زوبێر عوسمان: تێکشکانی بەربەستەکان و ئەرکەکانى کابینەی نۆیەم و مۆدێلێکی جیاواز لەکابینەکانی پێشوو.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای 9 مانگ و 9 رۆژ لە چاوەروانی و خۆڕاگری و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بەهەورازو نشێوو قۆناغی سەختتدا تێپەڕی، سەرەنجام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، رۆژی 10- 7- 2019 لەلایەن پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشرا، کابینەی نۆیەم بەراورد بە هەر هەشت کابینەکانی پێشوو زۆرترین قسەی لەسەر کرا، زۆرترین ئاستەنگ و بەربەستی لەرێگادابوو، بەهۆی دواکەوتنی لەرادەبەدەری پێکهێنانی کابینەکە زۆرترین رەخنەی لێگیرا، رەخنەکان هەمە جۆربوون (رەخنەی سەوز، رەخنەی زەرد، رەخنەی نیللی و سپی و پرتەقاڵی و سور تەنانەت رەخنەی رەش و شین) دەگیران.
زۆرجار رەخنە لە یەکێتی دەگیرا کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەو باس لەرێکنەکەوتنی باڵەکان و کێشەی ناوخۆیی دەکرا لەکاتێکدا یەکێتی لەدوای ئەنجامدانی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لە 4- 3- 2019 و وتووێژکردن لەسەر پرۆژەی رێککەوتنی ئیداری و دوای بڕیاری مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی، لە رۆژی (4- 7 ) لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسەندکراو شاندی باڵای یەکێتی بەسەرۆکایەتی هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی رۆژی 4 – گەیشتنە هەولێر بۆ واژوکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام لەسەر داوای (پ. د. ک) کۆبوونەوەکە دواخرا، واتە یەکێتی لەدوای کێشمەکێشی شەراکەتی راستەقینەو دانوستانی سیاسی و ئیداری لەگەڵ پارتی لە رۆژی 4- 8 وە ئامادەی تەواوی هەبوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و پێش سەرجەم لایەنەکان ئەنجومەنی سەرکردایەتی رۆژی 6- 7 کاندیدەکانی بۆ پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیرو دەستەکان یەکلاکردەوەو رۆژی 7- 7- 2019 لیستی ناوی کاندیدەکانی بە نوسراوی فەرمی ژمارە (944) رادەستی مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کرد، کە ئەوەش هەموو ئەو لایەنانەی توشی شۆک کرد کە گرەویان لەسەر رێکنەکەوتنی باڵەکانی یەکێتی دەکردو پێیان وابوو یەکێتی ناتوانێ کاندیدەکانی دیاری بکات و فاڵی ئەوەیان دەگرتەوە ئینشیقاق دروست دەبێت و چەندین سیناریۆ و هەواڵی چەواشەکاری بڵاو دەکرایەوە، بەڵام یەکێتی سەلماندی کوتلەو جەمسەرو باڵ چەند زۆربن یەک دەنوکی هەیەو زۆرجار بیروڕای جیاواز هێزی زیاترى بەیەکێتی بەخشیوە.
رەخنەی زۆریش لەپارتی گیراو باس لە کێشەی نێوان جووت ئامۆزا دەکراو هۆکارەکانی دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم پەیوەست دەکرا بە تەسفیەی حسابی نێوانیان و سڕینەوەی لایەنگرەکانیان لە هەردوو دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گواستنەوەی دەسەڵات لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی بۆ بنەماڵەی مەسعود بارزانی، رەخنەی پاوانخوازی و ویست و خواستی تاکڕەویی و …… بەڵام دواجار هاوبەشی راستەقیەنەیان لەگەڵ یەکێتیی قبوڵکردو پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی بەغدایش لە پشکی یەکێتی یەکلا کرانەوە.
رەخنەی کەمیش لە بزوتنەوەی گۆڕان نەگیرا بەهۆی بەشداریەکردنیان لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، رووبەڕووی زۆرترین ناڕەزایی جەماوەری خۆیان بوونەوەو تەنانەت چەندان هەڵسوڕاو و کەسایەتی دیاری ئەم بزوتنەوەیە بەفەرمی وازهێنانی خۆیان راگەیاند، هەڵوێستی دژبەیەک و جیابوونەوە لەناو بزوتنەوەکە بە ئاشکرا دەرکەوت و بەشێک لە رایەڵە وبازنە و مەکۆکان بەهۆی وازهێنانی بەکۆمەڵ لەشارو شارۆچکەکان داخران، تەمەنا دەکەین لەنیوەی رێگا بەرپرسیارێتی حکومەت بەجێنەهێڵن و ئەزموونی کابینەی پێشوو دووبارە نەکەنەوە و لەیەک کاتدا سیاسەتی پێیەک لەحکومەت و پێیەک لە ئۆپۆزسیۆن جێبەجێ نەکەن.
هەروەها هێزو لایەنە ئیسلامییەکان لە پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی شکستیان هێنا و هێندەى قەبارەو دەنگ و رەنگی خۆیان رووبەڕووی کێشەی ناوخۆی بوونەوەو جیابوونەوە لەناویاندا روویداو کێشەی قوڵ کەوتە نێوانیان و بەشێکیان وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناساند، هیوادارین بتوانن چاودێرو رەخنەگری بنیاتنەر و ئۆپۆزسیۆنێکی کارابن.
لایەنەکانی تر چەندین کێشەو گرفتیان بۆ دروستبوو، گۆڕانکاری گەورە بەسەر هەڵوێستی بەشێکیان هات و بەدڵنیایی لەئایندە زیاتر بچوک دەبنەوە چونکە هەڵوێستە نوێیەکانیان لەگەڵ بەرنامەو ستراتیجیان ناکۆک و نەگونجاوە.
لەگەڵ ئەو بارودۆخ و هۆکارانەی ئاماژەم پێکرد، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم یەکەمین ئەزموون نیە لە جیهاندا، بۆ نمونە پێکهێنانی کابینەی چوارەمی مێرکڵ لە ئەڵمانیا 6 مانگی خایاند، پێکهێنانی کابینەی سەعد حەریری لە لوبنان هەشت مانگی خایاند، دواجار توانییان بە باشترین شێوە کارنامەی حکومەتەکەیان جێبەجێبکەن و متمانەی جەماوەرەکەیان بەدەستبهێنەوە.
گفتوگۆی نێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو لایەنی سیاسی بەهێزو براوەی یەکەم و دووەم چەندین جار بە بنبەست گەیشت و لەسەر لێواری خەرەند لەهەڵدێر گەڕایەوە کە ترسی دوو هەرێمی و دوو زۆنی و تەنانەت شەڕی براکوژی لەسەر سیمای خەڵکی خۆڕاگرو بەپەرۆشی کوردستان نیشتبوو، کە ئەم شەڕە لەلایەن هەر کوردێکی دڵسۆزو راستەقینەو رەسەن نەفرەت لێکراوە، بۆیە ئەگەری شەڕو ترسی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان کە بەخوێنی گەش و ئاڵی هەزاران شەهید هاتوەتە بەرهەم هێزی خۆڕاگری و دان بەخۆداگرتنی لەلایەن یەکێتی و پارتی دروست دەکردو گەڕی تری دانیشتنەکان دەستی پێدەکردەوە، دواجار ئیرادەو باوەڕی بەتینی کوردایەتی و برایەتی و ئاشتەوایی و ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیان زاڵبوو، هەرئەوەش رێگا راستەکەبوو ئەمجارەش کورد قۆناغێکی گرنگی بەسەرکەوتووی تێپەراند، خەونی دوژمن و ناحەزو نەیارانی کوردایەتی کە گرەویان لەسەر شکستهێنان و سڕینەوەی هەرێمی کوردستان دەکرد لە چاڵنران، سەرەنجام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات و دەستی کرد بە راپەڕاندنی ئەرکەکانی، لێرەدا ئەرکی ئێمەیە سوپاسی خۆراگری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین، سوپاسی هەموو ئەو وڵات و هێزو لایەنانە بکەین کە هاوکاربوون بۆ نەترازان و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەخت و دژوارە، سوپاسی هەموو دۆستەکانمان بکەین.
وە ئەرکی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و سەرجەم وەزیرو بەشداربووانی کابینەکەیە لەئاست چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان و لەئاست قۆناغەکەو لەئاست خەبات و قوربانیدانی گەلەکەماندابن و هەرێمی کوردستان بگەیەنن بە کەناری ئارامتر کە ئەمەش پێویستی بەبەرنامەی دیراسەکراو دەبێت لەبوارەکانی (سیاسی و ئابوری و سەربازی و دبلۆماسی و پەیوەندییەکان و خزمەتگوزاری) و (بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان و مووچەخۆران) چۆن حەکیمانە بەربەست و ئاستەنگەکان تێکشکێندران ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە مۆدێلێکی جیاوازبێت لەکابینەکانی پێشوو، بەرژەوەندی گشتی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموو بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان بێت، بۆیە بەهێزکردنی پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی گرنتی سەرکەوتنی ئەم کابینەیەو سەرۆک و جێگری سەرۆک بەپەیوەندی بەهێزیان دەتوانن تەواوکاری یەکتربن، کوڕی رۆژە سەختەکان بن، پیاوی یارییە قورسەکان بن، وە دەبێت چارەکی سەرەتای کارکردنیان پابەندبوون بێت بە هەردوو رێککەوتنە سیاسیی و ئیدارییەکەی نێوان (ی. ن. ک) و (پ. د. ک)، جگە لەوەش ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکردنمان لەم کابینەیە بەستەوە بە سێ خاڵ کە سێ کوچکەی بنیاتنانی کابینەکەن ئەوانیش (هاوبەشی راستەقینە لەبەڕێوەبردن و حکومڕانی، هاوبەشی راستەقینە لەبڕیاردان، دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزی خزمەتگوزار)، لەم چوارچێوەشدا ئەرکی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتییە شانبەشانی ئەو بەڵێنانەی بەجەماوەریاندا بەرنامەی یەکێتی لە حکومەتدا جێبەجێبکەن (بەئارامی خزمەت بکەن، بە ئارامی هەلی کار بڕەخسێنن، هاوسەنگی هێزو پاراستنی ئاسایش و ئارامی کوردستان و خزمەتکردن لەپیشینەی کارەکانیاندا بێت).

جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی. ن. ک)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت