جیهاد محەمەد: ئەردۆغان بۆ وا دەکاتت؟

ئەوەی ئەردۆغان و ئاکپارتی بەرامبەر بە هەدەپە و کوردەکانی تورکیا دەیکات، تەنها بۆ خۆ دەربازکردنە لەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی تێیکەوتووە. ئەردۆغان تووشی کیشەی گەورە بووە، لەگەڵ کوردەکان و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەوەی ئەردۆغان و ئاکپارتی بەرامبەر بە هەدەپە و کوردەکانی تورکیا دەیکات، تەنها بۆ خۆ دەربازکردنە لەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی تێیکەوتووە.
ئەردۆغان تووشی کیشەی گەورە بووە، لەگەڵ کوردەکان و هێزی کوردەکان ڕووبەڕووبووەتەوە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، لەگەڵ ئەوەی نابەرابەریە، دەسەڵات حوکمی پۆلیس و یاسا و دادگاکانی بەدەستەوەیە، کەچی لە هەمان کاتدا زەوتی سیاسەتی هەدەپە ناکات، سیاسەتی هەدەپە سیاسەتێکی دیموکراتیە، ناوی حیزبەکەشیان بە هەمان شیوە گوزارشتە لە دیموکراتیکی گەلان.
لە لایەکی ترەوە، گەلی کورد لە تورکیادا بووە بە واقیعێک کە هەرچ کەس و لایەن و حکومەتێکی دنیا ناتوانێت نوکلی لەم واقیعە بکات، تەنانەت زۆربەی حیزبەکانی تورکیا جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، زۆربەی خەڵکی تورکیا و ڕۆژنامەنووسان و سیاسیەکانی تورکیا بە لیبراڵ و چەپەوە ئەم واقیعە دەسەلمێنن، هەموویان لەگەڵ ئەوەدان کە کێشەی کورد بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت، باشترین لێکتێگەیشتنیش لەسەر بنەمانی دیموکراتیە. ئەردۆغان و ئاکپارتی بە پشتیوانی ئیخوانەکانی جیهان ئەم واقیعەیان پێ هەرس ناکرێت، بۆیە هەرچی لە توانایاندا بێت هەوڵ ئەدەن کە ئەم ڕەوشە سیاسییەی تورکیا تێک بدەن، ئەویش لە ڕیگەی فشارخستنە سەر ئەو پڕۆسە دیموکراسیەی کە زۆربەی خەڵکی تورکیا و کوردەکان و زۆرێک لە حیزبەکانی تورکیا بڕویان پێیەتی.
لە لایەکی تر، ئەردۆغان تەنها لە گەڵ کورد ڕووبەڕوو نەبووەتەوە، بەڵکو لەگەڵ هێزە دیموکارتیەکاندا ڕووبەڕووبۆتەوە، تەنانەت لەگەڵ حیزبێکی بەهێزی وەک جەهەپە ڕووبەڕووبۆتەوە و لەم ملاملانێیەشدا گەورەترین شاری لە دەست دا، کە ئەستەمبول بوو. ئەم شارەداریە زۆر گرنگ بوو بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان و ئیخوانەکەن، بەڵام تووشی شکستێکی گەورە بوون.
سەرەڕای ئەم هەموو کێشە و قەیرانە سیاسیانە، ئەو پێشکەوتن و بووژانەوە ئابووریەی ئەردۆغان و ئیخوانەکان خۆیان پێوە هەڵدەکێشا، ساڵە بە ساڵ لە شکستدایە و قەیرانێکی گەورەی ئابووری و دارایی هەیە لە تورکیادا.
لە لایەکی ترەوە، ئەردۆغان و ئاکپارتی تووشی قەیرانێکی دیبلۆماسیی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بوون، لەگەڵ ئەمەریکا و فەرانسا و ئەڵەمانی و ئیتالیا و زۆرێکی تر لە وڵاتانی ئەوروپادا دۆستایەتیەکەیان شکستی هێناوە و ئەم سەرۆک و حیزبە ئیخوانیە خۆشەویست نین، بە تایبەتی لە لای پەرلەمانی ئەوروپا.
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، کێشەیەکی زۆر لەمانە گەورەتر، کێشە سیاسییەکەیەتی لەگەڵ خودی ئەو سەرکردە و فیگەرە گەورانەی کە لە حیزبەکەی جیابوونەتەوە، وەک ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەبدوڵا گول و بابەجان. ئەمە یەکێکە لە هەرە گەورەترین ئالانگاری کە ڕووبەڕووی ئەردۆغان بووەتەوە.
ئەردۆغان و حیزبە ئیخوانیەکی هیچیان بۆ نەماوەتەوە پەلامار و هێڕشکردن نەبێت بۆ سەر کوردەکان و هەدەپە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
جیهاد محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: جیهاد محەمەد