محەمەد بەرزی: ئەو مێژووەی خۆی دووبارە دەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی کاتێک تەماشای مێژووی ڕابوردووی خۆمان دەکەین، بە تەواوی بۆمان دەردەکەوێت، بەردوام مێژووە پڕ شکستە خوێناوییە بێ ئامانجەکانمان، خۆی دووبارە کردۆتەوە، جا ئەگەر خراپتر نە بووبێت، ئەوا بە دڵنییاییەوە باشتر نەبووە. سەد ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمێکدا، کە نە پارتی و یەکێتی و زانکۆیەکمان هەبووە، مەلای گەورە، کە تک تک خوێن لە دڵی تکاوە، لە هۆنراوەیەکدا دەفەرموێت:

ئێوە ( احقر الناس ) ن، ئیمڕۆ لە بەینی ئومەم
قسمێ بەندیی تورکن، هێندێ خادمی عەجەم!

ئێوە بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت، ژێردەستی کوللی عالەم!

چینکە نانخۆری خەڵکی، لەسەر موڵلک و ماڵی خۆت
خاکت هەموو مەعدەنە، خۆت فەقیر و ڕووت و قوت!

تاکەی وەکو گاجووتی، لە بن نیری زیللەتی؟
سەد حەیف و سەد مەخابن، لای خۆت ئەتۆش میللەتی!؟

دیارە مەلای گەورە ڕووی دەمی لەو دەستەلاتدارانەبووە، کە بریتی بوون لە: ئاغا، شێخ، سۆفی یان مەلا، کە هەر یەکێکیان بۆ گەوجاندن و چەوساندنەوەی خەڵکی و داگیرکردنی زەوی و زاری هەژاران ، بوونەتە نۆکەر و کۆیلەی داگیرکەران و بۆ مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان کۆیان لە هیچ خراپە و خیانەتێک نەکردووە. هەر یەکێک لە مانەش بە خوێنی سەری بەرامبەرەکەی تینووبووە و سەرقاڵی شکان و بنکۆڵکردنی یەکتری بوون . خۆ کاتێکیش کەسێکی جوامێر بۆ ئازادی جەنگاوە، ئەوا زوربەی ئەو خۆپەرستانە، یان پشتیان تێکردووە، یان لە گەڵ داگیرکەراندا لە ئاخوڕێکدا کاوێژیان کردووە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان، تەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بووە.
ئەوەی جێگای داخیشە و پاش دروستبوونی حیزبی سیاسی، بە تایبەتی لە باشوری کوردستاندا، ڕێک ئەو حیزبانە شوێنی ئەو سەرۆک هۆزانانەیان گرتۆتەوە. هەر یەکێکیان بۆ لاوازکردن و سرینەوەی بەرامبەرەکەی و مانەوەی خۆی بە تەنها لە گۆڕەپانەکەدا، کەوتوونەتە گیانی یەک و ئێسقانی یەکتریان هاڕیوە و دەریایەک خوێنیان ڕشتووە و شەرمیان لە هیچ خیانەتێک نەکردووە و بوونەتە نۆکەر و داردەستی داگیرکەران و ئەوەی پێیان کرابێت کردوویانە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە . نموونەشمان: ( شەڕی نەگریسی ناوخۆ ، 31 ی ئاب ، 16 ی ئەکتۆبەر و هێرشەکانی ئەمڕۆی تورکیایە ).
بە کورتی دوای 100 ساڵ لە هۆنراوەکەی مەلای گەورە و بەسەرهاتەکانی: ئەنفال و مەرگی بە کۆمەڵی هەڵەبجە و بە سووتماک کردنی 4500 گوند و لەگەڵ بوونی 34 زانکۆ و سەدان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرادا، لەسەر هەمان عەقڵییەتی جارانین و نە گۆڕاوین و یەک هەنگاویش نەچووینەتە پێشەوە. هەر حیزبەی بۆ مانەوەی خۆی نۆکەرایەتیی کردۆتە شاهۆی ئامانجی، بێ ئاگا لەوەی، کە نۆکەرایەتی سەرشۆڕی و شکست و ئاشبەتاڵی لە دووە. بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان، کە دەرسی لە هەرەس و نسکۆ گەورەکەی شای ئێران وەرنەگرتووە، لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە و بە هەموو هێز و توانایەکییەوە کار بۆ لاوازکردن و پەرتکردن و سڕینەوەی ئەو لایەنانە دەکات، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر پێگە و قورسایی خۆی. بە تایبەتی لایەنەکانی پەکەکە و یەکێتی و گۆڕان.
دیارە بە توانای خۆی و سامانی خەڵکی هەژار توانیویەتی زۆر بە چاکی ریزەکانی یەکێتی و گۆڕان لاواز و پەرت بکات. ئەو یەکێتییەی تەقلەی بە فیل لێدەدا و ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵات و داهاتی ئەو میللەتە کڵۆڵەیان پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتیدا دابەشدەکرد، ئەمڕۆ وا لاوازکراوە، پارتی دەتوانێت بەبێ ئەو حکومەتی هەرێم پێکبهێنێت و هەموو پۆستە گرنگەکانیش بخاتە ژێر دەسەلاتی خۆیەوە و باکیشی بە نوزەی نوساوی ئەوان نەبێ، ئەمە سەرباری ئەوەی توانیویەتی چەندین ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەی لە خشتە بەرێت، بێگومان تاڵەبانی و خۆسەپاندنی بنەماڵەکەی و ناکۆکییەکانی ناو باڵە زۆرەکانی یەکێتێش هۆکارێکی تری ئەو لاوازییەن.
خۆ گۆڕانەکەی کوڕەکانی کاکە نەوەی وا لوولکردووە، ئەوە هەر بە تەواوی زەرد دەچێتەوە. بە کورتی پارتی هیچ ترسێکی لەوان نەماوە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرامبەر پارتیدا ماوەتەوە، تەنها هێزە خاوەن بڕوا و کۆڵنەدەرەکەی پەکەکەیە، کە وەک گاشەبەردێک بە بەندن و لووتکە و تروپکە سەربەرزەکەی قەندیلەوە نووساون و فریشتەکانیان لەسەر پشتی هەڵۆ دەفڕن و سەر لە ئاسمان دەخشینن و سەرنجی دنیایان بۆ لای خۆیان ڕاکیشاوە و بوونەتە گابەردێکی گەورە لەسەر دڵی تورکیا و ناحەزەکانیان. هەر بۆیە لە دوای نەمانی ڕژێمی سەدامەوە پارتی کار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنیان دەدات. بە ئاشکراش دیارە ئەو هێزە قارەمانە بە پارتییەکەی بارزانی قووت ناچێ، هەر بۆیە پەنایانبردۆتە بەر هێزەکانی تورکیای داگیرکەر و سنوریان بۆ خستونەتە سەر گازی پشت و زۆر ناوچەی ستراتیژیان بۆ چۆلکردووە. لە پاداشتی ئەمەشدا و وەک خاوەیەک گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتیان لەگەڵدا مۆر کردووە و لەسەر ئەژنۆ بۆیان چەماونەتەوە و یەک بینە داهاتی سەرزەوی و ژێر زەویمان بە تاڵان دەبەن، تا بە خەیاڵی خاو و نەزۆکیان پەکەکەیان بۆ لەناو بەرن و خۆیان بە تاقی تەنها لە گۆڕەپانەکەدا بمێننەوە و ئەمارەتێکی ئال عوسمانیان بۆ دروستبکەن و پشتاوپشت جڵەوەکەی بە دەستی نەوەکانیانەوە بێت، کە دیارە ئەمەش خەون و خەیاڵ و کارێکی مەحاڵە، چونکە ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 ی شای ئێران لەسەر ئاو نە نوسراوەتەوە تا لە بیربچێتەوە .
هەر دوێنێ بوو کاتێک شای ئێران ئامانجەکەی خۆی پێکا، بە هەزاران شەهید و 120 هەزار پێشمەرگەی ئازاوە ئاشبەتاڵی پێکردین و بە مەلا مستەفای وت: کاری تۆ تەواو بوو، خۆ ئەگەر خوانەکردەش تورکیا بتوانێت پەکەکە لە ناو بەرێت، ئۆردوگانیش بە هەمان شێوەی شا بە مەسعود بارزانی دەڵێت: تۆ وەک سەرۆک هۆزێک کارەکانت تەواو بوو. ئەو کاتە مەگەر هەر خوا خۆی بزانێت ئەو میللەتە کڵۆڵەمان تووشی چ کارەساتێک دەبێتەوە. بێگومان جیاوازی نێوان ئەو دوو ئاشبەتاڵەش تەنها یەک شت دەبێت، شا بە پارەی ئێران ئاشبەتاڵی پێکردین، بەڵام ئۆردوگان بە پارە و سەروەت و سامانی دزراوی میللەتە داماوەکەی خۆمان ئاشبەتاڵمان پێدەکات.
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ دەسەڵات بە دەست پارتییەوەیە، هەرچ لایەنێک هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانیدا بکات، خۆی فریودەدات و دەبێتە بوکەڵەی دەستی پارتی و ڕاستەوخۆ لە هێرشەکانی تورکیا و گەلەکۆمەکێی سەر پەکەکەدا بەشدار دەبێت، بەمەش ئاگر لە ڕابوردووی خۆی بەردەدات و سەری بێ کڵاوی بۆ دەمێنێتەوە و بزمار لە تابوتی مەرگی خۆی دەدات، چونکە پارتی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ هێزەکانی تورکیا دەکات. ئەم ڕێگایەش تەنها ڕووی لە هەڵدێر و شکست و شەرمەزاری و ئاشبەتاڵە.
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵیم هەزاران چرا و چەپکە گوڵی گەش پێشکەش بێ بە گیانی پاک و بێگەردی مەلای گەورە، کە پێش سەدەیەک وێنەی ئەمڕۆمانی زۆر بە جوانی بۆ بەرجەستە کردووین، بەڵام داخی گرانم ئەو سیاسییە زرکانەی بە دەست مۆتەکەی نەزانیینەوە دەناڵینن و لە شکستێکەوە دەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر، پەند و عیبرەت لە ئامۆژگارییەکانی سەدان کەسی دڵسۆزی وەک مەلای گەورە وەرناگرن، ئەمڕۆش کاتێک دەنگ و دووکەڵی گولـلە تۆپەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا کاسماندەکات و سنگی خوێناوی شەهیدە بێ گوناهەکانمان چاومان تەڕ تەڕ دەکات، هەر دەڵێی ئەو ڕۆژە ڕەشانەی سەد ساڵ پێش ئێستایە، کـــە مەلای گــــەورە بــە ڕیشە سپییەکەیەوە هاواریدەکرد:

ئێوە ( احقر الناس ) ن ، ئیمڕۆ لە بەینی ئومەم
قسمێ بەندیی تورکن ، هێندێ خادمی عەجەم !

ئێوە بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت ، ژێردەستی کوللی عالەم !

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت