لوقمان غەفوور: ئەوانەی لەگەڵ “نێچیرڤان بارزانى” بوون.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوانەی ئەمڕۆ10ی جون، لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لەمەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی-دا ئاماده‌بوون، ھەموو ئەو سەرکردەو خەڵکانەن کە کوردستان بەڕێوەدەبەن بە باش و بەخراپییەوە، بەدەر لە چەند کەسایەتییەکی عیراقی. کەواتە ئەوەی ھەیە ئەمانەن، ئەگەر باشوری کوردستان کەسی باشترتان ھەیە ئەتوانن گالیسکەکەی بدەنەدەست و حوکمڕانی پێبکەن، ئەگەر کەسی باشتریشتان نییە ئەوا ئەتوانن ژیان بەڕێکەن لەگەڵیان، تا ئەو ڕۆژەی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی گۆڕانکاری لەناوچەکە دەکات.
بەداخەوە دۆخێکی سەیر لەلای لایەنگرانی حزبەکان دروست بووە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی. با ئەم تێڕوانینە وردتر کەمەوە، من دوو مانگ لەمەوبەر وتارێکم نووسی تێیدا باسی ئەوەم کرد کە پێویستە لە بەیانی زووتر نییە یەکێتی بچێتە حکومەتەوە و مەلەفی کەرکوک جیاکاتەوە، ھەم بۆ خۆی قازانجە، ھەم بۆ خەڵکی کوردستانیش ئارامی و بەرچاوڕوونییەک لەکاری حکومەتدا دەبینن. دوای وتارەکە کۆمەڵێک قسەی زبر و ناشیرینم بۆ ھات. قسه‌كان بۆ من ھیچ گرنگ نەبوون، چونکە ئەوەی نوسیبوومن بەدڵی ئەو گەنجە خوێنگەرمانەی یەکێتی و پارتی-یش نەبوو، کە من خۆشم بە ھەمان سووربوون و جه‌ساره‌یی حزبیدا تێپەڕیوم. لەکاتێکدا ئەوەتا ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات ھەمان بۆچوونی منە، جا ئەم سیاسەتكردنه‌ بۆتە سەرلێشێواندن و تەریقبوونەوە بۆ کادرەکانی.
با نمونەکە بگوازمەوە بۆ سەر مەراسیمی سوێندخواردنەکەی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم. تا ھەفتەی پێشوو یەکێتی و پارتی دۆخەکەیان گەیاندە ئاستی شەڕی ناوخۆ و لێدان لەدەھۆڵی دوو ئیدارەیی کە من بۆخۆم گاڵتەم بەم جۆرە یارییانە دێت، بەڵام تا ئێستا زۆر کادر و لایەنگر باوەڕیان پێی ھەیە. کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ نەتدەزانی کێ یەکێتییە و کێ پارتییە. ئەگەر کەسێکی بیانی گوێی لە وتار و لێدوان و ھەڵسوکەوتەکان بوایە تەنیا مەسعود بارزانی بۆ جیادەکرایەوە کە پارتییە، ئەویش بەجلوبەرگە ڕەسەنایەتییەکەیی و کڵاو جامەدانەکەیدا، پارتیبوونی سەلماندبوو. کەواتە تۆ وەک گەنجێک لێگەڕێ ئەوان ئەیانەوێت وا بژین. تۆ بۆ ئەبیت بە دڕک و ئەکەویتە نێویان. دەشێت زۆر کادری یەکێتی لەخۆی بپرسێ دەنگنەدان بە متمانەنەدان بە نێچیرڤان بارزانی لەپای چی و ئەم ھەموو خۆماندووکردنەی ئەمڕۆ و بەشداریکردنی سه‌ركرده‌كانی بۆچی!؟، کە من بۆ خۆم به‌شداریكردنی یه‌كێتیم بە بڕیارێکی زۆر عاقڵانە زانی.
نموونەیەکی تر: ماوەی نزیکەی ساڵێکە پارتییەکان قسه‌یه‌ك ئەڵێنەوە و وەک توانج ئەیکێشن بە لاجانگی یەکێتییەکاندا ئه‌ویش وشەی (سەرۆک حورمەت) کە مەبەستیان د.بەرھەم ساڵح-ە. ڕاستە من بۆخۆم بەقەد یەک گەرد ڕەفتاری سیاسی ئەو پیاوەم بەدڵ نەبوو، بەڵام بۆ من ئەگەر قسەی لەسەربکەم جیایە وەک لەپارتییەک جەنگی لەدژ ھەڵگیرسێنێت. باشە ئێستا کادرێکی پارتی لەخۆی ناپرسێت ئەگەر به‌رهه‌م پیاوێکی ھێندە خراپ بوو، چۆن ئەمڕۆش لەتەنیشت سەرۆکی پارتەکەیەوە دایدەنیشێنن؟! ئەم ڕەفتارانە جگە لە تێڕوانینێکی فاشستانەو شکستخواردوانە لای کادر و لایەنگری حزبەکان، ھیچی تر نییە. پژاندنی زمانێکە کە چەندین ساڵە فێری گەنجەکان دەکرێت بێئەوەی بەقەد یەک گەرد ئەنجامی سیاسی ھەبووبێت.
لەم ئەمریکایە ڕۆژێک نەمدی دوو کەس لەسەر سەرۆک ترەمپ بەشەڕ بێن و چەلەحانێ بکەن وەک دیموکرات و کۆماری. خەڵک ئەگەر ڕەخنە لە سەرۆک ترەمپ بگرێت، بەیەک ڕیتم و شێوە ڕەخنەی ئاراستە دەکات، نەک بەحوکمی ئەوەی دیموکراتخوازە بۆیە ئەبێت دژی ترەمپ بێت. یاخود ئەمڕۆ نانسی پۆلیسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەر بە حزبی دیموکراتەکانە، ترەمپ-ی دایە بەر ڕەخنە ئیتر ئەبێت ئەمیش ترەمپ بداتە بە قسەی سوک و شەڕ لەگەڵ دراوسێ و ھاوڕێکەی بکات.
کەواتە وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا، ئەوانەی لە ھۆڵەکەدا بوون نوێنەری ئەو خەڵکەی کوردستانەن. ئەگەر خەڵکی کوردستان ئەلتەرناتیڤێکی باشتریان پێیە، ئەوە ئەتوانن پەنا بەرنە بەر ئەو ئەلتەرناتیڤە، ئەگەر ئەلتەرناتیڤێکیشیان پێ نییە ئەوا دەستوپەنجە نەرمکەن لەگەڵ ئەم نوخبە سیاسییە کلاسیکییە و ژیان لەگەڵی بەڕێکەن و مەبنە ھۆکارێک بۆ ئازاردانی ویژدانی یەکتر و شکاندنی ھەستی یەکتر بەھۆی نوخبەیەکی سیاسی کە لە شەستەکانەوە ھەمان شێوە سیاسەت دەکەن و ھیچ کێشەیەک لەنێویاندا نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت