بورهان شێخ ڕەئوف: ململانێکانى ئەمریکاو ئێران لە گەرووى هومزەوە بۆ تەنگەى جەبەل تاریق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەبەل تاریق ناوێکى نامۆ نیە بۆ زۆربەمان بە تایبەتى بۆ جیهانى ئیسلامیش بە گشتى ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى فتوحاتى ئیسلامى لە ئەندەلس و سەرکردەى ئەو شاڵاوە ش ( تاریقى کوڕى زیاد ) لە ساڵى 711 زاینى، تەنگەى جەبەل تاریق ئەو شوێنەیە کە ئۆقیانووسى ئەتڵەسى بە دەریاى سپى ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە کە ناوە عەرەبیە کۆنەکەى دەریاى ( زقاق) بوو هەرچەندە ئنگلیزو ئیسپانیەکانیش ناوى تایبەت بەخۆیان هەیە بۆى ، کە قووڵترین شوێنى ئاوەکەى 300 مەترەو تەسکترین شوێنى پانتاییەکەى 14 کیلۆمەترە.
تەنگەى جەبەل تاریق یەکێک لە هەستیارترین ڕێڕەو وپێگە دەریاییە گرنگەکانى جیهان کە کەشتیگەلى بارهەڵگر هاتوچۆى بەردەوامى تێدا دەکەن لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا داو ناوچەیەکى جێناکۆکە لە نێوان هەردوو وڵاتى بەریتانیا و ئیسپانیادا ، لە ئێستا بووەتە گۆڕپانى ململانێکانى ئێران و ئەمریکا لە لایەکى ترەوە ئەمە ئەو ڕاستیە سامناکەمان دێنێتە پێش چاو کە ئەگەر ململانێ و ناکۆکییەکان ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت بە لۆجیک و ژیرى ئەوە بۆى هەیە پەل بهاوێ بۆ زۆر پنت و جوگرافیاى دوورتر کە دواتر کۆنترۆڵکردنى لەوەیە ئاسان نەبێت لایەنى تریش ڕاکێشێتە ناو هاوکێشەکەوە.

سەرهەڵدانى کێشەکە
کاتێک ئەم کێشە تازەیە سەرى هەڵدا کە دەستەڵاتدارانى تەنگەى جەبەل تاریق کەشتیەکى نەوت هەڵگرى ئێرانیان ڕاگرت کە گوایە نەوتى ئێران دەگوازێتەوە بۆ ڕژێمى بەشار ئەسەد ى سوریا کە ئەمەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانى یەکێتى ئەوروپایە کە سزاى ڕژێمى ئەسەد دەدات و ڕێگرى لەوەدەکات کە هیچ کاڵاو کۆمەکیەکى بۆ بڕوات ، پێدەچێت ئەمەش شێوازێکى دى هاوپەیمانەکانى واشنتۆن بێت بۆ فشار خستنە سەر کۆمارى ئیسلامى ئێران.

گواستنەوەى قەیران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە بۆ ڕۆژئاواى ناوەڕاست
لە تەنگەى جەبەل تاریق و لە خوارى خوارەوەى ئیسپانیا کەشتى بارهەڵگرى (گریس 1) کە ئاڵاى پەنەماى هەڵکردبوو و نەوتى ئێرانیشى بارکردبوو کەبە نیازبوو بڕواتە دەریاى سپى ناوەڕاستەوە و لەوێشەوە بۆ بەندەرەکانى سوریا بەڵام لە دوورى چوارکیلۆمەتر پێش ئەوەى بگاتە گەرووى جەبەل تاریق لەبەرەبەیانییەکى زووى ڕۆژى 4 تەمووزى 2019 هێزە کانى ئاسایشى گەرووەکە کە پێکهاتببوون لە (30) کەس و سەربە تاجى بەریتانیاى مەزنن و ناوچەیەکى جێناکۆکە لە نێوان بەۆیتانیاو ئیسپانیادا لە نێو ئاوە ئیقلیمیەکانى گەرووى ناوبراودا فڕۆکەیەکى سەربازى جۆرى کۆبتەربەسەر کەشتیەکەدا سووڕایەوەو سەربازە بەریتانیەکان خۆیان هەڵدایە سەرى و تاقمى کەشتیەکەیان دەست بەسەر کرد لە سەر فەرمان و داخوازى دەستەڵاتدارانى ناوخۆیى گەرووى جەبەل تاریق.
بەگوێرەى هەواڵى ئاژانسەکان و تەنانەت سەرچاوە هەواڵگرییە ئاگادارەکانى دۆخى ئێران و ناوچەکە پێدەچێت ئەمە یەکەم هەوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران بێت بۆ ئەوەى باز بەسەر سزاو ئابڵووقەکە سەپاوەکانى سەرى بدات و خۆڵ بکاتە چاوى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەوە.
هەر ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەو کەشتییە بارهەڵگرە بە دۆکۆمینت لە بەندەرى بەسرەى عێراقى بارکراوە لە نەوت لە مانگى کانونى یەکەمى ڕابردوو هەرچەندە کاربەدەستانى بەندەرى ناوبراو نکووڵى لەوەدەکەنو دەڵێن لاى ئێمە تۆمار نەکراوە و لەلایەکى ترەوە سەرچاوەى تر باس لەوەدەکەن کەلە کەنارەکانى خودى ئێران بارکراوە.
لەلایەکى ترەوە لێرەدا پرسیارێک خۆى قووت دەکاتەوەبۆ ئەم کەشتیە ئەگەر کێشەیەکى نیە بۆ عەرەب واتەنى ( ئەم حەولە ئەلعالەمە ) دەکات و لە کەناڵى سویسەوە نزیکترین ڕێگەیە ناپەڕێتەوە، ئەوەى گومانەکە زیاد دەکات ئەوەیە بڕینى ڕێگاى کۆن و دوور ى هاتوچۆى جارانى پێش هەڵکەندنى کەناڵى سوەیس ڕەئس ڕجائئلساڵح لە باشوورى کیشوەرى ئەفریقیاوە بگرێت بۆ ئەوەى خۆى لە سزاو گەمارۆکانى ئەمریکا بشارێتەوەو دەربازبێت هەرچەندە ناکۆکییەکانى نێوان ئیسپانیا و بەریتانیا تا ئێستا زۆر توندو ئاڵۆزنەبووە لەبەرئەوەى لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا بەردەوامن و لەوەیە ماوەیەکى درێژیش بخایەنێت لە بەرئەوەى لایەنى سێەمیش بەشدار دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و تەنانەت کۆمپانیاى خاوەن کەشتییەکە کە واباس دەکرێت ڕوسى بێت و لە دوبەى تۆمار کرابێت.

دەرهاویشتەکانى ئەم قەیرانە
لەلایەکى ترەوە دەست بەسەرداگرتنى ئەم کەشتیە بارهەڵگرە نەوتییەى ئێران لە لایەن دەستەڵاتدارانى جەبەل تاریقەوە کە سەر بە تاجى بەریتانیان نیگەرانى و تووڕەیى حکومەتى ئیسپانیاى لێکەوتووەتەوە ، وەزیرى دەرەوەى ئیسپانیاش ڕایگەیاندووە کە نامەى نیگەرانى و ناڕەزایى وڵاتەکەى دەداتە حکومەتى بەریتانیا دەرهەق بەو پێشێلکارییەى سەروەرى وڵاتەکەى و زیاتریش وتى ئەمە لەسەر داخوازى ئەمریکییەکان بووە لە بەریتانیا .
لە بەرامبەردا بەریتانیەکانیش ڕایەکى جیاوازییان هەیە دەڵێن ئەمە پاساو هۆکارى یاسایى تەواومان لە بەردەستە کە بارهەڵگرەکە سزاو گەمارۆکانى سەر ڕژێمى ئەسەدى شکاندووەو هیچ هۆکارێکى سیاسى ترى لە پشتەوە نیە.
لەلایەکى ترەوە ئێرانیەکانیش دەبێژن و سوورن لە سەر ئەوەى کە کەشتییەکان لە ئاوە نێو دەوڵەتییەکاندا بووەو ئەم هەنگاوەى حکومەتى بەریتانیا بە ڕووخێنەرو و نامۆ و نا یاسایى ناودەبەن وحکومەتى بەریتانیا بەوە تاوانبار دەکەن کە چووەتە ژێربارى داخوازی و فەرمانەکانى ئەمریکا و وەزارەتى دەرەوەى ئێران پێداگیرى لەسەر ئەوە دەکات کە هەموو هەوڵ و تەقەلا سیاسى و یاساییەکانى دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەى کەشتییەکەو تاقمەکى ئازاد بکات وهۆشدارى لەوش دەدات کە ئەم هەنگاوە گرژى و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە زیاد دەکات .
بەریتانیەکانیش ڕوونتر قسەدەکەن ئێستاو دەڵێن ئەمە جێبەدێ کردنى یاساکانى یەکێتى ئەوروپایەو کە سزاى ڕژێمى ئەسەد دەدات کە لە دواى شۆڕشى گەلانى سوریاوە لە ساڵى 2011 تا ئێستا ئەو ڕژێمە خەڵکى سڤیل بە بێ تاوان دەکوژێت و دەبێژن ئەو کەشتییە بارەکەى بۆ پاڵاوگەى بانیاسى سوریایە کە سەربە کۆمپانیاى نەوتى حکومەتى ئەسەدەو ئەمەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانى یەکێتى ئەوروپایە.

کاردانەوەکانى ئێران
هەروەکو ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاوى کردۆتەوە کەشتى ( گریس ) یەکێکە لەو چوار کەشتییەکە کەنەوتى ئێران بە قاچاغ دەگوێزێتەوە بۆ سنگافورەو چین بە پێچەوانەى سزاکانى ئەمریکا لە سەر ئێران بەڵام لێرە لە جەبەل تاریق پاساوەکە جیاییە ئەویش سەرپێچى سزاکانى یەکێتى ئەوروپایە بۆ سەر ڕژێمى ئەسەد لێرەدا دەکرێت بپرسین ئەمریکا ڕۆڵى هەیە لەم کردەوەدا یان نا ؟
بە هەرحاڵ ئێران بەتوندى ئیدانەو سەرکۆنەى ئەم هەنگاوەى بەریتانیاى کردوو هەڕەشەى ئەوەى کرد لە سەر زارى ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى دیاریکردنى بەرژەوەندى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە ( موحسین ڕەزایى )کە هەنگاوى وەکو ئەوان دەنێن و کەشتییەکى بەریتانى دەستبەسەرا دەگرن و جێبەجێشیان کرد لە ڕۆژانى ڕابردوو لە تەنگەى هورمز.

بەریتانیا و چۆنیەتى هەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم قەیرانەدا:
هەرچەندە بەریتانیا یەکێکە لە دۆستە نزیکەکانى ئەمریکا و لە هەموو وڵاتانى تر و هاوپەیمانەکانى ترى لێکنزیکن و بەڵگەش زۆرە لە ڕابردوودا لە زۆر پرسى گرنکدا بەریتانیا پشتیوانى هەڵوێستەکانى ئەمریکا بووە بێ پێچ و پەنا لە کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکانیشدا ، بەڵام لە پرسى کشانەوەى ئەمریکا لە سەروەختى سەرۆک ترەمپ لە ڕێککەوتننامەى (5+1 ) لە گەڵ ئێراندا بەریتانیا نەکشایەوەو پابەند بوونى خۆى بە ڕێککەوتننامەکەوە ڕاگەیاند.
بەڵام دواى ئەوەى دوو کەشتى نەوت هەڵگر لە گەرووى هورمز پەلامار دران لە مانگە حوزەیرانى ڕابردوو ئەمساڵ 2019 بەریتانیەکان ئێران بە ئەنجامدەرى هێرشەکە دەزانن هەرچەندە ئێران نکووڵى لێدەکات بۆیە جۆرێک لە گرژى و ئاڵۆزى کەوتە پەیوەندییەکانیانەوە ، لە هەمان کاتیشدا کێشەیەکى تریش هەیە لە نێوان ئەودوو وڵاەتەدا ئەویش ئەوەیە کە هاوڵاتییەکى بەریتانى بە بنەچە ئێرانى ( نازەنین زاغارى رادکلیف ) لە ساڵى 2016 ەوە لە ئێران لە زینداندایە بە تۆمەتى سیخوڕى بۆ ماوەى پێنج ساڵ حوکمدراوە ئەوانیش ڕەتى دەکەنەوە کەوەها بێت بۆیە فشار دەکەن تاوەکو ئازاد بکرێت.
هاوکات لە گەڵ فشارەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران بۆ ئەوەى ئێران ناچار بکات بۆ هەموارکردنەوەى یان ڕێککەوتنێکى نوێ ، ئەمە کاردانەوەى لە سەر پەیوەندییەکانى ئێران و وڵاتە ئەوروپیەکانیش کردوو ە بە تایبەتى دواى 8 ى حوزەیرانى ڕابردووى ئەمساڵ 2019 کە ئێران هەڕەشەى ئەوەى کرد کە دەست بە پیتاندنەوەى یۆرانیۆم دەکاتەوە بۆ سەرووى 3.67 % ئەگەر ئەوروپیەکان پابەند نەبن بە ڕێککەوتننامەکەوە بۆیە زمانى قسەکردنیان گۆڕانکارى بە سەردا هاتووە بەرامبەر بە ئەوروپیەکانیش. بۆیە ئەم هەنگاوەى ئێران هەرچەندە خۆى دەبێژێت هۆشدارى دانە تاوەکو هەڕەشە بەڵام ئەوروپیەکانى نیگەران کردووە.
هەر تایبەت بە پەیوەندییەکانى بەریتانیاو ئێران بەو پێ یەى کە تا ئێستا بەریتانیا پابەندە بەڕێککەوتنى (5+1) بۆ یە دەبێت ئازادى دەریاوانى بۆ کەشتیەکانى ئێران فەراهەم بکات کە نەوتى ئێران دەگوێزنەوە واتا بەریتانیا ناچێتە ژێربارى سزاکانى ئەمریکا هەرچەندە پاساوى بەریتانیا بۆ دەستبەسرگرتنى کەشتیەکە لە جەبەل تاریق ئەوەیە سزاکانى سەر ڕژێمى ئەسەدى سوریاى بەزاندووە.

لە کۆتاییدا:
1- ئەگەر بەریتانیاو ئێران دوو کەشتیەکەیان یەک بە یەک ئازاد نەکەن واتە دیل بە دیل ئاڵوگۆڕییان پێ نەکەن هەرچەندە هەریەکەیان پاساوى جیای هەیە بۆ دەست بەسەردا گرتنەکە ، ئێرانیەکان دەبێژن کەشتیە بەریتانیەکە ڕێساکانى هاتووچۆى دەریاوانى پێشێل کردووە بۆیە گرتوومانە پاساوەکانى بەریتانیاشمان بۆ گرتنى کەشتیە ئێرانییەکە پێشتر باسکرد ئەوا دەبێت حکومەتى بەریتانیا زیاتر دەست وەربداتە کاروبارى ناوچەى کەنداوو یان ڕاستەوخۆ هێزى سەربازى بنێرێتە ناوچەکە بۆ ئەوەى هاوڕێیەتى کەشتییە بار هەڵگرەکان بکەن کەئەوەش تێچوویەکى زۆرى دەوێت جگە لە ترس وئەگەرى هەڵگیرسانى شەڕو بەریەککەوتن لە گەڵ ئێراندا و نازانرێت تا کەى درێژە دەکێشێت.
2- ئاسانترین چارەسەر ئەوەیە کە بەریتانیا کەشتیە ئێرانیەکە ئازاد بکات و ئێرانیش کەشتیە بەریتانیەکە ئازادبکات ئەمە لە بەرژەوەندى باڵاى هەردوو وڵاتەکەیە ، بە پێچەوانەى ئەمەو بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوەو قەیرانیکى گشتگیرە کە ئاکامى زۆر خراپى بە دوادا دێت نەک لە ئاستى ناوچەکە بگرە جیهانیش.
3- ئێران دەوڵەتێکى میحوەرى گرنگە لە ناوچەکەدا و ناکرێت پشتگوێ بخرێت و لە پەروێزدا بێت توانا ڕۆکێتى زۆرى هەیە و پێگەو بنکەو دۆستى زۆرى لە ناوچەکەدا هەیە.
4- ئەگەر شەڕوو پێکادان لە نێوان ئێران وبەریتانیادا ڕووبدات ئایا ئەمە شکست و نەنگى نییە بۆ گەورەیى و خۆبەزل زانینى بەریتانیا لە مێژوودا کە هەمیشە خۆى بە بەرز وزەبەلاح و لە بن نەهاتوو زانیووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت