فریدریک جەیمسۆن: ئۆروپا و ئەوانەى تر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە تورکییەوە: یوسف عزەدین

بێگومان خۆدان لەمەسەلەى ئۆروپا و باسکردنى، پانتاییەکى بەرفراوان داگیر دەکات. چونکە هەر لە ناکاو دەیان بیرۆکە بە مێشکى ئینساندا گوزەر دەکات، بەڵام من هەوڵدەدەم لەباسەکەمدا زۆر پەل نەهاوم و لە سنوورێکدا بیهێڵمەوە.
سەرەتا ئاماژە بەچەند سەر دێڕێک دەکەم، کەدواتر لە یەکانگیرى وتارەکەدا پێکەوەیان گرێ دەدەم. ڕەنگە وا هەست بکەن، بابەتەکان دابڕاو و پەرتەوازەن، بەڵام تەوەرە سەرەکییەکە وێکیان دەخاتەوە.

1- چەند بیرۆکەیەک سەبارەت بەیەکێتى ئۆروپا.
2- مەرکەزیەتى ئۆروپا و کەسایەتى ناسیۆنال و نۆمینالیزم.
3- ئەو ئۆروپایەى ئەوانەى تر نایبینن.
4- سەبارەت بە مۆدرێنیزمى ئۆروپا.
5- سیاسەت و کلتوورى ئەمڕۆى ئۆروپا.

چەند ساڵێک لەمەوپێش، کە بە سەفەر چوومە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا، هاوڕێیەکم کە خەڵکى سەنگافور بوو. به‌ منى وت: ” هەر دەڵێى ئۆروپایین، تەنیا کلتوور و ئایین و زمان و داب و نەریتمان جیاوازە، لە ڕووى سیاسیشەوە گچکە دەوڵەتێکى سەربەخۆین، بەڵام خەڵکەکەمان کوێى بووێت، دەتوانێت سەفەرى بۆ بکات و بۆى بچێت. زۆرێک لەخەڵکەکەى دەوروپشتى خۆمان، بەکەس و خزم و دۆستى خۆمانیان دادەنێین، گەرچى هەمووشمان دەزانین، ئێمە لەهیندستان و چین و ئوستورالیا جیاوازین”.
ئەمە سەرەتایەکە بۆ گشتگیرکردنەوەى بیرۆکەکانم سەبارەت بە ئۆروپا، لەلایەکى دیکەشەوە دەزانم، ئەو ئینسانانەى کەلەدەرەوەى ئۆروپادان، بەزەحمەت لێم تێدەگەن، چونکە ئەوان پێیان وایە، ئۆروپا لەسەر بناغەى لێکچوون و هاوشێوەبوون دامەزراوە، لەکاتێکدا ئۆروپا لەسەر بناغەى جیاوازى دژەکان، بونیاد نراوە.
کەسێک لەهەر شوێنێکى ئۆروپادا بێت، دەتوانێت”لیبنیز” بهێنێتەوە ژیان، لیبنیز ئەو نووسەرە ئەڵمانییە بوو، کەبەفەڕەنسى دەینووسى و له‌گه‌ڵ ئینتەلکتوێلە ئینگلیزەکانیش، هەردەم دەمەتەقێى بوو. هەر بۆیە بۆتە سیمگەى هەر ئۆروپاییەکى ئینتەلکتوێل، ڕەنگە زیاتر وەک سپینۆزاى دژە هیگڵ حیسابى بۆ بکرێت، چونکە ئەو زیاتر دەیتوانى بەرگرى بکات.

“کۆنژى” یەکێک بوو لەو کەسانەى کە هێندەى بە”دێلوزا” موعجیب بوو، هێندەش بە لیبینیز، دیارە هۆکارەکەشى ئەوە بوو، کەخۆى بەنوێنەرى ژاپۆنیا دەزانى.

بەڕاى “کۆنژى”، مۆنادۆلۆژى “لیبینیز”، ڕەنگدانەوەى بونیادى ئۆروپا بوو. هەر مۆنادایەکیش لەنێو خۆیدا دنیایەکى گشتگیرە، (بەپێى تێڕوانینى ئەو، هەموو ئەوانەى دیکەش دەگرێتە خۆى). شایانى باسە ئەم مۆنادایانە سیستمێک نوێنەرایەتیان ناکات، بەڵکو لە هاوکاتییەکى زەمەنیدا پێکەوە هەڵدەکەن و دەژین. هەر مۆنادایەکى ناسیۆنالیستى بەشێوازى خۆى، گوزارشت لەیەکگرتوویى ئۆروپا دەکات و هەر ئەمەشە دەبێتە مایەى یەکگرتنیان، کەناکرێت بەکۆنفیدراسۆن، یان یەکێـتى، یان هەر شێوازێکى دیکە کەلەئێستادا باوە، ناوى بنێین، چونکە ئەوەى ئەوانى پێکەوە گرێ داوە پێوەندییەکى دیکەیە. ڕەنگە بەڕاى کەسانێک، ئەوەى ئۆروپا پێکەوە گرێ دەدات، هەبوونى میراتێکى کولتوورى هاوبەش بێت، ئەوەى کەمنیش دەمەوێت لەم وتارەمدا پووچەڵى بکەمەوە، ئەو بیرۆکەیەیە.
ئەگەر ئاماژەیەک بەگەشەسەندنى سروشتى فرانکۆمۆرێتى بدەین، نابێت پێمان وابێت، کە هەنگاوێکى بەرەو دوایە.. لەچاو ئەوەى داروین لەچەرخى نۆزدەدا تیوریزەى کرد، کەدیارە لەلایەن “گۆڵد” و کەسانێکى دیکەوە بووە جێى باس وگفتوگۆ.
تێڕوانینەکانیان لەڕووى تیۆلۆژیکییەوە نەبوو، بەڵکو خوێندنەوەیەکى ماتەریالیستى “داروین” بوو، سەربارى ئەوەى هەنگاوێکى بوێرانەش بوو.
مۆرێتى-ش یەکێک بوو لەوانەى کەتیۆرى گەشەسەندنى سروشتى کۆنى خستە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت لەئاست و بەهاشى هێنایە خوارەوە و ئەلگۆیەکى نوێى هێنایە ئاراوە، کەبەڕاى ئەوان مۆناداکان پووچێتییەکى ئیۆلۆکین، هەر میللەتێک زمانى لە میانى گۆڕانکارییەکانەوە نەختێک لەوى دیکە جیاوازە، هەروەک ئەوەى گەمە بەپێکهاتەکان کرابێت.
بەڕاى مۆرێتى، باشترین سیمگە بۆ ئەمە، تراژیدیاى بارۆکە (هەر لەشیکسپیر و لۆپیتان-ەوە، تا ڕاسیتى) و دواتریش ڕۆمانە بۆرژوازییەکان. بەو پێیە ئەزموونە نەتەوەییەکان، لەدەرەوە نەهێنراون.. تا لە ناوەوە گەراکانى بپیتێنرێت و دواتر بەچەشنى کۆڵۆنى زیاد بکات، چونکە هەریەکەیان بەجیا و ئازادانە گۆڕانى بەسەردا هاتووە، هەر بۆیە لێرەدا دینامیکیەتى نەتەوەیى و جیاوازییەکانى دەبینرێتەوە و دەکرێت ڕاڤە بکرێت. لە فەڕەنسادا هەر لەچەرخى نۆزدەیەمەوە بەهۆى کۆچکردن لەباشوورەوە بۆ باکوور، کۆمەڵگەیەکى هیگۆمۆنى پێکهات.
بەڵام مەبەستى بنەڕەتى ئێمە لەوەدایە کە”مۆرێتى” ئاماژەى پێدەکات، ئەویش هەر لە کلتوورى کۆن و دنیاى سیاسەتى “گوینى” و پایەى ئایینى پرۆتستانت، یان کاتۆلیکەوە کە تا ئێستاش ڕێزدارن، بەڵام ئەوانە بە مەبەستى دابڕاندنى پێوەندییە هیومانیستییەکان، پایەداربوون.
کاتێکیش بیر لەو پووچێتییە ئیکۆلۆژییە بکەینەوە، دەڵێین ئەى بۆ ئۆروپا ئازادە، کەلێرەدا دەکرێت ئەو وڵاتانەش بخەینە پاڵى کە سەردەمانێک کۆڵۆنیاى ئۆروپا بوون، وەک ئەمەریکاى لاتین و ئیسپان ڕەگەزەکان و دەوڵەتە کۆنەکانى ژێر دەستەى ئینگلیزیش.
