نەوزادى موهەندیس: حکومەتى هەرێمى کوردستان لەنێوان گەشبینى و ڕەشبینیدا.

هەرچەندە پێکهێنانى کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاد لە 9 مانگى ڕێکى خایاند و زۆر بە سەختى لەدایکبوو لەنێوان کێشمەکێشى حیزبایەتى و حسابکردنى بەرژەوەندیە تەسکە حیزبیەکان و دابەشکردنى پلەوپۆستەکاندا، بەڵام […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هەرچەندە پێکهێنانى کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاد لە 9 مانگى ڕێکى خایاند و زۆر بە سەختى لەدایکبوو لەنێوان کێشمەکێشى حیزبایەتى و حسابکردنى بەرژەوەندیە تەسکە حیزبیەکان و دابەشکردنى پلەوپۆستەکاندا، بەڵام دواجار لەدایکبوو وتوانرا کە لە 10/7/2019دا متمانەى پەڕلەمانى کوردستان بەدەستبێنێت و ئیدى کۆتایى بەو ماراسۆنى گفتوگۆیانەى 9مانگى پێشتر هێنا لەنێوان هەر سێ لایەنى پێکهێنەرى حکومەتەکەدا کە بریتین لە هەریەکە لە (پارتى و یەکێتى و گۆڕان و تورکومان و مەسیحى و سۆسیالیت). بەمەش ئیدى سەرەتاى قۆناغێکى نوێ دەستیپێکرد لە کارکردن و پراکتیزەکردنى گوتارەکان لەسەر زەمینەى واقع و چیدى قۆناغى گفتوگۆى بێزەنتى و بێسەمەر کۆتایى هات.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا پێکهێنانى کابینەى حکومەتى هەرێم پێویستى بەم هەموو کاتە هەبوو؟ ئایا لەدواى پێکهێنانى کابینە حکومیەکەوە کە زۆر بەسەختى لەدایکبوو، گەشبین بین بەکارو بەرنامەکانى یان ڕەشبینبین؟
ڕاستە پێکهێنانى کابینەکە و گفتوگۆکان لەسەر هێڵە گشتى و ووردەکاریەکانیشى زۆرى خایاند،بەڵام تێگەیشتنى زیاتر لە بەرنامە و تێڕوانین و دونیابینى یەکترى بەتایبەتیش 3 لایەنە سەرەکیەکەى کابینەکە گرنگ بوو، باسکردن و قوڵبونەوە لە کێشە کەڵەکەبوەکان و لەخواست و ویستە ڕەواکانى گەلەکەمان لە هەرێم و کەرکوک و بەغداد گرنگبوو، بەستنەوەى هەموو کێشە و گرفتەکان پێکەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى ڕێگاچارەیەکى گشتگیر بەهیمەتى هەموولایەک زۆر پێویست بوو. خۆنەدزینەوە لە بەڵێن و ڕێکەوتن و کارنامە و دروشمەکانەى هەڵبژاردن گەلێک پێویست بوو. دەستخستنە سەر خاڵى ناکۆکیەکان و دیاریکردنى پشک و قەوارە و لێپرسراوێتى هەر لایەک گەلێک پێویست بوو، بنەماى وەکیەکى و شەریکایەتى ڕاستەقینە دوور لە برا گەورەیى و بچوکى زۆر پێویست بوو. بۆیە هەموو ئەم خاڵانە پێویستیان بەکاتى زیاتر و گفتوگۆى جدیانە دەکرد لەنێوان لایەنە براوەکاندا، بۆئەوەى بناغەیەکى تۆکمە و بەهێز بۆ حکومەتى ئایندە دابڕێژرێت و وەکو ئەزمونى ساڵانى ڕابووردوو حکومەت لەنیوەى ڕێگە دابەشنەبێت و هەرلایەک بەئارەزوو یان لەژێر فشاردا یان بەپاڵنەرى حیزبایەتى کابینەکە بەجێبهێڵێت و پشت بکاتە هەموو کار و بەرنامە و جەماوەرى گەلەکەشمان و جارێکى تر ڕووبکاتەوە بەرزکردنەوەى دروشمى بریقەدارى بێناوەڕۆک و بەناو سەنگەرى ئۆپۆزسیۆن و وەستانەوە دژى حکومەت و کابینەکەى.
درێژەکێشانى ئەم گفتوگۆیانەش لەلایەکى ترەوە گەرچى ڕەنگدانەوەى بێمتمانەیى ساڵانى ڕابووردوو بوو بەیەکترى، بەڵام بینین و دانیشتن بەرامبەر یەکتر و ڕووبەڕوو و زۆرى سەردانەکانیش توانى بەستەڵەکى دڕدۆنگى و دابڕانى زیاد لە 2ساڵى نێوان هەموان بتوێنێتەوە و گرژی و ئاڵۆزیەکان خاوبکاتەوە هەرچەندە هێشتاش نەگەیشتۆتە ئاستى تەواو کەماڵ. بۆیە دواکەوتنى کابینەکە لە پێکنەهێنانى باشتر بوو وەکو دەڵێن ( دواکەوتن لە هەر نەگەیشتن باشترە). ئیدى بەپێکهێنانى کابینەکە هەرێمى کوردستانیش پێینایە قۆناغى حکومەتى ڕاستەقینە و متمانە پێکراو و دوورکەوتەوە لەحکومەتى کاربەڕێکەر و بێدەسەڵات لەبڕیارداندا.
لەئێستادا ئەوە ماوەتەوە کە ئایا گەشبینبین بە ئایندەى حکومەتەکە و کار و بەرنامە و گوتار و سیاسەتەکانى؟ یانیش هەرلەئێستاوە تۆوى ڕەشبینى بچێنین و حکومەت و پێکهاتەکەى بدەینە بەر پلار و ڕەخنەى ڕوخێنەر و هەموو هیوا و ئاواتەکان لەگۆڕ بنێین و هەموان دەستەوئەژنۆ لێى دابنیشین و ئەم حکومەتەش بە کابینەکانى پێش خۆى بچوێنین؟ ئایا کارێکى ڕاست و عەمەلى و زانستیە هەر لەسەرەتاوە بڕیارى پێشوەختەى خۆمان بدەین و ڕاستوچەپێک بهێنین بەسەر حکومەتەکەماندا؟یانیش لێگەڕێین با ماوەیەکى 3 تا 6 مانگى کاربکات و ئەوکات بڕیارى ڕاستەقیتنەى خۆمان بدەین و هەڵوێستى ڕاست و دروستى خۆمان لەسەر ئاشکرا بکەین؟ و دەیان پرسیارى تریش.
سەرەتا کارێکى نە ڕاستە نە عەقڵانیشە پێشەکى و پێش وەختە بڕیار لەسەر ئایندەى کار و بەرنامەى ئەم حکومەتە بدەین،چونکە تا لەبوارى پراکتیکیدا تاقینەکرێتەوە و کار و کردەوە و بڕیارەکانى نەبینرێن، لەڕووى زانستیەوە هەڵەیە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت،چونکە دەبێت هەڵسەنگاندن بە باش یان خراپ لەسەر کارى لە پێشینە بدرێت نەک لەسەر هیچ. بۆیە بەڕاى بەندەش گرنگە کە کەمێک پشوو درێژبین و چاوەڕوانى کار و کردەوەى حکومەت بین بۆ ئەوەى لەماوەیەکى ترى دیاریکراودا هەڵسەنگاندنێکى ڕاست و دروستى بۆ ئەنجام بدەین. چونکە پێنەدانى ماوە و کاتێک یان بوارێک بۆ کارکردن خۆى لەخۆیدا زوڵم و ناهەحەقیە بەرامبەر حکومەت و هەرواش لێکچواندنیشى بەکابینەکانى پێشخۆى جارێکى تر کارێکى ناڕاست و نادروستە، چونکە هەر کابینەیەک و بەتایبەتیش کەسى سەرۆک و جێگرى سەرۆک و هەریەکەش لە وەزیرەکان خاوەنى تێڕوانین و کار و بەرنامە و دونیا بینى تایبەتى خۆیانن، چونکە هەموانیان لە قوتابخانە و حیزبى سیاسى جیاوازەوە هاتون و هەریەکەشیان هەوڵدەدەن دیدگا و تێڕوانینى سیاسى و ئابورى حیزبەکانیان جێبەجێبکەن، هەربۆیە دەکرێت جیاوازیەک لەنێوان ئەم حکومەت و ئەوانى پێش خۆیدا ڕووبدەن.
هەربۆیە دەکرێت ئومێد و هیواى گەرچى گەورە و زۆریش نەبێت هەڵبچنین لەسەر ئەم کابینەیە و گەشبینیش بین بەکار و کردەوەکانى و پێشەکى خۆمان نەخەینە بەرەى ڕەشبین و کورتبین و بێئومێدەکانەوە. چونکە کۆمەڵگا و تاکى بێئومێد و بێهیوا کۆمەڵگاو تاکێکى دۆڕاو و شکستخواردوو دەردەچن. وەکو وتراوە ( تفائلوا بالخیر تجده ) واتە گەشبینبن گەشبینیتان دەستدەکەوێت، خۆ بەپێچەوانەشەوە گەر ڕەشبینبین و بە چاویلکەیەکى ڕەشى تاریکەوە بڕوانینەوە هەموو کاروکردەوەکانى حکومەتەکەوە و بەباش و بەخراپیەوە هەر ناڕازیبین و هەموانیان ڕەتبکەینەوە و پێشوەختە بڕیارماندا بێت بە ڕەتکردنەوەى هەموو کاروکردەوەکانى حکومەت و هەڵبژاردنى بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆنى ناڕەواو و توند و دەمارگیر ئەوا بەدڵنیایى جگە لە ڕەشبینى هیچى ترمان دەست ناکەوێت.
جا سەرکەوتنى ئەم کابینەیەش دەوەستێتە سەر ڕادە و ئاستى یەکو یەکگرتوویى کابینەکە کە پێویستە تەواوکەرى یەکتربن و پێکەوە پابەندى بەرنامە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى و خزمەتگوزاریەکان بن و هیچ کامیان خۆیان جیانەکەنەوە لەوى تریان بەبیانوى ئەوەى کە قەوارەى ئێمە بچوکترە و هەربۆیەش لێپرسراوێتیمان کەمترە، چونکەى نە لێپرسراوێتى و نە سزاش دابەشناکرێن و هەموو پێکەوە یەک پاکێجن، یان لێپرسراویت یانیش هیچنەکردە و شکستخواردوویت، گرنگیشە ئەندامانى کابینە متمانە بەیەکتر بکەن و وەکو تیمێک کاربکەن نەک وەک دووبەرە یان سێبەرەى دژ بەیەک چونکە لەکۆتایدا هەموانیان پێکەوە حکومەتیان پێکهێناوە و هەموانیشیان لەبەردەم جەماوەردا لێپرسراون. هەربۆیە تا گەشبینبین ئەوا جوانتر و ڕوونتر وێنەى حکومەتى ئایندە دەبینین و بەپێچەوانەشەوە بە لێڵى و تاریکى و بەدگومانیەوە لە حکومەت دەڕوانین. جا گەشبینى و ڕەشبینى جەماوەر وەستاوەتە سەر ئاستى کار و کردەوەکانى حکومەت و کابینەکە خۆى نەک هیچ کەس و لایەنێکى تر.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس