هۆمەر نۆریاوی: لە ئامێزی هونەرەوە بۆ باوەشی سیاسەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسه‌ت هات دڵی بردم به‌ تاڵان
ده‌بێ هه‌ر ساڵ بڵێم خۆزگه‌م به‌ ساڵان!

هونەرمەند کە بوو بە مڵک و سەرمایەی میللەت و نەتەوەیەک،ئیدی ناتوانێت تەنێ هەر لەسەر ویستی تاکەکەسیی خۆی بڕیار بدات و پشت لە ئارمانجە واڵاکانی نەتەوەکەی بکات. “پێشەوا”ی مەزن وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی، لە هەستیارترین دۆخدا هەر وەک ” جەعفەر پیشەوەری” ی ئازەربایجان و زۆر کەسی دی، بژاردەیەکی دیکەیشی لەبەردەم بوو بەڵام مانەوە لە پەنا نەتەوەکەی هەڵبژارد کە سووریش دەیزانی باجی قورسی گەرەکە کە ئەویش بەختکردنی گیانە پیرۆزەکەی دەبێت، کەچی تەنانەت بۆ تاقە ساتێکیش دڕدۆنگی بە خۆی ڕێ نادات و بەرە و مەتەرێزی گەل هەڵدەبژێرێت. نهێنیی هەرمان مانەوەی ئەمجۆرە کەسایەتییانەیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هەڵوێستی نەتەوەیی. بەڵام کەم نین ئەوانەی بۆ ڕەوشی ئێستا،قایل بە بۆچوون و ڕوانگەیەکی ترن و سووک و هاسان دەڵێن،نووسەر، ڕووناکبیر و هونەرمەند بۆ خۆی سەربەستە چلۆن بڕیار دەدات و ئەمە هیچ پێوەندی بە خەڵکانی دیکەوە نییە!
هونەرمەند ” مەزهەر خالقی” کە بە یەک لە لووتکەکانی موزیک و گۆرانیی کوردی دادەنرێت و لای هەمووان بە هێما و سیمبۆلی ئاوەزمەندی و ئەقڵانییەت لە نێو ڕووبەری ڕۆشنبیرییدا لە قەڵەم دەدرێت، مخابن لە تەمەنی لووتکە و پێگەییشتوویی و ژیرییدا کەوتە نێو بۆسەکەیەوە کە هیچ لە مرۆڤێکی بلیمەت و وریای ئەوتۆ، چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا. خالقی لە حاڵێکدا کەوتە نێو ئەو داوە دەستکردەوە کە بۆ نزیک بە 40 ساڵ دەچێت کە نیشتمانی بەجێ هێشتووە و تا ئێستاکە چەندان جار داواکاریی گەڕانەوەی لێرە و لەوێ،ڕەت کردبووەوە؛ کەچی ئەمجارەیان کەوتە نێو چەقی بۆسەکەوە و “ئاویەر” ی سەرکەشی بەسەردا ڕووخێندرا.
ئامادەبوونی هونەرمەند مەزهەر خالقی بۆ کۆنگرەی بە ناو “ناودارانی کورد” کە لە شاری سنە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە زانستی و چاندییەکانی کورد و داژداری کورد بەڕێوە چوو، گومانێکی زۆری لای ڕووناکبیرانی کورد دروست کردووە و زۆرینە لەسەر ئەو خاڵە کۆک و تەبان کە خالقی بەو هەموو ئەزموونەوە، هەرگیز نەدەبووایە خۆی لە قەرەی پرسێکی هەستیاری ئەوتۆ دابایە. ئەرکی سازدان و بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە، لە ئەستۆی چەندان دەزگەی فەرمیی وەک ئەنجومەنی پارێزگەی سنە،فەرمانگەی ئیرشاد و بە هاریکاری زانستگەی سنە بوو. ئەم کۆنگرەیە بە ئاخاوتنی ژمارەیەک کەسایەتی دیاری نێو دەسەڵات هەر وەک عەلی یۆنسی (ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئەتن و کەمینە ئایینییەکان)، سەیید محەممەد حسێنی شاهڕوودی (نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگەی سنە)، بەهمەن مورادنیا (پارێزگاری سنە)و … دەست پێ بوو، هەروەها لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا سەید عەبباس ساڵحی، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد. تەنانەت پێشوازییکردن لەم هونەرمەندەیش، هەر دەچێتە خانەی پێشوازییەکی فەرمییەوە. من نازانم هونەرمەند مەزهەر خالقی تا چەندە گوشاری ئەملا و ئەولای لەسەر بووە و بەو دەردەیان بردووە، بەڵام ئەم هونەرمەندە لە ترۆپکی ئاوەزمەندی و ژیریی و ئەزمووندایە و تا ئێستایش چەندان جار بۆ گەڕانەوە، داوای ئەوتۆی لێ کرابوو کە هەرگیز پێمل نەبوو بوو.
ئەم پرسە، ئەوەم بیر دێنێتەوە کاتێک شاعیری نەتەوەیی “هێمن موکریانی” ساڵی 1979گەڕایەوە ئامێزی نیشتمان، لەسەر شان و ملی گەل بوو کەچی لە پێشوازییکردنەکەی خالقی دا سیما و ڕوخسارێکی دیاری ڕووبەری ڕۆشنبیریی و بگرە جمە و خرۆشی گەلت هیچ بەرچاو نەکەوت.
هەر ئەم پرسە گومانەکە دوو هێندە بەهێزتر دەکات و دەبووایە خالقی ئەوەی بەهەند وەرگرتبایە. هەر وەک پێشبینی دەکرا، یەکەمین و دواهەمین ئامانجی کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد، بە ئێرانی ناساندنی هەر هەموو کوردان لە پارچەکانی دی کوردستان و بگرە جیهان و گوێزتنەوەی ئەم پەیامە بوو کە گوایە، کورد لە هەر کوێ بێت، ئێرانییە و خۆیان گوتەنی، بە درێژایی دیرۆک، پارێزەری یەکپارچەیی خاکی ئێران بووە و هەرگیز لە بن چەتری ئێران دەرنەچووە.
دەرەنجامەکانی کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد، لە جیاتی بەهێزترکردنی ڕۆحی یەکڕیزیی و تەبایی لە بەینی کورداندا ڕاست بەپێچەوانە کەوتەوە و تۆوی دووبەرەکی و کەرتبوونی لە نێو کۆمەڵدا چاندووە و ڕەنگە ئەمە یەک لە ئامانجە بە ناو لاوەکی (بەڵام سەرەکی)یەکان بووبێت کە ئێستا مخابن نیشانەی خۆی پێکاوە و کەم نین ئەوانەی لەم سۆنگەوە خەنی و خۆشحاڵن و هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەشیان نەدەکرد ئەوەندە سووک و سانا بتوانن دەستەبەری ئامانجە سەرەکییەکەی خۆ کە هەمان دروستکردنی دووبەرەکی و بگرە چەند بەرەکییە، بکەن. دەسەڵات لە ڕێی هێزی نەرمەوە، مەیدان و گۆڕەپانەکە بە خودی کورد دەسپێرێت و خۆی بە بێ بەفیڕۆدانی سەرمایەی مرۆیی، لە دەرەوەی بازنەکەوە، سەیرکەر دەبێت و بە تیرێک، چەند نیشان و ئامانج دەپێکێت. ئاخاوتنەکەی مەزهەر خالقی بە زمانی فارسی، بەداخەوە هەڵگری هەمان پەیام بوو کەچی خۆی گوتەنی، ویستم بە بەرپرسانی باڵا بڵێم هەموو کوردێک، فارسی دەزانێت!
قسە لەسەر کۆنگرەی ناودارانی کورد زۆرە و تاوتوێ و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی و ردتری گەرەکە و لەم کورتە نووسینەدا جێی نابێتەوە؛ بەڵام تاقە خاڵێک لێرەدا پێویستە دەستەبژێری کورد بەهەندی وەربگرێت و هەر وا سووک و سانا بە لایدا تێنەپەڕێت، پرسی چاند و کولتووری کوردییە کە نابێت لە بن ترسناکترین ڕەوش و دۆخدا مامەڵەی لەسەر بکرێت و لە نێو فەرهەنگ و کولتووری زاڵ و باڵادەستدا نغرۆ بکرێت و لە ڕێی چاندی نامۆ و سەردەستەوە بەو دەردە ببردرێت و بتوێندرێتەوە. بۆیە توێژی زانستوەر و دەستەبژێری کورد گەرەک بە هەستیارییەوە سەیری پرسەکە بکات و بۆ داهاتوو، نەکەوێتە نێو گۆمە لیخنەکەوە.
مەزهەر خالقی بەدرێژایی ئەم ساڵانە هەرگیز توخنی سیاسەت نەکەوتبوو و هەرگیز هەڵوێستێکی ئەوتۆی سیاسیت لێ نەبینی بوو. کەچی ئێستا ڕاست کەوتە نێو چەقی سیاسەت و لە باوەشی سیاسەتدا گەڕایەوە نێو نیشتمان.
جێی ئیشارەت پێدانە کە باقر(مەزهەر)خالقی، ساڵی 1938(1317ی هەتاوی)لە نێو بنەماڵەیەکی شێخەکانی کوردستاندا لە شاری سنە، لەدایک بووە.
تا ساڵی 1357ی هەتاوی(1979)زێتر لە 200 ستران تۆمار دەکات. پاش سەرکەوتنی شۆڕش تا ساڵی 1360(1982)هەر لە ئێران دەبێت. دواتر ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و دوای ماوەیەکیش دەچێت بۆ وڵاتی بەریتانیا و ساڵی 2002(1380ی هەتاوی) دەگەڕێتەوە باشوور و ناوەندێکی هونەریی-کولتووریی بە ناوی “ئەنیستیتیۆتی کەلەپووری کورد” لە شاری سلێمانی دادەمەزرێنێت. ئەم ناوەندە، بایەخێکی فرە بە کۆکردنەوەی بەرهەمی هونەریی و فۆلکلۆری کوردی دەدات و تا ئێستا کۆمەڵە بەرهەمێکی گرانبایی خستۆتە سەر گەنجینەی هونەری کوردی. خالقی خاوەنی نزیک بە 250 گۆرانیی و بەرهەمی فۆلکلۆرە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە کۆنگرەی بە ناو “ناودارانی کورد”ڕۆژانی 11 و 12ی پووشپەڕی 2719(2 و 3ی جۆلای 2019)خۆیان گوتەنی بۆ ڕێزنان لە کۆمەڵە کەسایەتییەکی کورد و دۆستی گەلی کورد لە هەر هەموو پارچەکانی کوردستان و بگرە ئێران و وڵاتانی بیانی،لە زانستگەی کوردستانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
* شیعر: خۆزگەم بە ساڵان،ڕەحیم لوقمانی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت