كەمال محەمەد: 31 ی ئاب لە ئاوێنەی مێژوودا.

هەریەكێك لەڕۆژەكان زۆر جاران گوزارشت لە روداوێك دەكەن، هاوتای ئەمرۆش لە مێژووی باشوردا خۆی لە روداوێك ئەبینێتەوە كە بەهۆی دۆخی پڕ لە ناكۆكی و مەترسیداری دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هاتە بوون. […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هەریەكێك لەڕۆژەكان زۆر جاران گوزارشت لە روداوێك دەكەن، هاوتای ئەمرۆش لە مێژووی باشوردا خۆی لە روداوێك ئەبینێتەوە كە بەهۆی دۆخی پڕ لە ناكۆكی و مەترسیداری دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هاتە بوون. ئەگەر سەرنجێكی بدەین تەواوی ڕووداوەكان لەوسەردەمەدا پێچەوانەی ئەركە شۆڕشگێڕییەكانیانی نیشان ئەدا كە بەڵێنیان وڵاتێكی ئازاد كۆمەڵگایەكی دیموكرات بوو. ئاشكرایە لە پاڵ ئەم بەڵێنانەشدا خوێنی چەندین ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان كردە قوربانی لە پێناویدا، ئەوانەی لە پێناو گەل و خاكەكەیاندا وەكو قارەمانێكی راستەقینە پەیڕەوكارێكی پەیڕەوكردنی ڕێسا پیرۆزەكانی عەشقی ئازادی و نیشتمان بون. بەڵام ڕۆژی 31 ی ئاب ئەو ڕووداوەی كەبەسەر دامودەزگاو خاكە تازەئازادكراوەكەی كوردستاندا هات لەدوای ڕاپەرین، پێمان ئەڵێت: كە عەشق بۆ ئازادی بەو ڕووداوانە نەئەچوو، كە دەبینران. لە كاتێكدا هێشتا لایەنگرانی ئەنجامدانی شەڕی شۆڕشگێڕی لەچاوەروانی بەرەیەكی بەهێزی حیزبەكاندا بوون بۆ پارێزگاریكردن لە هەبونی زیاتر و مانەوەی دەستكەوتەكان.
سەرەنجام سەركێشییەكی گەورەی لایەنێكی حیزبی لەسەر بنەمای پشت بەستن بەو ڕژێمەی كە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەرووی گەلی كوردستان لەمەیداندا بوو، ئەمە بژارێكی مەترسیدار بوو بۆ مێژوی گەلەكەمان. 31 ی ئاب دەرەنجامی ئەو ململانێیە بوو بۆ ئەوەی یەكێكیان بەو پلەو پایە بگەن، كە هێندەی شاخ و دۆڵەكانی كوردستان هەوڵ و كۆشش و خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەكانیان لەبەر چاوان نەگرتبوو. ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە پێمان ئەڵێت: كە هەرگیز ئەمجۆرە هەڵوێست و رەفتارانە ئەرێ ناكرێن لە مێژوودا، لە راستیدا بەواتای یاریكردن بو بە شەرەف و كەرامەتی گەلێك، كە روبارێك خوێنی بۆ ڕشتبوو. ئەوانەی هۆكاری ئەو ڕوداوانە و دوبارە گەڕانەوەی پۆستاڵی سەربازانی داگیركەری ڕژێمی بەعس و زرێپۆشەكانیان بون، ناتوانن بەرامبەر بە مێژوو خۆیان لە ژێر باری بەرپرسیارێتییەكی قورسدا دەرباز بكەن. بۆیە 31ی ئاب ئەو ڕۆژە بو كە ناتوانرێ بەئاسانی تێپەڕێندرێ و باس لە قوربانی و دەرەنجامەكانی نەكرێت، كە چۆن دوبارە خوێنی كورد بەدەستی ئەوانە ڕژانەوە كە لە مێژە بەحەسرەتییەوەن، تەواوی ئەمانەش هۆكارەكەی بەرژەوەندی پەرەستی و زێدەرۆیی تاكپەرەستی حیزبی كوردی نیشان ئەدات لەبەرامبەر یەكدیدا.
پێویستە مێژوونوسەكان بەشێوەكی راست باسی هۆكار و دەرەنجامەكانی ئەم ڕوداوەو كۆی ڕوداوەكانی دیكەش بكەن، بۆ ئەوەی ڕووی قێزەون و بكوژی خۆیان لە ئاوێنەی راستییەكاندا بمێنێتەوەو ببینرێت. ئێستا و دوای چەندین ساڵ لەم ڕووداوانە گەرەنتی سەرەكی دوبارە نەكردنەوەی ڕۆژەڕەشەكانی مێژوو ئەوەیە، كە چۆن و بە چ عەقلییەتێكەوە پێشوازی لە ڕۆژەكانی مێژوو بكرێت. چونكە هەلومەرجی ناو خۆو دەرەوەش هێندە لەبار نییە بۆ ئەوانەی لە میانەی زهنییەتێكی موحافەزەكارەوە، كە ئەم ڕۆژە بە دەستكەوت ئەزانن. بكەونە سەنگەری ئەوانەی كە ئەوێ ڕۆژێ بە شوم و نەهامەتی بۆ گەلەكەمان ئەزانن. بۆیە ڕۆژەكان و ئەو ڕوداوانەی تێیدا رویداون لە ئاوێنەی مێژودا وەڵامی هەمو ئەو كەس و لایەنانە ئەداتەوە، كە نایانەوێت راستییەكان ببینین و خۆیان بەملاو ئەولادا ئەبەن و بەهانە ئەدۆزنەوە!.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
کەمال محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: کەمال محەمەد