جا ئەوەى کە زۆر کامڵ و گرنگە، تەوەرەى پەیوەست بوونى ئۆروپایە بەیەکدییەوە، ئەوەى تا ئێستاش باسمان لێوە نەکردووە، کاپیتالیزمە، هەر لەئیسپانیاوە بۆ هۆڵەندا و ئینگیلتەرا و زۆر پانتایى دیکەى لەدایکبوونى ئاسیا (کە بەڕاى “ڤالێرى” پڕۆجێکشنێکى گچکەیە)، تاقیگەى کاپیتالیزمە، مۆدێرنیزم دواتر هەموو دنیاى تەنییوە (لەڕاستیدا بەزەبرى چەک، ئیمپریالیزم له‌گه‌ڵ خۆیدا بردى و بڵاوى کردەوە). لەئێستاشدا گڵۆباڵیزم و جیهانگیرى، هەروەک مارکس ئاماژەى پێداوە، دوا قۆناغى کاپیتالیزمە، کە دنیا دەکاتە بازاڕى خۆى.
هەموو ئەمانە لەمڕۆدا ئێخەى مەرکەزیەتى ئۆروپا دەگرێت، کاتێک دەڵێین ئۆروپا شوێنى لەدایک بوونى کاپیتالیزمە، مەبەست لەوەیە کە ئۆروپا سەنتەرە؟
ئەمە ئاماژە پێکردنێکى شایستەیە، یان لەڕێى نایاساییەوە، کەسانێک لەمیانى گروپکارییەوە، خۆیان جیا دەکەنەوە؟ ئەمەش بەو واتایە دێت، کە ئۆروپا توانستى ئەوەى هەیە کە بەسەر ناوچەکانى دیکەى دنیادا زاڵ بێت و ببێتە گەورەو سەردارى خەڵکەکەى.
رەنگە ئۆروپا ئەو ڕایەى پێ پەسەند بێت، کە خەڵکانێک پێیان وایە، ئۆروپا لەڕووى تەکنۆلۆژی پێشکەوتووە و لەڕووى ئەنتەلەکتوێل و ئیکۆنۆمیکەوە، ناوچەیەکى بەدەسەڵاتەو بوێرە؟ کەواتە ئێمە تا ئێستاکەش، کاپیتالیزم و مۆدێرنیزم بەگەورەترین دەسکەوتى مێژووى مرۆڤ دەزانین، ئەگەر ئیمپریالیزم بێتە جێگەى کاپیتالیزم و توندوتیژى ڕەچاو بکات، ئەوە گۆشە نیگامان دەگۆڕێت و ناتوانین باس لەدینامیکیەتى ئیمپریالیزم بکەین و ئەو دەمە هەڵوێستێکى توند وەردەگرین و تەنیا ئەوەندەشمان لەدەست دێت، نەفرەت لەئیمپریالیزم بکەین. له‌گه‌ڵ ئەوەشدا ئەگەر تەنها دۆزەکە فراوانبوونى ئاستى کاپیتالیزم بێت، ئەوە ستایشى دەکەین، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو یاسا و ڕێسایە تێکشکاو ناتوانین لەمڕۆدا باس لەوە بکەین، کەلەسبەینێدا چیمان لێ بەسەر دێت.
لەو شتانەى کە لە کاپیتالیزمدا دەبێت ستایش بکرێت، زانستە ڕۆژئاواییەکانە، ناشزانین تەنیا بڵێین زانستە ڕۆژئاواییەکان، یان زانستە کاپیتالیزمەکان، چۆن بیر دەکەینەوە با بیر بکەینەوە، بەڵام دەبێت زانستەکان بە ئۆروپاوە بناسرێنەوە، شایانى باسیشە زانستەکانى ڕۆژئاوا، ئاتاجى کاپیتالیزمە، ئەى باشە زادگەى فەلسەفە و هزر و ئەو بیرۆکانەى کە دەکەونە دەرەوەى ئایینەوە، کوێیە؟! ئەمەش وەک نموونەیەک هەر لە کتێبەکانى هیگڵەوە لەباوەڕ بەیەک پەروەردگار لە مەسیحیەتدا و بیرۆکەکانى دەرەوەى ئایین، هەمووى ئۆروپایین و ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ گریکەکان؟ ئەگەر نەتوانین بیسەلمێنین کەوابووە، ئەوە دەتوانین بڵێین کە ئەسینا پایتەختى بازرگانى و ئیمپراتۆریەت و شوێنى فەلسەفە و هاتنە ناوەوەى پارە و بەکارهێنانى بووە، جگە لە دەزگاى ئینتەلکتوێل و فەلسەفە، دەتوانین بڵێین لەو کاتەوە تا ئێستاى ئێمە هاتووە.
جا نۆمینالیزەکان، پێیان وایە کە مۆدێرنیزمى برووسیا لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە وابەستەى ئایین نییە، دیارە ڕاوبۆچوونیشیان هەر لەوەندەدا سنووردار نییە، چونکە لەشوێنێکى دیکەوە هێرش دەکەنە سەر ئۆروپا و دەڵێن، ئۆروپا نە لەم کاتەدا هەیە و نە لە هیچ کاتێکیشدا هەبووە، پێیان وایە سەرەتا خێڵ و هۆزەکان لە ئۆروپادا هەبوون و دواتریش دەوڵەتى نەتەوەییان دروست کردووە، کە ئەمەش لەهەر شوێنیکى دیکەى دنیادا، هەر وابووە و هیچ جیاوازییەکى نەبووە، بەڕاى من لێرەدا پرۆگرامێکى نهێنى هەبووە، کە بۆ خۆى بیرۆکەى ئۆروپا بووە.
نۆمینالیزمەکان هێرشێکى ستاندارد دەکەنە سەر سیاسەت و سیستمى کاپیتالیزم و بەرانبەر بە فینۆمینێکى گڵۆباڵ دەوەستنەوە و پێیان وایە بوونى نییە و نەبووە، بەڵام من له‌گه‌ڵ ئەو ڕاوبۆچوونەى ئەواندا نیم، چونکە ئەگەر مەرکەزیەتى ئۆروپا هەبێت، ئەى چۆن دەبێت خودى ئۆروپا بوونى نەبێت؟ دەتوانین بەشێوەیەکى دیکە باس لەمە بکەین، ئۆروپا لەلایەن ئەوانەى ترەوە ناسراوە و هەر ئەمەشە بنەماى بابەتەکەم، کەپێم وایە دەبێت لەناوەوەڕا ئەنالیزەى ئۆروپا بکرێت، بەڵام با لەئێستادا واز لەمە بهێنین، چونکە دەبێت باس لەپێکدادانى فینۆمینى له‌گه‌ڵ ئەوى تردا بکەین، بەڵام ناڵێین ئەم فینۆمینییە زادەى خەیاڵە، شتێکى شەخسییە، ئەوەى کەدەیڵێین ئەوەیە کەدەبێت ئۆروپا لەنێوەندێکى فیکریدا جێ بکەینەوە.. بۆیە لەوەوە دەست پێدەکەم کەسیفاتە کەسایەتییە نەتەوەییەکانى نێو ئۆروپا چۆنن و چۆن بیرى لێدەکەینەوە، فەڕەنساییەکان هێندەى چینییەکان چەنەبازن، هەنگارییەکان خەمبار، یان خۆبەزلزان و لووت بەرزن، چیکییەکان لەچاو هەنگارییەکاندا نەرم و نیانن، ئەمە ئیدى بەو چەشنە ئیدامەى دەبێت.
لە ڕۆژگارێکدا لەڕووى سایکۆلۆژییەوە، ئەم شتانە شیکارى بۆ دەکرا، هەر توریستێک سەبارەت بە پۆلێن کردنى خەڵکانى ئۆروپا، کتێبێکى ڕێبەرییان پێ دەدا، لەڕاستیدا گەرچى ئەم جۆرە شتانە نەماون، بەڵام کە بیرى لێدەکەینەوە هەست بە شەرمەزارى دەکەین، چونکە ئەمە شتێکە لە سروشت و بایۆلۆژیەتى ئینسان بە دوورە و تەنیا میراتێکى لەپێشینەى مێژووییە، لەمڕۆدا و لەدنیاى گڵۆباڵ و میدیاتیکدا، بەرەو ئەوە دەچێت کەدنیایەک ستانداردى بۆ دابنرێت، هەر بەو پێیەش دەتوانین بڵێین ئەو شیکارانەى پێشوو، بەرەو لاوازى هەڵوەشان چوون. هەمیشە نۆمینالیزم دەیەوێت بمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى کە کەسایەتیمان ناچێتەوە سەر ئەتنیک و ئەو شتە عەجایبانە، بەڵام له‌گه‌ڵ ئەوەشدا شتێک لەو تایبەتمەندێتییانە هەر دەبینرێتەوە، بەتایبەت کاتێک له‌گه‌ڵ گروپێکى دیکەدا دەچیتە سەفەر.
دەبینین هەر گرووپێک تایبەتمەندێتى خۆى هەیە، ئەڵمانەکان تا بڵێى لووت بەرز و قسە ڕەقن، فەڕەنساییەکان هێندەى دانتێل بەناسکى هەڵسوکەوت دەکەن و کەسایەتییەکى تێکەڵ و پێکەڵیان هەیە( بەڵام ئەگەر پێچەوانەى ویستى هەڵسوکەوت بکەیت، خراپت بەسەر دێنن). ئیدى ئەم پۆلێنکردن و لیستەبەندییە کۆتایى نایەت، بەمەش ئێوە دەبنە نوێنەرى کەسایەتییەکى نەتەوەیى یان دەروونى تایبەت، بۆ نموونە ئەمریکییەک هەموو شتێک لەپێناو ئەمریکادا دەکات، ئەمەش دەبێتە یۆتۆپیایەکى ئیدیال، تەنانەت دەشتوانین بڵێین، یۆتۆپیایەکى زۆر خراپیشە، چونکە ئیتر تۆ لە نێوچاوانتدا نووسراوە، کە ئەوە بیت و ئەوى تریش وات دەبینێت.
سەرەتا “سارتر” دەیگوت”جوولەکەیەک”، دواتر (ئەوى دیکەشى وەک جوولەکە دەبینى) پاشان ئەوە دەسەلەمێنێت، کە لە ڕووى شوناسەوە خۆیشى جوولەکەیە، بۆیە لەمیانى ئەمەوە، دەبێت پرسیارى ڕەگەزپەرستێتى بخەینە ڕوو، تۆ بڵێى ئەوەى کە پێشتر باسمان کرد، لەگەڵیدا یەک بگرێتەوە یان جودا بێت. ڕاستییەکەى بە تەونێکى چنراوى ئاڵۆز دەچێت، کە دەبێت بەنێویدا ڕەت ببین، ئەمەش وامان لێدەکات کە بە خۆمان بێگانە بین و تا مەوداکانى ئەوى دیکە دەستنیشان نەکەین، خۆمان پێ دەستنیشان نەکرێت.
دەبێت پرسیارەکە زیاتر چڕ بکەینەوە، ئەگەر بیرکردنەوەیەکى نەتەوەیى یان ئەتنیکى کەسایەتییتان هەبێت، هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە! یان هەر تایبەتە بە ئۆروپا؟ جار جار وابیردەکەینەوە کەبڵێین: ( ئۆروپا دژ بەوى دیکەیە؟).
“هێنرى جێمس” یەکێک بوو لەو ئەمریکییانەى کەوا بیرى دەکردەوە، لەو سەردەمەى ئەویشدا زۆربەى ئەمریکییەکان هەروا بیریان دەکردەوە، تەنانەت بەشێکى زۆرى ئەنتەلکتوێلە کۆڵۆنیەکانیش هەر وا بیریان دەکردەوە. (هەر ئەمەش بوو، بووە مایەى ئەوەى ئیمپراتۆریەتى ئینگلیزەکان بکەوێتە بەردەم ئاستەنگێکى سەخت، دواتریش ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە).
لەمڕۆدا ئەم تێڕوانینە لەجاران لاوازترە، لەسەردەمى جەنگى سارددا، کەسانێک هەبوون ڕەخنەیان لە ناتۆ دەگرت، تا ئێستاش لەئەمریکادا کۆمپلێکسێکى گچکەکردنەوە هەیە و ڕاستە، بەڵام له‌گه‌ڵ ئەوەشدا سەبارەت بە ئەمریکا، ئەو تێڕوانینە کلاسیکییە نەماوە کە ئەمریکاى وەک وڵاتێکى وریا دەدایە قەڵەم، یان ئەو تێڕوانینەى کەپێى وابوو، ئۆروپا لەهەموو ئیش و کارێکى دنیا حاڵى دەبێت، بەڵام وەک دەزانین لە ئێستادا باس لەیەکێتییەکەى فەڕەنسا دەکرێت، نەک یەکێتى ئۆروپا.
لەمڕۆدا کولتوور و کەڵچەرى ئەمریکا پێگەیشت و دەتوانێت له‌گه‌ڵ ئۆروپادا هاوشان بێت، تەنانەت دەتوانین بڵێین لەمڕۆدا کولتوور و ئەنتەلکتوێلى باکوورى ئەمریکا زاڵە، تۆ بڵێى ئەمە وەڵامدانەوەیەکى یەکگرتنى ئۆروپا بێت؟ گەرچى چین و ژاپۆنیا و تەنانەت ئینگیلتەرەش شوێنێکى تایبەت و دیاریکەریان لەدنیادا هەیە.
سەبارەت بە سایکۆلۆژییەتى میللیش، پێویستە پارانتێزێکى بۆ بکەمەوە، چونکە دەمەوێت سەبارەت بەوە چەند شتێکى دیکە بڵێم، ڕەگو ڕیشەى هەم سەیر و هەم فێرکارییە، ئەوەى کە سەبارەت بە سایکۆلۆژییەتى میللیش لە پرۆگرامى نووسینەکاندا نووسراوە، دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانى نێوەڕاست و تایبەت بووە بەو سەرباز و بازرگانانەى کە ئەم وڵات و ئەو وڵاتیان کردووە، دواتریش هەر لەچەرخى شازدەوە بۆ نۆزدە، کولتوورى دنیا گۆڕانى بەسەردا هات و بەرەو پێش چوو.
ئەنتەرپۆلۆژیا تایبەتمەندییە میللییەکانى کردە، کولتوورێکى دنیایى، کە بەپشت بەستن بە ئایینەکان تایبەتمەندییە میللییەکان دەستنیشان دەکرا و وەک یۆتۆپیایەکى غەیرە نهێنى، کەوتە ڕاڤەکردنى پێوەندى نێوان مرۆڤ و کۆمه‌ڵ. “سامۆیل هینتیگتۆن” لە کتێبى” پێکدادانى مەدەنیەتەکاندا”، دنیا بەسەر پازدە یان دوازدە ئاییندا دابەش دەکات، ئینجا لێرەدا ئەوەى بەلاى منەوە سەیرە و وەک پرسیارێک خۆى دەسەپێنێت، تۆ بڵێى هەر لەبنەڕەتەوە ئەم ڕێبازە ئایینیانە لەکوێوە سەرچاوەیان گرتبێت؟ کە ئەمەش یان دەبێت لەڕێى پسیکانالیزە و پێکهاتەکانى کولتوورەوە ڕاڤە بکرێت، یان لەڕوانگەى میتافیزیکەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. “سارتر” پێى وایە هەر لەکۆنەوە مرۆڤ لەپێناو بەرهەمهێناندا پێویستى بە کۆمەڵکارى و هەرەوەز هەبووە، هەر بۆیە چەندان ئەفسانە و زۆر بیروباوەڕى پڕوپووچى هێناوەتە نێو خودى ژیانەوە. منیش وەک خۆم، ئەم بیروڕایەم پێ ڕاستە، چونکە تایبەتمەندییە کولتوورى و کەسایەتییەکانمان ڕەگوڕیشەیەکى دێرینیان هەیە و پەیوەستن بە ڕاهاتن و ڕام بوونمان بەرانبەر بە نەریتە کۆنەکان.
جا با سەبارەت بە ئۆروپا و ئەوى دیکەش شتێک بڵێین، بۆ نموونە ئاخۆ ئینگلیزەکان ئەورووپین؟ ڕاستییەکەى ئاشکرایە کە خۆیان پێ ئەوروپى نییە! لەکاتێکدا ئێرلەندییەکان، ئەوروپاى کاسۆلیکییان بەدڵە و جێگەى قبووڵیانە. شایانى باسە، تا ڕژێمى “فڕانکۆ” کۆتایى پێ هات، ئیسپانیا بە ئۆروپا نەدەزانرا، ئیدى پاش ئەوە مافى ئەوەى بەدەست هێنا، کە بێتە نێو یەکێـتى ئۆروپاوە. ئەگەر بێینە سەر باس و خواسى ئەڵمانیا، ئەوە دەبینین، “تۆماس مان” لەکتێبى :Apolitik- bir adamin düşünceleri
لەجێى خستنەڕووى تێڕوانینێکى نەتەوەییانە، زیاتر لە قووڵاییەکانى نەستییەوە، وەک کەسێک بەنهێنى و لێڵى، بەمەبەستى بەرجەستەکردنى بیروڕاکانى دەستى داوەتە قەڵەم و کتێبەکەى لەشێوەى مۆنۆلۆگێکى دراماتیکیدا داڕشتووە و ئەوەى خستۆتە ڕوو، کە ئەڵمانیاش لەنێو خۆیدا پارچەیەکى ئۆروپا نییە، تەنها لەپێنج پارچەى ئۆروپا و شارستانێتییەکەى، فەڕەنسا دەمێنێتەوە، (ئینگیلتەرەش تەنها کاروانسەرایەکى بازرگانییە)، لە کاتێکدا لاى ئەو ئەڵمانیا ئەمە نییە و ئاماژە بەشتێکى تر دەکات: کولتوور، قووڵبوونەوە، بەڕێوەبردنى ئۆروپاى ناڤین، ئیمەیجێکى فەنتازى بۆ هەڵدەبژێرێت، کە وەک ڕوحیەتى ڕووسى، شتێکى جودا و جیاواز دەبێت. ئینجا هەندێک نموونە هەن، کە ئۆروپا وەک کاراکتەر-ئیمەیجێک – یش دەخەنە نێو بازنەى بوون و نەبوونەوە، وەک چین و چەند شوێنێکى تریش. جێگەى سەرنجە کە بڵێین، ئەو ئەمریکایەى کە هەموو کەس بۆ پارە بەدەست هێنان و قازانج کردن ڕووى تێدەکەن، سڵ لەژاپۆنیاى مۆدێرنیتە دەکاتەوەو وەک دوژمنێکیش دەیبینێت، ئەمە جگە لەڤێتنام و تایوان.
ئەم بگرە و بەردەو قسە و باسەى کە لە مڕۆدا سەبارەت بە ژاپۆنیا لەئارادایە، یەکێک لەمێژوونووسە بەڕێزەکانى ئەڵمان، بەتوندى ڕەخنەى لێدەگرێت و دەڵێت:
( ئەمە چییە بەردەوام باس لە ژاپۆنیا دەکرێت؟ ئێوەى ئەمریکى له‌گه‌ڵ هەر ناو هێنانێکى ژاپۆنیادا، دەمرن و زیندوو دەبنەوە، بەڵام ئێمەى ئۆروپایى لەبوونى ژاپۆنیا، هەر ئاگاداریش نین، نە ئەوەیە بترسین و نە ئەوەشە خۆمانى پێوە سەرقاڵ بکەین).
لە زۆربەى ناوچە جۆراجۆرەکانى دنیادا، ئەو پێوەندییانەى کە لەنێوان بیرۆکە هاوبەشەکاندا بەرجەستە دەبن و سەرقاڵمان دەکات. ئۆروپا و ئەمریکایە.
ڕەنگە ڕاستتر بێت بڵێین، دەوڵەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، چونکە لێرەدا پرسیارێکى زۆر کلاسیکی خۆى دەسەپێنێت، بۆ لەئەمریکادا سۆشیال نییە؟ (سۆسیۆلۆگى ئەڵمان “وێرنەر سۆمبارت”، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا باسى لێوە دەکات)، بەڕاى من ئەمە هاوشێوەى ئەو پرسیارەیە کە ئۆروپا لە ئەمریکاى دەکات و پرسیارێکى تایبەتە بەجوداو جیاوازى ئۆروپا و ناهەموارى ئەمریکا، چونکە له‌وێ سۆشیال نییە و چ پرۆلیتاریا و چ بۆرژواکەى، سیاسەتێکیان نییە، ئەوەى کە وەڵامى ئەم پرسیارەش هێندەى دیکە سەختتر دەکات، ئینگیلتەرەیە، چونکە هێندەى ئەوەى ئۆروپا، ئەو دەخاتە دەرەوەى خۆیەوە، هێندەش ئینگلتەرە خۆى جیا دەکاتەوە، ئینگلتەرە زۆر نایەتە نێو سیاسەتەوەو زیاتر گرنگى بە بازرگانى دەدات، ئۆرستۆکراتییەت و جیاوازى نێوان چین و توێژەکانى، لەبەشەکانى دیکەى ئۆروپا ناچێت. تەنانەت لەڕووى فینۆمێنى کولتووریشەوە، دەتوانین بڵێین، کولتوورێکى باڵاى هێناوەتە بوون، لێرەدا زمانیش ڕۆڵى خۆى هەیە و زمانى ئینگلیزیش وەک زمانێکى هاوبەشى بازرگانى جیاوازییەکان ناهێڵێت و دوژمنێکى نامۆ بەخۆى دروست دەکات.
ئەگەر ئەم جیاوازییانەى نێو خودى ئۆروپا، لەلایەک جێ بهێڵین، دەبینین ئەمریکا وەک نموونەیەکى خراپ و دیسپۆتێکى حوکمڕان دەڕوانێتە ئۆروپا.
هەر بۆیە ڕەنگە زەحمەت بێت بزانین، هۆکارى کۆچکردنى ئۆروپاییەکان بۆ ئەمریکا چییە؟ تەنگەتاوى سیاسییە، یان پەیداکردنى پارە و دۆزینەوەى شوێنێکى کەم ئایدۆلۆژییە، یان ڕەنگە ڕاکردن بێت لەو بۆشاییە زەمەنییەى کە لە ئۆروپادا هەیە (بە حوکمى زۆر بۆ هێنانى ئەریستۆکراتى و پۆلۆتیکاى چینى کرێکار) کە ئەمریکا لەیەک کاتدا دەکاتە بەرهەڵستکار و کۆنفۆرمیست، بەربەرەکانێى دەوڵەتە گەورەکان، گونجانە له‌گه‌ڵ تابلۆکان، لەئەمریکادا هەر لەڕاستەوە تا چەپ، سەرجەم چین و توێژەکان لەکولتوورێکى ئەنتەلکتوێلدا کۆدەبنەوە کە هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نەفرەت لێکردنێ:ى ئەریستۆکراتیەتى ئۆروپایى و هەڵهاتن لێى. جا دەبێت هەر شتێک وەک “ڕینکە” گوتوویەتى: (لە نزیک خودایە).. بۆیە هەر شتێک بەدەر لەمەرکەزییەتى خۆى، بێ مەرکەزییەتەو دەکەوێتە دەرەوەى خۆى، ڕەنگە زۆر شوێنیش هەبێت بە مەبەستى بەدەستهێنانى مەرکەزییەت لەهەوڵدان و پەلکوتاندا بێت.
ئەم ئەنکێتە سایکۆلۆژییە، سایکۆجوگرافى کۆن کۆپى دەکاتەوە: وەک سێ خوشکەکەى چیخۆف، کە بەتاسەوە یادى مۆسکۆ دەکەنەوە. ئەمڕۆ ئۆروپا بەمەرکەزچێتى تاوانبار دەکرێت، لەکاتێکدا نەبوونى لە ئەمریکادا بۆتە مایەى باسکردنى میدیاکانى لە گڵۆباڵیزم، گەرچى ئەم بیرۆکەیەش وەک مەرکەزییەتێک دێـە پێش چاو، بەڵام لەڕاستیدا بیرۆکە نییە، هێندەى ئەوەى کە باوەڕێکى بوونگەرایە و پایە ئیکۆنۆمییەکان پشتگیرى لێدەکەن.
ئەم گۆڕانکاریانەى نێو خودى کولتوور جوانترین شتێکى ئۆروپایە، کە فرە کولتوورییە و هەموو وڵاتانى ئۆروپاش هەست بەم گۆڕانە دەکەن.
ئینگلتەرە زۆر دەمێکە لە مەسەلەکە حاڵى بووە، فەڕەنسا پاش جەزائیر و ئەڵمانیاش پاش زیادبوونى ڕێژەى تورک لەنێو خودى خۆیدا، زیاتر ئەم ڕاستییەى لا ڕوون بۆتەوە. ئیتالیاش هەر پاش کشانەوەى لە ئەفریقا، ئەو ڕاستیەى لا ئاشکرا بووە.
باشە دەتوانین بڵێین، ئۆروپاش وەک ئەمریکاى لێهاتووە؟ ئەمە شتێک نییە، کە نەشێت و نەکرێت. دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئۆروپا بەچەشنى ئەمریکا، “کولتوور- ستاندارد-ێکى” نییە و نەبۆتە دەزگا.
فرە کولتوورى بە پێچەوانەى کۆنە بیرۆکەى نا هاوچەرخى جوولەکەکانەوە، چاوى لە ئەمریکا کردووەو ئەوى کردۆتە نموونە، دەشکرێت بڵێین ئۆروپا لەڕووى ڕەگەزپەرستییەوە، نەرمترین ئەلگۆیە، بەڵام لاسایى کردنەوەى ئەمریکاش لەڕووى فرە کولتوورییەوە، لایەنى نێگەتیڤیشى هەیە، ئەویش ئەوەیە کە وەک ئەمریکا دەبێت بە تۆپزى فرە کولتوورى بسەپێنیت، گەرچى جیاوازى لە نێوانیاندا هەیە و بەدیش دەکرێت.
بەماوەیەکى کەم پاش ڕووخاندنى دیوارى نێوان هەردوو بەشەکەى ئەڵمانیا، چەند خەیاڵ و بیرۆکەیەکى ئایدیالیستانە پەیدا بوو، بەمەبەستى دەستنیشانکردن و خستنەڕووى جیاوازییە کولتوورییەکانى نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. هەر بۆیە بڵاوکراوەیەکى وەک :Liber internationale تەجاوزى چەشنە بابەتەکانى بڵاوکراوەکانى دیکەیان کردووە و بە ئاراستەى خستنەڕووى ئەو ڕاستییانەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کاریان کردووە.
_______________________________________
ژێدەر: Cogito*yapıkredı*istanbul”2004

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت