بورهان شێخ ڕەئوف: کۆبوونەوەکانى هەرێم و ناوەند لە سەنگى مەحەکدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراقى بەهێز ئەو عێراقە دەبێت کەوا بەرەی ناوخۆیى پتەو و هاوسەنگ و گونجاو سازاو بێت لە فۆرمێکدا کە هەموو پێکهاتەکانى پابەندى دەستوورەکەى بن کە لە ساڵى 2005 لە سەختترین دۆخى ئەوساى عێراقدا ڕاپرسى لە سەرکراو نزیکەى لە 80% ى زیاترى گەلانى عێراق دەنگیان لە سەرى دا بە بەڵێ.
بەم ڕێککەوتن و پێکهاتنە درز و دەرگاو کەلێن دادەخرێت دەستى دەرەکى بەئاسانى دەست وەردەنە کایە جیاوازەکانى دەوڵەتى عێراقەوە هەر لە سەرەوە بۆ خوارەوە ، ڕێگردەبێت لەوەى وڵاتانى ئیقلیمى کێشەو ململانێکانیان لە سەر خاکى عێراق یەکلایى بکەنەوەو خۆیشیان بینەرى بن.
ئەگەرچى ئەم کێشانەى لەم ساڵانەى دواییەدا سەریان هەڵداوە لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى عێراقدا لە ئاکامى ساردى و دوور کەوتنەوەو لێک تێنەگەیشتن هاتنە ئاراوە لە سەر پرسى نەوت و سامانى سروشتى دواتر بڕینى بوودجەى هەرێمى لێکەوتەوە لە سەردەستى نورى مالیکى و دواتر عەبادى ئەگەرچى پێشتر کێشەو ململانێکانى ئەو دووحکومەتە لە سەر پرسە گرنگەکانى مادەى 140 ى دەستوورو هێزى پێشمەرگەو دواتر دەرهێنانى نەوت و غاز بوو و دامەزراندنى دامودەزگاکانى دەوڵەتى ئیتیحادى عێراق بوو کە زۆر لەوانە تا ئێستاشى پێوە بێت دانەمەزراون.
ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت لە کۆبوونەوەى بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا ئەوەمان پێ دەڵێت کە خواست و ئارەزوویەکى جدى هەیە لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتى هەرێمى کوردستان بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى یەکجارى و کۆنکرێتى بۆ ئەو کێشانە لە چوارچێوەو لە ژێر چەترى دەستوورى عێراقدا ، چونکە مسەلەى فرۆشتنى نەوت و دابینکردنى مووچەو بوودجەى پێویست بۆ کارمەندانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەروەها وەگەڕخستنەوەى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە کارە هەرە لە پێشینەکانى کابینەى نوێ یە و شتگەلێکن کە ئیتر قابیلى هیچ سازش و دواکەوتنێک ناکات.
ئەگەر حکومەتى نوێ ى هەرێم ئەم کێشە هەنووکەییانەى چارەسەرکرد دواتر دەست کراوە دەبێت بۆدۆزینەوەى چارەى دروست و دەستوورى بۆ کێشەو قەیرانە قورسەکان ئەویش بنیاتنانى دامودەزگاکانى دەوڵەتى فیدراڵى ئیتیحادى عێراقە جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستوورە و پڕکردنەوەى پشکى کورد لە هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەتى عێراق بە کەسانى بە تواناو لێهاتوو پڕۆفیشناڵ کەسى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو.
لەوانەش گرنگتر ئێتر هەردوو حکومەت دەست کراوە دەبن بۆ بە گژاچوونەوەى ئافاتە گەورەکە ى گەندەڵى کە هەردوو لا دان بەوەدا دەنێن کە گەندەڵى گەورە هەیە و هەردوو لاش بڕیاریانداوە ڕووبەڕووى ببنەوە چونکە لە ساڵى 2003 بە دواوە گەورەترین تاوانى بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى عێراق ئەنجامدراوەو گەندەڵکاران وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەرچوون و ئازادن و دەستى یاسا و داد پەروەرییان پێ نەگەیووە.
بۆیە ئێستا هەردوو حکومەتى هەرێم و ناوەندى لە بەردەم سەنگى مەحەک و گەورەترین ئەزمووندان چونکە شەڕى تیرۆرو دەوڵەتى ئیسلامى داعش کۆتایی هاتووە و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ خۆدزینەوەو خەمساردى بەرامبەر ئەم پرسە چارەنووسسازانە کە پە یوەندى بە پارووى دەمى هەژارانى ئەم وڵاتەوە هەیە لە هەمانکاتدا گەندەڵى لە تیرۆر سامناکترە ئەگەر زوو فریاى نەکەون و بنبڕى نەکەن.
ماوەتەوە بڵێین پابەند نەبوون بە دەستوور ڕێکنەوتن لە نێوان پێکهاتەکانى عێراقدا ئاوکردنە بە ئاشى دوژمنانى عێراق و درێژەدانە بە تیرۆر و سەرهەڵدانەوەى ڕەوت و بزاڤى توندڕەو و وەحشیتر ە لە ئەلقاعیدەو داعش و گەڕانەوەیە بۆ گۆڕى کۆمەڵ و شەڕى تائیفى و ئتنیکى کە خەڵکى ئەم وڵاتە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە زۆر نیگەران و بێزارن لێ ى هەر ئەوەشە واى لە زۆرێک لە خەڵکى ئەم وڵاتە کردووە کە سەرى خۆیان هەڵگرن و ڕێگەى هەندەران و غوربەت و نامۆیى بگرنە بەر و سەدانیان لە ئاوەکانى ئیجەدا ببنە خۆراکى قرش و دڕندەکان .
نا بۆشەڕ نابۆ توندو تیژى وتوند ڕەوى بەڵێ بۆ ئاشتى و لێبووردەیى و پێکەوەژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت