بورهان شێخ ڕەئوف: تورکیا لە نێوان ئەمریکاو ڕوسیادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تورکیا یەکێکە لەووڵاتانەى لە سەرەتاى دامەزراندنى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەنتیکەوە واتە ( ناتۆ ) ئەندامێکى کارایەوە تا یەکلایى بوونەوەى شەڕى ساردو هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانى ( وارشۆ ) سەربە یەکێتى سۆڤیەتى جارانیش پێگەو ڕۆڵى کاریگەرى هەبوو .
ئەگەرچى سیستمى بەرگرى و سەرچاوەى هەموو چەک و تەکنۆلۆجیاى سەربازى تورکیا لە هاوپەیمانى ناتۆەوەو بووە، ئێستا بە پێچەوانەى هەموو پرنسیب و بنەماکانى ئەو هاوپەیمانێتیە تورکیا سیستمى بەرگرى S400 ڕوسى کڕى و سەربارى نیگەرانى و گلەیى و گازندەکانى ئەمریکا لە ڕۆژانى ڕابردوودا چەند بەشێکى سیستەمەکە ى وەرگرت و وا چاوەڕوان دەکرێت تا مانگى نیسانى 2020 تەواوى سیستمەکەى ڕادەست بکرێت.

پاساوەکانى ئەردۆگان بۆ کڕینى ئەم سیستمە
پاساوى تورکیا بۆ کڕینى ئەم سیستمە ئەوە یە کە حکومەتى تورکیا لە سەروەختى ئیدارەى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا باراک ئۆباماى دیموکراسى داواى کرد بوو کە ئەمریکا سیستمى بەرگرى باتروێتى ئەمریکى پێ بفرۆشن بەڵام کۆنگریسى ئەمریکا دواجار قایل نەبوو ئەو سیستمە بە وڵاتەکەى بفرۆشرێت و هیچ ئەڵتەرناتیفێکیشى بۆ دیارى نەکردین. لە لایەکى ترەوە سەرۆکى تورکیا ئەردۆگان ڕیگەیاند کە کڕینى سیستمى S400 لە لایەن تورکیا دەبێتە هۆکارى بەهێزى هاوپەیمانى ناتۆ و بۆیە دەبێتە ناتۆ خۆشحاڵ بێت بەم هەنگاوە، هەروەها ئەوەشى وت کە حەزدەکەن سیستمى باتریۆتى ئەمریکیش بکڕن هاوشانى S400 ى ڕوسى.

کاردانەوەى ئەمریکا
هەر لە سەرتاى سەرهەڵدانى ئەم باس و خواستەى کڕینى سیستمى بەرگرى ڕوسى لە لایەن تورکیاوە، ئەمریکا هەڕەشەى ئەوەى لە تورکیا کرد ئەگەر ئەو سەودایە جێبەجێ بکات ئەوا بۆندى کڕینى فڕۆکە F35 ئەمریکى کە لە گەڵ تورکیادا واژۆ کراوە هەڵدەوەشێننەوە لە کاتێکدا واباس دەکرێت کە تورکیا فڕۆکەیەکیشى وەرگرتبێت و فڕۆکەوانە تورکەکان لە ئەمریکا مەشق و ڕاهێننانى لەسەر دەکەن، لەبەرامبەرهەڵوێستەکانى ئەمریکاشدا ئەردۆگان دەڵێت ئەمانە لە ڕەفتارى هاوپەیمان و دۆست ناچێت کە ئەمریکا لە گەڵ ئێمەى دەکات.
چونکە ئێمە لە گەڵ نۆ وڵاتى تر هاوبەشین لە بەرهەم هێنانى فڕۆکەى F35 تا ئێستاش یەک ملیارو چوارسەد ملیۆن دۆلارمان داوە لەو پێناوەدا.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێین کە ناکۆکى ئایدیۆلۆجى تورکیا و ناتۆ لە سەرەتاى حوکمڕانى ئەکەپەو ە سەرى هەڵدا ئەوکات کە تورکیا بوارییان نەدا خاکى تورکیا لە ساڵى 2003 بۆ پرۆسەى ئازادى عێراق بەکاربێت ناکۆکى بۆچوونەکانیان لە سەر زۆرێک لە کێشەو قەیرانەکانى ناوچەکەبە تایبەتى لە سوریا پێدەچێت تورکیا بە یەکجارى سەنگەرى خۆى بگوێزێتەوەلە رۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت