بورهان شێخ ڕەئوف: بڕیارى ئەمریکا لەمەڕ ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى دواجار بڕیارى کۆتایى دەدات لە سەر هەموو پرسە چارەنووسسازەکان لە ئەمریکا دا بە گوێرەى دەستوورى ئەو وڵاتە ئەوە سەرۆک کۆمارە بە گوێرەى سیستمى ئەمریکا سەرۆک خاوەنى بڕیارى کۆتایى و یەکلا کەرەوەیە بە تایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە سیاسەتى دەرەوە ش هەبێت، جگە لەوەش سەرۆک خۆى فەرماندەى گشتى هێزى چەکدارەو بۆیە ترەمپ هیچ سڵ ناکەتەوە لەوەى ڕاوێژو پێشنیارى تیمى ڕاوێژکاران و یاریدەدەرکانى بۆ سیاسەتى دەرەوە بەلاوە بنێت، هەروەکو ئەوەى ڕویدا لە کاتى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) لە گەڵ ئێران لە ساڵى 2018 و یان ئەوەى لەم دواییانەدا ڕویدا کاتێک لە چرکەساتەکانى دوایى بڕیارى پەلامارى ئێران پاشگەزبووەو کاتێک فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەى ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە، چونکە لە هەردوو بارەکەدا بڕیارى خۆى بوو پێچەوانەى بڕیارى تیمى ڕاوێژکاران و یاریدەدەرانى سیاسەتى دەرەوە یەکلایى کردەوە.
هەموو ئەو بڕیارانەش لە بۆچوونێکى سەرۆک ترەمپەوە سەرچاوەى گرتووە کە ئەمریکا دەتوانێت بە سزاو ئابڵووقەى ئابوورى و فشارى توند و تۆڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران ناچار بکات ڕێککەوتنێکى نوێ لە جێ ى ڕێککەوتننامەى (5+1) لە گەڵدا واژۆ بکات کە زیاتر جێ ى ڕەزامەندى ئەمریکاو تەنانەت ئیسرائیلیش بێت.
بەڵام بۆ بەد بەختى سەرۆک ترەمپ تا ئێستا دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە هەموو جۆرێک پێشنیارو داخوازییەکانى ئیدارەى ئەمریکا بۆ دانو ستان و دایەلۆگ بۆ ڕێککەوتنێکى نوێ ڕەت دەکەنەوە سەربارى زیان و لێکەوتە قورس و ئازاربەخشەکانى سزاو فشارەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران چونکە وەکو ترەمپ دەڵێت تا ئێستا سزاى وا بە سەرهیچ دەوڵەت و لایەنێکدا نەسەپێنراوە و بێ نەزیرە.

بۆ ترەمپ حەزى لە وتوێژە ؟ بۆ ئێرانیش قایل نابێت؟
سەرۆک ترەمپ ناخوازێت ئەمریکا بگلێنێتە ناو شەڕێکى ترەوە هەروەکو بەڵێنى بە دەنگدەرەکانیشى داوە کە ئەمریکا بەرەو شەڕى نوێ بە تایبەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوین نەبات واتە بنکەى جەماوەرى سەرۆکو تەنانەت خۆیشى پێیان خۆش نیە بچنە شەڕێکى تازەوە لە ناوچەکەو لە گەڵ ئێران دا، ئێرانیش دەزانێت ئەمریکا وا بە ئاسانى پەلامارى نادات لە بەرئەوە تا بۆى بکرێت ئارام دەگرێت و مل بە داخوازییەکانى ئیدارەى ترەمپ نادات سەرەڕاى قورسى بارەکەى و لێکەوتە کاریگەرەکانى سزا توندەکانى ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێت ئێرانییەکان ئەوەندەش بێ خەم بن کە ئەو بۆچوونەى ترەمپ دەیانپارێزێت و شەڕ ڕوونادات و پەلامار نادرێن بەڵکو ڕوودانى هەر هەڵەیەکى تەنانەت بچووکیش بێت بەرامبەر بەرژەوندییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکەدا بۆى هەیە ئاگرێکى واى لێ بکەوێتەوە کە تەڕو و وشک بە یەکەوە بسووتێنێت.
ئەوەى تا ئێستا ڕوون و ئاشکرا نیە لە سیاسەتى ئەمریکادا لە مەڕ ئێران نەبوونى دیدێکى دیاری کراوە بۆ هەڵسووکەوت لە گەڵ ئێراندا هەر ئەوەشە واى کردووە کە جۆرێک لە شڵەژان و لێڵى بە وتەو کردەکانى ئەو وڵاتەوە دیار بێت لە پاش کشانەوەى ترەمپ لە ڕێککەوتننامەى (5+1) لە 8 مایۆى 2018 ئەویش ئەو داخوازییانەیە هێشتا پێناچێت ئیدارەى ترەمپ یەکلایى بووبێتەوە لە سەر جێگیرکردنیان چونکە تا ئێستا هەر ڕۆژەى لێدوانێک و توێتێکى ترەمپ و ستاڤەکەى دەبیستین ئایا دەخوازن:
ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێران بگۆڕن یان سزاى بدەن؟
یان ڕێککەوتنامەى (5+1) بە شێوەیەکى نوێ دابڕێژنەوە یان هەموارى بکەنەوە؟
یان دەخوازن ئێران لە هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکە دابڕن و جیابکەنەوە؟
یان دەخوازن سوود لەم هەڕەشانەى ئێران وەربگرن بۆ ئەوەى هاوپەیمانێتییەکى نوێ لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمە میانڕەوە عەرەبیە سوونیەکانى ناوچەکە پێک بهێنن؟
تا ئێستا ئامانجى واشنتۆن جێگیر نیە چ دەخوازێت لە ئێران ڕۆژانە گۆڕانکارى بەسەردا دێت هەرچەندە ئەگەر جارجار جۆرێک لە خاوى و شل بوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا دیارە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر پێداگرى لە سەر 12 خاڵەکەى بۆمبیۆ دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت