورکیادا، حیسابی هاوکات [کەرینت ئەکاونت] واتە ئەوەی ئێستا لەبەردەست و بەکارە، دابەزین [دێفیست] ی ٥٨٩ ملیۆن دۆلار لە مارتی 2019 دا نیشان دەدات. www.ceicdata.com

قەرزی نەتەوەیی تورکیا [مایسی 2019] هەمووی 253 ملیار و 975 ملیۆن دۆلارە.
لەم قەرزە دەبێ ساڵانە 17 بلیۆن و 197 ملیۆن دۆلار سوودبایی بدات. واتە لە هەر سانیەیەکدا تورکیا 545 دۆلار سوودبایی دەکەوێتە سەر،
بەشی قەرزداریی هەر هاولاتیکی تورکیا لەو قەرزە سێ هەزار و 171 دۆلارە.
هەموو قەرزەکانی دەرەوەی تورکیا لە لایەن حکومەتی تورکیا وە زامن/ گەرانتیی کراون. هەموو ئەو سەنەدانەی تورکیا دەریان دەکرا بە ناوی [کۆماری تورکیا] وە دەردەکرێن. ئەمەش مانای وایە کە دەزگایەکی تایبەتی نییە کە بەرپرس بێت لە دانەوەی قەرزەکان. بەلام هەموو بەش و لق و دەزگاکانی حکومەت پێکەوە بەرپرسیارن لە دانەوەی ئەو قەرزانە. commodity.com

5- متمانەی کڕیاران بە باشبوونی باری ئابووری
پلەی متمانەی خەلک/ کریاران بە باشتربوونی باری ئابووریی و بازار لە %63.5 لە مانگی مارتدا دابەزیوە بۆ %55.3 لە مانگی مایسدا کە کەمترین پلەیە لەوەتی ئەم پێوەرە لە تورکیادا لە سالی 2004 ەوە بەکاردێت. بۆ دەرخستنی گەشبینیی بە ئایندەی ئابووری ولاتێک دەبێت پلەی متمانە لە سەرووی 100 ەوە بێت.www.focus-economics.com

6- نرخی پارەگۆڕینەوە
لە سەرەتای 2018 ەوە تا ئێستا لیرە %40 ی نرخەکەی بەرامبەر دۆلار کەمی کردووە و ئێستا دۆلارێک بەرامبەر 5- 6 لیرەیە.
دابەزینی نرخی دراوی خۆمالی لایەنی چاک و خراپی هەیە. خراپییەکەی دیارە کە زیادبوونی نرخی کەرەسە و شمەکی هاوردەکراوە. بەلام چاکییەکەشی هەر لەمەوە دێت: نرخی کەلوپەلی دەرەوە گران دەبێت بۆیە خەلک و کۆمپانیاکان کڕینیان کەم دەکەنەوە و پارەکانیان دەپارێزن، بەلام نرخی کەلوپەلی خۆمالی و فرۆشتن لە ناو تورکیا دا هەرزان دەبێت، بۆیە ئاستی هەناردن بەرامبەر هاوردەکردن زۆر زیاتر بەرزدەبیتەوە و لەلایەکی کەشەوە هەرزانبوونی نرخەکان لە ناو تورکیا هانی هاتنی زیاتری توریستان/گەشتیاران دەدات. ئەمە خالێکە بۆتە هۆی راگرتنی هاوسەنگیی لە لایەنی شکانی نرخی لیرەدا.
بەلام وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە فاکتەرەکان بە یەکەوە کار دەکەن. هەموو فاکتەرەکانی ئابووری تورکیا ئێستا نەکارن [سەلبی] و خراپ کار لەیەک دەکەن و لەگەڵ خراپیی ئەوپەڕی باری سیاسییشدا، هیچ دەروازەیەک بۆ دەرچوونی نییە جگە لە پارەی مفتی قەتەر کە بە ملیارەها دۆلار ی دیار و داپۆشراو دەخاتە ناو مەکینەی ئابووریی تورکیاوە، هەروەها کۆلۆنی خۆفرۆشە تۆرانییەکانی باشووریش کە بە گۆشت و پێست و ئێسقانەوە خۆیان تەسلیمی رژێمی کوردکوژ و داعشیی ئەردۆگان کردووە و ئێستا بە کردەوە کۆلۆنییەکی داگیرکراوی سەربازیی و ئیستیخباراتیی و ئابووریی تورکە و نەوت و گازی بەلاشی باشوور مەکینەی سەربازیی کوشتنی کورد و داگیرکاریی باشوور خۆش دەکات..
[ئابووریی و سیاسەت؛ بەشی داهاتوو].

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت