نەبەز گۆران: كورتەیەك لە مێژووی نیقاب_ روبەندی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی داپۆشینی روخسار، یان_نیقاب_ مێژووێكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی ئایینە یەكتا پەرستییەكان. بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، هیچ كام لە میللەتەكانی سەرزەمینی رۆژهەڵات و، هیچ كام لە شارستانییەتەكانی _میسری كۆن، ئەكەدی، سۆمەری، كلدانی، ئاشووری، یۆنانی_ بەبێ‌ رووبەندی تێنەپەڕیون و هەریەك لەو مێژووانە، بەشێك لە ژنەكانییان رووبەندییان بەكار هێناوە.
بە پێی تەعریفی مێژوونووسان _ نیقاب_ روبەندی_ بریتییە لە: ” لە پارچەیەك قوماشی تەنگ، كە روخساری ژن دادەپۆشێت، یان بەشێك لە روخساری دادەپۆسێت. فەرهەنگی موعین.” ئەم رووبەندییە لەسەردەمی شارستانییەتی _میسرییە كۆنەكان و یۆنانییەكان و سۆمەرییەكان_ تەنها ژنە خانەدان و دەسەڵاتدارەكان بەكاریاندەهێنا، ئەو بەكارهێنانەش بۆ ئەوەبوو، كۆیلەكان و خزمەتكارەكان و بەردەستەكان نەیانبینن، چونكە (خانەدانەكان بە رەوایان نەدەزانی چینی خوارەوەی خۆیان روخساریان ببینن. ویكی پیدیا) بەهەمان شێوە روبەندی لەبەشێكی شارستانییەتەكاندا پەیوەندی بە چینەكانی خوارەوە نەبووە، تەنها پەیوەندی بە چینی خانەدان و باڵا دەستەكانەوە هەبووە. ئەم خۆ جیاكردنەوەیەش جۆرێك بووە لە غروری خانمە دەسەڵاتدار و خانەدانەكان، كە ئارەزوویان نەكردوە بەهیچ جۆرێك چینەكانی دیكە، مافی تەماشاكردنی روخساریان هەبێت.
رووبەندی لەناو شارستانییەتەكاندا، كلتوورێك بووە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا واتە: كلتووری خانەدانەكان بووە. پاشان ئایینە یەكتا پەرستەكان دێن و ئەم كلتوورە، لەچوارچێوەیەكی دیاریكراوەوە دەگوزانەوە بۆ كۆی گشتی.
لە یەكەم ئاینی یەكتا پەرستیتدا _زەردەشت_ بناغەیەك دادەنرێت بۆ _نیقاب، روبەندی_ ئەم بناغەیە بەسەر هەموو ئەوانەدا تەحقیقدەكرێت، بڕوا بەو ئایینە دێنن. ئایینی _زەردەشت_ یەكەمین ئایینە، ئەم كلتوورە لە خانەدان و دەسەڵاتدارەكانەوە دەگوازێتەوە بۆ چینەكانی دیكە. لە كتێبی (ارداویراف نامە) دا هاتووە: ” داپۆشینی روخساری ژنان پەسەندە، چونكە روخساری ژنان، بنەمایەكە بۆ گومڕاكردنی پیاوان.” ئەم ئایەتە زەردەشتییە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ تێگەیشتنێكی دیكە بۆ رووبەندی. پاشان دیدگایەكی ئایینی وەردەگرێت و لە دیدگا تایبەتەكەوە دەبێتە وێستگەیەك بۆ دروستكردنی كلتوورێكی نوێی ئایین. ئەگەر پێشوتر كلتوورەكە مانایەكی دیكەی هەبووبێت لای ژنە خانەدانەكان، لەم ئایەتە زەردەشتییەوە مانایەكی نوێ‌ وەردەگرێت. مانایەك كە ژن و جوانییەكەی، بناغەیەكن بۆ گومڕایی پیاوان، ئەم دیدگا پیاوانەیە بۆ جوانی ژن لەرووی ئایینەوە، رەگوڕیشەكەی لە ئایینی _زەردەشتی_یەوە دەست پێدەكات.
پاش ئەم ئایینە، ئایینی _یەهود_ی بە هەمان دیدگاوە جارێكی دیكە تەحقیقكی رووبەندییەكە دەكاتەوە. بە پێی _تەورات_ لە فەسڵی _پیدایش_ :” سارەو قتورەی هاوسەری ئیبراهیم، ربەكای ژنی ئیسحاق، راحیلە و لیەی هاوسەری یەعقوب، سبورای هاوسەری موسا، ئاسترەی هاوسەری خشایارشا، بە رووخساری داپۆشراوەوە لەناو خەڵكدا دەركەوتوون.” بەڵام لە _تەورات_ دا هیچ كات باس لەوە ناكرێت ئەم رووبەندییە، هەموو عیمرانییەكانی گرتبێتەوە، بەڵكو تەنها بۆ خانەوادەی پێغمبەرەكان بووە. چونكە بەشێكی زۆری چیرۆكەكانی ناو_تەورات_ هیچ كات قسە لەسەر روداپۆشینی گشتی ناكەن و، تەنها ئاماژەیەكە بۆ خێزانە پیرۆزەكان. بە ریوایەتی دەقی_یەهودی_ بێت، هەمان كلتووری _میسری_یە كۆنەكان دووبارەكراوەتەوە، چونكە رووداپۆشینەكە بۆ خانەوادەی تایبەت بووە بۆ گشت نەبووە، هەرچۆن لە یۆنانییە كۆنەكان و میسرییە كۆنەكان و سۆمەرییەكان… هتد، ئەم كلتوورە تایبەت بووە بە كۆمەڵێك خێزانی خانەدانەوە، لەناو ئایینی _یەهودی_یشدا تایبەتبووە بە خێزانە پیرۆزەكانەوە و، پێچەوانەی ئایینی _زەردەشت_ ەوە. ئایینی زەردەشت هیچ جیاكارییەكی نەكردوە و، كلتوورەكەی گشتاندووە.
بەهەمان شێوەی خانەدانە كۆنەكان، لە ئایینی _مەسیح_دا فۆڕمە كۆنەكە وەردەگرێتەوە. ئەو هاوەڵانەی _مەسیح_ لەناویاندا _مەریەمی مەجدەلی_ یان _مەریەمی پیرۆز_ هەردووكیان لەو ژنانەبوون، روبەندیان بەكار نەهێناوە، هیچ كام لە چوار ئینجیلەكە، قسە لەسەر گشتاندنی ئەم رووبەندییە ناگرێتەوە. بە پێچەوانەوە، كاتێك ئایینەكە دەبێتە ئایینی دەسەڵات، پاشاكان و ئەمیرەكان، بەهەمان دیدگا كۆنەكەوە، شازادەكان و شاژنەكان، رووبەندی بەكار دەهێنن. بەتایبەت كاتێك لە دەرەوەی كۆشكەكان دەچنە دەرەوە. ئەم رووبەندییەشیان پەیوەندی بە دیدی مەسیحییەتەوە نییە، بەقەت ئەوەی پەیوەندی بەو تێگەیشتنە چینایەتییەوە هەیە، شازادەكان و شاژنەكان پێیان خۆش نەبووە، چینەكانی دیكە روخسارییان ببینن.
پرسیارێكی دیكە ئەوەیە، بۆچی دەڵێن: ئەمە كلتووری بیابانە؟ ئەم پرسیارە كەمێك نادروستە، چونكە تەنها كلتووری بیابان نییە و پەیوەندی بە بیابانەوە نییە. ئەمما لە بیاباندا روبەندی مانایەكی تایبەت بەخۆی هەیە. بیابان گەرمە، خۆڵ و تۆزی زۆرە، ژنان بەتایبەتی و پیاوانی كۆچەری، یان بازرگان، یان گەریدەكان، یان شوانەكان و جوتیارەكان، هەمیشە روبەندییان بەكارهێناوە، بۆئەوەی خۆیان لەو گەرماو خۆڵ بپارێزن. ئەوە لە بیاباندا گوزەراوە پەیوەندی بەخۆ پارێزییەوە هەبووە، بەتایبەت بۆ ژنان كە روخساریان ناسكە، روبەندییان بەكارهێناوە تاخۆیان لەو خۆڵ و تۆز و گەرمایە بپارێزن لە بیاباندا هەیە.
بە پێی بۆچونی دەق ناسان و تەفسیركەرانی دەق، لەناو ئاینی ئیسلامدا، لە دەقی _قورئان_دا هیچ ئایەتێكی روون نییە، بۆ بەكارهێنانی _نیقاب، روبەندی_. بەڵام لەناو ئەهلی سوننەتدا كۆمەڵێك بۆچوونی جیاواز هەیە. لەناو مەزهەبی_مالیكی_ روبەندی بۆ ژنان بەپێویست نازانرێ‌. لەناو مەزهەبی _حەنەفی_ دوو بۆچوون هەیە، بۆچونێكی بەپێویستی دەزانێت، بۆچونێك بە پێویستی نازانێت. لەناو مەزهەبی _شافیعی_ دوو بۆچوون هەیە: یەكیان دەڵێت: بۆ هەموومان پێویستە و ئەویدیكەیان دەڵێت: تەنها كاتێك پێویستە هەست بە غەریزە بكرێت. لەناو مەزهەبی _حەنبەلی_ بە پێویست دەزانرێت. بە پێی ریوایەتی: (ابن جزیر، عەبدوڵای كوڕی مەسعود، ئەبو عوبەیدەی السمانی، محەمەد بن سیرین) هەریەك لە (فاتیمە زەهرا، عائیشە، ئەسما بن غەمیس، حەفزە و ام خالید) روبەندییان بەكار هێناوە.
بەپێی مەزهەبی شیعەش، بۆچوونی جیاواز هەیە. بەڵام لە (شانامەی فیردەوسی_دا ئەم ناوە بە_ پوشیدە رخ، پوشیدە روی_ هاتووە). بەپێی شانامە ناس(پورخالقی) بێت، لەسەردەمی _كیانیان، ئەشكانیان، ساسانیان_ روبەندی لە هەندێك خانەوادەكاندا بەكار هاتووە و، بەڵام مۆدێلێك نەبووە هەموو ژنانی دیكە بەكاری بهێنن، وەك چۆن لە شارستانییەتەكان و مێژووەكانی دیكەدا، تایبەت بووە بە هەندێك خێزان، بۆ ئەمانش بەهەمان شێوەبووە. لێ‌ لە مەزهەبی_شیعەردا_شوێنكەوتوان_ جیاوازی زۆری لەسەرە. بەتایبەتی لە ئیمامە نوێیەكاندا. لای (حسێن سیستانی و عەلی خامنەئی و خومەینی) روبەندی بە پێویست دەزانرێت، بەڵام ئایەتوڵا(مونتەزیری) بە شتێكی زیادی دەزانێت و، پێی وایە: ” روخساری ژن بنەمایەك نییە بۆ جوڵەی غەریزەی پیاو، داپۆشینیشی نابێتە دەلاقەیەك بۆ كەمكردنەوەی غەریزەی پیاو.”
ئەو بەشەشی پەیوەندی بە مێژووی كوردەوە هەیە، چ لە كتێبی (شەرەفخانی بەدلیسی) یان كتێبی گەریدەكاندا، گەشتەكەی (ریچ) یان سیاحەت نامەی (ئەولیا چەلەبی) یان(مینۆرسكی) و..هتد مێژووی میرنشینەكان ئەردەڵان و بابان، مێژووی میرەكانی (ئامێدی) تا مێژووی ئەم سەردەمە. لەبارەی روبەندییەوە كەمترین قسەی لەسەرەو، روبەندی لە دوو كاتی جیاوازدا بەكار هاتووە، ژنێك لەكاتی ئیشكردندا، بەتایبەت لە مەڕوماڵات، یان كاری جوتیاری، پاشان لەكاتی بوكێنیدا، هەردوو حاڵەتەكەش پەیوەندیان نە بەو دیدگا ئایینیەوە هەیە بۆ روبەندی، نە بەو كلتووری خانەدان و شاهانەوە هەیە پێشوتر خانەدانەكان بەكاریان هێناوە. ئەگەر چی بەهۆی دەسەڵاتی _عوسمانی_ ییەكانەوە، بەشێك لەم روبەندییە لە ناوچەكانی كوردستانی باكور بەدیكراوە و، ئەم بەدیكردنەش پەیوەندی بە كلتوری عوسمانییەكانەوە هەبووە نەك كلتووری كوردەوە لە رابردوودا.
بەڵام لە فۆڕمی ئاینی سیاسیدا _نیقاب، روبەندی_ واتایەكی جیاوازتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. كاتێك دەسەڵاتی _تاڵیبان_ لە ئەفغانستان_ پەرەدەستێنێت، روبەندی دەبێتە بڕگەیەكی گرنگی یاسایی و ئایینی. ئەم بڕگەیە لەو دەسەڵاتەوە بۆ هێزە فەندەمیتالەكانی تر دەگوازرێتەوە و، دەبێتە بنەمایەك بۆ دەرخستنی سیمایەكی دیكەی ئایینی و، گروپە سەلەفی و فەندەمیتالەكان بەشێوەیەكی چڕ كاری لەسەر دەكەن، لەكاتێكدا مێژووی ئەم روبەندییە لەناو ئایین و شارستانییەتەكانی رۆژهەڵاتدا، بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و هیچ دەقێكی قورئانی نییە تاكو ئەم بۆچونانە پشتراست بكاتەوە، بۆ بەبەكارهێنانی یان بە بەكارنەهێنانی و تەفسیرەكان جیاوازی زۆری دروستكردوە. بەڵكو وەك دەق و بەبێ‌ جیاوازی و ناكۆكی تەنها قسە لەسەر_حیجاب_ە، كە ئەم چەمكە زۆر جیاوازە لە _نیقاب، روبەندی.

بگەڕێوە بۆ خوێندنەوەی ئەم سەرچاوانە
_(1)_ فەرهەنگی فارسی(موعین)
_(2)_ تەورات، پەیدایش_16_47_ اشعیا و… هتد
_(3)_ سحیح بوخاری_293،الوداود موسلیم.
_(4)_ محارف القرئان، ج7،ص217، تفسیر ابن جریر،ج22ص29،الجبان ابن عسیمین،ص9،احكام القرئان، ابن تیمیە،ج18ص11.
_(5)_ تفسیر بیدوی،ص 343. معارف الشافیە. شولحان اروخ. شاهنامە فردوسی، پورخالقی جترەوی.
_(6)_ شەرەفنامە، شەرەفخانی بەدلیسی. گەشتەكەی ریچ، وەرگێڕانی حەمەی حەمەباقی. مینۆرسكی و كورد، وەرگێڕانی، ئەنوەر سوڵتانی. سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی، وەرگێرانی، سەعیدی ناكام.
_(7)_ تاریخ سومر باستان. ماڵپەری، تاریخ ما. صفحە، تاریخ سومر.
_(8)_ تاریخ تمدن مصر، باستان. ماڵپەری، تاریخ ما، صفحە، تاریخ مصر.

وێنەكە: خانمێكی توركی دانیشتوی ئەستەنبوڵە، ساڵی (1894)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت