دکتۆر کەمال میراودەلی: ئایا ئەردۆگان هێرش دەکاتە سەر ڕۆژاوا؟

( 1 ) ئایا ئەمجارە ئەردۆ هێرش دەکات؟ وەلام بە ڕەهایی نا. نا، تا نەک تاکە سەربازێکی ئەمریکی، بەلکو تاکە ئالایەکی ئەمریکی لە هەر شوێنێ لە ڕۆژاوا دیار بێت، تورکیا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

( 1 )
ئایا ئەمجارە ئەردۆ هێرش دەکات؟
وەلام بە ڕەهایی نا.
نا، تا نەک تاکە سەربازێکی ئەمریکی، بەلکو تاکە ئالایەکی ئەمریکی لە هەر شوێنێ لە ڕۆژاوا دیار بێت، تورکیا ناتوانیت هیڕش بکات. ئەوان تەنیا بە شەرەففرۆشەکانی باشوور فێرن.
چەندین جار لەم زنجیرە وتارەدا دووبارەم کردۆتەوە، لە ڕووی ستراتیجی سیاسیی باڵاوە، هێزێک نییە بە ناوی تورکیا، سوریا، ئێران، سوریای دیمۆکرات، کورد.
نەک تەنێ لە سوریا، لە هەر شوێنێکی دی دنیادا، کە دەڵێم ستراتیجی باڵا مانای وایە بە قاڵدرمە بچینە خوار بەڵێ چەندین پێتەخت و پێپیلکەی گەورە و بە هێزو بێهێز هەن.
کەس ناڵێ تورکیا ستراتیجی نییە، گرنگ نییە، بەهێز نییە. سوپایەکی زەبەلاح و چەکی کوشندەی نییە. بەلام تا ئەو کاتە گرنگە و ستراتیجییە کە دوو زلهیزەکە ئەمریکا و روسیا وای دەناسێنن و وای دەجووڵێنن.
گەر ئەو دوو هێزە ڕیگەی پێنەدەن تورکیا حیزهیزە و هیچی تر.
دەشێ خۆی بنوێنێ و لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو دوو زلهیزە موغامەرە بکات، بەلام ئەوە تەنیا وەک کاریكی ئینتیحاری.
بەردانەوەی فرۆکە روسییەکە دەرسێکی باشی دادا.
ئەوسا دوای مانگێ فشەفش، بە سەر و جەستە تەسلیمی پۆتین بوو.
هەروەها، مەحال بوو تورکیا قەت بتوانێت هێرش بکات و عەفرین داگیر بکات گەر پۆتینی تاوانکار لە سەر حیسابی خاک و خوێنی کورد ڕیگەی پێنەدایە، بە تەیارە و تانک کورد کۆمەلکوژ بکات.

( 2 )
ئایا تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رۆژاوا و بەجدییەتی؟
ىێگومان، هەمیشە تاکە شتێک کە سیاسەت و ستراتیجی ناوەوە و دەرەوەی رژێمی فاشیستی ئیسلامیستی ئەردۆگانی بریار داوە: دوژمنایەتیی و لە ناوبردنی کورد و هەر بزاڤێکی کوردی بۆ دەولەت و سەربەخۆیی.
ئەوە تەنیا لەشفرۆشەکانی باشوورن وەک نەعامە سەری خۆیان لە خۆڵ ناوە و پاشەلی نەرمیان بە تورک بەخشیوە و دەیانەوێت هەموو شتێک بخەنە سەر شانی تاکە هێزێکی نەتەوەیی رزگاریخواز کە تورکیا و دنیا حیسابی بۆ دەکات.
کەوایە بەڵێ تورکیا تامەزرۆیە بۆ خوێنی کورد.
بە پێی باسکارێکی تورکی ئەردۆگان تا ٢٧٥٠٠٠ سەربازی ئامادە کردووە جگە لە بەلای کەمەوە ٧٠٠٠٠ جاشئیسلامیی سوریی کە بە سوپای نیشتیمانیی سوریا ناسراون لەگەل هەموو جۆرە چەک و تفاقیكی جەنگیی .
ئامادەن هەر ەدقیقەیەک فەرمانیان بۆ دەرچێ هێرش بکەن.

( 3 )
بۆ ئەم ‌‌هێزە زۆرە، ئایا بۆ لە ناوبردنی یەپەگە دەیەوێت ئەو هێرشە بکات؟
لە بەر ئەم هۆیانە:
A- ترسی دەوڵەتی کوردستانییی سەربەخۆ.
ئەمە هەم هۆکاری یەکەمە هەم بەهانە.
هۆکارە چونکە دەزانێت ئەو ‌هیزەی کوردی رۆژاوا دوای ئەو مەلحەمە مێژوویی و مەزنانەی جەنگەکانی لە ناوبردنی داعش و دەرکەوتنی لەشکری ژنانی کوردی رۆژاوا وەک پیرۆزترین و بەڕێزترین و ئازادترین هێزی ئازادیخوازیی و مەدەنییەت و دیمۆکراسیی و مرۆڤایەتیی لە جیهانی ئەمڕۆدا [ زیاد لە دەیان فلیمی دۆکیۆمێنتاری جیهانیی و ئێستا فلیمێکیی سینەمایی فەرەنسیش لە سەر ئازادیخوازیی و نەبەردییەکانیان بەرهەم هێنراوە ]، کوردستانی ڕۆژاوا بەلای کەمەوە بەرە و بوون بە کیانیكی کوردیی فیدرالی بە ئیدارەیەکی مەدەنیی دویمۆکراتیی بە هێز و هێزێکی عەسکەریی پرۆفێشناڵی پڕ چەکی مۆدێرن ، دەچێت. ئەمریکا سەدی سەد پشتگیری ئەم ئاکامەیە و چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەمە ناوەرۆکی کۆتایی جەنگ و کێشەی سووریی و چارەسەریی سیاسی دەبێت.
ئەردۆگان دوێنی [٦/٨] وتی: ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ لە ناویان نەبەین ئەوا سبەینێ نرخێکی زۆر زیاتر دەدەین]. واتە سوپای رزگاریخوازیی ڕۆژاوا دەبێتە ناوکی دەولەتی سەربەخۆی کورد و کوردستانی باکوور و باشووری پێوە دەبەسترێتەوە.
بەلام بە دڵنیایی یەوە ئەردۆگان زۆر درەنگ خەبەری بۆتەوە، و تازە لە دەستی چوو.
رۆژاوا بە هەموو ئەژدیهاکانی تورک قووت نادرێت. گەرچی بۆ ئامانجی مونافیقانە ئەم قسانە دەکات.
B- پەنابەرانی سوریی لە تورکیا.
هۆکاری دووەمی بەپەلە تر و هارکەرتر، کێشەی پەنابەرانی عەرەبی سورییەیە لە ناو تورکیادا، سێ تا سێ ملیۆن و نیو سوری لە تورکیا هەن ئێستا بوونەتە کێشەیەکی رەگەزپەرستیی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەلایەتی و ئایدیۆلۆجی. بە تایبەتی کە جگە لە بارقورسیی ئابووریی، بە زمان و حەرفی عەرەبی ناوی دوکان و محەللات و خواردنگەکانیان دەنووسن و بە عەرەبی قسە دەکەن و دەنووسن. هەزارانیان لێدەگێرێتت و دەنێردڕینەوە بۆ ناو خاکی سوریا. رۆژانە هێرشیان دەکرێتە سەر.
ئەردۆگان دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت: هەم لەو چەند ملیۆن سورییە رزگاری بێت هەم وەک عەفرین ناوچە کوردەکان تەعریب و تەتریک بکات و هەزاران ئیسلامیی فاشیستیی دژە کورد لە خاکی کوردا بچێنێت. واتەهەمان شت لە شارەکانی کوردستان وەک قامیشلی و کۆبانی و حەسەکە بکات، وکورد جێنۆساید بکات و ئەو سێ ملیۆن عەرەبە لە خاکی کوردا جینشین بکات. واتە بەدیهێنانی دوو ئامانجی رەگەزپەرستی خەتەرناک. رزگاربوون لە پەنابەرانی سوریی، ئیبادەی کورد و داگیرکردنی خاکەکەیان.
C- داگیرکردنی ناوچە نەوتییەکان بۆ بەهێزکردنی ئابووری داڕماوی وترکیا.
ئامانجێکی هەرە گرنگی و ستراتیجیتر و دریژخایەن تر: داگیرکردنی ناوچە نەوتییەکانە . ئەمە پەیماناگەیەکی لێکۆڵینەوەی زانستیی ستراتیجیی ئەمریکی رونی کردۆتەوە کە بەهانەی پەکەکە و تێرۆریزم تەنیا بەهانەیەکە بۆ داگیرکردنی ناوچە نەوتییەکانی سوریا کە لە ژێر دەسەڵاتی کورد دان. تورکیا ئابوورییەکەی بەرەو هەرەس دەچێت، کێشەکان کەڵەکە دەبن. ئەو پێشکەوتنە ئابووریی و سنعەتییە مەزنەی تورکیا کە ئەردۆگان بە دەستی ‌هێنا بە [قەرزی بانکەکانی ئەوروپا بوو] ئێستاش دەبێ ئەو قەرزانە بداتەوە ناتوانێ. هەم لیرە داڕماوە هەم بەرهەمهێنانی ئابووریی تەنانەت کشتوکالیش. کیلۆیەک پیواز بە دۆلار و نیوێکە و تورکەکان بۆ ڕێز لێنان ناویان ناوە [پیواز بەگ]. کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا و یۆنان و قوبروس، میسر و سەعودیە و ئەمارات و خۆتێگەیاندنەکانی لە لیبیا و سودان و ئۆکرانیا، دۆستی بۆ نەهێشتۆتەوە. هەوڵی دا بەرەو رۆژهەلاتی دەریای ناوەراست و ئاوی قوبروس بچێت و ناوچەکانی گازی ئەوێ داگیرکا و بەرهەمیان بێنێت، ئەوروپا و ئەمریکا دژی وەستان. بەرەیەکی بەهێز دژ بە تورک لە یۆنان و قوبروس و میسر و ئیسرائیلیش بۆ ئەم مەبەستە دژی تورک هەیە کە پێکەوە هێزی دەریایی گەورەتر لە تورکیایان هەیە. تورک نەوت و بازاڕ و ئابووریی باشووری بە هۆی خۆفرۆشانی باشوورەوە قوت داوە، دەیەوێت هی راژاواشی بخاتە سەر و رێگای ستراتیجی نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژاوا بکەوێتە ژیر دەستی تورک
D- داگیرکردنی هەمیشەیی عوسمانیی: تورک هەمیشە خەونی عوسمانیی هەیە، واتە داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە سەردەمی جەنگی جیهان یەکەم لە دەسەلاتی تورک ئازاد بوون، بە تایبەتی کە بەرەو یادەی سەد سالەی دامەزراندنی تورکیا دەچێت. بۆیە هەر شوینێک داگیری بکات وەک قوبروس لێی ناچییتە دەرەوە و دەتوانێت شوێنی ستراتیجی و جیۆپۆلیتیکی گرنگی خۆی بۆ یاریکردن لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوروپا بەکاربینێت و بۆی بچێتە سەر.
E- خەریک کردنی سوپا بە شەڕی دەرەوە /کوردەوە.
دوای کودەتاکەی تەمووزی ٢٠١٦، هیشتا ئەردۆگان و حیزبەکەی بە هیچ جۆرێ متمانەیان بە سوپا نییە دوای دەرکردنی هەزاران فرۆکەوان و جەنەرال و سەربازیش. ناردن و ئامادەکردنی٢٧٥٠٠٠ سەرباز بۆ شەری کورد، هەوڵیکی ترسنۆکانەیە بۆ مەشغوڵکردنی سوپاکەی بە شەڕیکەوە کە دەزانێ بێ ئۆکەی ئەمریکا ناتوانێت بیکات و گەر بیشی کات ئەم هەموو هێزە پێویست نییە.
F- هەڵاتنی ترسنۆکانە لە ئیدلیب بۆ هەوڵی ترسنۆکانەتری کوشتنی کورد
ڕۆژانە سەیری تەلەفزیۆنی ئۆریەنت دەکەم، ئەوە سێ مانەگ ڕۆژانە سوریا و روسیا بە تەیارەی فەزایی، سۆخۆ، مێگ، هیلیکۆپتەری جەنگی، درۆن، دەبابە، زرێپۆش و بۆمبای دەنگی و فسفۆریی و تۆپخانە، شەری قەرەبرووت لە ئیدلیب دەکەن واتە تەختکردن و ووێرانکردنی گەڕەک بە گەرەک و خانوو بە خانووی دەیان شارۆچکە و گوند بە سەدان منال و مەدەنی هەر وەک حەلەب و غۆتەی شەرقی، دەکەونە بن بان و دیوارە رووخاوەکانیان. بە ڕاستی جەرگبرە. یەک ملیۆن کەس دەربەدەر بوون. لای من منال هەر منالە و شوناسی نەتەوەیی و دینیی و نەژادیی و رەگەزیی نییە. ڕژیمی ئیسلامیی فاشیی تورک لە هەموو ئەوانە ىیدەنگە، نەیتوانیوە و ناتوانێت یەک گوللە بە روس، ئەمریکا، سوریا، ئێران و حیزبوللاوە بنێت. گڕ گڕ حیزانە دیتەوە سەر هاڕین و زیندەبەچالکردن و کۆمەلکوژکردنی کوردی راۆژاوا کە تەقەیەکیان نە لە تورک نە لە خەلکی سوریا نەکردووە.

( 4 )
ئایا ئەمریکا کوردی رۆژاوا دەفرۆشێت؟
نا بە ڕەهایی نا.
چونکە مەسەلەکە لە کوردی ڕۆژاوا گەورەترە.
گەر کورد بفرۆشێت، شەرەفی عەسکەریی ئەمریکا دەفرۆشێت.
پرینسیپی ئەخلاقیی بنەمایی دەولەتی ئەمریکیی دەفرۆشێت.
دەور و پایە و هێز و ڕیز و بەرژەوەندی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی نێوەند و دنیادا دەفرۆشێت.
شەرەفی ئەمریکا بە تورک و ڕوسیا و ئێران دەفرۆشێت.
تاکە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و هاوپەیمانییەکی پیرۆز و ئەخلاقیی کە ترامپ بتوانیت شانازیی پێوە کات دەخاتە ژێر پۆستاڵی سەرسەرییەکی وەک ئەردۆگانەوە.

( 6 )
چۆن بزانین؟
کە پۆتینی بێشەرەف و ویژدان عەفرینی فرۆشت ماوەی چەند مانگێکی پێچوو.
تورکیا لەگەڵ هەڕەشە و گورەشەکانی نەیتوانی هێڕش بکات تا پۆتین گلۆپی سەو زو سووری بە کشاندنەوەی دوا ئەفسەری رووس لە عەفرین بۆ هەلنەکرد.
هەر ئاواش، هەر کاتێ ئەمریکا دەستی کرد بە کشاندنەوەی تاکە ەیک سەرباز سەرەتا لە مەنبیجەوە، ئەوسا سەرەتای خەتەرێک هەست پیکەن. بەلام ئەوە سالیکە گوایە ڕێکەوتنی لە گەل تورک کردووە هیزەکانی هەسەدە لە مەنبیج بکشێنەوە و دەوریاتی هاوبەشی تورکیی ئەمریکیی پێکەوە دەگەرین، بەلام هێشتا هەزار شەڕوانی هەسەدە لە مەنبیجن ئەمەش ئەردۆی شێت کردووە.
لە بەر ئەوە ئەم بە ناو ڕێکەوتنەی دوێنێش نرخی نییە. تەنیا دەسەسڕێکی پیسە بۆ سڕینەوەی ئارەقی بێشەرمیی ئەردۆگان.
ڕێکەوتنی جددی سەفارەت بلاوی ناکاتەوە بەلای کەمەوە وەزارەتی دەرەوە یان بەرگری بلاوی دەکاتەوە.
بەلام ئەمریکا ٢٧ بنکەی سەربازیی هەیە کە دەیان ملیاری لێ سەرف کردوون و ئێستا یەکیکی تری گەورە لە حەسەکە دروست دەکات
دەزانی هەسەدە ٪٢٧ ی دەولەمەندترین و نەوتدارترین خاکی سوریای لە ژیر دەستە.
سالانە ٥٥٠ ملیۆن دۆلار دەدا بە هەسەدە و لە بودجەی ٢٠٢٠ یشدا هەیە، و زیاتر لە سعودیە و ئەمارات دەستێنێت.
سەدان شاحینەی تازەترین چەکی ئەمریکی هەفتانە بۆ هەسەدە دەچێت.. ئاخرییان پێڕی بۆ قامیشلی.
هەزار سەربازی ئەمریکی، هەزار سەربازی فەرەنسیی و بەریتانیی و ٣٥٠٠ هێزی تایبەتیی و خەبیری نەوت و گازی ئەمریکی هەر لەم دوو مانگەدا بۆ رۆژاوا نێردراون.
دڵنیابن دوای فشە گەمژانەکەی ترامپ، ئەمریکا وەک بەدیلی تورکیا و بنکەی ئینجەرلیک و مانەوەی درێژخایەن سەیری رۆژاوا دەکات و ئامادەی دەکات.
گەوادەکانی باشوور هەر چەند خۆیان بە تورک بفرۆشن ، ئەوا تەنیا خیانەتەکەیان بۆ دەمێنیتەوە.
ئێستا ئەمریکا خەریکی یاریکردنە بە ئەردۆگان تا لە ئایندەیەکی نزیکدا بەدیلی دەدۆزێتەوە
بۆیە ئەردۆ هێندە لە سوپا دەترسێت.
بەلام سوپاش نەبێت بە ئابووری دەیڕوخێنێت.
مەترسن ڕۆژاوا بۆتە وێنەیەکی سپیی پیرۆز لە ویژدانی رای گشتیی و ئازادیخوازان لە ڕۆژاوادا.
هیزەکانی چەپ و ڕاست پستگیریی ڕۆژاوا دەکەن.
ڕۆژاوا وتاری ئەخلاقیی و بنکە و ناوەرۆک و بنەمای دەولەتی کوردییە یەکەمجار وەک کیانی فیدرالی/کۆنفیدرالی. بەرەو سەرکەوتن!

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دکتۆر کەمال میراودەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر کەمال میراودەلی