شەنگار سابیر: ململانێی خراپ، سەبارەت بە زنجیرەی گەمەی تەختە پاشاییەکان. بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێی خێزانەکان تەنھا لە ئاستی گریمانە کولتوری و نەریتیەکاندا نیە، بەڵک و ڕیشەیەکی دێرینتری لە نەریتی واقعی ھەیە کە ئەویش حزوری جۆرە ئوستوڕەیەکە بۆ بەردەوام بوونی کێشمە کێشم و ڕکابەرییە واقعیەکان. ئەوەی کە وادەکات خێزانەکان بە ھەموو توانایانەوە ڕکابەری یەکدی بکەن، دەبێت ئایدۆلۆژیاکانیان لە ھێڵێکی باوەڕپێکراوی سیاسیدا نەھێڵنەوە و بتوانن چیرۆکی < ئەفسانەیی_دینی > بۆ بخوڵقێنن.
لە وەرزی کۆتایدا و لە شوێنێکدا ( تیریۆن لاینیستەر) دەڵیت: تەنھا دەسەڵات و متمانە بەخۆ بوون بەس نیە بۆ فەرمان ڕەوایی، بەڵکو دەبێت چیرۆکیک بەردەوام بوونی ھەبێت، چونکە ھیچ شتێک وەک چیرۆک نامێنێتەوە.
ھەموو ململانێیەکی سیاسی پێویستی بە چیرۆکێکە تا بەردەوام بیھێڵێتەوە، شانازی پێ ببەخشێت و لەسەر زاری نەوەکان بگێڕدرێتەوە. بەڵام چی لە وەسەیرتر کە چیرۆکی پشت ڕکابەریەکان راستەقینە بێت؟ چی ئەگەر ئەوەی دەگێڕدرێتەوە ڕۆژێک بوونی ھەبوو بێت؟ کەوایە دەبێت لەوە وردتر بین کە ئێمە سەروکارمان تەنھا لەگەڵ دیوێکی تەکنیکی سیاسی و ڕکابەریەکی کۆنکرێتی ئایدۆلۆژیدا نیە، شان بەشانی ئەمانە ڕەھەندێکی قوڵی ئوستوری دەژی و سیاسەتیش بەھەموو ھێزیەوە وادەکات ئەم ئوستوڕەیە لەناو نەچێت، ھەموو ڕێگایەک بەکار دێنێت تا دەسەڵاتی بەردەوامی خۆی لە ڕێگەی ئوستورەکەوە ئەبدەیت بکاتەوە.
ستارکەکان ئامادەن لەدژی ھەر شتێک بجەنگن کە ئارامی نەریتیان لێ زەوت بکات، وەک سلاڤۆی ژیژەک دەڵێت: ستارکەکان نوێنەری چاکە نەریتییەکەی خۆیانن، ئەو جوامێرانەن کەدژی زوڵم و ستەم دەوەستنەوە. ئەم قسەیەی ژیژەک بیرتیە لەوەی ستارکەکان دەکرێت ھەڵگری جۆرێک لە گەمژەیی سیاسی بن. ڕاستە ئەوان پاڵەوانی چاکن و خەڵکەکەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام بەردەوام خوانێکی چەوریشن بۆ لاینیستەرەکان و ھۆزەکانیتر. کێشەی گەورەی دەرھێنەر وەک زۆربەی دەرھێنەرەکانی دیکە ئەوەبوو کە خێزانی ستارکەکانی کردە پاڵەوان لە کۆتاییدا و بەمەش قسەکردن لەسەر کۆی ململانێی ناو خێزانەکانی ئاڵۆزتر کرد بەوەی ئایدۆلۆژیایی تا ئاستێکی نزم دابەزاند و تەنھا ئەوەی مایەوە دروستکردنی جیھانێکی بێ ململانێی و بێ ئایدۆلۆژیا بوو. خێزانەکان تەنھا لەم ھێڵەوە ڕووبەڕوی یەک نەدەبوونە وە، بەڵکو ئوستورەکانیشیان لەم جەنگەدا بەژدار بوون.
ئەمەش وای دەکرد ڕاستەوخۆ چەند شۆرشگێرێک دەربکەوەن کە لەدەرەوەی یارییە تەکنیکی و ئایدۆلۆژیەکان بن. بەزمانێکیتر، ئایدۆلۆژیایی ئەم کەمە شۆرشگێرە تەواو ھەل و مەرجەکەی گۆڕی بۆ شت گەلێکی دیکە.
دەرکەوتنی<< جۆن سنۆو_ ئاریا ستارک_سیۆن گریجۆی_جەیمی لانیستەر و ساندۆر >> لەو شۆرشگێرە فانەتیکیانە بوون کە ھەریەکەو بەجۆرێک ڕابەڕایەتی شۆرشگێر بوونی خۆی دەکرد. ئەمانە بەشێکی تەواو دەرەکی نەبوون لەکۆی ململانێکە، بەڵام جەوھەری ململانێکەش نەبوون. شۆڕش و جەنگ لای ئەمان جۆرە تەفسیرێکیتری ھەبوو کە تەنھا لەڕێگەی کردارەکانیانەوە بەدیار دەکەوت.
جۆن سنۆو لەسەرەتای زنجیرەکەوە وەک منداڵێکی ناشەرعی دەردەکەوت، بەپێی داب و نەریتێکی ھاوبەشیش زۆڵەکان و تاوان باران دەبوونە پاسەوانی شەو و سوێنیدیان دەخوارد کە ھەرگیز ژن نەھێنن و نەبنە خاوەنی ھێچ پۆستێکی سیاسی و ھیچ زەویو زارێکیش. کەوایە جۆن سنۆو ھیچ خواستێکی دیاری کراوی سیاسی نیە شەری بۆبکات، سنۆو دەبوو لەدەرەوەی ھەموو جەنگە خێزانیەکان ڕووبەڕوی کۆمەڵێک ھەل و مەرجی دیکە ببێتەوە کە ئەوانیش ئوستورەکان و ھۆزە ئازادەکانن. وەک دەردەکەوێت بۆ سنۆو < سوپای مردوەکان و پادشای شەو> ئەگەرێکی زۆر ترسناکترە وەک لە ئەگەری جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی خێزانەکان. کەوایە سنۆو شەر لە پێناو شتێکی گەورە تر دەکات کە ئەوانیتر نایکەن، شت گەلێک دەبینێت کە ئەوانیتر نایانەوێت بە ئاسانیی بیبینن.
لەراستیدا سوپای مردوەکان و پادشای شەویش دەچنە جەنگێکەوە کە لەدەرەوەی ھەرخواستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، ئەوان مردنن و دەیانەوێت ئەم ڕەگەزە لەسەر زەوی بسڕنەوە کەناوی مرۆڤە، ئەمەش تەنھا لەڕێگەی کوشتنی یادەوەری مرۆڤ و ڕابردویەوە<< قەلەڕەشی سێچاو>> کەوایە سنۆو شەڕی یادەوری ئینسان دەکات. دەچێتە جەنگێکەوە کە جەنگی بەرگری کردنە لەو بکەرەیی ناوی یادەوەریە. ئەو لەپێناو خۆیدا ناجەنگێت ھێندەی لە پێناو مانەوەی مرۆڤدا دەجەنگێت وەک مێژوو، وەک یادەوەری و وەک بونیاد نانی ئایندەیەک بێ مردن. بەڵام جۆن پێویستی بە باوەڕێکە کە بەھێزتر بێت لە باوەڕی پادشای شەو، کوشتنی لەلایان نەریتیەکانەوە و زیندوو کردبەوەی لە لایان جادوگەرێکی سورەوە ( میساندی) ھیچ نیە جگە لەوەی باوەڕ بەخۆی بێنێت وەک شۆرشگێرێکی ئەبەدی، وەک جەنگاوەرێک کە دەبێت جیاواز لەھەموویان شتێکیتر بکات. خێزانەکان یەکتر دەکوژن و یەکتر لەناو دەبەن، بەڵام سنۆو پارێزگاری لە ھەمووان دەکات بە ڕووبەڕو بوونەوەی مردن.
ڕەنگە بۆ ھەموان وادەربکەوێت کە جەیمی لانیستەر لە پێناو کینگز لاندیندا بچێتە جەنگە یەک لەدوای یەکەکانەوە، بەڵام جەیمی تەنھا لە پێناو عەشقی بۆ خوشکەکەیدا دەجەنگێت. جارێک لەبەرەی دوژمن و جارێک لەبەرەی دۆست، بۆ ئەو ھیچ شتێک لە خوشکەکەی گرنگتر نیە. ئەنتیگۆنیزمی بنەماڵەی لاینیستەرەکان و وەفاداری ستارکەکان بۆ نەریت و ئازادی خۆیان، ئەم ڕکابەریە لە ئاستە سیاسیەکەیەوە دەکات بە تۆڵەکردنەوە. شکاندنی ڕێسای خوێن و لای لاینستەرەکان خاڵی لاواز و بەھێزی تێدایە تا جارێک بەسەر ستارکەکاندا سەرکەون و جارێکیش پێیان بدۆڕێن. بە زمانێکیتر ھێزی خیانەت لە نەریت لای جەیمی و شاژنی خوشکی وادەکات کە بتوانن خیانەت لەھەر پێشھاتێکیتر بکەن. سێسکردنی ئەم خوشک و برایە ئەو ھێزەیان دەداتێ کە جگە لە پێکەوە بوون و چێژەکانیان ھیچیتر گرنگ نیە، لەڕاستیدا شاژن و جەیمیش بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، ئازادیەک بە ملکەچ بوونی ھەموو خێزانەکانیتر. ئازادیەک کە بتوانن لە کاتی سێکسکردندا نەترسن کە ببینرێن و بینینیان بەو جۆرە ببێتە ھۆی لەدەستدانی پێگە و دەسەڵاتیان.
لە بەشەکانی کۆتاییدا شاژنی کینگز لاندین جۆرە ڕەوایەتی ئاشکرا بەم سێکسردنەیان دەبەخشێت و باکی بەوە نامێنێت کۆمەڵگە لێی ئاگادار بن، ھەر ئەمەشە وادەکات لە دەسەڵاتیان لە بناغەیەکی کۆنکرێتی و تەکنیکی و سیاسیەوە میتامۆرفۆس ببێت و کورت ببێتەوە بۆ چێژە ترسناک و نھێنیەکەی سێکس. ڕەنگە تاکە ھۆکاری لەناو چوونی لاینستەرەکان بریتی نەبێت لە ڕووبەڕو بوونەوەی جەنگێکی گەورە دژی < دانێریس تارگاریان_ شاژنی دراگۆنەکان و جۆن سنۆوی زۆڵ > ھێندەی داڕمانێکی ناوەکی لەنێوان خۆیاندا ڕوودەدات و مەستانە لەگەڵ غەریزەکانیان مامەڵە دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت