بورهان شێخ ڕەئوف: دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکانى ئەستەنبوڵ گرنگە بۆ ئایندەى تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى 31 ى ئازارى ڕابردوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە سەر تا خوارى تورکیا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى شارەوانییەکان ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەى کێشەو ململانێ ى قورسى لێکەوتەوە ئاکامى هەڵبژاردنەکانى یەکەم گەورە شارى ستراتیجى تورکیا ئەستەنبوڵ بوو، کە ئەنجامەکەى بە دڵى پارتى فەرمانڕەواو سەرۆک کۆمارئەردۆگان نەبوو. چونکە کاندیدە ڕکابەرەکەیان کەلە پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە) بوو بە جیاوازییەکى کەم سەرکەوتنى بە دەستهێنا.
هەرچەندە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو لە لایەن کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیاوە بە براوەى هەڵبژاردنکان ڕاگەیەنراو دەستبەکاریش بوو دواتر بە هۆى سکاڵاو تانەو نیگەرانییەکانى ( ئەکەپە ) واتە پارتى فەرمانڕەواوە ئاکامەکان هەڵوەشێنرایەوە لە ئەستەنبوڵ بڕیار درا کە 23/6/2019 واتە ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکان دووبارە بکرێنەوە.
جارێکى تر هەردوو کاندیدى بە هێزى هەڵبژاردنەکانى پێشووى 31 ى ئازار لە لایەن حزبەکانیانەوە جارێکى تر کاندید کراونەتەوە واتە بیناڵى یەڵدرم وەزیر و سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى تورکیا لە ( ئاکەپە) و ( مەهەپە ) ئەکرەم ئیما ئۆغلو سەرۆکى یەکێک لە شارەوانیە لاوەکییەکانى ئەستەنبوڵ لە ( جەهەپە) و ( ئى پارتى ).
هەرچەندە ئیمام ئۆغلو تا کاتى کاندید بوونى بۆ هەڵبژاردنەکانى 31 ى ئازار کەسایەتیەکى هێندە دیارو ناسراو نەبوو وەکو ڕکابەرەى بینالى یەڵدرم کە دووەم کەسایەتى ناو ئەکەپە بوو گەلێک پۆست و بەرپرسیارێتى گەورەى هەبووە لە دەوڵەتى تورکیادا، بەڵام ئێستا ئیمام ئۆغلو دواى سەرکەوتنى هەرچەندە بە جیاوازییەکى کەمیش بوو لە هەڵبژاردنەکانى 31ى ئازارى پێشوو و دواتر هەڵوەشانەوەى ئاکامەکان و لابردنى لە پۆستى سەرۆکى شارەوانى گەورەى ئەستەنبوڵ کە گرنگیەکى گەورەى هەیە و سەرۆک کۆمارى تورکیا لە کاتى بانگەشەکانى هەڵبژاردندا وتبووى هەرکەس حوکمى ئەستەنبوڵ بکات ئەوا حوکمى هەموو تورکیا دەکات، ئێستا بووەتە ژمارەیەکى گرنگ لە هاوکێشەو ململانێ ى سیاسى تورکیادا لە لایەک وەکو ستەملێکراوێک و دوور خراوەیەک لە پۆستەکەى و قایل بوون بەو بڕیارەى ئاستى جەماوەر بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە تەنانەت سنوورى پارتەکەى خۆیشى بەزاندووە و سەرتاسەرى تورکیا دەگەڕێت و داواى دەنگ و هاوکار ىو پاڵپشتى لە خەڵکى تورکیا دەکات.
تەنانەت ئاستى جەماوەرى بەڕادەیەک سەرکەوتووە کە هەر لە ئێستاوە بە ڕکابەرى ئەردۆگان لێى دەنواڕن بۆ هەڵبژاردنەکانى 2023 ى سەرۆکایەتى تورکیا، هەر لە بەرئەوەشە هەردوو لایەنى دەستەڵات و ئۆپۆزەسیۆنیش زۆر بە گرنگیەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن و زۆر بە چارەنووسسازى دادەنێن.
پارتى دادو گەشە واتە ( ئەکەپە ) گۆڕانکارى گرنگ و ستراتیجى لە سیاسەتى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى دا کردووەبە جیاوازى هەڵبژاردنەکانى ئازارى ڕابردوو، ئەویش ناوزەدکردنى پرۆسەکە بە چارەنووسسازى لە نووسین و وتارو ڕیکلامەکان لابردووە و ناوى کاندیدى ئۆپۆزەسیۆن ئیمام ئۆغلو بە هیچ شێوەیەک لە میدیاکانیاندا ناهێنن تاوەکو زیاتر ناو و ناوبانگى بۆ دەرنەکەن و زیاتر گەورەى نەکەنەوە، هەروەها سەرۆک ئەردۆگان لە سەرەتاى ئەم هەڵمەتى بانگەشەوە خۆى دەرنەخست و چالاکى زۆرى نەنواند وەکو جارى پێشوو هەموو ڕۆژ دەگەڕاو وتارى هەبوو گۆڕەپانەکانى بۆ خودى یەڵدرم چۆڵکرد و ئەمیش گەشتى زۆر کرد بۆ زۆر شوێنى وڵات هەرچەندە هەڵبژاردنەکان لە ئەستەمبوڵیشە بە تایبەتى بۆ دیاربەکر کە لەوێندەر هەندێ قسەى بە زمانى کوردى کرد کە ئەمەش ماناو مەدلوولى خۆى هەیە ، چونکە ئەستەنبوڵ تورکیاى بچووکەو لە هەموو ئتنیکە جیاوازەکانى تورکیاى تێدایە بە تایبەتى کورد، هەرچەندە لە ڕۆژانى کۆتایى هەڵمەتەکەدا جارێکى تر ئەردۆگان دەرکەوتەوە و لێدوانیشى داو هەڕەشەى لە ئیمام ئۆغلو کرد، لەوانەش گرنگتر ئەمجارە زمانى بانگەشەو وتارەکانى ئاکەپە گۆڕانى گەورەى بەسەردا هاتبوو کە وازیان لەو وشەو ڕستە ئاگراوى و زبر و بریندار کەرانە هێنابوو کە هەموو ڕکابەرەکانیانى کردبوو بە شەیتان.
هەر ئەوەش بوو وای کرد کە کاندیدى ئاکەپە قایل بێت بەوەى بچێتە پانیلێکى تەلە فزیۆنى لە گەڵ کاندیدى جەهەپە ئیمام ئۆغلو دواى ڕەزامەندى پارتەکەى دواى حەڤدە ساڵ لە نەمانى ئەو نەریتە.
لە کۆتاییدا هەرچەندە قورسە لە هەڵبژاردنێکى وا گرنگ و چارەنووسازدا پێشبینى ئەنجامەکان بکرێت بەڵام زۆرێک لە ناوەندەکانى چاودێر ى و ڕاپرسى هەڵبژاردن پێشبینى سەرکەوتنى ئیمام ئۆغلو دەکەن جیاوازییەکى کەمیش بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت