دکتۆر کەمال میراودەلی: لە خاچی دەن! بۆ فەرهاد پیرباڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە خاچی دەن، لە خاچی دەن.
ڕەجمی بکەن. ئەشکەنجەی دەن.
لە جەستەی شکستییدا بە دوای ڕۆحییدا بگەڕێن
لە لەشی داهێزراویدا هزرەکانی بمرێنن
بڕۆن کتێبەکانی بێنن
مەشخەلێکیان لێساز کەن بۆ ئاهەنگی گەوادبوون
مەولود چاوشئۆغڵۆ بێنن
با چاوەکانی بە سوژنەکەی ئەتاتۆرک
دەربێنێت
تاوانی کرد لە سۆربۆنەوە هاتەوە بۆ زادگا.
هاتەوە بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی [وێران] لە وێرانگەی خیانەتا،
تاوانی کورد نووسی، نووسی بە وشەی کوردیی پاک و ڕەوان،
جورئەتی کرد بڵێ شێتم لە جڤاتێکدا ئەوی شێت نەبێ شێتە،
جورئەتی کورد بڵێ حیزم لە میرنشینییەکدا حیزخانەیە بۆ حەزی هەموو داگیرکەرێک.
تاوانی کرد وتی من قۆندەرەی بنەماڵەم لە خاکێکدا هەموو حیزبێک
قۆندەرەخانەی بنەماڵەکانە
هەموو بنەماڵەیەک قۆندەرەخانەی داگیرکەرانە.
لە خاچی دەن
هێشتا ئەم پێستە ڕنراوە، ئەم گۆشتە برژاوە، ئەم ڕوخسارە کوتراوە، تۆزێک ڕۆحی تێدا ماوە
هێشتا نووزەی نازی لێدێ
تووڕەیی تووری لێدێ
هێشتا ئەم دیدە مێژوو دەخوێنێتەوە و
ئەم دەستە قەڵەم دەگڕێ و دەنووسێ
میز بە تورکدا بکەن چونکە
هەموو مێژووی ئەوان میزکردنە بە شەرەفی ئێمەدا.
بەلام هێشتا دەترسێ و ناوێرێ هاوار کات:
[ میز بە تورکا مەکەن تورک بێ تاوانە
میز بە تورکا مەکەن تورک تەنیا میوانە
میز بە قاحبەکانی تورکا کەن،
دەریان کەن لە قاحبەخانە.]

فەرهاد من باکم نییە ئەم وڵاتە قاحبەخانە بێت
من باکم نییە سەران سەرە بگرن بۆ لەشفرۆشتن بە ئۆغلۆکان
من خەمی پیرۆزیی خاک و خوێنی شەهیدانمە
خەمی زارۆک و نەوەکانمە
خەمی زمان و شوناس و نیشتیمانمە
خەمی خانیی و حاجی و فانی و وشەی کوردییمە
خەمی عیشقی ئازادیی ئەبەدییمە
فەرهاد
من خەمی پەیکەری مەسیحیی تۆمە
تۆ لە هەموو بۆشنبیرەکان شەریفتری،
ڕازگۆتری، ڕاستگۆتری، نووسەرتری
بۆیە بە تەنیا لە سەر جاددە وەستاوی
بۆیە هێندە داماوی، بێدەسەڵاتکراوی
وەک مارێک ددانەکانیان دەرهێنا بێت
وەک نووسەرێک پێنووسەکانیان لە ناو مێشکیدا ڕاکێشا بێت.
بە دانهێنان بە حیزیی و قۆندەرەبوونیشت
وازت لێناهێنن
لە کاتێکدا حیزیی بۆتە فەلسەفەی حیزبە بێ بێکان
بۆتە ئایدیۆلۆجی بۆشنبیرە عەقید و عەریفەکان
بۆتە ئایینی خانەنشینان
بۆتە پراکتیسی چەکبەشانەکان
فەرهاد ئەم ولاتە جێبێڵە
بۆ هەر کوێ بێت
تازە ئۆردووی تورک بە لافاوی میز ناڕوا
تازە ئۆغڵۆی تورک بوو بە خانەخوێ و بە حیز ناڕوا
تازە کتێب لە وڵاتێکدا کراوەتە کتێبێکی ئەتککراوی ژێرپێی داگیرکەر، چاو ناشوا
فەرهاد ئەم ولاتە جیبێڵە
‌هێشتا ژیان تێیدا ماوە
هێشتا وشەت زۆر پێماوە
هێشتا شیرینێک لە قەدەرخانەیەک و قەلەندەرخانەیەکی ئەم دنیایەدا
چاوەڕێتە
فەرهاد من خەمی عەفرینمە
هەموو رۆژێ نینۆکەکانی دەردێنن،
پەنجەکانی دەبڕن، دڵی سوژنهاژن دەکەن
هەموو ڕۆژێ سەردەبڕدرێ
خراپتر لە رەقەی ژێر دەستی داعش
خەمی رۆژئاوامە کە 70000 گورگی بۆر
چاوەڕێن بیکەن بە قەسابخانە
خەمی رۆژهەڵاتمە کە قاحبەکانی بکوژانی مەعینی و جاشتورک
ئەیدزی خیانەتی تێدا بڵاو دەکەنەوە
خەمی شاری هەڵمەت و قوربانییمە
کە شاخییە ئێکسپایەرە ئاخر- شەڕەکان دەیانەوێت
بیکەن بە گردی گەوادیی و قاحبەخانەیەکی ئەستەمبووڵیی
بەلام ئەو جورئەتەی تۆیان نییە بلێن:
[ئێمەش قاحبەی ئەتاتورکین
دوژمنی قەندیل و خواکورکین]
فەرهاد
من خەمی ئاخ و شاخ و نیشتیمان و نەوەکانمە
خەمی حیزێتیی تۆمە
میز بەو قاحبەخانەیەدا بکە و جێیبێڵە.

 

تێبینی: وتاریکورد لەبەرنامەیدا نییە هۆنراوە بڵاو بکاتەوە، بەڵام ئەم هۆنراوەی بەڕێز دکتۆر کەمال میراودەلی گرنگی خۆی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت