محمود عبدوڵا: کورد لەنێوان مەرگی مورسی و ستالیندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشە ئەوەنییە کە مرۆڤ شوێنی ئایدیۆلۆژیایەک دەکەوێت، کێشە ئەوەیە تاچەند ئەو ئایدیۆلۆژیایە بەرچاوی ڕۆشن دەکات و ئازادی دەکات. بۆ گەلی کورد کە هێشتا ئازاد نییە زۆرگرنگە ئایدیۆلۆژیا ببێتە هۆی ئازادی بۆی، لانیکەم ببێتە هۆی ڕزگارکردنی لەدەست دەگیرکەران، بەڵام کاتێک تۆ وەک کورد دەبیت بە هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆژیای داگیرکەر ئەوا واتا بەدەستی خۆت زنجیری کۆیلایەتی بۆخۆت دروست دەکەیت. دەبێت ئایدیۆلۆژیا لانی کەم شوناست دیاریبکات؟ لەداگیرکەرەکەت جیات بکاتەوە، دەنا دەبیتە ئەو گوێرەکەیەی چەقۆی قەساب دەلێسێتەوە. پاشان ئەو ئایدیۆلۆژیایە تا چەند دەبێتە هۆی یەکیەتی گەل، چونکە گەر ئایدیۆلۆژیا نەبێتە هۆی دروستکردنی سایکۆلۆجیای هاوبەش لە ئاستی ژیانی گشتیدا ئەوا دەبێتە سەرباری کێشەکان. گەلی کوردستان لە ئەنجامی نەبونی ڕابەرێکی ئایدیۆلۆژی کەتەواوی لایەنەکانی ژیان و کێشەکانی لێکبداتەوە و هەوڵی چارەەری بدات، بەردەوام بەهۆی ئایدیۆلۆژیای بێگانە توشی دابەشکاری زیاتر هاتوە. بەجۆرێک تۆی ئایدیۆلۆجیەکان بڵاوبۆتەوە کە ئەرکی ڕابەری ئایدیۆلۆجیشی قوڕستر کردوە لەچاو ڕابەری ئایدیۆلۆجی نەتەوەکانی تر، چونکە ئەگەر بۆڕابەرێکی ئایدیۆلۆجی وەک محەمەدی پەیامبەری، ئایدیۆ لۆجیا هەوڵیک بوبێت بۆ یەکیەتی، ئەوا بۆ ڕابەری ئایدیۆلۆجی کورد دەبێت جارێک شەڕی یەکیەتی بکات، جارێکیش شەڕی ئەو ئایدیۆلۆجیایە بکات کە هزری تاکی داگیرکردوە و لە خۆی نامۆ کردووە.
مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەندا باسی ئەوەدەکات کە بۆ مەرگی ستالین ماتەمینیمان ڕاگەیاند، تەنانەت لەهەرشوێنێک بوایە لەیادی مەرگی ستالین دەبو دەقیقەیەک بوەستین. ئێستاش کە مورسی دەمرێت ئیسلامیەکان نوێژی غیابی بۆ دەکەن و پەرۆشی دەردەبڕن.
لەو کاتەدا کە ستالین دەمرێت کورد یەکێتی سۆڤیەتی تاقیکردۆتەوە، چیتر یەکێتی سۆڤیەت فریادڕەسی کوردنییە، بەڵکو لەڕوانگەی زۆرێکەوە کۆماری مهاباد بەهۆی پشتکردنە کۆمارەکەوە بو لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت، پاشان ستالین یەکێک بو لە ستەمکارو دیکتاتۆرەکانی مێژوو. بەڵام وادیارە ئایدیۆلۆژیا هەمیشە بڕێک کوێرایەتی لەگەڵ خۆی دێنێت. بایی ئەوەندە مرۆڤ کوێر دەکات کەستەمی ڕابەری ئایدیۆلۆژی خۆی نەبینێت.
بۆ ئیسلامیەکانیش سیستەمی خەلافەت ئاشکرایە و چەندین جار تاقیکراوەتەوە، چەندین ئیمپراتۆری ئیسلامی هاتن و ڕۆیشتن، هیچیان بەدیاری بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد نەهێنا، بەڵام هێشتا کورد بە مەرگی ڕێبەرە ئایدیۆلۆژیەکانی دڵتەنگ دەبێت.
جیاوازی لەنێوان ماتەمینی ستالینیەکان، یان بڵێین مارکسیەکان، لەگەل ئیخوانیەکان چییە، هەردوکیان بەهۆی ئایدیۆلۆژیاوە لەخۆیان نامۆکراون، و لە کێشەی سەرەکی دورکەوتونەوە کە بریتییە لە ئازادی. هەردولا خەون بە بەهەشتەوە دەبینن، بەڵام بەهەشتی ئەمان دونیاییەو پڕە لەیەکسانی و دابەشکردنی سامان، بەهەشتی ئەوانیتریش بەهەشتی ئەو دنیایەو پڕە لە دابەشکرنی شەڕاب و حۆری.
کەواتا ئایدیۆ لۆژیا زیانی زۆری لەکورد داوە، زیاتر لە دەوڵەتە چەوسێنەرەکان کوردی دابەش کردووە. پێویستە تاکیکورد لانیکەم ئەوە بزانێت کەکێشەی ئەو ئازادییە، دەبێت تەبەنی ئایدیۆلۆژیایەک بکات کە وڵامدەرەوەی کێشەکانی گەلە وەڵامی ئازادیە، نەک ئایدیۆلۆژیایەک کە تەنها لەخەیاڵ و خەون دا دنیای بۆ بگۆڕێت، یان ئەیدیۆلۆجیایەک کە بیکاتە ئامراز بۆ سەرکەوتنی داگیرکەرانی خاکەکەی. بۆگەلێکی بێدەوڵەت و ژێردەستە تەنێ ئەو ئایدیۆ لۆژیایە گرنگە دەبێتە هۆی یەکیەتی گەل و ئازادی، بۆ گەلێکی داگیرکراو کۆیلەکراو ئایدیۆلۆژیای بێگانە، ئایدیۆلۆژیای چینایەتی، ئایدیۆلۆژیای ئاینیئیخوانی و سەلەفی چ سودێکی هەیە، لەدابەشبونی زیاترو قوڵکردنەوەی کۆیلایەتی زیاتر. هەروەها پێویستە بزانین مارکس ڕابەرێکی مرۆڤ دۆستبو، بەڵام ستالین ڕابەرێکی مرۆڤ کوژ و دیکتاتۆر، هەروەک خەلیفەکانیش، کەواتا دەبێت تاکی کوردی ئایدیۆ لۆژی جیاوازی بکەن لەنێوان دامەزرێنەرانی ئایدیۆلۆژیا و شوێنگرەوەکانی ناکرێت بە بۆچونەکانی مارکس ستالینیزم پاساوبدرێت، هەروەک بە بۆچونەکانی ئیخوانیزم پاساو نادرێت. جیاوازی مارکسی و ئیسلامیەکان ئەوەبو کە قیبلەی یەکەمیان مۆسکۆ بو، هی دووەمیان مەککە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت