نەبەز گۆران: لەتەنیشت گۆڕستانەوە!

كە پیری دێت. شەوان ئازاری ئەژنۆكانی تەمەنت ناهێڵن چینەی خەونەكانت بكەیت ئەوەی هەڵتدەستێنێتەوە ئومێد نییە، گۆچانێكە! سەرت سپی ئەچێتەوە و بۆ ئەو منداڵییە دەگەڕێیت لە رابڕدوودا جێماوە و، لەناختدا یاری […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

كە پیری دێت.
شەوان ئازاری ئەژنۆكانی تەمەنت ناهێڵن چینەی خەونەكانت بكەیت
ئەوەی هەڵتدەستێنێتەوە ئومێد نییە، گۆچانێكە!
سەرت سپی ئەچێتەوە و بۆ ئەو منداڵییە دەگەڕێیت لە رابڕدوودا جێماوە و، لەناختدا یاری دەكا
ژیان بە جۆرێك لەلات شیرین دەبێت، حەزدەكەی توند توند باوەشی پیابكەی
كە پیری دێت
چاوت هێندە كز دەبێت، ئەو رێگایانەت بۆ نادۆزرێتەوە دەیانبردیتەوە سەرخۆشبەختی
بە مۆسیقایەكی غەریب
بە گۆرانییەكی كۆن
بە دەنگێكی ئاشنا
دڵت پڕدەبێت و بە گریانێك ئاوێنە تەڵخەكەی ژیانت پاك ئەكەیتەوە.

كە پیری دێت
دەستەكانت هێندە ئەلەرزن، هەڵگرتنی لەتێك نانت لێدەبێت بە هەڵگرتنی كێوێك
ددانەكانت بەجۆرێك دادەڕزێن، جووینی هەموو پاروێك، وەك جووینی نوكی خەنجەرێكە
تەماشای وێنە كۆنەكانت، وەك تەماشای برینێكە
لەبری خۆت، تەمەن شانەكانت دەچەمێنێتەوە و لەبری بەیانی، هەناسەی تەنگ بەخەبەرت دێنێ‌
نە خەیاڵت دەچێت بۆ كۆڵانێك
نە بیر لە كراسێكی گوڵاوی سەر تەنافێك ئەكەیتەوە،
نە وەكجاران ئاوێنەت خۆشدەوێت بۆ تەماشاكردن.

كە پیری دێت
هەموو لۆچێكی سەر روخسارت مێرگێكی یادەوەرییە
هەموو كۆكەیەك لە قورگتەوە دێتە دەر، برینێك لەگەڵ خۆی هەڵدەكۆڵێ‌
هەواڵی هاتنی مەرگی هەر ئازیزێك، هەواڵی نزیكبوونەوەی تۆیە لە گۆڕ
دڵ لەترسی وەستان، هەموو ئەوانەی بیردەچێتەوە رۆژگارێك خۆیان تێدا حەشاردابوو
دەست بە دیوار، بە خەیاڵی خۆدروخستنەوە لە مەرگ، ئاوەدانی دونیات لێدەبێت بە ئاوەدانی ماڵ
هێندە لە هەستكردن بە بێكەسی نزیك دەبیتەوە، دەنگی نەوەیەكت یانی هێشتا دەنگی ژیان دێت!
لەسەر كورسی حەوشی ماڵەوە دادەنیشیت و
بیر لەو ساڵانەی تەمەنت ئەكەیتەوە، هەر هەموویان لەگۆڕێكدا جێیان دەبێتەوە.

رۆژێك كە پیری دێت
ئیتر تێدەگەیت و بەخۆت دەڵێیت:
ئەوەی بوونمی سەنگین كرد
مەچەكەكانم نەبوون، ئاوازەكەی لای چەپی سینەم نەبوو،
روناكی ئاگرەكەی ناو گۆزەی سەرم بوو
كە ئەمە بوونی من بێت، دە لێگەڕێن بابڵێم:
“ئەم دونیا ھەربۆئەوە باشە بیخەمە ناو دڵە تاریكەكەمەوە!”

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەبەز گۆران

ئەرشیڤی بەڕێز: نەبەز گۆران