دکتۆر کەمال میراودەلی: سەرۆکێکی کورد، ببوورن سووک و چرووکێکی کورد لە بەغدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرهەم وەک سەرۆکیکی دیمۆکراتی سەربەرزی عێراق چوو بۆ تورکیا، وەک خوێڕییەکی خۆفرۆشی سەرشۆڕی ئەردۆگان گەڕایەوە. ماوەیەکە ئەم وتارەم نووسیوە رامگرت. وتم ئاه بەشکم من هەڵە بم و ئەو سەرۆکە هەڵوێستێک بنوێنێ، دڵۆپە خوێنێکی هەڵمەت و قوربانیی شارەکەی لە دەمارێکی نەدۆڕاودا مابێت، وەک مرۆڤ، وەک عێراقیی، بەر لەوەی وەک کورد. داگیرکردنی تەنانەت یەک شاخ و کەرتە شاخی باشوور لە سەردەمی سەرکردایەتیی ئەودا مەزنترین میدالیای شەرەفی خۆفرۆشییە کە ئەردۆگان بەخشندانە پێشکەشی دەکات. خوێندەوارانی خٶشەویست هەمیشە بیزاریی لە درێژیی بابەتەکان دەردەبڕبن، بەلام ئەمە شێواز و میتۆدی خۆمە: گوناحە هیچ کەس بە شتێک تاوانبارکەی تا وەک پرۆسە و وەک دیمەنە گەورەکە و بەڵگە زەقەکان پرسەکە ڕوون نەکەیەوە. هەموو ڕایەک پێویستی بە شیکردنەوە و لێکدانەوە و بەڵگەی لۆجیکی هەیە. ئەمەی خوارەوە تەنای لایەنێکی هەنووکەیی پرسەکەیە. لای من خیانەتکردن بە پیرۆزیی خاک و خوێنیی منالی کورد خەتی سووری خوێنە و، کەس پارێزەی نییە. گەوادەکانی خیانەتی ئیخوانیی/ ئەردۆگانیی لە باشوور دوای ئەوەی تەنیا و تەنیا لە بەر گەوادیی خۆیان بۆ تورک هەموو پشتگیری دنیایان لە دەستدا، گەڕانەوە بۆ ئەو قەوانەی کە [کورد دۆستی نییە چیاکانی نەبێت] ئێستا بە ڕووت و قووتی و بە نیوەڕۆژیی ڕووناک پێش سوپای داگیرکەر دەکەون و چیاکانیش دەکەنە مۆڵگەی دوژمن و داگیرکەر و ناوی پێشمەرگەیان گۆڕیوە بۆ: پاشدەرە! هەموو ڕۆژەکان سیویەکی ئابن، هەموو باشوور شەنگالە. چیاکان دۆستی کورد نین و دۆست و خانەخوێی تورکی خوینخۆری مێژوویی و ئێستایی کوردن!.

( 1 )
سەرۆکێکی دیمۆکراتی تەواو نوێ
بەرهەم بەختی هەبوو بێ ڕازیبوونی بنەماڵەی بارزانی و بە هەقی خۆی و بە دیمۆکراتیی و بە دەنگدانی زۆربەی پەرلەمانی عێراق بوو بە سەرۆکی عێراق. ئەمە شانازییەکە هیچ کام لە سەرۆکانی پێشوو نەیانبوو.. تا ئێرە زۆر چاکە، بێگوێدانە ئەوەی چی لە پشت پەردەوە روویدا، دەنگدان دەنگدانە و میکانیزمی سەلماندنی دیمۆکراسییە و ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو نەک تەنیا بۆ بەرهەم، بۆ ئەوانەی لە پشت کاندیدکردنی بەرهەمەوە بوون، بەڵکو بۆ یەکێتی، بەڵکو بۆ کورد و کوردستان و بۆ دیمۆکراسی لە بەغدا- ئەمە ئەگەر کاندیدە سەرکەوتووەکە بۆ ئەم جۆرە سەرکەوتنە دیمۆکراسییە شەرەفمەندانە کاری کردبێت و نرخی بزانێت و لە سەری بەردەوام بێت.
واتە بەرهەم بوو بە سەرۆکێکی گەنج، خوێندەوار، زیرەک، زمانزان، زۆرزان کە هەموو دەرفەتێکی هەبوو خۆی بێت و خۆسەلمێنەر بێت و عێراقخواز و کوردستانپەروەر بێت لە هەمان کاتدا، گەوادی کەس نەبێت و هەر پەڵەیەکی رابردووشی هەیە بە کاری چاک سپی بکاتەوە.

( 2 )
تاڵەبانی و بەرهەم
جەلال تاڵەبانی دیل و ڕەهنی بنەماڵە بوو: چونکە بەدەست ئەوان بوو بیکەنە سەرۆک یا بیڕوخێنن ئەویش چونکە ئەوەندە کورسیی بەلاوە گرنگ بوو، هەرچی پرینسیپ و مۆرالە فڕێیدا، هەموو باشووری قەبەڵی بنەماڵە کرد و پیاوە گەندەڵ و بۆشنبیرەکانی خۆشی بەرەڵا کردن، بە ئاشکرا یان بە نهێنیی، مونافەسە بکەن لە بازاڕی مافیایی نەوت و داگیرکاریی خاک و ژنکوشتن و خۆفرۆشتن بە بنەماڵە. ئەمە بە زەقترین شێوە لە مەهزەلەی ڕێفراندۆمەکەدا خۆی دەرخست.
بەرهەم وەک سەرۆکێکی سەربەست و سەربەخۆی عێراق، بێمنەت لە بنەماڵەی بارزانی، دەرفەتی زێرین و توانست و دەسەڵاتی دیمۆکراتی سەنگینی هەبوو کۆتایی بەم مەهزەلەی خیانەت و خوێن و گەوادییە بێنێت. ئەمە گەر وەک وتم گەر بیویستایە و شێلگیر بایە ئەو کەسێتییە مەرکەزییەی خۆی وەک پیاوی خۆی و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ڕەوای [ئیستیحقاقی] دیمۆکراسی پەرلەمانی عێراق بپارێزێت. بەرهەم دەیتوانی ببێتە یەکەمین سەرۆککۆماری عێراق کە خاوەنی کەسێتیی و ڕۆشنبیریی و ستایلێکی دیمۆکراسیی و دیپلۆماسیی نوێی بەرهەمی خۆیەتی و رێزی یەکەمجار خەلكی خۆی کورد و ئەوسا عێراق و دنیا بەدەستبێنێت.

( 3 )
دوو ئیدارەیی باشتر بوو
بەرهەم و گەنجە ڕادیکالەکان و پێشمەرگە هێشتا نیشتمانپەروەر و کوردایەتییخوازەکانی یەکێتیی دەیانتوانی و دەتوانن هەتا ئەگەر دوو ئیدارەییش دابێتەوە، کە زۆر باشترە، بە گەوادخانەکەی ئەردۆگان لە هەولێر ڕازی نەبن و ڕێگا لە بنەماڵەکەی خۆشیان بگرن لە سیستمی بنەماڵەییدا بەشدار بن و تۆزێ شەرەف و کەرامەت بۆ خوێنی شەهیدان و یەکێتیی و بۆ سیاسەتی باشوور و بۆ بیری کوردایەتی و کوردستانیزم بگێڕنەوە و سنووریکێش بۆ گەوادیی بۆ تورک و ئەردۆگان دابنێن.
وەک سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم هەموو دەرفەت و ‌وەرەقەیەکی سیاسیی بە دەستەوە بوو ئەمە بکات. باش دەیناسم و دەزانم گەر بیەوێت ئەو گەمە دیمۆکراسییە دەزانێ چۆن بە پراگماتیزمێکی ڕێزدار و کەسێتیی و کەرامەتی خۆ پارێزەوە، ئەو وەرەقانە بەکاربێنێت. دەربارەی دوو ئیدارەییش باشترین ئیدارەی سلێمانی ئەو کاتەبوو کە دوو ئیدارەیی هەبوو – و خودی ئەو بەرهەمە سەرۆک وەزیرانی زۆنی سەوز بوو، و کاک عەدنان موفتیش جێگری بوو، گەرچی داهاتی ئەوسا دەگمەن بوو، بەلام باش بەکار دەهێنرا و ئیدارەکە کارا بوو. هەر نەبێ کەرامەت و کوردایەتیی شار پارێزرا بوو.

( 4 )
بافل تاڵەبانی
بافل تاڵەبانی گەرچی پاشخانی قانوونیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی سنووردارە و هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نییە [ مادام گەوادخانەکەی دەسەلاتی باشوور دەستووری نییە هیچ گەوادێک شەرعییەتی نییە]، بەلام وەک کەسێتییەکی گەنجی خاوەن ئیرادەیەکی جیاواز دەرکەوت. لە نێو هەموو حەشاماتی نیفاق و هیستریای خەڵک هەلخەلەتاندنی مەهزەلەکەی ڕیفراندۆمدا، ئەو هەڵوێستی مەردانەی هەبوو، ویستی یەکێتیی و کەرکوک و کورد نەکاتە قوربانی ئەم موزایەدە ئاشبەتاڵییەی بنەماڵە، بەلام وەک پێشتر وتم تاڵەبانی باوکی ساڵانیک بوو مەیدانەکەی بۆ خیانەت و خۆفرۆشتن بە بنەماڵە و تورک والا کردبوو، نۆکەران و تابووری بنەماڵە لە نێو یەکێتییدا و ئاخری خودی بنەماڵەی بافل خۆشی، رێفراندۆمیان بە سەر سلێمانی و کەرکووکیشدا سەپاندەوە. دیارە لەو کێشە هەرە ستراتیجیی و چارەنووسسازەدا بافل نەیتوانی بەسەر ئیرادەی دایکیدا زاڵ بێت کە ئەویش ئاخری لە بەر خاتری بەرژەوەندی بۆگەنی بنەماڵەیی، لە مەلعەبەکەدا، ڕووزەردانە چووە بنباڵی بارزانییەوە.

( 5 )
بەرهەم و ڕێفڕاندۆم
بەرهەم یەکێک بوو لەوانەی باش دەیزانی ئەم گەمەیەی ڕیفراندۆم دژ بەو دەستووری عێراقەیە کە ئێستا مونافیقانە وەک کتێبێکی پیرۆز ڕێزی لێدەگرێت، گەمەیەکی تورکییە و دژ بە یاسای نێونەتەوەییە و پشتگیری جیهانی کورد و وەرەقەی سیاسیی گرنگی رێفراندۆم وەک چارەسەرییەکی یاسایی نێونەتەوەیی بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووس، لە دەستدەدا و کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدۆڕێ و کارەسات بۆ کورد دروست دەبێ. بەڵێ باش باش باش ئەمانەی دەزانی. بەلام وەک عادەتی خۆی کە مەبەستی تەنیا و تەنیا کورسی سەرۆکایەتی بوو، دەیزانی پێویستی بە پارتی و بە تایبەتی رازیبوونی بارزانیی دەبێت تا بۆ پۆستی سەرۆکی عێراق کاندید بکرێت. لەبەر ئەوە درۆ و ساختەیی وماستاوچێتیی بۆ ڕیفراندۆم و کارەساتدروستکردنی بۆ کورد و کەرکوک و کوردستان، لا لە پێشتر بوو لەوەی بێترس پشتگیری هەڵوێستی بافل تاڵەبانی بکات و ڕێگە لەو کارەساتە بگرێت و لەگەڵ عەبادی بگەنە رێککەوتن کە ڕازیبوو بە ئیدارەی هاوبەشی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم.. ئەوسا کورد دەیتوانی، وەک تەیموری ڕۆژەلات و باشووری سودان، چاوەڕوانی هەلومەرجی جیهانیی لەبار بکات تا ڕێفراندۆمێک بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتۆکان و بە پاڵپشتی ڕۆژاوا ئەنجام بدات. بەلام بەرهەمیش وەک هەموو ئەوانی تر تەنیا و تەنیا لە پێناوی ماستاوکردن بۆ بارزانییدا پەنجەکەی پێدا کرد، چونکە بارزانی گەورەترین کۆسپ بوو لە بەردەم تەمای سەرۆکایەتی بەرهەمدا و لە پێناو بە هیوای لابردنی ئەو کۆسپە، بەشدارییەکی تاوانکارانەی لە ئاشبەتاڵاندنی بنەماڵەییانەی کوردستانی دەرەوەی هەرێمدا کرد و دەیان شەهیدی یەکێتییان کردە قوربانی شەڕێکی ناپێویست، نائەخلاقیی، خەتەرناک، خۆتڕێن.

( 6 )
دووبارە هەڵویستی مەردانەی بافل تالەبانی
مەبەستم لە مەردانە هەڵویستی سەربەخۆ و پرینسیپدارە کە حیساب بۆ گەمەکانی هاوتایی هێزی بنەماڵەیی و گەندەڵیی ناکات. بە بێ پشتگیریی بە‌‌هێز و بە ئیرادە و پرینسیپانەی بافل تالەبانی، بەرهەم قەت نەیدەتوانی دوای جیابوونەوە یەکێتی ڕازی بکاتەوە و تەحەددای ئیمپراتۆریەتی بنەماڵە بکات و سووربێت لە سەر خۆپالاوتن بۆ سەرۆکایەتیی. بۆیە دەلێم مەردانە چونکە ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژووی حوکمداری باشووردا کە یەکێتییەک یان تاڵەبانییەک بیەوێ و بتوانێ تەحەددای بنەماڵە و هێزی تریش بلات. ئەمەش شتێکی کەم نەبوو.. بەلام ئەمجارە بە پێچەوانەی ڕێفراندۆم، بافل توانی بۆ ئەرکێکی بچووکتر و لە پێناو کەسێکی هەلپەرست و سووک و ئینتیهازیی و بێبەرهەمدا، دایک و پووری خۆشی بێدەنگ بکات. بەلام هیشتا لەبەر سیفەتی ئیرادە و تەحەددا، منیش لام کاریکی باش بوو مادام دەرچوون بوو لە ژێر هەژموونی بنەماڵە و هەر نەبێت لەم سەرەتایەوە گۆڕانێکی ڕاستەقینە و جێگەی هیوا بوو، دەکرا ببێتە سەرەتایەکی نوێ: سەرۆکێکی نوێی کۆماری عێراق، نوێنەری یەکێتی بە تایبەتی باڵە هێشتا تۆزێک نیشتمانپەروەرەکەی، نوێنەری کورد و خاوەنی پۆتینشیال ببێتە دەنگ و ڕەنگ و شانازیی کوردستانی گەورەش.. ئەمە دەکرا هەر سەرۆکێکی بەشەرەف بیکات، بەلام بەرهەم نا.. وەک هەمووان تەنانەت بەرامبەر [ گەورەترین کارەساتی لەشفرۆشیی نەتەوەیی] لە مێژووی جیهاندا کە لە شەنگال خۆکردانە ڕوویدا و جێنۆسایدی ئێزیدییەکان و هەڕاجکرنی ١٠٠٠٠ ژن و کچی کورد وەک کۆیلەی سیكس، ، بێدەنگ و بێسەنگ و بێڕەنگ بوو.

( 7 )
گوڵێکی سلێمانی یان گەڕێکی بەغدا
پێشتر وتم دووئیدارەیی نەتەوەیی نیشتمانپەروەری پاک لە یەکئیدارەییەک باشترە کە لە گەوادخانەیەکی تورکیی زیاتر نەبێت و بەرچاوترین بەرهەمی خیانەت و بانگهێشتکردنی سوپای تورک بێت بۆ داگیرکردنی خاک و شار و شەرەفی خۆت و بێقیمەتکردن و حەیابردنی کورد لە جیهان. ئەمڕۆ هەموو ڕۆژێک سیویەکی ئابە و مافیاکانی نەوتی یەکێتیی و گۆڕانیش دیارە ئاخری بوونە بەشێک لە ئاشبەتاڵەکان، سیویەکی ئابەکان، شەنگاڵەکان و ئەنفالەکان.
سلێمانی رۆحی کوردایەتیی و ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و شاری هەڵمەت و قوربانی بوو. هەر کوردێک تۆزێ کەرامەتی مابێت دەبێ هەوڵ بدات ئەو تایبەتمەندییە مێژوویی و کەلتووریی و نەتەوەیی و لیبرالیزم و ڕادیکالییە سیاسییەی سلێمانی بپاریزێت. گەر بەرهەم تۆزێ بیری لە بەرهەمی نەتەوەیی چاک بکردایەوە دەبوو بەو پەڕی شانازییەوە قبوڵی بکات ببێتە پارێزگاری یان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی تا لە پێشەوە لەوێوە نموونەیەکی جوان و ئیدارەیەکی باش و ئەزموونی تەکنۆکراتیی سیاسیی خۆی تاقیبکاتەوە و گیروگرفتی ژنکوژیی و گەندەڵیی و گەوادیی چارەسەر بکات و خزمەتی شار و خەڵکەکەی بکات و لەوێوە بەکاری چاک نەک بەڵێنی بێبەرهەم بنکەیەکی جەماوەری بەهێز و دڵسۆز بەدەستبێنێت و بۆ باڵاتر کە -هیچ شتێ لە خزمەتی خەلکی خۆت باڵاتریش نییە، باڵ بگرێت. واتە گەر کوردی ساغ و ڕۆلەیەکی پاکی خەمخۆر و خزمەتخوازی سلێمانی دەبوو، دەبوو هەموو دەم پۆستی پاڕیزگاری سلێمانی لە سەرۆککۆماری عێراق لا بە نرختر و شەرەفمەندانە تر بێت.. خۆ لە هەرای کاندیدکردنیشدا دەشیتوانی سەربەسەرە بکات و پۆستی سەرۆکایەتی بۆ پیاوە زەلیلەکەی بنەماڵە بەجێبێڵێت و ئەو پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم وەربگرێت و لەم ڕێگایەوە زیاتیر خزمەت بە کوردستان بکات. بەلام.. نا.. نا.

( 8 )
بەرهەم وەک سەرۆککۆماری دیمۆکراتی بەڕێزی عێراق
کە بەرهەم سەرۆکایەتییەکەی بە چەند سەفەرێک بۆ دەرەوە دەستپێکرد و یەکەمجار تورکیا و قەتەری لیدەرهاویشت، سەرسام مام: بلێی ئەو بەرهەمە ئاخری گرنگی ستراتیجی و سیاسیی پلەی ئێستای بزانێ و مەردانە بیربکاتەوە، بڵێی ئەمە پەیامێک بێت بۆ ئەردۆگان کە وەک سەرۆکیکی سەربەخۆ و مەرد و بە ئیرادە کار دەکات،و حکومەتی عێراقیش ڕازی دەکات و تا هێرشەکانی بۆ باشوور و پیلانە داعشییەکانی نەوەستێنێت نایەوێت پێوەندی هەبێت.؟
دوایی کە یەکەم سەفەری کرد بۆ تورکیا و بۆ لای ئەردۆگان، بەرهەم وەک سەرۆکێکی عێراقی دیمۆکراتیی بەرێز ڕۆیشت. ئەو دیارە وەک هەر سەرۆکێكی کورد کوردبوون و باسی پرسی کورد و برینەکانی نەتەوەکەی، بە نوقسانیی دەزانێت. بەلام ئەمە شتێک نەبوو لەو سەفەرەدا ئەو نیگەران بکات، ئەو دەیتوانی بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرەی کوردبوون نەدات و وەک سەرۆکیکی دیمۆکراتی سەربەرزی عێراق، بەڵێ عێراق، عێراقی عەرەب، و بەناوی پاراستنی یەکێتیی و سەروەریی عێراقەوە، قسە بکات. و لەمەوە دیفاع لە خاکی عێراق بکات دەیتوانی شتێکی سادە بڵێت کە هەموو سەرکردەی ولاتان بە شێوەیەکی ئاسایی دەیلێن و لە پێش چاوی ئەردۆگان و لە کاتی کۆبوونەوە رۆژنامەکەیاندا نەک هەر شەرم نەکات بەلکو بە جورئەت و باوەڕبەخۆبوونەوە بیڵێت: ئەویش ئەوە بوو.[[ وەک سەرۆکی دیمۆکراتی عێراق من دیفاع لە یەکێتیی و سەروەریی خاکی عێراق دەکەم لە بەر ئەوە هاتنی تورکیا و بووونی سەربازیی تورکیا لە ناو خاکی عێراق [ نەک کوردستان] ڕاست نییە و داوا دەکەم هیزەکانی بکێشێتەوە و کێشەکان بە ئاشتیی و داونستاندن چارەسەر بکات.]]
خۆ گەر تۆزێ غیرەت و کەرامەتی کوردبوون و کوردایەتیشی هەبووایە دەیتوانی بشلێت،
[ وەک مرۆڤ و کوردێکیش رای تایبەتی خۆم دەلێم: باشترە بۆ سەرۆک ئەردۆگان کوردەکان ئاشت بکاتەوە، ئاشتیی بنیاتبنێت، کۆتایی بە جەنگ و خوێن و توندوتیژی بێنێت. من دڵنیام سەرۆک ئەردۆگان ئەو حیکمەت و ئازایی یەی هەیە ئەمە بکات، با بە بەردانی دەمیرتاش و هەموو سەرۆکشارەوانیی و پەرلەمانتارە کوردەکان دەستپێبکات،، تا دەگاتە ئازادیی بۆ خودی ئۆجەلانیش،، کە هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا ڕێگەم پێبدرێت سەردانی بکەم!!!]
دەبوو بەلای کەمەوە داوای سەردانی دەمیرتاش بکات.
ئەمەی وتبا تووشی جەڵدە و سەکتە نەدەبوو. ئەمە دوور نییە لە ئەتەکێتی دیپلۆماسیی و ستایلی شەخسیی سەرۆکان.. ئەردۆگان وەک سەرۆکەکانی کورد لە باکوور نەیدەگرت و ئەشکەنجەی نەدەدا، دەسەلاتەکانی عێراقیش سەرۆکوەزیران و پەرلەمان چاریان نەدەبوو ئەوە نەبێت ڕێزی ئەم بۆچوونەی بگرن .بەرهەمی بێبەرهەم دەبوو بە گچکە پالەوانێک و جیگەی هیوا بۆ کورد و گەر دەریشبکرابایە ئەوە شانازیی ئەبەدیی دەبوو بۆی. تاڵەبانی سەرۆکایەتییەکەی چی پێکرد و بۆ کوێی برد!! بۆ دەرس وەرناگرن دەسەلات و پلە و پایە فشەیە. و میراتێکی چاک و ئینسانیی بەجێبێڵن سەد قات چاکترە.
بەلام کە بەرهەم گەڕایەوە بۆ بەیانی تەیارەکانی تورک دەستیان بە هێرش و بۆمبابارانی باشوور کرد. ئەمە خۆی پەیامەکە بوو، میراتەکە بوو.

( 9 )
زمان و زەلیلیی جەستە.
ئەوەی بە تایبەتی لەم سەردەمی دنیای دیجیتالدا کە هەموو جوولە و جرتەیەک، هەموو خەندە و خرپەیەک، هەموو هەڵە و هەڵوێستێک دەبیتە دیمەن و بابەتی دنیای کۆگەیاندنی ئینتەرنێت، گرنگە کە سەرۆک و سیاسییەکان ئاگاداری ڕەوش و ڕەفتار و زمانی جەستەیان بن. کاتێ سەرکردەکانی وەک پۆتین و ترامپ و مێرکل و مارکۆن و مای پێکدەگەن، یەکەم جار سەرنجی ئەوە دەدرێت چٶن بەرامبەر یەکتر پێدەکەنن یان نا، چۆن تۆقە دەکەن، کام پێشتر دەست درێژ دەکات و ماوەی چەند سانیە دەستی یەک دەگوشن. زۆر جار ئاستی کەسێتیی و کەرامەتی کەسەکان هەر لەو شتە وردانەوە دەردەکەوێت.
هەڵوێستی مەرد و نامەرد
لە لایەکی تریشەوە هەموو سەرکردەیەک نوێنەری خۆی نییە، بەڵکو نوێنەری هێزو کەرامەت و کەسێتیی و ئیرادەی گەل و ولاتەکەیەتیی. و گەر مەردێکی بە شەرەف و زانا بێت، ئەو هەستیارە ناسکەی دەبێت کە هەرچی دەیڵێت، دەیکات، چۆن ڕەفتار دەکات، تەنانەت زمان و جووڵەی جەستەشی چاودێریی دەکرێت و لە سەری حیساب دەکرێت. ئێران چل ساڵە لە ژێر یاسای سزادان و گەمارۆی ئابووریی دنیا دایە و پشتی ئابوورییەکەی شکاندووە و دەرچوون لەمە گەورەترین سەرکەوتن دەبێت بۆ ڕێبەرانی.. بەلام ئاخوندەی دیناسۆریش، لە سەر حیسابی کەرامەت و ڕووشاندنی کەرامەتیی ئیرادەی سەربەخۆی ئێران قبوڵی ناکەن. گەورەترین سەرۆکی دنیا ترامپ یەکێک لە سەرۆکی دەوڵەتە هەرە مەزن و دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکانی دنیا سەرکوەزیرانی ژاپۆن بۆ ناوبژی بۆ لای ڕیبەری ئێرانی خامەنەیی دەنێرێ و نامەیەکی تایبەتی خۆی پێدا دەنێرێ.. دەبێ خامەنەیی چۆن ڕەفتار بکات، بۆ شاگەشکە نەبێت، بۆ مێزەرەکەی بۆ [ئابی] فڕێ نەدات؟
ئاخری ئابی هەژار، سەرەکوەزیرانی ژاپۆن، بە ئەدەبەوە دەیدرکێنێ نامەیەکی لە ترامپەوە بۆ هێناوە.. خامەنەیی بە کەرامەتێکی قوول و بە خاوییەوە دەڵیێ: نامەی پیاوی وا ناماقول وەرناگرم. ئابی هەژار لە تەریقییا، لە پێش چاوی دنیا. نامەکە لە پێشخۆی هەلدەگڕێت و لە بنقوونییدا دەیشارێتەوە! [وێنەکە]
شتێکی تر لە سەرکردانی خاوەن سەنگینیی و شەرەف ئەوەیە کە گفتوگۆکانیان بە ئاشكرا و لە بەر چاوی تەلەڤزیۆن دەکەن. سەرکردە مەردەکان لە بەردەم تەلەفزیۆن و دنیادا ئیرادەی خۆیان بە ئاشکرایی و ڕووندیاریی نیشان دەدەن. دەتوانی ژووانەکەی ئابیی و نامەکەی بنقوونی بە ڤیدیۆ و وێنە ببینی.

( 10 )
ئێمەش خاوەنی مەردترین و مەزنترین سەرکردەین
ئۆجەلان و دەمیرتاشی ئێمەش بەرزترین و پیرۆزترین سەرکرەدی ئەم سەردەمەی دنیان. نەک ئامادە نەبوون بچوکترین تەنازول بۆ داگیرکەری زاڵم بکەن، بەڵکو زیرەکانە گەورەترین زەبریان لە جەرگی وەشاند، و ئەمجارە بە ئیرادەی قایمی خۆیان، لە ئەستەمبول هەرەسیان بە ئەردۆگان و حیزبەکەی ‌هێنا و ئەوەتا ئیمامئۆغڵۆ یەکەم جار لە ئەستەمبول سەردانی هەدەپەی کرد و سەردانی دەمیرتاشیش لە زیندانەکەیدا دەکات.
گەرچی ئۆجەلان دیلە چونکە خاوەنی ئیرادە و شەرەف و دڵپڕ لە خۆشەویستیی ولاتەکەیەتی، لە هەموو گەوادەکانی باشوور ئازاد ترە، گەرچی دەمیرتاش دیلە، قۆندەرەکەی لە هەموو گەوادەکانی باشوور بە ئیرادە تر و لە سەری هەموویان بەرزترە، ئەو بۆ بەڵێنی بەردانی خۆی تۆزقاڵێکیش خەیالی نووچدانی نەکردەوە، دلێرانە تر نەڕاندی: تەختی فاشیست خاش دەکەین! ئەوانیش گوایە خاوەنی خاک و حکومەتن کۆیلە و ترسنۆک و نامەرد، بۆ دۆلاری خوێناوی خۆیان و خاک و خەلکەکەیان بۆ داگیرکەر هەڕاج دەکەن
کچێکی گەریلا بە ئیرادەی ولاتپارێزیی و ئازادیخوازییەوە سەر بە تانکەکانی دووەم سوپای ناتۆ شۆڕ دەکات.

( 11 )
سیناریۆیەکی خەیاڵیی و سینەمایەکی ڕاستەقینە
با بلێین پۆلەندا لە دەسەلاتی هیتلەر ئازاد بووە و جوولەکەیەک بە ناوی ئەبراهام بە سەرۆکی دیمۆکراتی پۆلەندا هەلدەبژێردرێت. هیتلەر کە چەند ساڵە خەریکی ئیبادەی جووەکانە و پلانی دیاری ئەوەیە هی پۆلەنداش ئیبادە بکات، ئەبراهام بانگهێشت دەکات. ئەویش قبوڵی دەکات دەچێت و یەکەم ژووان لەبەردەم هیتلەردا کڕنووش دێنێت و قبوڵی دەکات ببێت بە قاحبەی هیتلەر، گەر ئەمە وەک سیناریۆیەکی خەیاڵیش لای هەر جوولەکەیەک باس بکەیت، هەستی بریندار دەبێت، کەرامەتی دەڕووشێت و تووڕە دەبێت. ئەمە دوای 70 ساڵ لە جینۆسایدی جوولەکەش مەحاڵە.
ژووانی بەرهەم و ئەردۆگان لە هی سەرکردەیەکی جوولەکە و هیتلەریکی جوولەکەکوژ جیا نییە. ئەی چۆن بەرهەم بەرامبەر هیتلەرە کوردکوژەکە وەستا؟ ئەم وێستەرنەرە مۆدێرنەی شارەزای دیپلۆماسییەت و ئەتەکێت، زۆر زۆر راستگۆ بوو لەگەل خۆیدا، نەیتوانی درۆ لەگەڵ کەسێتیی جەوهەریی خۆی بکات:
تا توانی چەمایەوە! تا توانی سەری شۆڕ کرد و ئەردۆ وەک سەگێک لێیدەڕوانی. ئەمە لە بەردەم تەلەڤزیۆن و ڤیدیۆی دنیادا ڕوویدا. ئەی لە تاریکیدا نازانین؟ ئەوەندە دەزانین ئەردۆگان ئەوەندە تامەزرۆی بوو بوو کە خێرا بۆ سەردانی دووەم: تایبەتیی خێزانیی بانگی کردەوە. ئەمجارە هیتلەری کوردکوژ وەک ڕێزێکی تایبەتی لە سەرۆکە کوردەکە، لە کاتی سەردانەکەیدا، ئۆپەراسیۆنی [چەنگونینۆکی] مخالب ی ڕاگەیاند. هەر ئەو سەرۆکە مەردە هێشتا دڵدارانە لە تەنیشت ئەردۆگانەوە دەرۆێشت کە تورکیا رایگەیاند” 21 تیرۆرستمان لە باکووری عێراق لە ناو بردووە.. ئۆپەراسیۆنەکانمان لە باکووری عێراق بەردەوام دەبن و پەڕەیان پێدەدەین. تا دوا ئەشکەوت دەگرین! و هێرشی کاروانی دەبابەی تورک لە سەر ئەرز و تەیارە و درۆن لە ئاسمان، کوردستانی تەنیی. کورد مەبە حاشا، دیفاع لە عێراق و دەستووری عێراق بکە!
سەیری ڤیدیۆیەکان بکەن کاتێ بەرهەم و ژنەکەی لە تەنیشت هیتلەر-ئەردۆ پیاسە دەکەن.. باوەڕ بکەن هەر ئەوەتا لە خۆشیا باڵ ناگرێت! خەندە لە دەمە پانەکەیەوە وەک لیکی لەزەت دەبارێ. جووڵەی جەستەی بخوێننەوە زۆر لە نۆکەریكی سووک چرووک بچووک کەمترە و نامەوێ بەراستی بڵێم لە چی دەچێت .. گەر زیرەک بن و زمانی جەستە بخوێننەوە خۆتان دەتوانن بڕیار بدەن.
ژنانی کورد هەمیشە سەربەرز و شەرەفمەندن زۆر جار زیاتر لە پیاوەکان، من هیوام وابوو گوڵەباخ خان هەڵوێست وەربگرێت و وەک دایکێک بیر لە هەزاران قوربانی ئەردۆگان و وێرانکردنی شارەکانی باکوور و عەفرین و هیرشە دڕندەکانی باشوور بکاتەوە و ژنانە و زیرەکانە ئازایانە، ئەو دەرفەتە مێژووییە بەکاربێنێت و تفێک لە دەموچاوی هەردووکیان بکات و بە جێیان بێلێت..! ئەمە لە باشووری خەسیوی خیانەت و گەوادییدا لە زێدەڕۆیی و خەیاڵپلاو و موعجیزە دەچێت بەلام شێرە ژنانی باکوور لە پەرلەمانی داگیرکەردا و لە شارەوانییەکاندا و لە شەقامەکاندا و لە سەنگەرەکانی خوێن و قوربانییدا، دەیان کاری ئاوایان کردووە و لە زیندان و مەرگ و برسێتیی نەترساون.

( 12 )
هاتنەوەی چاوشۆڕانە بۆ هەولێر
هاتنەوەی سەرۆکی سووک و چرووک و هەمیشە خۆبچووککەرەوە بۆ هەولێر بۆ كڕنووشبردنەوە بۆ سەرۆکە ئەبەدییە گەورەکەی و بۆ دامەزراندنی سیستمی دەسلاتی بنەمالەیی ئەبەدیی سیویەکی-ئابیی و میهرەجانی خۆفرۆشتن بە تورک و بە ئامادەیی وەزیری دەرەوەی تورک، لە کاتێکدا تانک و تەیارەی تورک چیاو دۆڵ و دێهاتی کوردستانی بۆردومان دەکرد، بەرجەستەکردنێکی دیکەی ڕیسواکەرانە و خۆچووککردنەوەی ئەو زەلامە بوو. نۆکەریی بۆ بنەمالە و خەندە و مەدح و ماستاوچێتیی وەک باران لێدەباریی. دیارە ئەمە گەر تەنیا ماستاوچێتیی و کۆیلەیی بۆ بنەماڵە بووایە هێشتا هێندە بە ئازار نەدەوبوو، بەلام بۆ تەواوکردنی دروستکردنی تەوافوقێکی تورکیی و پیسترین خیانەتی نەتەوەیی بوو بۆ ئەتککردنی چیاکانی کوردستان بە هێنانی تۆپ و تانک و تەیارە و ئەرتەشی کلێتەشینی تورک بۆ داگیرکردنی چیاکانی باشوور ، ڕازیبوونی یان ناچاربوونی مەسعود بارزانیش کە هەم برازاکەی بە جێنشینی نابەدڵی خۆی قبوڵ بکات هەم بەرهەم قبوڵبکاتەوە، بە فەرمانی تورکیا و مەولود چاوشئۆغڵۆ بوو ئەگینا ئەو بە کەللەڕەقیی لە ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا ناسراوە و قەت رازینەدەبوو بەرهەم جاریکی تر پێی زەلیلیی و تەسلیمبوونیش بە هەولێردا بنێ و گەر مەرد بایە ئەویش پێویستی بەوە نەبوو. تەنیا بۆ ماستاوجێتیی و لە ئێستاوە ریگەخۆشکردن بۆ ماوەی دووەمی سەرۆکایەتیش و خراپترهیش نۆکەری بۆ تورک و ئاسانکاری بۆ نەخشەی داگیرکردنی باشوور ئەم [گەمە دیپلۆماسییە عەبقەریانەی] ئەنجام دا. خۆفرۆشانی باشوور بۆ مەشغوڵکردنی خەلک بە تایبەتی لە کاتی فشە هەڵبژاردنەکاندا، هەر شەڕەسەگێک و تۆمەت و یەکتر نە خوێندنەوەیەکو یەکتر تاوانبارکرب بە خیانەت بکەن [وەک دوای 16ی ئۆکتۆبەر و کاتی هەلبژاردنەکان؛ ئاخری هەموویان لە میهرەجانی جاشێتیی وخۆفرۆشیی بە داگیرکەردا یەکدەگرنەوە. ئەمە تاکە تەوافوقێکی ستراتیجی ڕاستەقینەیە لە نێوانیاندا. رۆژگاری خیانەت و بێدەنگیی و پاشدەرەیی یە.

( 13 )
ئایا کەسێکی خاوەن شەرەف لە ناو یەکێتییدا ماوە؟
جاران دەنگی دلێر ومەرد لە ناو یەکیتییدا هەر هەبوو. لە شەڕی کۆبانێدا یەکێتی دەورێکی مەردانەی هەبوو. لە جینۆسایدی شەنگالیشدا لەگەل کەمی ژمارەشیان، پێشمەرگەی یەکێتی شەڕی کرد و شەهیدی دا.
ئەم بێدەنگییەی ئێستا، ئەم خۆفرۆشییەو خۆڕووتکردنەوە بەکۆمەڵییە بۆ تورک، ئەم کەڕبوونە لە بیستنی گرمەی تەیارە و تانکەکانی تورک، خەتەرناکە. دەترسم ئاخری بێبەرهەم بەرهەمەکەی چنیبێتەوە، دەترسم بافل و مافل و هەموو نیشتمانپەروەارنی یەکێتیشی بە زمانە لووسەکەی رازیکردبێت کە بۆ پاراستنی پیترۆدۆلارەکانی نەوت و دەسەڵاتی دزیی و داگیرکاریی مافیانەیان، بە بێدەنگیی و ویژدانئاسوودەیی خۆیان ڕووت بکەنەوە و بەشداری میهرەجانی خوێن و خاک و خۆفرۆشتن بە تورک بن
بەڵام ئەی سلێمانی، ئەی ڕٶلەی سلێمانی خۆ تۆ نەمردووی، ڕاپەرە دە ڕاپەرە، ئەی ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، ئەی قەلادزەی سەنگەری پێشەوە و دوایی کوردایەتیی و شەرەف، ڕاپەڕن دەی راپەڕن بەر لەوەی شەنگالێکی نوێ بگاتە ناو ماڵومنداڵەکانتان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت