بەختیار شارەزوری: بۆ شەڕی گۆڕان دەکرێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە باشوری کوردستاندا بە هۆی وەستانی حکومڕانی کوردی لە وێستگەیەکدا و نەخۆشکەوتنی ئەم دەستەڵاتە بە کۆمەڵێک کێشەی بونیادیەوە هیچ پڕۆژەیەک نەبو کە بتوانێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە و خستنەوە کاری شەمەندەفەری حکومڕانی، کاک نەوشیروان لە ڕێگەی گۆڕانەوە پڕۆژەیەکی دانا کە بتوانێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات و ڕەسمی قۆناغێکی تر بکات لە حکومڕانی کوردی و سیاسەتی باشور لەسەر ئاستی ئابوری وکۆمەڵایەتی و مۆدێلێکی تر لە سیاسەت و جۆرێکی تر لە ململانێ بەرهەم بهێنێ بە تایبەت ڕوبەڕوبونەوەی پلان و دوکەرت بونی هەرێم و ئاستی دەستێوەردانی دەرەکی و بونیادنانی ئیرادەی ناوخۆیی بونیاد بنێ، ئەمەش لە لایەک مەترسی گەورەی بۆ کۆی دەستەڵاتی چی ئێرانی چی تورکی دەبو، لە لایەکی ترەوە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی پارتی و یەکێتی دەبو، بەڵام لەسەر ئاستی قۆناغ و بەرپرسیاریەتی هەرێم تاکە پڕۆژە بو کە هەر هێزێک بویستایە چاکسازی بکات و هەرێم بەرێتە قۆناغێکی تری سیستماتیک دەبو بچێتەوە سەر ئەم پڕۆژەی گۆڕان، هەر بۆیە بە هەمو هێزەکانەوە کەوتنە پلان دانان بۆ لێدان لە پرۆژەی کاک نەوشیروان و جۆرەها سیناریو و تاکتیکیان دانا.
هەمومان باش دەزانین کە پڕۆژەی گۆڕان بۆ تێپەڕاندنی چەند کەیسێک بو کە کۆی حکومڕانی باشور لە وەستانێکی کوشندەدا بوە، لەوانە:
1- کۆتای هێنان بە درێژکراوەی ستراتیژی ولآتانی ناوچە و بونیادنانی ئیرادەی ناوەکی.
2- بونیادنانی مۆدێلێکی تر لە سیاسەتی حیزبی گۆڕینی ململانێ ی خۆێن بۆ بۆ ململانێ ی سیاسی نەرم.
3- پڕۆژەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی ئیداری و مالی لەسەر ئاستی گشتی.
4- بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و وەلاوەنانی ڕقی شەخسی و دروستکردنی کۆڕایی لەسەر پرسە نیشتمانیەکان.
5- بە نیشتمانی کردنی کەیسی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگاکان.
6- گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بە پەرلەمانی.
7- عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کردنی تاک بە سەنتەری بڕیار.
چەندین پرسی دیکەش کە هەمویان دەبوە ڕێگاچارەی هەرێم بۆ چونە قۆناغێکی تر، هەمو ئەمانەش وای کرد کە ئەو وڵات و هێزانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم پاکێجانەدا نەدەهاتەوە بکەونە پلان دانان بۆ بەرگرتن لە بەهێز بونی گۆڕان، هەر لەسەردەمی کاک نەوشیرواندا کەوتنە جێبەجێکردنی ئەم تاکتیکانە بەڵام لەبەر ئەوەی کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی مێژوی کاریگەری کاریزمی بو نەیان دەتوانی پلانەکانیان جێ بەجێ بکەن، هەر دوای کۆچی کاک نەوشیروان کەوتنە جێبەجێ کردنی پلانەکانیان، خۆیان ئەو ڕاستیەیان دەزانی کە لەدەرەوەی گۆڕان توانای ڕوبەڕو بونیان نیە و تا دژایەتی گۆڕان بکەن، گۆڕان بەهێز تر دەبێت بۆیە کاریان لەسەر ناوەوەی گۆڕان کرد. باش دەیانزانی ئەوەی بە هەڵسوڕاوێکی گۆڕان دەکرێ دژی گۆڕان بە هێزێکی گەورە و حیزبێکی گەورە ناکرێ، ئەمەش لە قۆناغی کاک نەوشیرواندا هەر هەبو بەڵام کەسایەتی و یارییەکانی و کاریگەری پۆچەڵی دەکردەوە و تەنها چەند کەسێک دەبونە جێبەجێکاری پلانەکانیان دوا جار گۆڕانیان جێدەهێشت بێ هیچ کاریگەریەک لەسەر گۆڕان، بەڵام لە دوای کاکە بۆ درێژە دان بە ڕیکەوتنە بازرگانیەکانیان و بەرژەوەندی چەند کەسێک هەڵسان بە جێبەجێکردنی پلانەکانیان، بەم شێوەیە:
1- دروستکردنی نەوەی نوێ تا بتوانێت گوتاری گۆڕان هەڵبگرێ و بە تاکتیک و بیانوی لادانی گۆڕان لە بیری کاک نەوشیروان، لە ڕاستیدا بە هەڕەشە لە شاسوار کە ئەگەر حیزبێک دروست نەکات دژی گۆڕان ، ئەوا بزنسەکەی دادەخەن، هەر بۆیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەوەی نۆێ دروستکراو دواتر هەر خۆیان بە ڕەسمی هەمان پلان نەوەی نوێیان پارچە پارچە کرد تا کاریگەری نەمێنێت، ئەوەش دەزانین کە لایەنگرانی گۆڕان کە بێ بەرژەوەندیە لە قاعیدەی هەمو حیزبەکان باشتر کاری لەسەر دەکرێت بەتایبەت بەکارهێنانی ڕاگەیاندن بۆ چەواشەکاری و بە لاڕێدابردنی هەڵسوڕاوەکانی، هەڕەشەکردن لە بزنسی هەندێ سەرکردەی گۆڕان کە لەسەردەمی کاک نەوشیرواندا نەدەتوانرا ئەم کارە بکەن بۆیە لە گۆڕاندا مابونەوە، ئێستە هەمان پلان جێبەجێ دەکرێت بۆ داهاتو.
2- بە بیانوی تەوریسی سیاسی و بنەماڵەییەوە هێرش کردنە سەر گۆڕان و کوڕەکانی کاک نەوشیروان، ئەمە لە کاتێکدایە کوڕەکان هەمان درێژە پێدەری ئەکتیڤی ڕێگاکەی باوکیانن و هەمو موڵەکەکانی گۆڕان لە بەرژەوەندی گۆڕاندایە و بە پۆینت دەستکاری نەکراوە و هەر وەک جارانە و تەنها لە ڕوی میدیایەوە پشتوانی گۆڕان دەکەن کە بوتە یەکێک لە باشترین هۆیەکانی ململانێ ی ڕاگەیاندن (بە نمونە زەمەن و پەیسەر) خۆ ئەگەر بەناوی کوڕەکانی کاک نەوشیروانەوە نەبوایە ئێستە ئەو سکەی ی شەمەندەفەری گۆڕانی پێدا دەڕوا دەبوە موڵکی کەسیەتیەکان و پارچە پارچە دەکرا و گۆڕان نەیدەتوانی ئەم یاریانە بکات.
3- دژایەتی کردنی ڕیکخەری گشتی گۆڕان ، کە هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە شەخسیەتی دوەم کاک عمر بوە، هەر خۆشیان قبوڵیان بوە و بە دەنگدان بوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە یەکێتی ناوەکی و دسپلینی حیزبی گۆڕان تێک بدەن و هەڵسوڕاوەکان لەبەرامبەر ڕێکخەردا بەکار بهێنن.
4- هەوڵدان بۆ ناساندنی گۆڕان بە شێوەیەک کە نەتوانێت سیاسەت بکات، واتا گۆڕان بچوک بکەنەوە بۆ دژایەتی خێزانێک یان حیزبێک، ئەمە لە کاتێکدایە گۆڕان سیاسەت دەکات نە دۆستی تا سەری هەیە نە دوژمنی تا سەر، کێ لەگەڵ بەرنامەکانیدا بێتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ دەکات و کێ دژی بەرنامەکانی بێت ململانێ ی دەکات، هەر وێستگەیەک بۆ گۆڕان بە پێ ی ئامانجەکانی سیاسەتی خۆی دەکات، لە ئێستادا پارتی بەرنامەکانی گۆڕانی پێ باشە گۆڕانیش سیاسەت دەکات و لەگەڵی دەڕوات لە کویا دژی بەرنامەکانی گۆڕان بو لەو وێستگەیەدا ململانێ ی دەکات و بۆ هەر حیزێک لە گۆڕەپانەکەدا ئەمە جێبەجێ دەکات.
5- هەوڵیان داوە گۆڕان بکەنە چەند گروپێک و بیان خەنە دژی یەکتر و ئەمەش وا دەکات کە دسپلینی حیزبی دەستوری گۆڕان جێبەجێ نەکرێت و هەڵسوڕاوان بەلاڕێدا بەرن پابەند نەبن بە دسپلینی حیزبیەوە .
6- لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و سوسیال میدیاوە حەملەیەکی قورسی بۆ سەر گۆڕان بکەن بەتایبەت لە ڕیگەی ناڕازییەکانی گۆڕانەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە کۆی هێزەکانی دەروەی گۆڕان دنیایەک مەلەفی گەندەڵی ئیداری و مالی و نیشتمانیان هەیە ، بۆ ئەمەش دەبێت هەمو هەڵسوڕاوان هوشیار بن بەرامبەر بەم حەمەلەیە.
7- دوای لەناوبردنی نەوەی نوێ کە هەر بۆ دژایەتی گۆڕان دروستکراو و بۆ زەمەنێک بو بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بو ، بۆ داهاتو بۆ هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان دەیانەوەێ هەر بە هەمان پلان و بە هەمان سیناریو حیزبێکی کاتی و کارتۆنی تر دروست بکەن کە دەکاتە مانگی نیسانی 2020 جارێکی تر بدەنەوە لە قاعیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ، ئەمەش بە هەڕەشەکردن لە داخستنی بزنسی چەند کەسایەتیەک دێت کە ئەگەر ئەمە نەکەن بزنسەکانیان کۆتایی پێ دێنن .
لە کۆتایدا گۆڕان توانی بە پێ ی گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانی یاری باش بکات و لەو بەندانە دەربچێت کە پیان وا بێت دەبێتە کارتۆنی و پاشکۆ بەڵکو بۆ یەکێتی و بۆ پارتی و وڵاتانی ناوچەیش دەرکەوت کە گۆڕان یاری سیاسی دەکات و نە هیچ حیزبێک دوژمنی تا سەرە و نە هیچ حیزبێک دۆستی تا سەرە و گۆڕانیش دەرگای بەردەوام کراوەیە بە پێ ی سیاسەتی خۆی بۆ هەر هێزێک کە بیەوێ لەگەڵ ئامانجەکانی گۆڕاندا بێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکات، وە ئەوەشی سەلماند کە سەر بە هیچ زۆنێک نیە و تەواو نیشتمانیە و هەرێم وەک یەک پاکێج دەبێنێ و پڕۆژەکەشی پڕۆژەیەکە هەر چۆنێک بیانەوێ هەرێم بەرنە قۆناغێکی تر دەبێت بچنەوە سەر پڕۆژەکەی گۆڕان و هیچ یەکێک لە حیزبەکانی هەرێم نەیانتوانیوە پڕۆژەی گۆڕان تێپەڕێنن.
ئەوەی دەمێنێتەوە گۆڕانی ناوچەییە و بە هەمو پێوەرەکان ململانێ ی جیهانی و ناوچەیی لە بەرژەوەندی هەرێمدایە و دوای بچوککردنەوەی ئێران و تورکیا و دروستکردنی عێراقێک بە خواستی ئەوروپا و ئەمریکا، سەرەتاکانی لە عێراقدا حشدی شەعبی بە خستنە سەر وەزارەتی بەرگری دێت و لە هەرێمیش هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە حیزبەکان بسەنرێتەوە، هەر بۆیە گۆڕان لەبەردەم گۆڕانکاریەکدایە کە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانی هەمو هێزەکانی مەحکوم کردوە بە پارتیشەوە، سەرەتای بە پەرلەمانی کردنی سیستەم و بە نیشتمانی کردنی پێشمەرگە دەستی پێ کردوە، ئەوەی ئەولەویەتە بۆ گۆڕان پاراستنی یەکێتی ناوەکیەتی، وەک ئەو یاریچیەی کە توانیویەتی لە گێمی یەکەمی یاریەکاندا یاری باش بکات، بەڵام نەخۆشیەکی لەگەڵە دەبێت گۆران داخڵی غرفەی عەملیات بکرێت تا بتوانێت بە جەستەیەکی تەندروستەوە یارییەکانی گێمی دوەم بکات کە چونە ناو حکومەتە، ئەمەش دەکاتە پاراستنی هێزی ناوەکەی و یەکێتی ناوەکی و پابەند بون بە دسپلینی خۆیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت