ئۆرهان پامووک: ئۆرهانێکى دیکە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەتوورکییەوە/ یوسف عزەدین
بیرۆکەیەک سەبارەت بەئۆرهانێکى دیکە کەهەر لەمنداڵییەوە دەستپێکردو ساڵانێکى دوور و درێژ باوەڕم پێهێنا، ئەوەبوو کەلەنێو کۆڵانەکانى ئیستانبووڵدا.. لەشوێنێکدا.. لەماڵێکى دیکەدا.. کەسێک کە لە هەموو ڕوویەکەوە لەمن دەچێت، هەروەک ئەوەى دووانەبین و بەتەواویى لەیەکبچین بوونى هەیە.
نازانم یەکەمجار ئەم بیرۆکەیم لەکوێ و کەى بەخەیاڵدا هات، ڕەنگە بەڕێکەوت یان لەمیانى گەمەو ترس و تێگەیشتنى هەڵەوە، پاش زەمەنێک لەزەینمدا جێى بووبێتەوە.
ڕەنگە یەکێک لەساتەوەختەکانى دەستپێکى ئەم بیرۆکەیە بەشێوەیەکى کامڵ، بەو شێوەیە بێت کەلێرەدا دەیخەمەڕوو.
وەک وەبیرم دێتەوە، پاش ئەو ئاژاوەو گێرمەو کێشانەى نێوان دایک و بابم و جیابوونەوەیان، دواى یەکتر بینینەوەیان لەپاریس و ئەو بەزم و ڕەزمانە، من و کاکیشم کەئەو دەمە لەئیستانبووڵ بووین، لەیەکدى جیاکراینەوە، کاکم لەئاپارتمانى پامووک لە”نیشان تاش” لەگەڵ نەنکم و خێزانە قەرەباڵغەکەماندا مایەوەو منیش ڕەوانەى ماڵى پلکە”جیهانگیر” کرام کەبەو پەڕى خۆشەویستی و زەردەخەنەوە منیان گرتەخۆ. لەو ماڵەدا لەنێو چوارچێوەیەکى هەڵواسراوى ڕەنگ چەرموودا، گچکە وێنەى منداڵێکى تێدا بوو، زوو زوو پلکم و شووەکەى بەپێکەنینەوە دەیانگوت:بڕوانە ئەوە تۆیت”.
ئەو منداڵە ئێسک سووکە چاو گەورەیەى وێنەکە بەڕاستى کەمێک لەمن دەچوو، بەتایبەت ئەویش لەکاسکێتەکەى منى لەسەردا بوو کەهەر کاتێک چووبایەتمە کۆڵان لەسەرمدەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمزانى ئەوە بەتەواویى وێنەى من نییە. ( لەڕاستیدا پۆترێتى ئەو منداڵە ئێسک سووکە، وێنەیەک بوو لەئۆرووپاوە هاتبوو).
هەردەم بیرم لەوە دەکردەوە کەتۆ بڵێى منداڵى وێنەکە ئەو ئۆرهانە بێت کەلەماڵەکەى دیکەدا دەژى؟ بەڵام لەئێستادا منیش لەماڵێکى دیکەدا دەژیام، هەر دەتگوت بۆ ئەوەى لەگەڵ هاوشێوەیەکى خۆمدا یەکدى ببینین، دەبایە منیش چووبایەتمە ماڵێکى دیکە. بەڵام بەو دیدەنییە هیچ خۆشحاڵنەبووم و دەمویست بگەڕێمەوە بۆ نێو ماڵە بنەڕەتییەکەى خۆم کەلە”ئاپارتمانى پامووک”بوو.
کاتێک دەیانگووت ئەو وێنەیەى دیوارەکە تۆیت، شتێک مێشکم تێکەڵ و پێکەڵ دەبوو، من..منم..بەڵام بەشێوەش لەو وێنەیە دەچووم کەلەمن دەچوو. ئیدى خەیاڵى ماڵێکى دیکەو گەڕانەوە بۆ ماڵى خۆمان و چوونەوە بۆ نێو خانەوادە قەرەباڵغەکەمان و هەموو ئەمانە لام تێکەڵدەبوو.
ئەوە بوو ئاواتەکەم هاتە دی و گەڕامەوە بۆ نێو “ئاپارتمانى پامووک”، بەڵام خەیاڵى ئەوەى کەلەماڵێکى دیکەى ئیستانبووڵ ئۆرهانێکى دیکە دەژى، هیچ دەستبەردارم نەبوو، ئەم بیرۆکە سیحراوییە لەمنداڵیمەوە تا گەنجێتیم بەئاسانى لەیاد نەدەچۆوەو هەمیشە لەقوڕنەیەکى زەینمدا خۆى مەڵاس دەدا.
ئەو دەمانەى لەزەردەپەڕى ئێواراندا لەکۆڵانەکانى ئیستانبووڵدا پیاسەم دەکردو بیرم لەخۆشگوزەرانى و کامەرانى مرۆڤەکان دەکردەوە.. بەڵام لەبەردەم هەندێک ماڵدا بەخەیاڵى ئەوەى کەئۆرهانێکى دیکە لەوێدا بژى دڵم دادەخورپا.
لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنیشمدا ئەم خەیاڵە بووە فانتازیاو فانتازیاش بووە پانتاییەک لەخەون.
زۆرجار لەخەونەکانمدا ئەم خەیاڵە دەبووە مۆتەکەو دەمقیژاند، یان خۆم لەگەڵ ئۆرهانەکەى دیکەى نێو ماڵەکەى تر بەراورد دەکرد. یان بەخوێنساردیى و دڵڕەقییەوە، هەردوو ئۆرهانەکە دەمانڕوانییە یەکدى. یان لەنێوان خەون و بێداریدا زیاتر ئەو ماڵ و کۆڵان و شوێنانەى کەتێیدا ژیابووم.. لەئامێزم دەگرت.
ئەو دەمانەى کەبێئومێدیش دەبووم بەهیواى ئەوەى کەبچمە کن ئەو ئۆرهانەى کەلەماڵێکى دیکەدا دەژیا.. هێندەم دەزانى وا خەریکە باوەڕبهێنم کەئۆرهانەکەى ترم و لەگەڵ خەیاڵە خۆشەکانى ئەودا خەریکدەبووم.. ئەم خەیاڵانە هێندە دڵخۆشیدەکردم ئیدى پێویستى نەدەکرد ڕووبکەمە ماڵێکى تر.
لێرەوە دەگەینە بنەڕەتى مەسەلەکە، هەر لەو ڕۆژەوەى کەلەدایکبووم هیچ وازم لەو ماڵ و کۆڵان و گەڕەکانە نەهێناوە کەتێیدا ژیاوم.
دواى پەنجا ساڵ و پاش ئەوەى لەگەلێک شوێندا ژیام، بەڵام هێشتاکە مانەوەم لەهەمان “ئاپارتمانى پامووک”داو بەتایبەتیش لەو شوێنەدا کەیەکەمین فۆتۆگرافى من و دایکمى تێدا گیراوە، ئەو دەمى من لەئامێزیدام.. پێموایە بەواتاى ئەوە بێت کەمن هێشتاکە گیرۆدەى بیرۆکەى ئۆرهانەکەى دیکەى نێو شوێنێکى ترى ئیستانبووڵم و هەستیش دەکەم هەر ئەمەیە ئیستانبووڵ لەحیکایەتەکەمدا دەکاتە شتێکى تایبەت.
داهێنانەکانى منداڵى و گەنجێتى و ڕابردووم، لەڕوویەکەوە پەیوەستە بەمانەوە بەدرێژایى زەمەنێک.. پەنجا ساڵ لەشوێنێکدا؟!
دایکم هەمیشە پێى دەگوتم:
“کەمێک بچۆ بۆ کۆڵان، بچۆ بۆ شوێنێکى دیکە، سەفەر بکە”.
هەروەک چۆن نووسەرانێکى وەک کۆنراد و نابۆکۆڤ و نایپۆل، لەمیانى ژیانیان لەتاراوگەو گۆڕینى زمان، میللەت، کولتوور، مەملەکەت، کیشوەر و تەنانەت شارستانیەتیش، توانیویانە بنووسن و شوناسنامەى داهێنەرانەشیان بۆ تاراوگەنشینیان دەگەڕێتەوەو بەسەرچاوەى هێزیشیان دەزانرێت. ئاواش من بەمانەوەم لەهەمان ماڵ و کۆڵان و دیمەن و شاردا و پەیوەستیم پێوەیان منیان خووڵقاندووە.
پەیوەست بوونى من بەئیستانبووڵەوە بەماناى پەیوەست بوونم دێت بەقەدەرى مرۆڤەکانییەوە، بەکاراکتەرەکانییەوە.
سەدو دوو ساڵ پێش لەدایکبوونم، “فلۆبێرت” بەکاریگەرى قەرەباڵغى و گۆڕانکارییەکانى ئیستانبووڵ، لەنامەیەکیدا ئاماژەى بەپێشبینییەکى خۆیداوە کەگوایە”کۆنستانتینۆپۆلیس-ئیستانبووڵ” پاش سەدساڵى تر دەبێتە پایتەختى دنیا، بەڵام دواى ڕووخانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانییەکان و نەمانیان، بەتەواویى شتێکى پێچەوانەى پێشبینییەکەى “فلۆبێرت” هاتەدى.
ئەودەمەى من لەدایکبووم ئیستانبووڵ بەدرێژایى تەمەنى دووهەزار ساڵەى، ڕۆژگارى واى بەخۆیەوە نەدیتبوو، خراپترین و لاوازترین و هەژارترین ڕۆژەکانى خۆى دەژیا.
بەدرێژایى ژیانم ڕووخانى عوسمانییەکان و نەبوونى و قڕووقاتى..و وێرانەیى ئەو دەمەى شار، بووە مایەى خەموپەژارەم، گەرچى بەبەردەوام لەگەڵ ئەو خەموپەژارەیەدا لەشەڕەجەنگدا بووم، بەڵام دەمزانى هەموو ئەو شتانە ئیستانبووڵیان دیاریکردووەو وەک ئیستانبووڵیەکیش بەهەموو ئەوانە قایلبووم.
بەڵام هەر کەسێک بیەوێت واتایەک بەژیانى ببەخشێت، پرسیار لەشوێن..و کاتى لەدایکبوونى دەکات، بۆیە دەبێت لەم وڵاتەو لەو مێژووەدا لەدایک بووبێت و ماناى ئەمە چییە؟!
هەروەک ئەوەى پیانگۆ-بیتاقە-مان بۆ دەرچووبێت، لێرە لەدایکبووین..و ئەم شارەش چاوەڕێیە خۆشمان بووێت، لەکاتێکدا لەناخەوە دەستمانکردووە بەخۆشویستنى ئەم خێزان..و وڵات..و شارە.. بەڵام تۆ بڵێى ئەمە هەڵبژاردنێکى ڕاست بێت؟!
زۆرجار خۆم بەبەدبەخت ….. و بێشانس…. دەزانم، بەوپێیەى لەئیستانبووڵێکدا لەدایکبووم کەلەژێر قورسایی پاشماوەکانى ڕووخانى ئیمپراتۆریەت……-و ژێرپێکەوتن….و لەنێو هەژارى..و خەم..وپەژارەدا سیس..وکۆن بوو(بەڵام لەناخمدا دەنگێک پێمدەڵێت ئەمە شانس..وبەختە).
بەوپێیەش کەلەخێزانێکى زەنگین..و خواپێداو لەدایکبووم، ئەوە زۆرجار وەک کەسێکى بەشانس دەڕوانمە خۆم). (پێچەوانەکەشى دەگوترێت).
وەک حیکایەتێک گەر بیر لەلەدایکبوونم بکەمەوەو باوەڕ بەخۆم بهێنم کەئەگەر (شتێک زێدەتر ئێسکەکانم پانتر و قۆزتر بوومایە) یان ئەگەر(بەڕەگەز مێینە بوومایە تۆبڵێى دەردو خەمم کەمتر بووایە).
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوە تێدەگەم کەئەو ئیستانبووڵەى هەموو ژیانمم تێدا بردۆتەسەر قەدەرى منە.
لە ٧ی حوزەیرانى 1952دا، کەمێک پاش نیوەى شەو لەدایک بووم، لەو کاتەدا کۆریدۆرەکان..و دنیا خامۆش بوون.
دوو شەو پێش لەدایکبوونم گڕکانى ستامبۆلین لەئیتاڵیا دەستیکردبوو بەگڕهاویشتن، شتێک نییە لەگڕو پاشماوەى شتە سووتاوەکان سەیرتر بێت.
لەودەمەدا ڕۆژنامەکان باسیان لەباکوورى کۆریاو سەربازەکانى تورک دەکردو لەهەندێ گچکە سەرچاوەى ئەمریکییەوە وەک هەواڵێکى بچووک ئاماژە بەوە دەکرا کەکۆریاى باکوور چەکى بایۆلۆژى هەیەو ئامادەیە بۆ بەکارهێنانیشى.
پێش ئەوەى لەدایکبم، دایکم وەک زۆربەى خەڵک سەبارەت بەشارەکەمان هەواڵەکانى خوێندبۆوە. لەو شەوەدا دزێک بەماسکێکى ترسناکەوە لەکاتێکدا لەپەنجەرەى ماڵێکەوە خەریکى چوونە ژوورەوە بووە، پاسەوانەکان پێى دەزانن..و بەهیمەتى خوێندکارە “کۆنیایی”ەکانى بەشى ناوخۆیى، دزەکە تاشوێنجێگەیەکى تایبەت بەهەڵگرتن..و حەشاردانى کەرەستە..و شتومەک ڕاودەنرێت..و لەوێدا بەگیردەهێنرێت..و پاش ئەوەى دزە شێت..وشوورەکە، دنیایەک جوێن بەپۆلیسەکان دەدات، خۆیدەکوژێت..و دواى تەشخیسى لاشەکەشى، ئەوە دەزانرێت کەئەم دزە هەمان ئەو دزەیە کەدوکانێکى”گەڕەکى حەربیە”ى بەڕۆژى ڕووناک..و بەزەبرى چەک دزیوە.
دایکم ئەو هەواڵانەى تەنها بۆ من خوێندۆتەوە، چونکە پاش ساڵانێک بەشتێک کەفوکوڵو خەمبارییەوە باسى ئەوەى بۆکردم کەپاش ئەوەى داخڵى خەستەخانە دەکرێت، بابم لەبەردواکەوتنى منداڵبوونەکەى بێزاردەبێت..و دەچێتە کن هاوڕێکانى.
کاتێکى درەنگ پوورم پەرژینى باخچەى خەستەخانەکە تێدەپەڕێنێ و دێتە ژوورێ و هەر ئەویش لاى دەمێنێتەوە.
یەکەمجار کەداکم منى دیتووە، وابیرى کردۆتەوە کەمن لەچاو کاکم کەدوو ساڵ لەخۆم گەورەتر بووە، لاواز و ناسکتر بووبێتم.
ڕاستییەکەى نابێت بڵێم( وابیرى کردۆتەوە)، بەڵام لەتوورکیدا خەونەکان..و حیکایەتەکان..و ئەو شتانەى بەڕاستى تێیدا ژیاوین، لەکاتى گێڕانەوەیاندا فرمانى ڕابردووى بۆ بەکاردەهێنین..و هەر وەک ئەو شتانەى کەبەشێوەیەکى میللى حەزمان پێیەتى، هەر لەوکاتەوەى کەدەخرێینە بێشکەوەو دواتر دەخرێینە نێو عەرەبانەى چوار پێچکەو یەکەمین جارى پێگرتن..و ڕۆیشتنمان..و ئەوەى کەبیستوومانە، چونکە هەموو ئەو ساتانە ساڵانێک پاش ئەوە لەلایەن داک و بابمانەوە بۆمان باسدەکرێت..و گوێبیستى یەکەمین وشەى خۆمان دەبین، یان هەروەک ئەوەى ڕۆیشتنى ئەودەمەى خۆمان ببینین، بەسەرسامییەوە چێژ لەو حیکایەتانە وەردەگرین.. کەبۆمان دەگێڕنەوە.
ئەم هەستە شیرینە چێژى بەوە دەچێت کەلەخەونەکانماندا خۆمان دەبینینەوە، بەڵام دواتر هەر ئەمە هەموو ژیانمان ژەهراوى دەکات..و دەبێتە خوویەک..و دەچێتە نێو ڕۆحمانەوەو وامان لێدێت، هەموو ئەو شتانەى کەلەژیاندا دەیانبینین، تەنانەت قووڵترین زەوقەکانیشمان لەکەسانى دیکەوە وەربگرین..و بیکەینە خوو.
ئەوەى لەکەسانى دیکەوە دەیبیستین..و بەئارەزوو و خوولیاوە بەدڵمان دەبێت..و دواتر هەر وەک ئەوەى بەبیرى خۆماندا هاتبێت، ئاوا بۆ کەسانى دیکەى دەگێڕینەوە.. بەتایبەت ئەو دەمانەى کەساتەکانى ساوایى خۆمان وەک (یادەوەرى) دەگێڕینەوە. دواتر هەموو ئەوانەى کە لەبارەى شتەکانى ژیانى خۆشمانەوە دەیگێڕینەوە، بەبێ ئەوەى ئاگاداربین، تەنها بیرۆکەى خۆمان نییە..و دواجار دەبێتە یادەوەرییەکى شێدار.
ئەو ژیانەى کەدەیبەینە سەرو گوزەران لەنێو ئەو شارەى کەتێیدا دەژین، زۆرجاران لەخەڵکانى دیکەوە فێریدەبین. ئەوەى کەکەسانێکى تر سەبارەت بەخۆم..و ئیستانبووڵ دەیڵێن، لەکاتێکدا کەبۆخۆم بەدڵم بێت..و منیش پێموابێت.. و بەو چەشنەش تێیبڕوانم، هەروەک ئەوەى یادەوەرى خۆم بێت..و دواتر بیخەمەڕوو.
سەردەمانێک وێنەمدەکرد.. لەدایکبوونم لەئیستانبووڵ..گەورەبوونم لەو شارە..دواتر نازانم بۆ لەتەمەنى بیست..و دوو ساڵیمەوە دەستمکرد بەڕۆمان نووسین.
هەموو ژیان، چ ژیانى کەسانى دیکە دەکەمە حیکایەت، چ لەمیانى دەنگى ئیرادەى خۆمەوە لەو کاتانەدا کەلاواز دەبێت..و بەخەونێکى شیرین دەچێت.. هەربۆیە ویستم ئەم کتێبە بەم زمانە بنووسم، بەڵام لەبەرئەوەى لەم ژیانە هەروەک چۆن لەخەونێک دەچیتە دەرەوە، ئاواش دەچیتە قۆناغى ژیانى دووەمتەوەو ئەم کتێبەش وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ ئەو قۆناغە شتەکانى تێدا دەخرێتەڕوو، هەر بۆیە زمانەکەى زۆر باوەڕ پێهێنەرانە نییەو هەموو ئەوانەى وەک منیش دەچنە قۆناغى دووەمى ژیانیانەوە، حیکایەتیان شتێکى جیاوازتر نییە لەگەڵ ئەوەى من لەم کتێبەدا خستوومەتەڕوو، جا ئەى خوێنەر ئەمە پێوەندى بەوردبینى تۆوە هەیە، چونکە من ڕاستیەکان پیشانى تۆ دەدەم..و تۆش دەبێت هاوڕێیەتى خۆتم نیشان بدەیت.
________________________________
تێبینى: ئەم وتارەى پامووک پێشەکییەکە بۆ کتێبى istanbul’hatralar’ ve sehir نووسیوویەتى.
ژێدەر: istanbul’ hatralar’ ve sehir-orhan pamuk-yky-2006/istanbul.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت