دکتۆر کەمال میراودەلی: برادۆست بۆ جاری بیستەم بۆردومان دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆ برادۆست، دۆستەبرا
برام کی دۆستتە، دۆستم کێ براتە
کی براودۆستتە
دۆست و براتە
برادۆستە
دۆستەبرایە
کێ پەنایە
جێی بڕوایە؟

چیاکەم، قەڵاکەم، پەناکەم
برادۆستەکەم، دۆستەبراکەم
من بڕوا ناکەم
بڕوا بە چاوی نابینا ناکەم
بروا بە زمان و زەمانی سەدەی بێبڕوا ناکەم
دۆستەکەم قەڵاکەم برادۆستەکەم دۆست و براکەم
تۆ خۆڕاگری، بەتینی، دێرینی
تۆ باشتر دەزانی، باشتر دەبینی
پێم بلێ لێڵە نیگاکەم
ئەوەی دەیبینم قەت بڕوا ناکەم

ناوەکەت بۆیە هێندە دروستە
پشتت بۆیە هێندە بەهێز و بڕشتە
ئاخر هەر دەبێ وابێ
برا لە پشت برا بێ
دەبێ قەزا لە لای خودا بێ

گەورەی شکۆداری دێرینم
چیای پشت و پەنای نەتەوەم، ژینم، ئایینم
پێم بڵێ من شێتم و من خەڵەفاوم
هێزلێبڕاوم ، دڵشكینراوم
ڕاست نییە ئەوەی دەیبینم
خەونە خەیاڵە خەرافاتە
دۆستت هەر دۆستتە برات هەر براتە
پێشمەرگە هەر ڕۆلەی خوێن و خەباتە
ڕۆژی تەنگانە فریاتە
رۆژی هێرش مەچەکتە، چەکتە، چراتە

پێم بلێ دۆستەبرام، برادۆستم
با لەوە زیاتر نەکەوێ کۆستم
پێم بڵێ ئەی چیای چەند ملیۆن ساڵە
تۆ هەرگیز نەتدیوە ئەم دیرۆکە،.ئەم خەیاڵە
پیم بڵێ ئەوە درۆیە
کەس ناتوانێ بشکێنێ ئەم شکۆیە
کەس لە حزوری حەزرەتی پیرۆزتا
حەددی نییە دەرپێ
بۆ تورکان داکەنێ
کەس بە ڕووتی پێش کڵاوشین ناکەوێ و
بە مەرگی ڕۆڵەکانت پێناکەنێ
پێم بڵێ ئەمە ڕاست نییە، خەیاڵە،
فۆتۆشۆپی سەردەمی جیجال و دیجیتالە
پێم بڵی هێشتا کورد برای کوردە
رۆلەی بە ئەمەکی چیایە
برا هەر دۆستە و دۆست هەر برایە.
براش لە پشت برا بێ،
قەزا لە لای خودایە

پێم بلێ دۆستەبرام، برادۆستم
با لەوە زیاتر نەکەوێ کۆستم
خەبەر بدە بە زاگرۆس، بە جودی، بە قەندیل
خەبەر بدە خواکورک، بە قەرەداغ
بە هەندرین
بە ئاسۆس، بە سەفین
پێیان بڵێ
قاحبەگەلی کلێتەشین
نە کوردن، نە ئادەمیین
قاحبەیەکی ئەستەمبووڵین
ئەتاتورکیین
پێیان بڵێ
پێشمەرگە هەر ڕۆڵەی چیایە
برا هەر دۆستە، دۆست هەر برایە
براش لە پشت برا بێ
قەزا هەر لە لای خودایە.

تێبینی: وتاریکورد لەبەرنامەیدا نییە هۆنراوە بڵاو بکاتەوە، بەڵام ئەم هۆنراوەی بەڕێز دکتۆر کەمال میراودەلی گرنگی خۆی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت