Newt

نەبەز گۆران: لەشەڕی خاكەوە، بۆ شەڕی نەوت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرئەوكاتەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی وتی: ” كوردەكانی عێراق، ئەو گرێبەستە نەوتیەی لەگەڵ ئیكسۆ مۆبیل كردوویانە سودیان لە قەیرانی عێراق بینیوە و دورنیە لە مانگەكانی داهاتوودا ئەم فێڵە لە عێراقییەكان بتەقێتەوە و ئاڵۆزی دروست بكات.” دوای ئەم قسەیەو ئاشكرابوونی گرێبەستەكە، ئاڵۆزییەكان دروست بوون. بەشێك لە سیاسییەكانی هەرێم ئەو ئاڵۆزیانەیان دەبەستەوە بەخراپ مامەڵەكردنی دەسەڵاتی بەغداد، لەگەڵ هەرێم. بەشەكەی دیكەش، باسیان لە لاوازی ئەدای بەرپرسانی كورد دەكرد لە بەغداد. لە دەرەوەی ئەم دوو ڕوانینەش ڕوانینێكی دیكە هەبوو پێی وابوو: كێشە بنەرەتییەكە لە گرێبەستە نەوتیەكانەوە دەستی پێكردوە. ئەمەش دوای كامپینەكان دژی كابینەی نوێی بەغداد و لە ناویشیاندا سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە هەوڵیاندەدا شكستی پێبهێنن. وردە وردە دەركەوت ئەم بۆچونە زۆرترین راستییەكانی تێدایە، كە شەڕەكە شەڕی نەوتە، نەك ئەو شەڕەی چەندین ساڵە كورد لەگەڵ بەغداد لەسەر خاك دەیكات. ئەوەی بەلای چاودێرانەوە رونبوییەوە شەڕەكەی ئەمڕۆ لەخاكەوە گوازراوەتەوە بۆ نەوت. پێدەچێت، ئیتر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە بیرەنەوتێك بدۆزنەوە و كۆمپانیایەك بهێننە ناوهەرێمەوە بۆ دەرهێنانی نەوت، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە خاكەكەی چیبەسەردێت. یەكێك لە سیاسییەكانی عێراق، كە لەكاتی كەمپینەكەی دژ بە حكومەتی ناوەندی هاوپەیمانی كوردەكان بوو. دوای شكستهێنانیان لە گۆڕینی كابینەكەی سەرۆكی كابینە بەراشكاوی وتی:” لە كۆی كۆبوونەوەكاندا، كوردەكان بەهیچ شێوەیەك باسیان لە ناوچە دابراوەكانیان نەكردوە!” مانای وایە دەسەڵاتدارانی هەرێم نیگەرانییەكانیان لەسەر ئەو شوێنانە نەبووە ناكۆكی لەسەرە، بەڵكو قەیرانەكە بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی زیاترو گرێبەستی نەوتیە، هەر بۆیە لە هیچ كۆبوونەوەیەكدا باسی خاكیان نەكردوە و هەوڵی ئەوەیانداوە دەسەڵاتدارێك بگۆڕن ، ئەویش بۆ ئەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم گرێبەستەكان نەهێڵن.
لەدەرەوەی سیاسەت و رێككەوتنە سیاسییەكانیش، ڕونكراوەتەوە لە رووی دەستورییەوە عێراق مافی خۆیەتی لە گرێبەستەكان بپرسێتەوە. هەرێمیش بەهەمان شێوە، مافی خۆیەتی بە ئاگاداری حكومەتی ناوەندی، گرێبەست ئیمزا بكات. چونكە یەدەكێكی زۆری نەوت لە هەرێمدایە و بەپێی راپۆرتێكی كۆمپانیای نەوتی ” بی بی ” بەریتانی، یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان “45” ملیارد بەرمیلە.(1). بەو پێیە هەرێمی كوردستان بەپێی سەرژمێرییە سەرتای و نافەرمییەكانی ئێستابێت، كە بە “4” ملیۆن هاوڵاتیی خەمڵێنراوە. هەر هاوڵاتییەك “11.25” یانزە هەزار و دووسەد و پەنجا بەرمیل نەوتی بەردەكەوێت! ئەگەر هەربەرمیلێك نەوت بە “50” دۆلار بخەمڵێنین، كە خۆی نرخی بەرمیلێك نەوت لە ئێستای بازارەكانی جیهاندا “100” دۆلارە . ئەگەر تەنانەت نیوەی ئەو نرخە بۆ فرۆشتنی نەوت دابنێین ئەوا هەر هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، بڕی ” 562″ هەزار دۆلاری بەردەكەوێت. لە كۆی “143” ملیارد بەرمیل نەوتی یەدەگی عێراق . كە دەكاتە “%8.7 ” نەوتی یەدەكی جیهان. هەرێم لەم رێژەیەدا سێ‌ یەكی نەوتی عێراق پێكدەهێنێت.(2). واتە ئەو رێژە نەوتەی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان دۆزراوەتەوە (%2.2 ) نەوتی یەدەكی جیهانە. بەبروای هەندێك لە شارەزایان هەرئەمەیە وادەكات شەڕێكی گەورە و درێژخایەن لەنێوان ناوەندو هەرێمدا هەڵگیرسێت و كۆمپانیا بیانیەكانیش چاو ببڕنە هەرێم، تاكو لەو كێكەی عێراق پشكی خۆیان بەرن. حكومەتی ناوەندی عێراقیش ئەمە بەنەنگی دەزانێت و رێگری دەكات لە هاتنی كۆمپانیاكان. چونكە پێی وایە هەرێمی كوردستان سەركێشی لە دەسەڵاتەكاندا دەكات. دەسەڵاتدارانی هەرێمیش، پاڵپشت بە دەقە دەستورییەكان بە مافی هەرێمی دەزانن نەوت دەربهێنێت و سەرمایە گوزاری پێ‌ بكەن.
لەلایەكی دیكەوە، لەو “10” كۆمپانیا زەبەلاحەی جیهان، كە كاری بەرهەم هێنانی نەوت دەكەن. ئێستا (4) كۆمپانیایان لە هەولێر و نوێنەری خۆیان ناردوەتە هەرێم . بۆنمونە: ” كۆمپانیای ئێكسۆ مۆبیل. شیفرۆن. تۆتال و گاز رۆم ” ئەم (4) كۆمپانیا زەبەلاحە لە نێو (40) كۆمپانیای دیكەدا كاری گەڕان و هەڵكەندن ئەنجامدەدەن. هەڵبەتە، جگە لەم “4” كۆمپانیا زەبەلاحە، كە زۆرترین قسەیان لەسەردەكرێت، كۆمپانیاكانی دیش كە لە هەرێم سەرماییە گوزاری نەوت دەكەن لەپلەی سێهەم و چوارەم بەرەو خوارەوەن. كۆی ئەم كۆمپانیایانە، سەرەڕای هەڕەشەكانی حكومەتی ناوەند سەرمایەكانیان بۆ ئەنجامدانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمدا بەگەر خستوە. بەشێكی زۆری ئەم كێشەیەش، پەیوەندی بەوەوە هەیە چ عێراق و چ هەرێم، زیاتر پشت بەداهاتی نەوت دەبەستن و سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەم وڵاتە نەوتە، بۆیە بەردەوام كێشەكان لەسەر نەوت دووبارە دەبنەوە. بۆ جەختكردنەوە لە راستی ئەو بۆچونە ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەریدەخەن. عێراق %95 پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت و %5 پشت بەداهاتەكانی دیكە دەبەستێت. بەڵام هەرێمی كوردستان %100 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش لە رێگەی ئەو %17ی بودجەیەوە، كە ساڵانە وەك پشكی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقی بۆی دێت. هەرچەندە هەرێم باجی ناوخۆشی هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك پشت بەباجەكان نابەستێت و بوەتە هەرێمێكی بەكاربەر، نەك بەرهەم هێنەر و كۆی ئەو باجانەش تاكو ئێستا لە ئامارێكی رەسمیدا، چ لەلایەن وەزارەتی دارایی چ لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نەخراونەتەروو. ئەوەی روونە تەنها بودجەی هەرێمە، تەواوی باجەكان و بەرهەمە ناوخۆییەكان و داهاتی خاڵە سنورییەكان هێشتا بەتەواوەتی رووننین، بۆیە هەرێم دەیەوێت لە ئێستاوە خۆی لە ژێر فشاری بەغداد دەربهێنێت و هەوڵی بەرهەم هێنانی نەوت دەدات، تاكو سەربەخۆی بازار بۆ خۆی بگەرێنێتەوە و دەستی خۆی كردوەتەوە بۆ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان رووی تێبكەن وپاڵپشت بەبەرهەمی نەوت، ئابوورییەكی بەهێزی ناوخۆ مسۆگەر بكات. بەغدادیش رێگریی لەم ئابورییە ناوخۆیە دەكات و پێی خۆشە بەردەوام هەرێم لە بەغدادەوە ئابورییەكەی ئاراستەبكرێت.
كۆمپانیای ئیكسۆ مۆبیل، كە یەكێكە لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان. گرێبەستێكی لەگەڵ هەرێمدا ئیمزاكردوە بۆ گەڕان لە “6” ئیمتیازدا. لەپاڵ ئەویشدا، كۆمپانیای ( شیفرۆن ) كەوتە خۆی و پشكی %80 ی دوو كۆمپانیای كڕی، كە دوو كۆمپانیای هندیین بە ناوی (سارتا و روفی ) (3). ئەم دوو كۆمپانیایە، پلە نزمن و لە ساڵانی رابردوودا لە هەرێم نەوتیان دەرهێناوە و ئێستا پشكەكانی خۆیان بە كۆمپانیا گەورەكان دەفرۆشن. لە تەنیشت ئەم دوو كۆمپانیا گەورەیەوە، ناوی دوو كۆمپانیای گەورەتر هاتە ئاراوە ئەوانیش كۆمپانیای “تۆتالی فەرەنسی و گاز پرۆمی روسی”، ئەمەش توركیای هاندا كۆمپانیای ” جێنل ئێنەرجی توركی” پشكی %21 لە كۆمپانیای ” هەولەر ئێنەرجی ” بەبری “240” ملیۆن دۆلار لە كێڵگەی بیناباو بكرێتەوە. بەوەش پشكەكەی ئەم كۆمپانیا توركییە، لە گەڕان بەدوای نەوتدا لە هەرێمدا، بۆ %41 بەرز بوەوە (4). ئەم هەڵمەتی كۆمپانیایانە، وایانكرد ئیدی كۆمپانیاكانی دی چاو ببرنە كوردستان. ریچارد گریفیس شیكار لە كۆمپانیای نەوتی ” ئۆرێڵ” ، دەڵێت: ” گرێبەستەكانی هەرێم زۆر سودبەخشن بۆ كۆمپانیاكان، هەر بۆیە پاڵی بە كۆمپانیاكانەوە ناوە بە لێشاو روبكەنە هەرێمی كوردستان و پشت لە بەغداد بكەن “(5). بەپێی بۆچونی ئەم شیكەرەوە بێت، دەستبڵاوی هەرێم كۆمپانیا گەورەكانی خرۆشاندوە و ئامادەنین گوێبیستی هەڕەشەكانی بەغداد ببن وخۆیان لەو سامانە گەورەیەیەی هەرێم بێبەش بكەن، پاش ئەم هەڵمەتانەش، كە شیكار و رۆژنامەنووسەكان لە بارەی هەرێمەوە كردوویانە راستەوخۆ كۆمپانیای ” شارمان بترۆلیمۆی” كەنەدی. رایگەیاند:” بری 48 ملیۆن دۆلاری داوەتە بە تۆتالی فەرەنسی تاكو پشكی %40 لە كێڵگەیەكی تازە لە سنووری سلێمانی بۆ بكرێت.”(6) هۆشدارییەكانی بەغدادیش بەهیچ شێوەیەك نەبووەتە هۆی وەستانی كۆمپانیاكان. ناچار بەغداد بۆ رێگەگرتن لە هاتنی ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە. سێ‌ ڕێگەی دیكەی گرتەبەر. یەكەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نامە بۆ سەرۆكی ئەو وڵاتانە دەنووسێ‌ كە كۆمپانیاكانیان لە هەرێمدا كاردەكەن تارێگریان لێبكات و گرێبەست لەگەڵ هەرێمدا نەكەن. واتە ئەم كابینە نوێیە دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ رێگریكردن لە هاتنی كۆمپانیاكان. لە رێگەی دووهەمەوە: هەڕەشەی ئەوە دەكرێت ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەست لەگەڵ هەرێمدا دەكەن، دەخرێنە لیستی رەشەوە. رێگەی سێهەمیش: بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عێراقە تا سەرنجی بازاری نەوت بەلای خۆیدا رابكێشێت و ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمدا كردوە، گرێبەستەكانیان هەڵبوەشێننەوە. لە تازەترین پلانی بەغدادا هاتووە لە ساڵانی ئایندەدا ئاستی هەناردەكردن لە رۆژێكدا بۆ “12” ملیۆن بەرمیل بەرزدەكرێتەوە. لە مانگەكانی تەموزدا “2.22” ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا، بەڵام بەرزیكردوە بۆ “2.25” ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. ئەمەش لەدوای ساڵی “2003”وە، بەبەرزترین پلە ئەژمار دەكرێت و شیكاركەرانی نەوت ئەمە بە شكاندنی رێكۆردی عێراقی ناودەبەن. هەڵبەتە لەم رێژەیەش، تەنها “300” هەزار بەرمیلی لە هەرێمەوە هەناردە كراوە. هەرێمیش لەپاڵ ئەو زیادكردنەی عێراقدا، هەڕەشەی ئەوە دەكات لە ساڵانی “2013 بۆ 2014” هەناردە كردنی نەوت لە رۆژێكدا بەرزدەكاتەوە بۆ سەروی “1” ملیۆن بەرمیل نەوت و لە داهاتووشدا ئەو رێژەیە دەبێتە “2” ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەك رۆژدا (7). ئەو نەوتە یەدەگەی لە هەرێمیشدا هەیە “700” ملیۆن بەرمیل لە نەوتی یەدەگی لیبیا زیاترە. نزیكەی دوو هێندەی نەوتی یەدەگی ئەمریكاشە. وەكچۆن “28.4” ملیار بەرمیل نەوتی یەدەك لە ئەمریكادا هەیە. بەرز بوونەوەی یەدەگی نەوتی هەرێمیش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی بەرهەم هێنان. ئەمریكاش لەلایەك باس لەپەیوەست بوونی خۆی دەكات بە عێراقەوە لەبەرەیەكی دیكەشەوە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی گرێبەست ئیمزادەكەن لەگەڵ هەرێمدا. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا لەوە دەگەن یەدەگی نەوتی هەرێم دوو هێندەی یەدەگی نەوتی وڵاتەكەیانە و پێویستە پشكێكی بۆ هەرێم بێت و پشكێكیشی بۆ ئەمریكا، بۆیە سیاسەتی دووفاقی پەیرەودەكات لە ململانێی نێوان هەرێم و بەغدادا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەپلانەكانییدا بۆ سەرنج راكێشانی جیهان. رایدەگەیاندووە: عەمباری بنەرەتی نەوت لەعێراقدا، گەیشتوەتە “505.408” ملیار بەرمیل نەوت. كە ئەمە یەدەكی پێشووە و هێشتا بەرهەم نەهاتووە. بەڵام یەدەگی مسەوگەر “143.1” ملیارد بەرمیلە كە بەرهەم هێنانی تێدایە. لە “1-1-2010” وە بەرهەم هێنانی نەوتیش گەیشتوەتە “33.463” ملیار بەرمیل نەوت.(8). لەلایەكی دیكەشەوە بۆ زانینی ئاستی نەوتی عێراق، لای توێژەرانی نەوت لە جیهان. نەوتی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لەرووی باشی كەوالێتەوە پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت. پاش “سعودییە و فەنزویلا”ش، لە ئاستی هەناردەكردندا ئێستا عێراق لەئاستی سێهەمەو پێش ئێران كەوتووە. واتە: ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لەم وڵاتەدا گەیشتوتە ئاستی وڵاتە دەوڵەمەندەكانی نەوت.
هەرئەمەش وایكرد وەزیری نەوتی عێراق: كێڵگە نەوتیەكانی بەقەبارە پۆلێنكرد بۆ”6″ جۆر. كێڵگە سەرو زەبەلاحەكان كە بری 133 .822″ ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. كیڵگە زەبەلاحەكان “29.855” ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. كێڵگە زۆر گەورەكان “7.222” ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. كیڵگە گەورەكان.”4.292″ ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. كیڵگە مام ناوەندەكان .” 0.588″ ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. كێلگە بچوكەكان “148” ملیارد بەرمیل نەوتیان تێدایە. دابەشكردنی یەدەگی كیڵگەكانیش لە رووی جوگرافییەوە، بەم شێوەیە پۆلێنكراوە. كیڵگەكانی باشوور “125.544” ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە. كیڵگەكانی باكوور ” 34.6103 سی و چوار ملیارد و شەش هەزار و سەد و سێ‌ ” بەرمیل نەوتیان تێدایە. كیڵگەكانی ناوەراست ” 16.4314 شانزە ملیارد و چوار هەزار و سێ سەد و چواردە هەزار ” بەرمیل نەوتیان تێدایە. (9). ئەم ریزبەندیانەی وەزیری نەوت دەیانكات، دەبێتە رێگر لە بەردەم هەوڵەكانی هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و شەڕی كۆمپانیاكان. بەڵام شارەزایانی نەوت دەڵێن: ” گرێبەستەكانی هەرێم بڕی قازانجی لە 25 وە بۆ %35 بە 15 بۆ %18 لە ئاستی عێراق، زیادی كردوە.”(10) زیاد بوونی پشكەكان و بەخشینی زۆرترین قازانج بۆ كۆمپانیاكان بوەتە كۆسپێكی گەورە لەبەردەم بەغدادا. هەرچەندە بەغداد رێگریەكانی زیاد بكات، هەرێمیش دەستەكانی وڵاتر دەكات بۆ كۆمپانیاكان و هەرێم سەرنجی كڕیارە گەورەكان رادەكێشێت، تا بێن لە هەرێم سەرمایە گوزاری بكەن و رێگە لەو رێگریەی بەغداد دەگرێت. وەك بەڵگەش گرێبەستی نەوتی بۆ كۆمپانیاكان. ” تۆنی هەیوەدی” بەرێوبەری كۆمپانیای نەوتی بەریتانی (bp) ، بەبڕی “2.1” ملیارد دینار لە هەرێمدا سەرمایە گوزاری دەكات و نزیكەی “40” كۆمپانیای بیانی لە “17” وڵاتی جیهانەوە بەنیازن بە بڕی “10” ملیار دۆلار وەبەرهێنان بكەن لە كەرتی نەوتیدا(11) ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی بوترێت چ لە ناوخۆی هەرێم چ لە دەرەوەی هەرێم شەڕی نەوت كێشەی زۆری دروستكردووە و لێدوانی جیاوازی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بەپێی لێدوانی عێراقییەكان و بەشێكی زۆری پەرلەمانتارەكانی ئۆپۆزسیۆن، لە هەرێم زۆربەی ئەو گرێبەستە نەوتیانە نایاسایین و بەشێوەیەكی شاراوە ئەنجام دراون، جگە لەمەش پشكی كۆمپانیاكان زۆرە و پێدەچێت رێككەوتنێك هەبێت لە نێوان بەرپرسەكان و كۆمپانیاكاندا، بەڵام هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، ئەمە رەتدەكەنەوە و بەبڕوای شارەزایانیش رەتكردنەوەكەیان بەبێ‌ بەڵگەیە، هەروەكچۆن لە ماوەكانی رابردوودا، كۆمپانیای “dno” نەرویژی رایگەیاند لەو بیرەنەوتەی دۆزیویانەتەوە “%50” بۆ ئەوانە و “%25” بۆ كۆمپانیای جێنراڵ توركییە و “%20” بۆ هەرێمی كوردستانە. لەو نێوانەدا “%5” پشكەكانش دیار نییە(12) لە كاتێكدا بەغداد دوای روخانی دەسەڵاتی بەعس “8” گرێبەستی نەوتی كردوە و بەرزترین رێژە بۆ كۆمیانیا %18 بوە، كە ئەویش بەشێوەی شەراكەت نەبووە، بەڵكو بەشێوەی پشك كراون. وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمیش، شێوەی گرێبەستی شەراكەت بە شتێكی ئاسایی دەزانێت و پێی وایە: هەرێم لە دۆخێكدایە، پێویستە لە رێگای شەراكەتەوە، گرێبەستی نەوتی ئیمزا بكات، تاكو بتوانێت پەرە بەبەرهەم هێنانی نەوت بدات. بەغدادیش ئەمە بە تاڵانبردنی سامانی وڵات ناودەبات. جگە لەوەی رۆژانە دەزگاكانی راگەیاندن لە هەرێم و بەغداد، قسەلەسەر بەقاچاخبردنی نەوت بۆ سنوورەكانی ئێران و توركیا و دەكەن. بەڵام بە بروای چاودێران تائێستەش هەرێم وەڵامێكی قایلكەری بۆ ئەم بە قاچاخ بردنەی نەوت نەداوەتەوە. لەو برە پارەیەش، كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان باسیدەكات. كە برێك لە بەرپرسان بە”4″ ملیار باسیدەكەن و برێكیدیش بە زیاتر، كە لە بەهەقی وەرگرتنی شیرینی لە كۆمپانیاكان وەریانگرتووە. تاكو ئێستا بری “160” ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژەی ئاوی دهۆك خەرج كراوە. وەزیری سامانە سروشتیەكانیش باس لەوە دەكات بڕی “30” ملیۆن دۆلاری بۆ میدیا لە هەرێم خەرجكراوە. ئۆپۆزسیۆنی هەرێمیش، ئەمە بە خراپ مامەڵەكردنی سامانی نیشتیمانی وەسفدەكات و بەردەوام نیگەرانییەكانی خۆی لە ناشەفافی نەوت پیشاندەدات. لە تازەترین لێدوانیدا (حەمەتۆفیق رەحیم) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ” شتێك نییە ناوی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بێت، بەڵكو زەلامێك هەیە جاروبار قسە دەكات. ” بۆ وەڵامدانەوەی ئەم رەخنانەی ئۆپۆزسیۆنیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خەرجیەكانی خۆی بڵاو كردەوە كە بری ” 1.332.034.823″ دۆلاری داوەتە خەزێنەی حكومەتی هەرێم. لەریزبەندی خەرجیەكانیش بەم شێوەیە.”500″ ملیۆن دۆلار بۆپەرە پێدانی پارێزگاكان. “150” ملیۆن دۆلار بۆپەرەپێدانی زانكۆكان. “650” ملیارد دینار وەزارەتی دارایی بەم شێوەیە”120″ ملیارد دینار پارەی پەترۆ دۆلار بۆ بەرهەم هێنانی نەوت و گازی ناوخۆ. “210” ملیارد دینار بۆ كڕینی گازوایل. بری “20” ملیارد و “800” ملیۆن بۆ كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان. بری”252″ ملیار و “362” ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان.(13) پاش بڵاو بوونەوەی ئەم راپۆرتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رەخنەی توندی لەو وەزارەتە گرت. كە برێك لەو پارانەی بڵاوی كردوونەتەوە، لە بودجەی هەرێم پارەیان بۆ خەرجكراوە و برێكی دیش لەو پارانە بەهەدەردانە. لە هەموو حاڵەتێكدا شەڕی نەوت لە ناو عێراق و لەناو هەرێمیشدا تادێت گەرمتردەبێت. حكومەتی هەرێم خەریكی پرۆژەی هەناردەكردنی نەوتە لەرێگای بۆرییەوە بۆ سنووری توركیا و لەوێشەوە بۆ جیهان. پەرلەمانی كوردستان زۆربەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانیش نیگەرانن لەوەی ئاگاداری هیچ رێككەوتنێكی حكومەتی هەرێم نین، سەبارەت گرێبەستە نەوتیەكان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. بەغدادیش بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هەرێم و گرێبەستەكانی. ئەوەی بۆ چاودێرەكان روون بوەتەوە. هەرێم لەم دۆخەدا شەڕی گەڕاندنەوەی ناوچە دابرێنراوەكان ناكات. بەڵكو شەڕی بەرهەم هێنانی نەوت دەكات. بەغدادیش بۆ ئەوەی زۆرتر فشارەكانی چربكاتەوە لەلایەك لە هەوڵی رێككەوتندایە لەگەڵ توركیا. لەلایەكی دیكەشەوە هەرەشە لە كۆمپانیاكان دەكات و لە ناوخۆی عێراقیش لە هەوڵی جوڵاندنی هێزی سەربازییە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و پێكهێنانی هێزی جیاجیا بەناوی دیجلە و چەندین ناوی دیكەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی وێنەكە واپیشانی سەركردایەتی دەسەڵاتی هەرێم بدات. كە دەتوانێت لە رێگەی هێزەوە هەرێم ملكەچی كشانەوەی گرێبەستەكانی بكات لەگەڵ كۆمپانیاكانی جیهان و كۆتایی وەبەرهێنانی نەوت بهێنێت لە هەرێمدا. هەرێمیش لەپەرچەكرداری بەغدادا بەردەوام كۆمپانیاكان بانگهێشت دەكات و خەریكی هەناردەكردنی نەوت و گرێبەستی نوێیە لەگەڵ كۆمپانیاكاندا.

دەرئەنجام
بەپێی دەرئەنجامەكان . لە 48 وڵاتی ناوچەكە، 32 لەو وڵاتانە، موسڵمانن و پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن. بەشێكی زۆری داهاتەكەیان بەرهەمهێنانی نەوتە، كە دەكاتە %43 كۆی بەرهەمهێنانیان. كۆی ئەو وڵاتانەش لە ساڵی 2003 دا. 33.3 ملیارد بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە و بەراورد بەو پێیە بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتانەدا رۆژانە”67.8″ ملیۆن بەرمیل نەوت بووە(14) لە كۆی ئەو وڵاتانەش كە رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوت هەرنادە دەكەن”10″ وڵاتیان موسڵمانن. راپۆرتی كۆمپانیاكانی نەوت دەری دەخەن. بەرێژەی %73 نەوتی یەدەگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپادا، لە وڵاتانی موسڵماندایە و لەكۆی “1148” ملیارد بەرمیل نەوت “837” ملیارد بەرمیلی لە وڵاتانی موسڵماندایە.(15) بۆپشت بەستن بەو دۆخانەش. وڵاتانی پەرەپێدانی نەوت نمونە ” سعودییە و ئێران” بە وڵاتانی پەرەپێدانی مرۆیی نمونە” تایوان و كۆریای باشوور” هەمیشە ئەو وڵاتانە لە رووی زانست و كۆمەڵایەتییەوە لە دواوەن، كە پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن و پشت بە بەرهەمهێنانی مرۆیی نابەستن. لە ناویشیاندا عێراق و هەرێم. عێراق كە ئێستا لە رووی مرۆیی و ژێرخانی ئابوورییەوە لە خانەی خوارەوەیە. بۆ ئەم ساڵ. لە مانگی ئابدا بڕی “8” ملیارد دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەو هەناردەكردنەشدا بری “79” ملیۆن و “500” هەزار بەرمیل نەوت دەكات.(16) هەرێمیش بەپێی دواین رێككەوتنی لەگەڵ بەغداد دەبێت رۆژانە”200″ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و عێراقیش پارەی كۆمپانیاكان بدات. بەڵام ئەو بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی كردوە رۆژ بەرۆژ لەزیاد بووندایە، پاش رێككەوتنەكە نێوان هەردوولا، ئیدی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بەرزدەبێتەوە و بەپێی رێككەوتنی هەردوولابێت و هەناردەی هەرێمیش دەچێتە سەر كۆی هەناردەكانی كێڵگە نەوتیەكانی بەغداد. لەرێككەوتنەكەشدا هاتووە ئیدی كۆمپانیا بیانیەكان لەژێرچاودێری عێراق لە هەرێم كاری وەبەرهێناندەكەن. ئەم رێككەوتنەش دەریخست كێشەكانی هەرێم و بەغداد نەوت و پارەی پێشمەرگەو بودجەیە. نەك ئەو ناوچە دابراوانەی بە درێژایی مێژوو كێشە بووە لە نێوان كورد و ناوەندا. بۆیە پاش رێككەوتنی نەوت ئیدی بارگرژییەكانی هەردوولا بەرە و كاڵ بوونەوە ناچێت و كێشەی دێكە دێتە شوێنی و چاوەرێشدەكرێت كێشەكانی نێوان هەردوو لا هەرجارە و بەجۆرێك دەركەونەوە.

سەرچاوەو پەراوێزەكان.
(1)_ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان پشكەكانیان لەهەرێم زیاد دەكەن. راپۆرتی شیكاری بەیج ماكی و ئەندرۆ كارلۆس. لەعەربیەوە.سەركەوتجەلیل.وەرگیراوەلە” ara.reuters.com
(2)_ جەنگی 45 ملیار بەرمیل نەوت. السیاسەت كوەیتیە.www.al-seyassah.com
(3)_ هەمان سەرچاوەی پێشوو.al-seyassah.com
(4) هەمان سەرچاوەی پێشوو.www.al-seyassah.com
(5)_ سایتی ئیلاف : www.elaph.com
(6)_ السیاسەت كوەیتیە. شەری 45 بەرمیل نەوت.www.al-seyassah.com
(7)_ لێدوانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆدەزگاكانی راگەیاندن. وارگەی هاوڵاتی و ئاوێنەو رووداو.
(8)._ السیاسەت كوەیتیە. شەڕی 45 ملیار بەرمیل نەوت.
(9) هەمان سەرچاوەی پێشو.
(10)_ كۆمپانیا گەورەكان لەهەرێم پشكەكانیان زیاد دەكەن. راپۆرستی شیكاری بەیج ماكی و ئەنرۆ كارلۆس. لەعەربیەوە سەركەوت جەلیل. وەرگیراوە لە ” ara.reuters.com
(11)_ ستراتیژی كورد لە عێراق، دابەشبون و سودمەند بوون، نووسینی. رەنج عەلادین. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی. بەروار”14_ئۆكتۆبەری .2011″. . وەرگێرانی . سابیر حەسەن.www.guardian.co.uk
(12)_ دەقی بەیاننامەكەی ئەو كۆمپانیایە لەبەشێكی سایتە كوردیەكان بڵاو بویەوە بگەرێوە بۆ سایتی هاوڵاتی و ئاوێنە.
(13)_ بڵاوكردنەوەی خەرجیەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. سایتی هاوڵاتی.www.hawlati.co
(14)_ ڕاپۆرتی رێكخراوی مەسەلە. ساڵی 2010.
(15) هەمان سەرچاوەی پێشوو.
(16)_ بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق: www.hawlati.co
ئەم بابەتە هی ساڵی(2012) یە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت