لوقمان مصطفی سالح: سزای خراپ مامەڵە کردن بە دامەزراوە ئایینییەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دامەزراوە ئایینییە جۆر بە جۆرەكان بە یەكێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەژمار دەكرێن‌ و ئازادی بیروڕای ئایین‌ و پەراوەی سرووتە ئایینییەكانیش یەكێكن لە پێویستیەكانی ئازادی ڕادەربڕین‌ و ژیانی تاکەکەس. هەمیشە كارکردن بۆ سەقامگیر بوونی ئازادی و تەرخانکردنی تەواوی وزەی کۆمەڵ بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئازادی ئەو ئەرکە دەخوازێت کە ڕێگە بە هەموو بیر و بۆچوونێك بدات خۆی نمایش بکات بەبێ جیاوازی. وەك هەرسەرچاوەیەكی بیرمەندانەی تر، ئایینەكانیش بەشێك دەبن لە سەرمایەی كۆمەڵایەتی و هەوڵ دەدرێت هێندەی پێویست سوود لە بەشداریان ببینرێت، بۆ بەهێزكردنی دادپەروەری. لە هەمان كاتدا لە سنووری دەسەڵات‌ و حوكمڕانیدا یاسا و شەریعەتە ئایینییەكان جودان لە شەریعەتی ژیان‌ و حوكمڕانی و شایستەی ئەوەن مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا بکرێت لەدەرەوەی خەون و پرسە گشتییەکانی فەرمانڕەوایی.
کەواتە. بەم پێوەدانگەبێت سوکایەتیکردن بەم دامەزراوانەوە لە زۆربەی ووڵاتان یاسای تایبەت بە خۆی هەیەو سزایشی بۆ دیاری کراوە، هەر وەک چۆن یاسای سزادانی عێراقی لە مادده‌ (372) دا بە ناوی تاوانی زیانگه‌یاندن به‌ هه‌ستی ئایینی سزای بۆ دیاری کردووە. کە هەرکەسێ سوکایەتی بە دامەزراوە ئاینیەکانەوە بکات ئەوا بە به‌ندکردن سزا ده‌درێت که‌ له‌ (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت، واتە:
1- هه‌ر که‌سێک به‌ یه‌کیک له‌ ڕێگاکانی ڕاگه‌یاندن هیرش بکاته‌ سه‌ر بیرو باوه‌ڕی ده‌سته‌یه‌کی ئاینی یان سوکایه‌تی به‌ دروشمه‌کانی بکات.
2- هه‌ر که‌سێک به‌ ئه‌نقه‌ست رێوره‌سم وئاهه‌نگ و کۆرو کۆبونه‌وه‌ی ئاینی تیره‌یه‌کی ئاینی بشێوێنێ یان ڕێگری لێ بکات و له‌کاری بخات.
3- هه‌رکه‌سێک باڵه‌خانه‌یه‌کی ئاماده‌کراو بۆ ریوره‌سمه‌کانی تیره‌یه‌کی ئاینی یان هێمایه‌ک یان هه‌رشتیکی تری پیرۆزله‌رووی ئاینی تێک بدات یا له‌ناوی به‌رێت یا بیشێوێنێ یا پیسی بکات.
4- هه‌رکه‌سێک کتیبێکی پیرۆزی تیره‌یه‌کی ئاینی جاپ بکات یا بڵاوی بکاته‌وه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌قی کتێبه‌که‌ بگۆرێ به‌و جۆره‌ی که‌ واتاکه‌ی بگۆڕێ یا یه‌کێ له‌ حوکمه‌کانی یا یه‌کی له‌ ڕێنماییه‌کانی سڕیبێته‌وه‌.
5- هه‌رکه‌سێک به‌ ئاشکرا سوکایه‌تی به‌ هێمایه‌ک یا که‌سێک بکات که‌ له‌لایه‌ن هۆزێکی ئاینی به‌ پیرۆز یا پیا هه‌ڵدان یان ڕێزگرتن دابنرێت.
6- هه‌رکه‌سێک به‌ ئاشکرا و به‌ مه‌به‌ستی گاڵته‌ پێکردن لاسایی خواپه‌رستی یا ئاهه‌نگێکی ئاینی بکاته‌وه‌. هەروەها لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشدا یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ( 35 ) ساڵی 2007 لە کوردستان دەرچووە. لەم یاسایەدا سزاکەی بەم شێوە دیاری کردووە
ئەم یاسایە بەتایبەت ماددەی ( نۆیەم )ی ئەم یاسایە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

یەکەم/
ڕۆژنامە نووس و سەرنوسەر، بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێن کە لە ( 1000،000) یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە 5000،000 پێنج ملیۆن دینار زیاتر نە بێت؛ کاتێک یەکێک لەم خاڵانەی خوارەوەی بڵاو کردەوە:
1- چاندنی تۆی ڕق و کینە و لێکترازاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵ.
2- سوکایەتی کردن بە بیر و باوەڕ و ڕێ و ڕەسمە ئاینیەکان.
3- سوکایەتی کردن بە سیمبول و پیرۆزیەکانی هەر ئاین و ئاینزانایەک لەکەدار بکات.
4- هەر بابەتێک پەیوەندی بە نهێنیەکانی ژیانی تایبەتی تاکەوە هەبێ، هەرچەندە ڕاستیش بێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی ببێتە هۆی لەکەدار بوونی.
5- جوێندان و توانجی ناڕەوا و ناو زڕاندن.
6- هەر بابەتێک زیان بە ڕێکاری لێکۆڵینەوە و دادوەری ( القضائی ) بگەیەنێ تەنیا مەگەر دادگا ڕێگای بە بڵاوکردنەوەی دابێ.
7- پێشێلکردنی بەڵێن نامەکانی ( میثاق شرف )ی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ساڵی 1954ی هەموار کراو کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە.

دووەم/
رٶژنامەی بڵاوکەرەوە بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت کە لە 5000،000 پێنج ملیۆن دینار کەمتر و لە 20،000،000 بیست ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر یاکێک لەوانەی لە بڕگەی
( یەکەم )دا هاتووە بڵاوکردەوە.

سێیەم/
لە کاتی دووبارەکردنەوەدا دادگا بۆی هەیە سزاداراییەکەی زیاد بکا، بەمەرجێک لە دوو هێندەی پارەی سزاکە کە لە بڕگەکانی ( یەکەم و دووەم)ی سەروەدا هاتوون پتر نەبێ.

چوارەم/
داواکاری گشتی و زیان پێ گەیشتوو بۆیان هەیە بە پێی یاسا داوا تۆمار بکەن.
پێویستە ڕاگەیاندنکاران و رٶژنامەنووسان بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان و ڕوماڵکردنیان بکەن چونکە کارێکی باشی دەسەڵاتی چوارەمە، بەڵام پێویستی بە وەرگرتنی ڕاستی و دروستی سەرچاوەی زانیارەکەیە لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکە و ئاگاداری ماددەی ( نۆ )یەمی ئەم یاسایەبن بۆئەوەی بەدووربن لە هەڵەی کاری ڕۆژنامەوانی و حوکمی سزای ئەم ماددەیە.
تێبینی: لە ماددەی یەکەمی ئەم یاسایەدا بەشی ( چوارەم ) هاتووە کە ڕۆژنامەگەری، پیشەی ڕۆژنامەگەریە لە کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندندا. وە بەشی ( پێنجەم ) لەماددەی یەکەمی هەمان یاسادا هاتووە کە ڕۆژنامەنوس، هەرکەسێک لە بواری ڕۆژنامەگەریدا لەهەر کەناڵێکی ڕاگەیاندندا کاردەکات. واتا ئەم یاسایە هەموو ڕاگەیاندن کارێک دەگرێتەوە.
هەروەها لە ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشدا یاساو سزای تایبەتیان هەیە بەمە بەستی ڕێگرتن بە سوکایەتی کردن بە سرووت و بۆنە ئاینە جیاوازەکان.
لە وڵاتە ڕۆژئاوایی و ئەوروپیەکانیش بە هەمان شێوە سزای تایبەتیان داناوە بۆ ئەو کەسانەی کە سوکایەتی بە بۆ نە ئاینیەکان دەکەن،بۆ نموونە لە بەریتانیا تا ئێستاش لەهەموو وێڵزو انگلترا جگە لە سکۆلەنداو ئیرلەندای باکور کە جنێودان بەپیرۆزیەکان قەدەغە دەکات ئەو یاسایە تەنها سزای ئەو کەسانە دەدات کە جنێو بە پیرۆزیەکانی مەسیحیەت دەدەن،پاش بلاوبونەوەی کتێبی (آيات شيطانية ) سەلمانی روشدی لە ساڵی 1988 موسلمانان لە بەریتانیا هەولیاندا یاسای قەدەغەکردنی جنێودان بە پیرۆزیەکان دژ بە نوسەرەکە واتا سەلمانی روشدی بەکاربینن بەلام سەرکەوتونەبوون چونکە ئەو یاسایە تەنها سزای ئەو کەسانەی دەدا کە جنێو بە پیرۆزیەکانی مەسیحیەت دەدەن بەم جۆرە سەلمانی روشدی لەو سوکایەتی کردنەی بە پیرۆزیەکانی اسلام بەدەرچوو لەهیچ یاسایەکی بەریتانی دانەنرا .
دەرەنجام ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت کە سەرجەم دامەزراوە ئاینیەکان لە فەزای دیموکراسیەتی کرچ وکاڵیشدابێ دەکرێ وەک بیروورایەکی ئازاد ڕێزی لێ بگیرێ،بە مەرجێ لە چوار چێوەی یاسای دەوڵەت وشریعەتی خودی ئاینەکە دەرنەچێ، خۆ ئەگەر ئەم دامەزراوە ئاینیانە بەباشی بەکار بهێنرێت و دوور لە دەمار گیری زیاد رەوی تیانەکرێ، دەکرێت وەک هەر دامەزراوەیەکیتری کۆمەڵگای مەدەنی، مرۆڤایەتی لە سایەیدا بحسێتەوە.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت