شێرزاد شێخانى: رابردى ناگه‌ڕێته‌وه‌!

هه‌ولێريات ئه‌وه‌نده‌ كه‌يفم به‌رابردى خۆمان دێ، ئه‌وه‌نده‌ موته‌عه‌ليقم پێوه‌ى، زۆرجار به‌خه‌ياڵ بير له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌و رابردووه‌ جوانه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌. ته‌بعه‌ن سه‌به‌به‌‌كه‌شى ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا حازره‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ تفت و تاڵه‌، هه‌رده‌م حه‌نينمان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هه‌ولێريات
ئه‌وه‌نده‌ كه‌يفم به‌رابردى خۆمان دێ، ئه‌وه‌نده‌ موته‌عه‌ليقم پێوه‌ى، زۆرجار به‌خه‌ياڵ بير له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌و رابردووه‌ جوانه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌. ته‌بعه‌ن سه‌به‌به‌‌كه‌شى ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا حازره‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ تفت و تاڵه‌، هه‌رده‌م حه‌نينمان لۆ رۆژه‌ خۆشه‌كانه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هه‌موو دونيا جوان بوو. خه‌ركى به‌ساده‌يى ده‌ژيان. قه‌ناعه‌ت هه‌بوو. خزمايه‌تى قووڵ بوو. براده‌رايه‌تى راستگۆيانه‌ بوو. دينو ديانه‌ت له‌پێناو راگرتنى قييه‌مو ئه‌خلاق بوو، نه‌وه‌ك بكرێته‌ مه‌دره‌سه‌يه‌ك لۆ خۆكوشتن وته‌قاندنى بازاڕو مزگه‌فته‌كان.
ئه‌و زه‌مان ئه‌وه‌نده‌ خۆش بوو، ئێستا حه‌سره‌تى لۆ هه‌رده‌كێشين. چونكى جاره‌كيدى ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا رۆژ له‌دواى رۆژ كه‌سايه‌تيه‌كى ئه‌و زه‌مانه جوانه‌‌مان له‌ده‌ست ده‌چى و يه‌ك به‌يه‌ك خواحافيزيمان لێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌ر چه‌نده‌ سوننه‌تى خوايه‌، جيله‌ك ده‌ڕوا يه‌كيدى دێته‌ جێى، به‌ران داخه‌كه‌ له‌وه‌دايه‌ ئه‌وانى دێن جێگاى پێشتريان ناگرنه‌وه‌. ئه‌كته‌ره‌كى ميسرى گه‌وره‌ هه‌يه‌ ناوى ( محمد توفيق) ه ، له‌ته‌مه‌نى نۆهه‌د ساڵيدا له‌موقابه‌له‌يه‌كى ته‌له‌فزيۆنى لێى ده‌پرسن ” له‌براده‌ره‌ كۆنه‌كانت كێت له‌گه‌ر مايه‌ “؟. به‌چاوى فرمێسكاوييه‌وه‌ جوابى دايه‌وه‌ ” ئه‌وجا كانى براده‌ركانم، خۆ هه‌مويان رۆيشتن و ئه‌منيان به‌جێ هێشت “. ئه‌منيش كه‌ ته‌ماشاى ئه‌و موقابه‌له‌يه‌م ده‌كرد فرمێسك به‌چاوانم هاته‌وه‌و كه‌وتمه‌ خه‌ياڵى براده‌رو كه‌سوكارو كه‌سايه‌تييه‌ جوانه‌كانى هه‌ولێره‌كه‌مه‌وه‌‌.
ئه‌و مامه‌ ئه‌ختيارانه‌ له‌كێ ببينمه‌وه‌ كه‌ عه‌سران له‌رێزى پێشه‌وه‌ى چايخه‌نه‌ى عه‌بو خڕ ده‌بونه‌وه‌و به‌ قسه‌ى خۆش وسوعبه‌ته‌وه‌ يارى دامه‌يان ده‌كردو، ئه‌مه‌ى گه‌نجانيش له‌ده‌وريان خڕ ده‌بوينه‌وه‌و به‌قسه‌كانيان پێده‌كه‌نين. مام عه‌بدوڵڵايه‌كى كۆيى له‌كێ بينمه‌وه‌، كه‌ كه‌بابى كۆيسنجقى دامه‌زراند، كه‌ خۆشترين كه‌بابى سه‌ر زه‌مين بوو. حاجى سديقه‌كى ره‌واندزى له‌كێ بينمه‌وه‌ له‌ره‌مه‌زاناندا به‌شه‌ربه‌ته‌ مێوژه‌كه‌ى قوڕگى تێنووى خۆمى پێ ته‌ڕ بكه‌مه‌وه‌. سه‌يد سه‌ليمه‌ك له‌كێ بينمه‌وه‌ كه‌ به‌سمێره‌ ره‌شه‌ جوانه‌كه‌يه‌وه‌ چايه‌كم له‌پێش دانێ، كه‌ خۆشترين چاى سه‌ر دونيا بوو. تاقى بابايه‌ك له‌كێ بينمه‌وه‌ كه‌ عه‌سكه‌رى هه‌موو محافه‌زاتى عيراق له‌چايخانه‌كه‌ى خڕ ده‌بونه‌وه‌ لۆ گێگرتن له‌گۆرانييه‌كانى سه‌عدى حلييه‌وه‌.
حوسين تاجريانه‌ك له‌ كێ بينمه‌وه‌ خۆشترين برنج و فاسوڵيام له‌پێش دابنێ به‌شێست فلسه‌وه‌. مام پيرباڵه‌كى له‌كێ بينمه‌وه‌‌ به‌تامترين په‌نيرى ژاژى له‌سه‌ر سينى له‌پێش دو‌كانه‌كه‌ى دابنێ. حاجى خدره‌كى له‌كێ بينمه‌وه‌ كه‌ سبه‌ينان زوو قه‌رتاڵه‌ ترێى ره‌شى خۆشناوه‌تى ده‌هينايه‌ گومرگى سه‌يداوه‌. مامۆستايه‌كى وه‌كى موسا عه‌بدولسه‌مه‌د و شێخ كه‌مال به‌رزه‌نجى و عزه‌دين فه‌يزى و عه‌زيز مه‌ولودو مه‌كى محمد فه‌تاح و بوترس يه‌عقوب و ئه‌نتوان ده‌نحا و فاروق سه‌يد حه‌سه‌ن و محمد عبدالكريم و سه‌يد كه‌مال و موسا سه‌بزه‌چى له‌كێ بينمه‌وه‌ فێرى ئه‌خلاقى جوان و رێز گرتن له‌گه‌وره‌مان فێر بكاته‌وه‌. كه‌سايه‌تيه‌كى وه‌كى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى و ره‌شاد قازى ئه‌فه‌ندى و جه‌ليل خه‌يات و عه‌لى حه‌سه‌ن خه‌ديج و قادر جه‌مسى و جه‌لال خه‌ليل و حاجى ناميق به‌قال و شێخ مسته‌فاو ئيسماعيل نعيمى و ئال خه‌نجه‌ره‌كان له‌كێ بينمه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ خه‌مخۆرى ميلله‌تى هه‌ولێرو خێره‌ومه‌نده‌ گه‌وره‌كانى شاره‌كه‌م بوون.
ته‌نانه‌ت شێته‌ جوانه‌كانيشمان ناگه‌ڕينه‌وه‌ وه‌كى خاره‌ حه‌مه‌و پارچه‌ ئاسنه‌كانى ده‌ستى، به‌رخۆكه‌و ته‌سبيحه‌ سه‌ت قليه‌كه‌ى، چرچه‌و قاته‌ عه‌سكه‌رييه‌كه‌ى، مه‌مه‌دو عاره‌بانه‌كه‌ى، مام صالح و ره‌سمى ستالينى سه‌ر سينگه‌كه‌ى، ياهوو و داره‌درێژه‌كه‌ى، كسۆك و ديشداشه‌ خه‌تخه‌ته‌كه‌ى، خانه‌قين و گێسكه‌كه‌ى، ئه‌و كه‌سايه‌تيه‌ جوان و شيرينانه‌شمان له‌ده‌ستچوون و ناگه‌ڕێنه‌وه‌. لۆيه‌ هه‌رده‌م به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ ئاخيان لۆ هه‌رده‌كێشم، له‌و زه‌مه‌نه‌ قۆڕه‌ى ئه‌وڕۆش هه‌ر ئه‌و زيكره‌ياته‌ خۆشانه‌مان لۆ مايته‌وه‌. باقى وه‌لسه‌لام.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی