یوسف عزەدین: ئەوەى کە ڕوویدا کاتێک خرایە نێو کتێبێکى مێژوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( رکم لەمێژووە، چونکە کاتێک پێی وتم؛ سەلاحەدینى ئەیوبى سەرکردەیەکى قارەمانى ئیسلام و عەرەبە، دەمزانى ئەگەر ئەو پیاوە بدۆڕایە، ئەوکات دەیوت کوردێکى خوێڕى بوو) مەعین بەسیسۆ.

کاتێک پێش راپەڕین کتێبێکى مێژوونووسێکى شۆڤێنى عەرەبم دەخوێندەوە کەدووەم ناوى نووسەرەکەى “سووسە” بوو. زۆر نیگەران بووم بەو کۆمەڵە درۆیەى کەتێیدا بوو، ئەم زاتە رەچەڵەکى کوردى دەبردەوە سەر “ئیبن کەرەد” ناوێکى عەرەب؟
بەهەرحاڵ برادەرێکى نزیکم کەئاگادارى نیگەرانیم بوو؛ گوتى ئەگەر کورد رۆژێک خۆى مێژووى خۆى بنوسێتەوە، ئەوە ئەو کات دەزانێت چۆن دەینووسێتەوە!؟ دیارە زۆر نووسەر و رووناکبیرانى کورد و بیانیش ئاماژەیان بەو راستییە کردووە کە یەکێک لەگرفتەکانى ئەو نووسینانەى سەبارەت بەمێژووى کورد نووسراوە، لەوەدایە کەخودى کورد نەینووسیوە و پێویستە کورد خۆى مێژووى خۆى بنووسێتەوە. ئاشکراشە بۆئەوەى مێژووەکەى لەچەواشەکاریى نووسەرانى غەیرە کورد بەدوور بگرێت و بەقەولى ئەو کەسانەى کەچاوەڕێى ئەو رۆژە بوون کورد مێژووى خۆى بنووسێتەوە و بگرە لەقوتابخانەکانیشدا مێژووى کورد بخوێندرێت، وەک چۆن ئێستا لەم دەڤەرەى ئێمەدا دەخوێندرێت!؟ بەهەرحاڵ تائێرە مەسەلەکە ئاساییە و هیچ قسەیەکمان نییە!؟
بەڵام کاتێک دەڵێین کتێبیى مێژوویى میتۆدیى دیراسیى، بەواتاى ئەوەى لەقۆناغە جیاجیاکانى خوێندندا دەخوێندرێت، ئەوە بێگومان هەریەک لەئێمە کتێبێکى مەنهەجى لەچەشنى کتێبەکانى مێژووى دنیا و هاوشێوەى کتێبەکانى ترى وەک فیزیک و کیمیا و گرامەر و ئەوانەى دیکەى بیردەکەوێتەوە. واتە وەک کتێبێکى مەنهەجیى مێژووى فەرەنسى کە” ناپلیۆن” لەو کتێبەدا ناپلیۆنە، بەراستى دیکتاتۆرە و سەدان هەزار کەسى فەرەنسى بەکوشت داوە و دەبێتە مایەى ماڵوێرانى بۆ هەر شوێنێک کەدەستى بیگاتێ. یان کەباسى شۆڕشى فەرەنسا دەکرێت، هەمووى وەک خۆى باسدەکرێت، هەر لەدەسپێکەوە تا پەڕاندنى ملى هەزاران کەس بەمیقسەلەو تا دوایى.
بەڵام لەوڵاتە وێران و دواکەوتووەکاندا ئاستەمە مێژوو وەک بابەتێک بخرێتەڕوو، هەمیشە لەژێر هالەى تەقدیسکردن و هەڵگێڕانەوەیەکى سەیرى رووداوەکاندا دەخرێتەڕوو، بەبێ ئەوەى تێڕوانینێکى دژ بخاتەڕوو، وەک کتێبە مێژووییەکانى مەنهەجى دیراسیى حیزبى بەعس، دیارە مێژووى حیزب و سەروەرییەکانى و هەموو درۆو دەلەسەکانى ترى بۆ ریزدەکردیت. بەڵام کاتێک دیدێکى مێژوویى رۆژئاوا “ئەسکەندەرى مەکدۆنی” پێ قارەمانە، لەهەمان کاتدا هەر لەنێو رۆژئاوادا دیدێکى پێچەوانە هەیە کەپێى شەرمەزارییە کەسێکى وەک ئەو زاتە بەقارەمان بناسرێنرێت و دەبێت وەک جەللادو بکوژێکى گەورە باسى لێوە بکرێت، بەڵام دیارە کەباس دێتە سەر کتێبێکى میتۆدیى مێژوویى ئەوە ئەو دەم لەجێى خستنە رووى هەر یەکێک لەو دوو راوبۆچوونە کارێکى تر دەکرێت ئەویش خستنە رووى رووداوەکانە ئەوەندەى سەرچاوە لەبەردەستدا بێت وەک خۆى و ئەودەم لەپاشەرۆژدا خوێندکار خۆى سەربەست دەبێت لەوەى موعجیب بێت بە”ئەسکەندەرى مەکدۆنى”و هاوچەشنەکانى یان هەر راوبۆچوونێکى دژ بەوى هەبێت.
جا راستییەکەى ئەم بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێت و لێرەدا مەبەستمانە ئاماژە بەبەشێکى زۆر کەمى بدەین. چونکە مەترسییەکى زۆر گەورە لەوەدایە کەخوێندکارانێک ئامادەدەکەیت بۆ ئەوەى وانەى مێژوو بخوێنن، تۆ بێیت و مێژوویەکى ناڕاستیان بۆ باسبکەیت، یان دەستکارى شتێک بکەیت و بیگۆڕیت، هەروەک چۆن ئەمە لەفیزیا و کیمیا و وانەکانى تردا ناکرێت ئەوا لە وانەى مێژووشدا ناکرێت. ئەمە لەکاتێکدا دەکرێت هەر لایەنێک چۆنى پێخۆشە ئاوا مێژووى خۆى بۆ هەواداران و ئەندامانى خۆى بنووسێتەوە و چۆنى بوێت ئاوا پڕوپاگەندە بۆخۆى بکات. بەڵام ئەمە بەناوى میللەتێکەوە ناکرێت، بۆیە دەبێت نووسینەوەى کتێبە مێژووییە دیراسییەکان بدرێتە دەست کەسانى بێلایەن و پسپۆڕ و بەسوود وەرگرتن لەهەموو ئەو کتێبانەى لەدیدگەیەکى رەخنەکارییانەوە سەبارەت بەمێژوویى کورد و بزووتنەوە ناسیۆنالیستیى و سەرجەم رووداوەکانى دیکەى نووسراوە، ئەگینا بەمحاڵەوە هەموو ئەو کتێبانەى هەن سەنگ و قوورساییەکیان نییە . ئەمە جگە لەوەى ئەبستراکت کردنى رووداوێکى مێژوویى و پیشاندانى تەنها روویەکى کارێکى شیاونییە، سەلاحەدینى ئەیوبى کەلەسەر دەستى ئەو؛ مەسیحییە رۆژئاواییەکان گەورەترین گورزیان بەرکەوت و هەزارانیان لێکوژرا، کەچى لەناو هێنانیدا بەدەر لەرک و کینەیان، تێڕوانینێکى میتۆدى مێژوویى دەخەنە روو، سەبارەت بەخۆشیان هەمان شتدەکەن، بۆیە هەر بەخۆڕا نەگەیشتوونەتە ئەوەى کەپێى گەیشتوون.
یان ئەگەر دەتەوێت ئەوەندەى مێژووەکەت بخەیتەروو کەزیانى بۆ ئێستات نەبێت و ناوێرت ئەملاو ئەولاى پێبکەیت و شتێک زیاتر لەسەرى بڕۆیت، یان ناچاریت ئەمساڵ و ئەوساڵى بپەڕێنیت، لەلایەکەوە لاسەنگبوو لەلایەکى تر پارسەنگى بدەیتەوە، ئەوە ئەو مێژووە هەر نەنووسیتەوە زۆر باشتر و جوانترە و بێیت و بڵێیت ئیتر لەهیچ قۆناغێکى خوێندندا مێژوو ناخوێندرێت و بەمەش ئەو وانەیە لەکۆڵ خوێندکاران دەکەیتەوە. بەڵام بێیت و بەناوى خستنەرووى میژووەوە شتى ناراست بخەیتە روو، بەتایبەت ئەو رووداو و بەسەرهاتانەى کەمێژوویان زۆر نزیکەو تەنانەت نەوەى نوێش لەیادیەتى؛ ئەوە پێموانییە، لەگەڵ خودى هیچ بەهایەکى مۆڕاڵیدا بێتەوە و لەوەش ناچێت وابەئاسانیش بسەپێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر قەولە دیموکراسیەت و ئازادى و شتى لەو باتە بەرقەرار بێت و هەبێت و بمێنێت، ئەگینا ئەگەر نەبێت ئەوە مەسەلەیەکى ترە.
لێرەدا تەنها دوو لاپەڕەى کتێبى( مێژووى نوێ و هاوچەرخى) پۆلى (شەشەمى وێژەیى-چاپى دووەم-ساڵى2006) بەنموونە دەهێنمەوە، ، ئەگینا ئەگەر قەوول بێت لەسەر سەرجەمى کتێبەکە بنووسیت؛ ئەوە پێناچێت بەوتار و دوو وتار کۆتایی بێت!؟
دەبینین لەکتێبەکەدا جیاواز لەهەموو کتێبە مەنهەجییە مێژووییەکانى دنیا، جگە لە ناڕۆشنی زۆر شتى، جارجارە وەسفى شیعرى و مەتەڵ و شتى زۆر سەیروسەمەرەى تێکەڵکراوە.
لەلاپەڕە”200″ ى ئەم کتێبەدا ، لەژێر ناونیشانى ( راپەڕینە مەزنەکەى ئازارى1991)دا لە پەرەگرافێکیدا نووسراوە:
(پیاوانى رژێم و خوێن رێژەکانى وەکو پووش و پەڵاشى دەم رەشەبایان لێهات)، نازانم ئەمە لێرەدا خستنەرووى شتێکى میژووییە؛ یان دەربڕینێکى پەخشان ئامێزی کاڵوکرچە.. ئەم پووش وپەڵاشەى دەم رەشەبایە بۆ لێرەدا قووتکرایەوە و وەزیفەى چییە؟!. کەواتە خوێندکار لەوەڵامدانەوەیدا ئەگەر بەپرسیار هاتەوە دەبێت وا بڵێت؛ پووش و پەڵاشەکەشى لەبیر نەچێت؟!
کەواتە ئەو هەموو پیاوە خوێنڕێژانەى رژێم لەجێى ئەوەى بکوژرێن، بوون بەپووش و پەڵاش و رەشەبا بردوونى، دیاریش نییە رەشەبا ئەو پووش و پەڵاشانەى بۆ کوێبردووە، کەسیش نازانێ ژمارەى ئەو پووش وپەڵاشانە چەندن؟!.( ئەگەر وەک مەجازێک بڕوانیتە ئەم دێڕە، دەگەیتە ئەو راستیەى کەپیاوانى رژێم لەراپەڕین-دا نەکوژراون؟!).
بەڵام کاتێک هەندێک سەرچاوەی مێژوویی باسى شەڕەکانى سەرەتاى ئیسلامت بۆ دەکات، هەرچەندە مێژووەکەى کۆنە و لەڕوانگەیەکى رەهاى ئیسلامیشەوە تێى دەڕوانێت، کەچى دۆڕانى ئیسلامەکان لەشەڕى “ئوحد”دا و هۆکارەکانى دەست نیشان دەکات و تەنانەت پەنا بۆ تەفسیرى غەیبیش نابات و تەواو ئەوەى کەڕوویداوە پەیوەست دەکات بەلاوازى ستراتیژ و تاکتیکى جەنگیى و هەڵەى موسڵمانەکان و زۆر شتى ترەوە، ئەمە جگە لەوەى ژمارەى کوژراوەکان و چۆنیەتى کارەساتەکە و وردەکارییەکانى دەخاتەروو، لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە کەدەماو دەم هەموو ئەو باس و خواسانە تا سەردەمى نووسینەوەیان هاتوون و تاڕاددەیەک و زۆریان نەبوونەتە ئەفسانە و چوارچێوە واقیعییەکەى خۆشیان تێپەڕنەکردووە. بەڵام ئەو دێڕەى نێو کتێبى مێژووە دیراسییەکەی کەپێشتر ئاماژەمان پێدا لەگەڵ مەنهەجیەتى نووسینى مێژوودا ناگونجێت. باشە ئەگەر هەموو مێژووى وڵاتانى دنیا ئاوا بنووسرایەتەوە چیمانبکردایە؟! بۆ نموونە لەجێى ئەوەى بگوترایە سوپاکەى ناپلیۆن لەمیسر بەژمارە ئەوەندە کەسى کوشت، بگوترایە سوپاکەى ناپلیۆن وەک رەشەبا؛ هەموو ئەو میسریانەى بەرەنگاریان بوونەوە، بەچەشنى پووش و پەڵاش بەئاسماندا بردیانن!؟ ئیتر هەموو مێژوو ئاوا بنووسرایە وانەیەک نەدەبوو بەناوى مێژوو، لەجێى ئەوە مەگەر کتێبێکیان دابنایە بەناوى حیکایەتى مێژوو کە پڕبووایە لەوەسف و خەیاڵ و کێ
چۆنى پێخۆشبووایە وای بنووسیایە؟!
باواز لەوە بهێنین و بێینە سەر دێڕێکى ترى هەمان لاپەڕە کەدەڵێت:
(ئەوە لەیاد نەکەین کەئەم راپەڕینە مەزنە سەرپێى و لەخۆوە رووى نەداوە)، ئەمەیان لەئامۆژگارى و ئاگادارکردنەوە دەچێت، بەهەناسەیەکى حیزبییانە نووسراوە نەک مێژووییانە، چونکە خوێندکار هیچى نەگوتووە، تا پێبگوترێت:
(ئەوە لەیاد نەکەین کەئەم راپەڕینە مەزنە سەرپێى و لەخۆوە رووى نەداوە)، بێجگە لەوە ئەمە وانەى مێژووە و گوتار نییە، بەڵام ئەو دێڕە گوتارە.
دواتر دەڵێت:( راستە سەرانسەرى میللەت بە پیاو و ژن و مناڵەوە بەشداریان تێداکرد، بەڵام هەروەک ئاماژەمان پێکرد نەخشەى راپەڕین کێشرابوو، بەتایبەتى لە ساڵى 1991-دا، بڕیاردرابوو تێکۆشانى چەکدارانە لەناو شارەکاندا دەست پێبکات، هەر پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانى کوردستان رێنیشاندەربوون و هەر ئەوانیش بەهاناوە هاتن).
جارێ پێشتر باسى هیچ نەخشەیەکى نەکردووە و دەڵێت هەروەک ئاماژەمان پێکرد نەخشەى راپەڕین کێشرابوو. جا لەوە سەیرتریش ئەوەیە دەڵێت:( بەتایبەتى لەساڵى1991-دا) دیارە پێشتریش نەخشەیەکى ترى راپەڕین هەبووە بەڵام ئەوە بەمەجهولى ماوەتەوە و باسی لێوەنەکراوە، یان لەباباتەکەدا باسنەکراوە.
یان دەڵێت:( راستە سەرانسەرى میللەت بەپیاو و ژن و منداڵەوە بەشدارییان تێداکرد)، هەر باشە بەپیاو و ژن و منداڵەوە وەستاوەتەوە و نەیگوتوە، گەنج و پیر و گەورە و بچووک و خراپ و باش و جوان و ناشرین و…تاد، باشە هەرئەوەندە بەس نەبوو بڵێت خەڵکى کوردستان، یان هاوڵاتیانى کوردستان و شتى لەو جۆرە، چونکە ئەو چەند وشەیە تەنها بۆ پڕکردنەوەیە ئەگینا هەر کەسێک بۆى هەیە بپرسێت بۆ ناوى پیاوتان خستۆتە پێش ناوى ژن و ئاخۆ ئەمە تێڕوانینێکى نێر سالاریى نییە!؟.
کاتێکیش باس لەوە دەکات کە نەخشەى راپەڕین کێشرابوو، تاکۆتایى رستەکە ئەمە وەک مەتەڵى لێدێت و لەهیچ کتێبێکى مێژوویدا شتى وامنەبینیوە، بێ هیچ بەڵگەیەک لەکوێ نەخشەى بۆ کێشرابوو؟!
شتێکى لەوە سەیرتر کەهەر دژ بەوەى پێشترى پەرەگرافەکەیە، بابڵێین زانیمان راپەڕین نەخشەى بۆ کێشرابوو، ئەى بۆ دواتر:( هەر پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانى کوردستان رێ نیشاندەربوون و هەر ئاوانیش بەهاناوە هاتن)، بەهاناى کێوە هاتن ئاشکرا نییە، کتێبى مێژویى بەمەزەندە نانووسرێت، لەروویەکى تریشەوە دیارە شتێک روویداوە؛ تا واپێویست کات بەهاناوە بێن، کەواتە خەڵک راپەڕینى کرد و دواتریش پێشمەرگە بەهاناوە هاتن، کەواتە پێشمەرگە لەوێ نەبوو؟ ئەوە مننیم وا دەڵێم، خودى دانەرانى ئەو کتێبەن وایان نووسیوەو ئەوەى خۆیان مەبەستیان بووە بیگەیەنن هەڵیانگێڕاوەتەوە!؟ ئەگەر ئەو دوو لاپەڕەیە بەویژدانەوە بخوێنینەوە، دەبینین هەر دێرێکى دژى دێڕەکەى پێشخۆیەتى، سەیرە رەنگە دانەرانى کتێبێکى وا دەستخۆشکەریشیان لێکرابێت. بەڵام ئاشکرایە یەکپارچە گومانە و یەقینێکى تێدا نییە، کەقەوولە کتێبى مێژوو لەیەقینەوە بنووسرێتەوە. هەر بەئامۆژگارى و دەڵێن و گوتیان ئیشەکەیان ماشیکردووە. . تێکەڵى و پێکەڵى ئەوەى ئاماژەمان پێدا، ئەوەى پێشخۆى نەفیدەکات، لەکاتێکدا لەسەرەوە ئامۆژگارى خوێندکار دەکات:( ئەم راپەڕینە مەزنە سەرپێى و لەخۆوە رووینەداوە)، ئەوە لەکۆتایدا بەگوتنى” بەهاناوە هاتن” ئاماژەپێدانەکەى پێشترى لەکار دەخات.
بۆ دانانى کتێبى مێژوویى دیراسى پێویستە لیژنەیەکى بۆ دابنرێت و قسە و باسێکى زۆرى لەسەربکرێت. ناکرێت خۆبەخۆ کتێبى مێژوویی دابنرێت، ئەمە شتێک نییە هیچ لایەن و حیزبێک بتوانێت دەستى تێوەربدات، هەروەک چۆن ناکرێت لەروانگەى حیزب و لایەنێکەوە فیزیا و کیمیا بنووسرێتەوە. وەک نمونەیەک گریمان کۆمەڵێ مامۆستاى ناسیۆنالیستى روس، لەئێستادا راسپێردران بەدانانى کتێبێکى مێژوویى لەسەر سەردەمى یەکەمین جەنگى جیهانى و لەوە بەدوا، دەکرێت شۆڕشى ئۆکتۆبەر باسنەکەن، یان باس لەکۆمۆنیستەکان نەکەن، کەئەمە بەشێکە لەمێژوویان و هیچ پێوەندى بەقەناعەتى فیکرى ئەوانەوە نییە، ئەوەى کەهەیە دەبێت وەک خۆى بخرێتەروو، بۆ نموونە کوژرانى ژن و مناڵەکانى تزار بەدەستى بەلشەفییەکان تاوانێکى دزێوە و دەبێت باسبکرێت. هەورەک چۆن، ئەگەر لایەنێکى باشیش هەبێت، دەبێت بخرێتە روو. لەباسى لیدەرەکانیشدا وا پێویستە کتێبە مێژووییەکان وەک خۆیان بیانخەنەروو، کاتێک کتێبە مێژووییەکان باس لە”گاندى” دەکەن بەڕاستى و وەک خۆى باسى دەکەن بەهەموو لایەنە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانییەوە، ئیتر خەڵکێک هەن بەپیرۆزى دەزانن ، یان هالەى بۆ دروستدەکەن، یان دەیپەرستن ئەمە پێوەندى بەخستنەرووى راستییەکانى ژیانى ئەو پیاوە و رووداوەکانى سەردەمى ئەوەوە نییە، هەر کتێبەکانى مێژوون باس لەوە دەکەن چۆن کچە رۆژنامەنووسێکى بیانى ویستویەتى وا لە”گاندى” بکات لەگەڵى راببوێرێت و بەڵام “گاندى” قایلنەبووە، هەموو ئەمانەش بەبەڵگەوە دەخەنە روو، ئەگەر قایلیش بووایە ئەوە دەنووسرا و هەربەبەڵگەشەوە دەخرایەروو، هیچیشى لەگرنگى ئەو کارە نەدەگۆڕى کە”گاندى” پێى هەڵساوە، چونکە وەک کەسایەتى هەرچییەک بووبێت و هەرچییەکى کردبێت، بەڵام گرنگ ئەو کارەیە کەلەپێناو زۆرترین ژمارە خەڵکى وڵاتەکەیدا پێى هەڵساوەو تا نەیگەیاندۆتە ئەنجامیش کۆڵى نەداوە . کتێبى دیراسى مێژوویى پێویستە ئەوەى کەبووە بەسەرکەوتن و شکست و خیانەت و تەسلیمبوون و هەموو شتەکانى ترەوە وەک خۆى بڵێت و کارى پاکانە نەبێت، رووداوەکان لەمابەینى هۆ و هۆکارەکاندا بخاتە روو، دەبێت خوێندکار یان خوێنەرى کورد پشتپەردەى رووداوە سیاسییەکان و رێکەوتننامە نهێنییەکان و هەڵە و چەوتى بەشداربووانى هەموو ئەو بزووتنەوانە یان خەبات و شۆڕشانە ببینێت کەکراوە، بێگومان لەگەڵ خستنە رووى لایەنە پۆزەتیڤەکانیشى . دیارە ئێمە لێرەدا تەنها قسەمان لەسەر کتێبە مێژووییەکانى مەنهەجى دیراسییە، ئەگینا مێژوو خۆى چییە و چۆن دەبێت تێی بڕوانین، راڤەى بکەین، مامەڵەى لەگەڵ بکەین؛ بەدەر لەزەیف و درۆ، ئاخۆ مێژوو لەمابەینی واقیع و نووسینەوەیدا چۆنە و پانتایى هەڵسوڕانى مێژوو کوێیەو زۆر وردەکاری تر ؛ ئەوە مەسەلەیەکی ترە و لێرەدا بەلایدا نەچووین!؟
هەمیشە ئەو قسەیەى”مەعین بەسیسۆ”م لەبیرە کەدەڵێت:
( رکم لەمێژووە، چونکە کاتێک پێی وتم؛ سەلاحەدینى ئەیوبى سەرکردەیەکى قارەمانى ئیسلام و عەرەبە، دەمزانى ئەگەر ئەو پیاوە بدۆڕایە، ئەوکات دەیوت کوردێکى خوێڕى بوو).
ئێمە لێرەدا لایەنە مەعریفى و فەلسەفییەکانى مێژوو تاوتوێ ناکەین، بەڵکو تەنها بەقەدەر کتێبێکى مێژوویى دیراسى دیاریکراو دەدوێین، ئەمە لەگەڵ ئەوەى هەر خودى سیستەمى خوێندنى وڵاتە وێرانەکان سەقەتترین و بێماناترین سیستەمە و بەدڵنیاییەوە کارى سەرەکى لەبەر چاوخستنى هەموو فیکر و مەعریفەیەکەو….تاد؛ ئەوەى کەباسیشمانکرد نموونەیەکى ئەو وێرانیى و سەقەتکارییەیە.
لە هەمان کتێبى ناوبراودا، لەلاپەڕە”201″دا، سەبارەت بەشاڵاوى سەربازى رژێم بۆ سەر کوردستان، پاش راپەڕین دەڵێت:
(کەچى بەبێ هیچ پێشەکییەک و لەبەر هەرهۆیەک کەڕەنگە تائێستا ئاشکرا نەکرابێت بەعس کەوتە شاڵاو و هێرش بردنە سەرخەڵک و وشک و تەڕى پێکەوە سوتاند).
توخوا ئەمە نوکتە نییە، دەڵێ :”بەبێ هیچ پێشەکییەک”، ئائەمەیە ئەقڵیەتى بنجبەستوو، هێشتاکە بەعسى نەناسیوە و داواى پێشەکى لێدەکات، وەک فیلمى سینەمایى پێشتر مۆسیقاى تەسوویرى بۆ لێبدات و دواتر فیلمەکە دەست پێبکات، یان نازانم چ پێشەکییەکە کەباسى کردووە، ئیتر ئەقڵیەتێک ئەمەى نووسیبێت ئاستەمە کتێبى مێژووى خوێندبێتەوە و لێى حاڵى بووبێت.
ئینجا لەوەش خۆشتر ئەوەیە کە دەڵێت:( وشک و تەڕى پێکەوە سووتاند)، ئەى باشە دەکرا هەر وشک بسووتێنێت و تەڕەکان بەجێبهێڵێت، نازانم کام تەڕ و وشک، هەر کەسێک کوردى بزانێت، دەزانێت تەڕ و وشک لێرەدا بەواتای تاوانبار و بێتاوان هاتووە، کەواتە دانەرانى ئەم کتێبە مێژووییە؛ پێیان وایە ئەوانەى لە راپەڕیندا بەشداربوون تاوانبارن، ئەوانەى بەشداریش نەبوون بێتاوانن، ئەگینا ئەمە لە چ دیدگەیەکەوە نووسراوە، ئەگەر مەبەستى لەروانگەى رژێم بێت، بەواتاى ئەوەى فەرقى بێتاوان و تاوانبار ناکات، ئەى باشە هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەلاپەڕە”200″دا دەڵێت:( سەرانسەرى میللەت بەپیاو و ژن و مناڵەوە بەشداریان تێداکرد)، ئەى بۆ دواتر ئەمەیان لەبیر دەچێتەوە، ئەمە کارەساتە تۆ ئاگات لەوە نەبێت کەیەک لەدواى یەک دەیانڵێیت، بەتایبەتیش ئەمە کتێبێکە خوێندکاران ئامادەدەکات بۆ زانکۆ، کەچى پێیان دەڵێیت : ( لەبەر هەر هۆیەک کەرەنگە تائێستا ئاشکرا نەکرابێ، بەعس کەوتە…). کەواتە ئەم خوێندکارانە دەبێت کەپرسیارى لەو چەشنەیان لێکرا؛ بە کەس نازانێت و دیار نییە و رەنگە و لەوانەیە، وەڵامى پرسیارێکى زۆر سادە بدەنەوە کە مێژوویەکى زۆر دوورى نییە، کەچى کتێبە مێژووییەکانى دنیا چەندین هەزار ساڵ لەمەوپێشى مرۆڤ تاوتوێدەکەن و کاریان بەوەش نییە بەزۆر وەڵامى بۆ دابتاشن یان پاساوى بۆ بهێننەوە، گرنگ ئەوەیە ئەوەى کەبووە بیخەنەڕوو، بەپێى ئەو زانیارییانەى لەبەر دەستدان!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت