ڕەوەند جەزا: ئۆپۆزیسیۆن و دۆخی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئۆپۆزیسیۆن ( بەرھەڵستکار) زاراوەیەکی سیاسیە کە بریتیە لە پارتێک یان چەند پارتێک کە دژی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتن لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەت، وە پێیان وایە لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ سەر کورسی دەسەڵات کێشە و گەندەڵیەکان بنەبڕ دەکەن.
مەرجی بوونی سیستەمی دیموکراسی ھەبوونی پارتی ئۆپۆزیسیۆنە. پارتی ئۆپۆزیسیۆن وا لە پارتی دەسەڵاتدار دەکات کە نەکەوێتە دۆخێکی چەسپاوەوە و بەردەوام لە نوێگەری و خزمەتی زیاتری خەڵکیدا بێت. کەواتە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە ھۆی دەرخستنی کەم و کورتیەکان چارەسەرکردنیان کە ئەمەش دەبێتە مایەی پێشکەوتن و ئاوەدانی وڵات لە ھەموو ڕوەکانەوە.
بۆ ئەوەی ھێزێک ببێتە ئۆپۆزیسیۆن پێویستە خاوەن بەرنامە و گوتار و ئاجێندای تایبەت بە خۆی بێت و لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی پارتی دەسەڵاتداردا جیاوازبێت. پێویستە بەرنامەکەی بۆ خزمەتی خەڵکی بێت و بەردەوام جەخت لە بنەماکانی بەرنامەکەی بکاتەوە و لێی لانەدات مەگەر تازەگەری زیاتری تێدا بکات لە پێناو خزمەتی خەڵک. وە پێویستە بەرنامە و گوتارەکەی لای خەڵکی ڕون و ئاشکرا بێت تاکو ببێتە جێگەی متمانە.
لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئۆپۆزیسیۆن بۆتە مایەی خۆشبەختی و کێبڕکێیەکی شەفاف و شەریفانە لە نێوان پارتەکاندا دەکرێت کە سەرئەنجام خەڵک و نیشتمان سودیان لێ بینیوە. بەڵام لە وڵاتە تازە پێگەشتوەکاندا پارتەکان نەیانتوانیوە کێبڕکێیەکی دروست بکەن و بونەتە ھۆی نەھامەتی بۆ خەڵکی .لە ھەندێک وڵاتیش ڕێگە بە چالاکی پارتی بەرھەڵستکار نادرێت وەک سعودیە و ئیمارات و عەممان و… ھتد. لە ھەندێک وڵات کە سیستەمی دیکتاتۆری تیا پەیڕەو دەکرێت بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە ھیچ حیزبێک نادەن چ بەرھەڵستکار بێت یاخود نا، کە وجودی ھەبێت وەک چین و کوبا و… ھتد.
ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کارتۆنی ھەبوو ، کە ھیچ کاریگەریەکیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا نەبوو( حیزبە ئیسلامیەکان نمایشکاری بوون ). دواتر چەند کەسایەتیەکی ناو پارتی دەسەڵاتدار جیابونەوە و لە ساڵی 2009 بانگەشەی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنیان کرد و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا متمانەی خەڵکی ناڕازی بەدەست بھێنن. چونکە لەو کاتەدا خاوەن بەرنامە و گوتارێکی ھاوچەرخ بوو و بەڵێنی کوردستانێکی بەھەشت ئاسایان بە خەڵکی دەدا. بەڵام دواتر ئەو پارتەش توشی قەیران بوەوە، چونکە لەلایەن کەسانێکەوە دامەزرابوو کە بەژداربوون لە ھەموو چالاکیەکانی پێشووی دوو حیزبی دەسەڵات بە شەڕی ناوخۆ و چەندین کاری سیاسی ناشرینی تر، ئامانجیان خزمەتکردنی خۆیان بوو نەک خەڵکی، جیاکاریان لە نێوان نیشتیمان و دوو حیزبەکە نەدەکرد و کورد وتەنی تەڕ و وشکیان پێکەوە دەسوتاند، چەندین ڕێگەی ناشرینیان وەک فشار کردنە سەر دەسەڵات بەکاردەھێنا وەک جوڵاندنی شەقام کە تەنھا خوێنی گەنجەکانمان دەڕژا و دواتر ئەو پارتە خۆی لێ بێبەری دەکردن، ئەم پارتە ئەونەی گرنگی بە دژایەتی کەسی و بنەماڵەیی ناو حیزبەکان دەدا ھێندە گرنگی بە تێگەشتن لە کۆمەڵگاکە نەدەدا. دواتر بەھۆی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی دەسەڵات و بەژداری کردن لە حکومەتدا و شەڕکردن لەسەر پۆست و کورسی، بە تەواوی خەڵکی لە بیربردنەوە و خەڵکیش لە کۆتا ھەڵبژاردندا متمانەیان لێوەرگرتەوە و ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی بۆ نیوە کەم کردەوە. سەرئەنجام پارتێکی بنەماڵەیی لێدروست بوو کە کۆمەڵێکی دەوڵەمەند کرد و دوو شازادەی جێنشینیشی کردە گەورە بازرگان و سەرمایەدار.ئەو بەرنامەیەی لەسەری دروست بوو فرۆشرایەوە بە دوو پارتی دەسەڵاتدار و ھاوشانی دوو بنەماڵەکەی دەسەڵات حکومەت بەڕێوەدەبەن، خیانەتیان لە سەرکردەی کۆچکردوی خۆیان و خوێنی شەھیدەکان و چەندین خێزانی نانبڕاو کرد. ھەرگیز ئەم ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانە یەکدەنگ و یەک ھەڵوێست نەبوون تاکو بتوانن فشار بخەنە سەر دەسەڵات، چونکە نەیانتوانیبوو کە ناوخۆی حیزبەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەردەوام فرە کوێخایی لە ناوخۆیاندا ھەبووە. بە ھۆی سەرلێشێوای و خۆفرۆشتنی پارتەکانەوە، لە کوردستان نمونەیەکی ناشرینی ئۆپۆزیسیۆن ئادا کرا کە بووە ھۆی شەڕ و ئاژاوە و نا ئومێدکردنی خەڵکی و… ھتد. ھەنوکەش بەھۆی بەژداری نەکردن لە پێکھێنانی حکومەت و بەرنامەکەیەوە تەنھا ھێزێک بە ڕێڕەوی ئۆپۆزیسیۆندا دەڕوات، ھیوادارم ئەو ھێزەش دوبارە نەبێتە ھۆی بێھیواکردنی خەڵک.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت