عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: ئەم هەرێم و دەسەڵاتە چ پێناسەیەک هەڵدەگرێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێدەناسرێتەوە قەیرانە هەمەچەشنەکانیەتی، ئیتر دارایی، سیاسی، یاسایی و خزمەتگوزاری و… هتد، بێت.
جگەلەمانە هەرچەند مانگەو قەیرانێکی تر بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت یاخود دروست دەکرێت.
باشە چ مەعقولیەتێکی تێدایە دوو ڕۆژ تەماتەو پیاز لەئێرانەوە هاوردەی هەرێم نەکرێت کیلۆی تەماتە بگاتە (2000) دووهەزار دینار لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جگەلەوەی خاوەنی باشترین زەوی بەپیتە‌، دەشتوانرێت لەخاکەکەیدا پێداویستی ( 10 ) دە ملیۆن هاوڵاتی لەسەوزەومیوە بەتەواوی دابینبکرێت و بەرهەم بهێنرێت.
کەی ڕەوایە چەند ڕۆژێکی کەم تورکیا هاوردەی هێلکە بۆ هەرێم و عێراق ڕابگرێت تەبەقێک هێلکە نرخەکەی ( 200٪) بەرزببێتەوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی خاوەنی ( 1400)هەزار و چوار سەد کێڵگەی پەلەوەرییە و، گەر حکومەت خۆی هاوکاریان بێت ئەوا زۆر لەپێداویستی زیاتری دانیشتوانی هەرێم دەتوانرێت مریشک و هێلکەش بەرهەم بهێنن و بگرە هەناردەشی بکەن.
باشە وڵاتێکی وەک ئێران بۆ دەتوانێت تەنها لەساڵی (2018)دا بڕی ( 95 )نەوەدو پێنج هەزارتۆن تەنها ماست هەناردەی وڵاتان بکات و بایی ( 85)هەشتاو پێنج ملیۆن دۆلاریش بەعێراق و هەرێمی کوردستان بفرۆشێت؟
لەکاتێکدا سەردەمانێک نەعێراق و نەهەرێمیش پێویستیان بەسەتڵێک ماستی هاوردەی هیچ وڵاتێ نەبوو، بەڵام بێ پلانی وادەکات کەلەوڵاتێکی بەرهەم هێنەوە ببیتە بەکاربەرێکی تەواو،و هەمیشە چاومان لەدەستی دەرەوە بێ.
سەیرنەبێت بەلاتانەوە لەسەر ئەو هەموو گوێزەی هەورامان و ناوچەکانی تری هەرێم، کە بەرهەم دێن کەچی مانگانە بایی ( 15)پانزە ملیۆن دۆلار گوێزی ڕوسی و ئێرانی وئۆکرانی و… هتد، هاوردەی هەرێم دەکرێت، کەساڵانە دەکاتە ( 150)سەدو هەشتا ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
خاکی هەرێمێک کە هێندە بەپیت بێت و هەموو ڕەگەزەکانی کشتوکاڵی بەزیادەوە تێدا بێت، چ مەنتقێکی تێدایە ساڵانە تەنها ( 54)پەنجاو چوار هەزار تۆن میوەی تێدا بەرهەم بهێنرێت لەکاتێکدا ساڵەکە هەرێم و دانیشتوانەکەی پێویستیان بە ( 530) پێنج سەدوسی هەزارتۆن میوەهەیە.
یاخود ساڵانەهەرێم بۆپێداویستی دانیشتوانەکەی پێویستی بە ( 200)دووسەد هەزار تۆن برنج بێت کەچی ساڵەکە بتوانرێت تەنها ( 5 — 6 )پێنج بۆ شەش هەزارتۆن بەرهەمی برنجت هەبێت.
هەرێمی کوردستان تەنها هاوردەکەری سەوزەومیوەنیە، بەڵکو قۆپچەوسوزن و واشەرو برغوش هەرهاوردە دەکات، ئاخەر کارەساتە نەتوانیت لەساڵی (2018)دا (7)حەوت شەقامی تازە بنیادبنێیت ودروستی بکەیت، بەڵام هەرلەوساڵەدا ( 137)سەدوسی و حەوت هەزار ئوتومبێلی هەمەجۆر هاوردەبکەیت و لە هاتوچۆی هەرێمدا تۆماربکرێت.
بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت، هیچ وڵات و هەرێمێک هاوردەی کاڵاو شمەکی لە( 30٪)تێبپەڕێت، بەڵام هەرێمی کوردستان بەگشتی هاوردەی کاڵاو شمەکی (80٪)ی تێپەڕاندوەو هەندێ کاڵاو شمەکی ڕۆژانەشی لەنمونەی وشکە گەیشتۆتەلە ( 95٪) و زیاتریش.
بەرپرسانی هەرێم جگە لەوەی نەخواستیان بوەو نە ئیرادەشیان هەبوە تاکو هەرێم لەبەکاربەرەوە بکەنە بەرهەم هێن، نەشبونەتە هاوکاری جوتیاران و وەبەرهێنەرانی بوارەکەو ئەو بودجەیەشی بۆ سێکتەری کشتوکاڵ، کە ئاسایشی خۆراکی پێوەبەندە، ساڵانە کە تەرخاندەکرێت. هەرگیز ناتوانرێت کشتوکاڵی لەو پوکانەوەی تێیکەوتوەپێ ڕزگاربکرێ و بەرەوبوژانەوەو گەشەکردنی ببات.
وە لەلایەن کەسانی شارەزاو ئەکادیمیانی بوارەکەوە چەندین ڕاپۆرت و ڕاسپاردەو پلانی زانستی دراوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان دەڵێی نەبایان دیوە نەباران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت