نەوزادى موهەندیس: ڕۆڵ و گرنگى کەرتى تایبەت لە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى وڵاتدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە هەموو کۆمەڵگایەک لە چین و توێژە جیاوازەکان پێکدێت، کە هەموانیان پێکەوە دەبنە موڵک و سەرمایەى کۆمەڵگا و هەریەکەشیان بە توانا و قەوارەى خۆیان بەشداردەبن لە گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەى کۆمەڵگا و وڵاتدا، هەر بۆیە هیچ چین و توێژێک بێ گرنگى و بێکاریگەر نامێنێتەوە، بەڵام چینێک یان توێژێک زیاتر لەوانى تر ڕۆڵ و کاریگەرى دەبێت کە ئەوەش کارێکى ئاساییە، بۆ نمونە لە چینە گرنگەکانى کۆمەڵگا کرێکاران و جوتیاران و دواتریش توێژەکانى پزیشکان و ئەندازیاران و پارێزەران و تەکنیککاران و کاسبکاران و خوێندکاران و ژنان و… هتد. کە هەموو ئەمانەش دابەشبونەتە سەر دوو کەرتى گەورە و فراوانى تر لە کەرتى گشتى (حکومى) و کەرتى تایبەت. کە ئەم دوو کەرتەش پێکەوە تەواوکارى یەکترن و پێکەوە دەتوانن ئیدارەى پڕۆسە فراوان و گشتگیرەکەى پێشکەوتن و گەشە و ئاوەدانکردنەوەى کۆمەڵگا و وڵات بدەن. بەتایبەتیش لەو سیستەمە حوکمڕانیانەدا کە پیادەى سیستەمێکى دیموکراسى و بازاڕ و ئابورى و بازرگانى دەکەن.
ئەوەى تێبینى کراوە لە وڵاتە پێشکەوتوەکانى دونیادا ئەوەیە،کە هیچ حوکمەتێک ناتوانێت بەتەنها پێڕابگات بە سەرپەرشتیارى و دانانى پلان و جێبەجێکردنى هەموو کەرت و بوارەکانى ژیان بەڵکو ئەرکى حکومەتەکان بریتیە لە دانانى پلان و دەرکردنى یاسا و دابینکردنى بودجە و دواتریش چاودێریکردنە، هەربۆیە بەهاوبەشى لەگەڵ کەرتى تایبەتدا کاردەکەن بۆ ئەوەى پلانەکان بەشێوەیەکى زانستى و پراکتیکى وسەرکەوتوو بێننە دى. نە کەرتى گشتى/ حکومى بەتەنها دەتوانێت هەموو کارەکان بکات نە کەرتى تایبەتیش دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر تەواوى جومگە و ئۆرگانەکانى ژیانى کۆمەڵگادا. چونکە هەریەکەیان کاتێک دەسەڵاتى تەواوى هەبوو شێوەیەک لە تاکڕەوى و خۆسەپێنى و پاراستنى بەرژەوەندیە تایبەتەکانى خۆى دێنێتە کایەوە و ئەوکاتیش پێدەچێت تەنها چینێک یان توێژێک یان زیاتر یان دەستەبژێرێک یان تەنها سەرمایەداران کە کەمترین ڕێژەن بە بەراوورد بە زۆرینەى خەڵکى گشتى سوودمەندببن لەداهات و سەروەت و سامانى وڵات.
بۆیەلە ئەنجامى بینین و مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو شێوازەکەدا ((سیستەمى تاکڕەوى و سیستەمى ئازادیەکانیش)) بە تاقیکردنەوە دەرکەوتوە کە هیچ کامیان بێئەویتر سەرکەوتنى گەورە وەدەست ناهێنێت.بۆیە لە کوردستانیشدا وەک هەرێمێکى دەوڵەمەند و خاوەن داهاتێکى زۆر و زەوەند و توانا لەبن نەهاتوەکانى مادى و سروشتى و مرۆیی،دەکرێت ئەم دوو کەرتە پێکەوە کاربکەن و تەواوکەرى یەکتر بن نەک دژ و ناحەزى یەکتر.خۆشبەختانەش لەدواى دامەزراندنى حکومەتى هەرێم و پیادەکردنى سیستەمى بازاڕو ئابورى ئازادەوە توانراوە گەلێک دەسکەوتى ئابورى گەورە لە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەى ژێر خانى ئابورى و بەرزکردنەوەى ئاستى گوزەران و بەرزکردنەوەى داهاتى تاک و کۆمەڵگا بەرزبکرێتەوە و گەلێک پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانى و ئەندازیارى لەسەرجەم بوارەکانى پیشەسازى و بازرگانى و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و ڕێگاوبان و نیشتەجێبون و کارەبا و ئاو و نەوت و گازى سروشتى و فەرهەنگ و ئەدەب و ..هتد. وەدیبهێنرێن کە پێکەوە هەموانیان سیماى وڵات و کوردستانیان جوانتر و ڕاوەزاتر کردوە ، گەرچى بێ کەموکوڕى و بێ گەندەڵى و بێ هەدەردان نەبوون و دەکرا گەر ئیدارەیەکى بەهێز و کەسانێکى شیاوتر و ئەکادیمى و متمانەپێکراو و خاوەن دەستپاکى و ئەمانەت کاریان بکردایە بەدڵنیایى دەسکەوتى زیاتر وەدیدەهات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کەموکوڕیانەشدا توانراوە سەرنجى گەلێک لەکۆمپانیا گەورەکان و حکومەتەکانى ناوچەکە و دونیاش راِبکێشرێت بۆ هەرێمى کوردستان و هەریەکە لەبوار و پسپۆڕى خۆیدا ئەسپى خۆیان تاوداوە و جێگە پەنجەى خۆیان دیاریکردوە.
بۆیە هەرکاتێک کەرتى حکومى و تایبەت هەمئاهەنگ و تەواوکەرى یەکتربوبێتن دەسکەوت و سەرکەوتن و کار و پڕۆژەى ناوازەى لێکەوتۆتەوە.بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە بۆ ئایندەش لەسەر ئەم سیاسەتەى خۆى بەردەوام بێت بەدانانى یاسا و ڕێنمایى و مەرجى دیاریکراو کە کارئاسانى زیاتر بکات بۆ هاوکاریکردن و هاندانى کەرتى تایبەت و ڕێگە بگرێت لە دیاردەکانى گەندەڵى و قۆرخکارى بازاڕ و بازرگانى و پاوانخوازى تەنها بۆ کۆمەڵ و گروپ و دەستڕۆیشتوەکان و بێبەشکردنى زۆرینەى کۆمپانیا و سەرمایەدارانى تر. هەروەها ئەرکى حکومەتە کە هەلى بەشداربوونى یەکسان و وەکیەکى بداتە هەموو کۆمپانیا و خاوەن سەرمایە ناوخۆیى و دەرەکیەکانیش بەبێ جیاوازى و لایەنگیرى، بەهەمانشێوە ئەرکى حکومەتە کە جەخت و پێداگیر بکاتەوە لەسەر مەرجەکانى سەلامەتى و کوالێتى بەرز بۆ هەموو کەرت و بوارەکان لە پێناو پاراستنى گیان و سەروەت و سامانى وڵاتدا. چونکە ئەو وڵاتانەى تەنها لەلایەن کەرتى حکومى و سیاسەتێکى داخراو و مەرکەزیەوە دەبرێن بەڕێوە بەبەراوورد بەو وڵاتانەى کە سیستەمى ئازادى ئابورى و بازاڕیان گرتۆتە بەر هەمیشە دواکەوتووتر و هەژارتر و وێرانتر هاتونەتە بەرچاو.چونکە لەکەرتى حکومیدا دیاردە زیانبەخشەکانى ڕۆتین و دواکەوتن و گەندەڵى و مەحسوبیەت و لایەنگ یرى بەدیدەکرێت و بونى یاسا و ڕێکارە یاسایى و داراییەکان و نەبوونى سیستەمێکى پێشکەوتووى دارایى و بانکیش هۆکارى ترن.
گرنگى و ڕۆڵى کەرتى تایبەت هیچى کەکتر نیە لەکەرتى گشتى، چونکە ئەم کەرتەش تایبەتمەندى و پسپۆڕى و ڕۆڵ و کاریگەرى خۆى هەیە، لە دۆزینەوە و دابینکردنى هەلى کار و نەهێشتنى هەژارى و بێکارى و کەمکردنەوەى هەڵاوسان و نەخوێندەوارى و پێشکەوتنى وڵات و کۆمەڵگا و دروستکردنى تۆڕێکى بەرفراوانى پەیوەندى ئابورى و تەنانەت سیاسى و فەرهەنگی و ئەمنیشدا،بەتایبەتیش لە دونیاى ئێستادا کە هۆکارەکانى پەیوەندى گەلێک پێشکەوتوون، ئەوا کۆمپانیا و کەرتى تایبەت دەتوانن ببنە نێوەندگیر و هۆکارى پەیوەندى دروستکردنى پەیوەندى نێوان حکومەتەکانیش و سنورە سیاسیەکان تێببەڕێنن و تەنانەت ململانێ سیاسى و ئەمنیەکانیش خاوبکەنەوە و ئاشتیش بەرقەرار بکەن و ئاوەدانى و پێشکەوتنى زیاتریش ببەخشنە کۆمەڵگا و وڵاتەکان.
ئاشکراشە کەرتى تایبەت لەگەڵ ئەو هەموو گرنگیەى کە هەیەتى بێ کەموکوڕى نیە و هەندێک جار چاوچنۆکى و تەماعکارى و خۆدزینەوە لە پابەندیە یاسایی و داراییەکان و گران بوونى نرخەکان و بازاڕ و کاڵاکان و قۆستنەوەى هەلەکان و تەنها حسابکردن بۆ قازانجى تایبەتى و زۆر جارانیش پێهەڵدەکێشن بۆ چەوساندنەوە و پێدانى کرێى کەم و کارى زۆرو نەبونى بیمەى بێکارى و تەندروستى و سەلامەتى کرێکاران و فەرمانبەراکانیشیان.
بەڵام بەشێوەیەکى گشتى هەمیشە دوانەى کەرتى حکومى و تایبەت دوو ڕووى دراوێک بونە و پێکەوە کار و دەسکەوتى گەورەیان بۆ مرۆڤایەتى بنیاتناوە.هەربۆیە هەق وایە لەهەرێمى کوردستاندا دامودەزگا حکومیەکان هێندەى بەچاوى ترس و دوودڵى و تۆمەتبارکردن و ناحەزى سەیرى کەرتى تایبەت دەکەن، نیوهێندە بەچاوى هاوکار و کارئاسانیکەر و یارمەتیدەر وێنایان بکێشن و دەستى هاوکارى و تەباییان بۆ درێژبکەن. بەوهیوایەى ئایندەیەکى گەشتر و ئاوەدانتر چارەنوسى کۆمەڵگاى کوردەوارى و دەسەڵاتى کوردیش بێت لەم هەرێمى کوردستانە ئازیز و خۆشەویستەدا کە لانکە و ماڵ و جێگەى حەوانەوەى هەموانمانە و ئەرکى هەموانیشمانە کە بەهەموو تواناکانمانەوە بیپارێزین و هەوڵى گەشەکردن و ئاوادانکردنەوەى بدەین ،هەریکەمان لەبوار و پسپۆڕى و شارەزایى خۆماندا بۆ ئەوەى وڵاتێکى ئاوەدان و پێشکەوتوو بۆ نەوەکانى ئایندەمان بەجێبهێڵین و دروست بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت