نوری کەریم: یەکێک لە بنەماڵە دێرینەکانى سلێمانى، بنەماڵەى شێخ ئەمینى وەتراخچى/ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

منیش(شێخ ئەحمەد) کەچومە دیوان و سڵاوم لەحازران کرد، هەستم بە سوکە زەردەخەنەیەک کرد بەسەر لێوەکانی شێخەوە و فەرموى ( ئەحمەد دیمانەت بەخێر، دانیشە.)
ئینجادواتر روى تێکردم و بەسۆزو میهرەبانییەوە ئەم قسانە لەکانى دڵییەوە هەڵدەقوڵان و دەهاتنە بەرگوێم ( ئەحمەد تۆ بێگانە نیت، ئێمە هەق بنئامۆزاین، ئەزانم زەرەر و زیانیشت لێکەوتووە، قەزاوبەڵاى بردبێت، ئەوى رۆى رۆى، هەرئەمڕۆش کەلێرە هەستایت گورێسێک ببەو هەر لەنزیک خۆمانەوە شوێنێک دیارى بکەو گوریسى لێڕاکێشە، ئەوەندەى دڵت دەخوازێت زەوى بپێوەو سنگ و نیشانى خۆت بچەقێنەو نەوایەک بۆخۆت و منداڵەکانت پێکەوەبنێ، ئیتر هیچمان لەهیچ، نەمن قسەو نە تۆقسە!).
راستییەکەى باپیرم بەتەماع بووە، نەجێگە خانوویەکى300مەترە چوارگۆشەیى، بەڵکوهێندەى 1200-1400مەترچوارگۆشەى پێوابو، تەنها (خان)ەکەى یەحیائەفەندى دراوسێمان(2) چکێک لەخانوەکەى باپیرم گەورەتربو. ئەو سەردەمە (حوکمەت) هەر ماڵێک و پارچەتەنەکەیەکى چوارگۆشەى بەدرگاى حەوشەکەیدا داکوتابو، ژمارەى خانوەکەى لەسەرنوسرابوو، بۆنمونە درگاى دەرەوەى ئێمە ژمارە 3/36م.(3لەسەر 36 مەڵکەندی)لەسەرنوسرابو.
یەحیائەفەندى یادى بەخێر یەکەمین وێنەگربو لەسلێمانى دوکانى وێنەگرتنى کردەوە، دوکانەکەى لەبەردەرگاى سەرابو، دەکەوتە سەرەتاى شەقامى گۆران(ئۆریزدى باک) لەشوێنى کۆتەڵەکەى(پەیکەر) شێخى نەمر یا ئوتێل هەورامان. ئەو پیاوە ئەگەر بەهەڵەدانەچم خۆى ئەرمەنى و جەمیلەخانى خێزانیشى عارەب بو، ئافرەتێکی هەمیشە پۆشتەوپەرداخ و جوانپۆشبو، ماکیاجێکى تێروتۆخى دەکرد، تەڕپیرێکى بەرچاوبو، بەڵام هێشتا زمانى پاک نەبوبوەوە و بەکوردییەکى سەقەت دەدوا. یەحیائەفەندى و جەمیلەخانى هاوسەرى وەجاخ کوێربون، خێزانێکى بێدەنگ و بێوەى و هاوسێتییان خۆشبو، سەگێکى قاوەیى رەسەنیشیان راگرتبو بەناوى(قەستۆر) بانگیاندەکرد، زۆر جار زەمیلەیەکیان دەکردەملى، دەچووە بازار، دووکانەکانى دەناسى، گۆشت و سەوزەیان بۆتێدەکردو دەیهێنایەوە بۆماڵەوەو هەفتەى جارێک یەحیائەفەندى پارەکەى دەدا. کچێکیان هەڵگرتبووەوە ناویان نابو نەسرین، نمونەى رەوشت بەرزیی و جوانیی و زیرەکى بو لەخوێندندا، لەو دواییانەدا لەگەڵ کورێکدا بەنێوى غازى(غازى قەمور) هاوسەرگیریانکرد. و ئەمجارەیان یەحیا فەنی و جەمیلە خان کوڕێکیان هەڵگرتەوە بەنێوى صەباح ….. دواى شۆڕشى 14ى تەموزى1958و سەرەتاى شۆڕشى ئەیلولى1961ململانێى نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی عێراق ئاشکرا بەکۆمەڵى کوردەوارییەوە دیاربو، ئەوەى رۆژباش و شەوباشى بەکاردەهێنا، ئەوە سەربە پارت و کوردایەتى بو، بەڵام کۆمۆنیستەکان سەلاموعەلەیک و مەرحەبا یان بەکاردەهێنا، یەحیائەفەندیش کەئێواران دەهاتەوە بۆماڵەوە بەلاى کوڕانى گەڕەکدا تێدەپەڕى نەیدەزانى پارتن یا کۆمۆنیست، جابۆئەوەى کەسیش نەڕەنجێنێت دەیوت( سەلامونعەلەیکوم ئێوارەتان باش!) ئێمەش بەیەک دەنگ و بەگەرمى دەمانوت ئێوارەت باش بەخێربێتەوە.
لەکرۆکى باسەکە دورکەوتمەوە، بەڵام هەر سەربوردەو مێژوى سلێمانی یە . شێخ ئەحمەدى باپیرم نەخشەى خانوەکەى بەمجۆرە کێشابو: بەچواردەورى زەوییەکەدا حەوت دەستە خانوى دروستکردووە، هەردەستەیەکیش بریتییە لە هەیوانێک 2م×4م، ژوورێک 3م×4م،گەنجینەیەک 2م×4م. هەیوانەکە زۆرتر لەهاویندا بەکاردەهات بۆچێشت و چالێنان و نانخواردنى هەرسێ ژەمەکە و دانیشتنى شەوان هەتا کاتى خەوتن کەهەرخێزانەو لەسەرباندەچووە ناو( چیغ )(3) ى تایبەتى خۆى کەجیایدەکردەوە لەخێزانەکانى دیکە. کەیبانوى ماڵیش هەر سەر لەئێوارە ئاوپرژێنێکی دەکرد و نوێن و پێخەفى نوستنى رادەخست. ژورەکەش (ژوری ژیانی رۆژانە)کەلوپەل و پێداویستییەکانى ماڵەکەى تێدابو وەک راخەر، ئەویش هەرخێزانەو بەپێى دەرامەتى خۆى پایزان فەرش، بەڕە، کومبار یاحەسیرى پوشى رادەخست و لەمانگى نیساندا هەڵیدەگرتەوە و پێیدەوتراجێداخستن و جێهەڵگرتن. هەرلەژورەکەدا سنوقێکى بۆراق(بوراق) دادەنرا کەجلوبەرگى تێدا هەڵدەگیراو نوێنەکانیشیان لەسەرهەڵدەچنى. هەندێک ژور ئاگردانێکى تێدابو، هەندێکیشیان کورە یا مقەڵى خەڵوزى تێدابو بۆخواردن ئامادەکردن و چالێنان، ئەمەجگە لەسەبەتە یا قوڵینەیەک بۆ مەنجەڵ و قاپ و قاچاغ و شانەیەکى دار یا باغە لەپاڵ ئاوێنەیەکى بچووک یاگەورە یا باڵانمادا… گەنجینەکەش جێگەى ئازوقە و زەخیرە و قوڵینەیەک نانى تیرى تەندور یاساج و ترشیات بو ئەگەرببوایە.
دەستە خانوەکان لەڕووى شێوەو روبەرەوە چونیەک بون جگە لەیەکێکیان کەکەوتبوە لاى چەپی بەشى سەرەوەى زەوییەکەو لەوانیدیکە زۆرگەورەتربو، ژورەکانیشی لەبرى پەنجەرەیەک دوپەنجەرەى گەورەى تێدابو، بنمیچ ودارەڕاکانیشى بەگوێنى جامفاز داپۆشرابو، نزیکەى100- 120م2دەبو، دەکەوتە نێوان مڵکەکەى خۆیى و خانەکەى یەحیائەفەندى یەوە، ئەوەیانی جیاکردبووەوە، خانویەکى دودەستەیى بۆهەردو هاوسەرەکەى تێدا دروستکردبو، درگاو بانیشى سەربەخۆبوو. یەکسەر بەلاى دەستەراستى درگاى حەوشەشدا(درگاى سەرەکى) تەوالێتێکى درێژکۆلەى گەورەى 4،0×2،5مەترو سەرتەندورێکى گەورەش3×3،5م. کەزۆربەى دراوسێکانیش لەوێ بەهەرەوەز نانیان دەکرد. دیوارەکانیش لەبنەڕەتدا40سم. ئەستور و هەموساڵێکیش زۆربەى ژورو هەیوانەکان بەشێوەى(تەڕاو) یا(گڵگەچ)(4) سپیدەکرانەوە. روبەرى مڵکەکە 30بە 45مەتر وسەرجەم 1300-1450 مەتر چوارگۆشە دەبو. ناوەراستى ئەم حەوشە فراوانەش دارتویەکى زەبەلاح، درەختێکى نارەوەند، سێ دارى گوڵە ژاڵەى سور و چەندین بنج گوڵەباخى سور وسپى و زەرد کە کەپرى دارمێوەکان دایدەپۆشین و لەهاویندا هێشووە ترێکان لەترسى باڵندە و هەنگ و زەردەواڵەو زەردەزیڕە هەتا تەواو شیرین دەبون دەخرانە تورەکەوە و چ قورەتیش بو کەس بوێرێت بێرەزامەندى باپیرم پەنجەیان بۆببات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت