بورهان شێخ ڕەئوف: داخستنى بنکەو بارەگاکانى حەشدى شەعبى هەنگاوێک بە ڕێگاى ڕاستدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو فەرمانە دیوانییەى کە دکتۆر عادیل عەبدولمهدى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى ناوەندى عێراق بە ژمارەى 237 لە 1 /تەموزى 2019 دا تایبەت بە ڕێکخستنى کارو چالاکییەکانى هێزەکانى حەشدى شەعبى دەرى کرد هەرچەندە هەنگاوێکى دروستە بە ڕێگاى ڕاستدا بەرەوە کۆکردنەوەى هەموو چەکەکان لە دەستى دەوڵەتدا، بەڵام لە هەمان کاتدا مایەى نیگەرانیشە بۆ هەندێک لایەن و ناوەندى بڕیارو هێز.

لایەنە گرنگەکانى فەرمانەکەى عەبدولمهدى :
1- فەرمانەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو هێزو تاقمەکانى حەشدى شەعبى بەشێکن لە سیستمى بەرگرى و هێزە چەکدارەکانى عێراق و دەبێت لە ژێر فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزەچەکدارەکاندا بن بە گوێرەى ئەو یاسایاییەى کە ئەنجومەنى نوێنەران دایڕشتووە.
2- فەرمانەکە پێداگیرى لە سەر ئەوە کردووە کە سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى لە لایەن فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانەوە واتە سەرۆکوەزیرانەوە دیارى دەکرێت.
3- بە گوێرەى فەرمانەکە هەموو ئەو ناوانەى کەلەو هێزانەى حەشدى شەعبى نرابوون لە کاتى شەڕى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى داعشدا هەڵدەوەشێنرێنەوە و ناوى سەربازىیان لێدەنرێت و هەموو فەرماندەو ئەندامەکانى پلەى سەربازى وەکو سوپاى عێراق وەردەگرن.
4- لەسەر فەرماندەو ئەندامانى حەشدى شەعبیە کە هەموو پەیوەندییەکى سیاسى بە حزب و ڕێکخستنەکانیانەوە ببچڕێنن.
5- ئەو لایەنانەى کە پەیوەست نابن بە سوپاو هێزەچەکدارەکانى دەوڵەتەوە دەبێت ببن بە لایەن و حزبى سیاسى و پابەند بن بە ساى حزبە سیاسیەکانەوە.
6- ئەو لایەنانەى کە کارى سیاسى هەڵدەبژێرن نابێت بە هیچ شێوەیەک چەک هەڵبگرن بە مۆڵەتى فەرمى دەوڵەت نەبێت بۆ پارێزگارى بنکەو بارەگاکانیان.
7- فەرمانەکە هەمو و ئەو هێزانەپابەند دەکات کە هەموو بنکەو بارەگاکانیان لە ناو ەو دەرەوەى شارەکانیشدا دابخەن و لە گەڵ نوسینگەى دارایى و خاڵەکانى پشکنینى تایبەت بەو هێزانەش.
8- بە گوێرەى فەرمانەکە هەرتاقم و گروهێک بە ئاشکراو نهێنى کارێک یان چالاکییەک بکات پێچەوانەى ئەم فەرمانە بە تاوانبارو یاخى و تێکدەر دەناسرێت و لێپێچینەوەى یاسایى لە گەڵدا دەکرێت.
9- ئەم فەرمانە حەشدى عەشائیریش دەگرێتەوە کە تاقمێکى عەشائیرى سوونین کە دواى حەشدى شەعبى دامەزرێنران و هەر تاقم و گروپێکى تریش لەم شێوە بێت هەمان یاساو فەرمانیان بە سەردا دەسەپێت.
10- فەرمانەکە تا 31/7/2019 ى وەکو دوا مۆڵەت بۆ هەموو ئەو تاقمانە دیاریکردووە کە پابەند بن پێ یەوە.
لە یەکەم کاردانەوەدا موقتەدا سەدر کە یەکێک لە سەرکردە دیارو خاوەن پێگەى شیعەکانەو هەروەها ڕابەرى فراکسیۆنى سائرونە کە لە دوا هەڵبژاردنى عێراقدا 2018 یەکەم دەنگى هێنا دەستخۆشى لە عەبدولمهدى کرد و بڕیاریدا تاقمەکەى خۆى کە بە سەرایا سەلام ناسراون دەستبەجێ فەرمانەکە جێەجێ بکەن ، لە هەمان کاتدا نیگەرانى خۆى لەوە پیشاندا کە لەوانەیە ئەم فەرمانە بە تەواوى جێبەجێ نەکرێت .
پێویستە ئەوەش بڵێین حەشدى شەعبى ساڵى 2014 بە فتواى ئایەتوڵا سیستانى مەرجەعى شیعەکانى عێراق هاتە دامەزراندن لە دواى ئەوەى چەکدارەکانى داعش سێ یەکى خاکى عێراقیان داگیرکردو تا نزیک دیوارەکانى بەغدادى پایتەخت هاتن و هەڕەشەى توندیان لە شیعەو مەزارە پیرۆزەکانیان دەکرد.
بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانى گەلى عێراق و بە تایبەتى سوونەکانە لە شەڕى داعشدا دەستدرێژى و پێشێلکارى زۆر لەلایەن ئەم هێزانەى حەشدى شەعبیەوە تۆمارکراوە لە ناوچە سوونە نیشینەکاندا و دواتر و تائێستاش ڕێگرى دەکەن زۆرێک لە سوونەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵى خۆیان بە تایبەتى لە ناوچەکانى پشتێنەى بەغدادو پارێزگاى دیالە .
بە هەرحاڵ ئەگەر عەبدولمهدى لەم هەنگاوەو تاقیکردنەوەدا سەربکەوێت ئەوا دەستکەوتێکى گەورەیە و دەستى واڵا دەکات بۆ ڕیفۆرمو چاکسازى و شەفافیەت و یەکلاکردنەوەى دۆسیە زەبەلاحەکانى گەندەڵى کەئەم میلیشیاتانە بەکاردەهێنران بۆ خۆشاردنەوەو خۆ دزینەوە لە سەروەرى یاسا .
لە کۆتاییدا ئەم فەرمانەى عەبدولمهدى بڕیارێکى شارستانى و نیشتمانى یەو هەرچەند بە فشارى ئەمریکیەکانیش بێت، بەڵام هەموو شەقامى عێراق پشتیوانى لێدەکات و بە تایبەتى پێویستە لە سەر پێکهاتەکانى ترى عێراق بە تایبەتى سوونەو کوردو تورکمان و کەمینەکانى تر پشتیوانى تەواو لەم فەرمانەگرنگە بکەن چونکە بوونى هێزى چەکدارى تائیفى وەکو بۆمبێکى تەوقیت کراو وایە هەر چرکە ساتێک بۆى هەیە بتەقێتەوەو کارەساتى گەورە بۆ گەلانى ترى عێراق بە تایبەتى ئەوانەى کە شیعە نین، چونکە پەروەردەو ڕێکخستنى ئەمان ناوەڕۆکیکى تائیفى هەیەو کردەوەکانى ساڵانى رَابردوو ئەوەى پیشانى هەمووان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت