عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: مۆدێلی پیاهەڵدانی درۆینانەو چەند ڕوویی مرۆڤەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر جار پیاهەڵدانی جۆراوجۆر دەبینین و دەبیستین، ئاساییە کەسانێک وەک خۆیان وەسف یان پێناسەبکرێن کەشایانی ئەوپێناسەو، و وەسف و ستایشەبن.
ئاخەر تۆکۆڕوکۆبونەوە نەماوە باسی هاوڕێکەتی تێدا نەکەیت بەخراپەو لاوازییەکانی دەرنەخەیت کەچی کەبەڕێکەوت وێنەیەکی لەگەڵ دەگریت و لەئەکاونت یان پەیجەکەت دایدەنێیت یەک دنیا پیاهەڵدانی درۆینەت بۆڕیزکردوە لەنمونەی ( لێوان لێو لەجوانی ــ هاوڕێی تەمەن وگیانی بەگیانی ــ هاوڕێیەک بەتامی برا ، سندوقەڕەشەکەی ژیانم و… هتد.
یاخود بەساڵ قسەی لەگەڵ دایک وباوکیدا نیە،و بۆچرکەساتێکیش لای لێنەکردونەتەوە،و ڕەنگە ناردبێتیشیە خەڵوەتگە کەچی لەڕۆژی دایک یان باوکدا یەک دنیا وشەی کریستاڵی و ڕەنگاوڕەنگی هۆنیوەتەوە وەک پیاهەڵدان وشانامە بۆیان وخۆی کردۆتەقوربانی بۆیان.
هێشتا هەفتەیەکی ماوە بۆمانگی ڕەمەزان کەڤەری ئەکاونتەکەی کردۆتەلۆگۆی تایبەت بەمانگەکەو بەگەورەیش نوسیویەتی خودایە بمانگەیەنیتەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ئەو مانگەمان بەنسیب بکەیت، کەچی نەک بەڕۆژونەبوە گرێشی لەڕەمەزان نەداوە، تەنانەت وەک پێویستیش ڕێزی لەمانگەکە نەگرتوە.
چ زەمانەیەک تێکەوتوین خودایە جاران کەسێکی دووڕوومان بدیبایە وەک کەسێکی نەفرەت لێکراو لێماندەڕوانی کەچی ئێستا مرۆڤە (حەوت ڕوو ـ هەشت ڕوو )ەکان ڕووی دووڕوەکانیان سپی کردوەتەوە، چەند شورەیە وەک جەستە تەنها مرۆڤێک بیت بەڵام لەڕوخسارو مامەڵەی ڕۆژانەتدا چەندین ڕووت هەبێت و ڕۆڵی دەیان کەسی جیاواز بەرجەستەبکەیت، بەشێوەیەک لەبارەگایەکی حیزبدا کۆیلەی بەرپرسێکی حیزبی بیت، و لەکۆمپانیادا هی خاوەن کاروسەرمایەدار، و لەفەرمانگەدا هی بەڕێوەبەرو… هتد.
واتا مرۆڤگەلێک لەم سەردەمەدا پەیدابوە ڕۆژانە چەندین ڕۆڵی جیادەبینێت تەنانەت جاری واهەیە بەشێک لە مرۆڤەکان لەیەک ڕۆژدا سەردانی چوار بۆ پێنج بارەگای حیزبی دەکات و لە هەربارەگایە و بەپێی شوێنەکەواخۆی پیشاندەدات و خۆی دەگونجێت، کە لەیەکێکیان کادرەو لەشوێنێکی تر هەڤاڵەولەبارەگاکانی دیکەشدا خۆی دەکات هەڵسوڕاو، خۆبەخش وهاودیدو…. هتد.
بۆیەتێگەیشتن لەبەشێک لەمرۆڤەکان لەم سەردەمەدا بەتەواوی بۆتە کارێکی ئەستەم و قورس.
مرۆڤێک خۆی بەدژە گەندەڵی لەقەڵەم بدات کەچی گەندەڵکارێک ببینێت واهەست بکات هەنگوینی لەکلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، و پەلەپڕوزەی گرتنی وێنەیەکی سێلفی بێت لەگەڵیدا دەبێت چ پێناسەیەکی بۆبکرێت، کۆمەڵگایەک جمەی بێت لەمرۆڤی لەم شێوازانە دەبێت چ ئایندەکی تاریک چاوەڕێی پاشەڕۆژمان بکات، چ کارەساتێکە لەگەڵ مردنی هونەرمەندێکی کوردا لەماوەی کاژێرێکدا بەهەزاران کەس کەڤەرو وێنەی ئەکاونتەکەی بکاتە وێنەی هونەرمەندەکەو شیعروشانامەی درۆزنانەی پێدا هەڵبدا، بەڵام لەسەر تەرمەکەی تەنها سێ کەس لەمزگەوتەکەدا لەلای ببینرێت، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە لەڕەگەزی( نێر)بیت و پەیج و ئەکاونت بەناوی ڕەگەزی (مێ ) وە دابنێیت تەنها بۆ زیادکردنی فرێندو لایک و کۆمێنت و داخوازی نابەجێ.
بەداخەوە ڕۆژگارێک تێکەوتوین ڕێوی دەکرێتەشێرو، و شێریش لەڕێوی کەمتر، مرۆڤی شیاوونەشیاو پێچەوانەکراونەتەوە کەجێی داخە ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا ڕۆڵێکی نێگەتیڤ دەبینێت لە هەموو کایەکاندا.
ئەمانەی ئاماژەم بۆ کردن مشتێکە لەخەروارێک، وشتگەلی دیکەش هەیەکەبخرێنەبەرباس و خواس کە پەتاو نەخۆشی جۆراوجۆرن، و جیاوازییان لەگەڵ نەخۆشی ئاسایدا ئەوەیە نەخۆشی ئاسایی مرۆڤەکان نەخۆشیەکەی کاتیەو قابیلی چاکبونەوەیە بەڵام جۆرەکانی تری نەخۆشی کەهەندێکیان ئاماژەیان بۆکراوە نەخۆشیە ترسناکەکەن وگەر بەریان پێنەگیرێت و ببنەدیاردە ئەوا کۆمەڵگابەرەوئاقارێکی خراپ و مەترسیدار دەبات.
بۆیە بۆ گەڕانەوی ڕاستگۆیی و بەها گەش وبڵندەکان پێویستمان بەشۆڕشێکی سپی هەیە تاکو چیدیکە نەهێڵین کۆمەڵگاکەمان ببێتەکۆمەڵگایەکی پڕدرۆوپیاهەڵدەر.
ناشکرێت هەرکەسەو بڵێ جاچیبکەم و بەتەنها بەمن هیچ ناگۆڕدرێت، بەپێچەوانەوە هەموان دەتوانن بەڕێگاوشێوازی جۆراوجۆر بەگز دیاردەدزێوونامۆکاندا بچینەوەو هەوڵی بنبڕکردنیان بدەین.
وەدەزگاڕاگەیاندنە هەمەڕەنگەکانیش دەتوانن ڕۆڵی گەورەو کاریگەر ببینن و ببنە پردێک بۆ پەڕینەوەی کۆمەڵگا لەم دۆخەوە بەرەو دۆخێکی کەنارئارام ودوور لەموبالەغەوپیاهەڵدانی درۆینانە و کۆتایی هێنان بەم دیاردە نەشازانە کە وەختە ببێتە مۆدێلی ڕۆژ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت