بورهان شێخ ڕەئوف: یەمەن ئەو زەلکاوەى کە سعودیە و ئیمارات تێیدا چەقیوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى لەناو جیهانى عەرەبیدا ئەو وتە باوە هەیە کە یەمەن خاکێکى سەخت و لە گیران نەهاتووە و، لە ڕابردووشدا هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیووە تا سەر دەستەمۆیان بکات و بندەستیان بکات، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوەو ئەوانیش:
1- سروشتى خەڵکەکەى کە هەر بە جەنگاوەرى لە دایک دەبن، وەکو خۆیان دەڵێن و وتەى باوە.
2- هەڵکەوتەى خاک و جوگرافیاى وڵاتەکە بە شاخ و چیا بەردین و بەرزەکانى و دۆڵ و شیوە قووڵەکانى.
3- تواناى خۆڕاگرى و ئارامى بۆ برسێتى و لێزانى لە هونەرى جەنگ و بچووکى جەستەو لەش و لاریان کە دەتوانن لە کونجێکى بچووکدا خۆیان حەشاربدەن و خۆیان بە دڕک و داڵ دابپۆشن مەتارەیەکى بچووکى ئاو لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن لە تەک چەند دەنکە خورمایەک تا کات و ساتى گونجاو دەست لە دوژمنەکانیان بووەشێنن.
لە مێژووى یەمەنییەکانیشدا زۆر نموونەى ئارامى و خۆڕاگرى قایم و تاقەت پڕوکێن هەیە لە چاودێرى جموجووڵ و هێڵى هاتوچۆ و پێکهاتەى هێزى نەیارەکانیان و ڕاکێشانیان بۆ شەڕى وەهمى دواتر بردنەوەى شەڕەکە.
بۆیە لە مێژووى نوێى یەمەندا، یەمەنییەکان توانیان زۆر داگیرکەرو پەلاماردەرى خاکەکەیان ببەزێنن و وەدەریان بنێن سەرەڕاى هەژارى و نەبوونى بە و توانا و عەزیمە سەرسووڕهێنەرەیان بە حوکمى جوگرافییەکەیان کە پێشتریش ئاماژەم پێداوە، شتێکى ترى باوى یەمەن هەیە کە زۆرینەی یەمەنییەکان بەکارى دەهێنن ئەویش ڕووەکى ( قات ) ـە کە جۆرێک مادەى هۆشبەرى تێدایە خۆیان دەیڕوێنن و زۆر ئاساییە بە لایانەوە و وەکو بنێشت لە دەمیاندایە دەى جوون.
بەڵێ لەمێژووى نوێى یەمەندا ئەمە یەکەمجار نیە عەرەبستانى سعوودیە پەلامارى یەمەن بدات هەر لە دواى دۆزینەوەى نەوت لە عەرەبستانى سعوودیە بە هاوکارى بەریتانیا و ئەمریکاش، مەلیک سعوود کوڕى عەبدولعەزیزى پادشاى دامەزرێنەرى شانشینى عەرەبستانى سعوودیە حەزو خواستى لە فراوانکردنى شانشینەکەى هەبوو ئەویش بە کەڵک وەرگرتن لە هەژارى و لاوازى بى َتوانایى و لاوازى حوکمى ئیمام ئەحمەد حەمیدەدین، بەڵام دواتر ئیمام توانى بە کەڵک وەرگرتن لەو ڕق و بێزارییەى کە خەڵکى یەمەن بەرامبەر بە خەڵکى بیابانى نەجدو حیجاز هەیانبوو بەرپەرچى هێڕش و دەستدرێژییەکانیان بداتەوە کە بە سەرکردایەتى شازادە فەیسەڵ کوڕى عەبدولعەزیز بوو، دواتر شا عەبدولعەزیز فەرمان بە پاشەکشەى هێزەکەى بکات و هەوڵى ئاسایى کردنەوەى بارودۆخەکە بدات لە گەڵ یەمەن.
هەرچەندە شێخ زایدى بنیاتنەرى دەوڵەتى ئیمارات لە بنەچەدا لە خێڵەکانى یەمەنەو کاتێکیش بەنداوى مەئرەبى سەرلەنوێ لە سەر بووجەى خۆى دروست کردەوە لە یەمەن لە لافیتەکانى پێشوازى دا یەمەنییەکان نووسى بوویان خێرهاتنى ڕۆڵەى یەمەنى لێهاتوو شێخ زاید دەکەین.
لە ئێستاشدا لەم هەڵمەتەى کە دەکرێتە سەر یەمەن لە لایەن هاوپەیمانى عەرەبى کە عەرەبستانى سعوودیە سەرکردایەتى دەکات ئیماراتیش بەشدارە، بەلام لە بەشى باشوورى یەمەن کە عەدەن پایتەختەکەیەتى و پێگەیەکى جوگرافى گرنگى هەیە کە دەریاى عەرەب بە ئۆقیانووسى هندییەوە دەبەستێتەوە.
لە دواى ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبى ڕاپەڕینى خەڵکى یەمەن دژ بە دەستەڵاتى عەلى عەبدوڵا ساڵەح و لە کار لابردنى و دواتر کوژرانى عەلى عەبدوڵا ساڵەح لە لایەن حووسیە هاوپەیمانە تازەکانییەوە، ئەو وڵاتە بووە خاکێکى بە پیت بەهۆى دروست بوونى بۆشایى سیاسى و نەبوونى دەوڵەت و سوپاى بەهێز و دابەشبوونى ئتنیکى و تائیفى کە بەشێک لە یەمەن سەربە مەزهەبى زەیدى بن کە نزیکە لە مەزهەبى شیعەوە و بەشێکى تریشى شافیعى و سوونە بن کەوا عەرەبستانى سعوودیە پەلامارى بدا بە سوپایەکى زۆر لە وڵاتانى کەنداو سودان دواتر هەندێکیان کشانەوە.
ئێستا لە دواى پێنج ساڵ لەو شەڕە هاوپەیمانى عەرەبى نەیانتوانى بە شەڕ کێشەى یەمەن یەکلایى بکەنەوە بە تایبەتى کە ئێران کۆمەکى حووسیەکان دەکات بە هەموو جۆرێک و، سعوودیە و هاوپەیمانەکانیشى هاوکارى و پشتیوانى حکومەتەکەى عەبد ڕەبە مەنسوور هادى دەکەن، ئاکامەکەى وێران بوونى یەمەن و کوژرانى سەدان هەزار کەس لە خەڵکى داماوى ئەو وڵاتەى لێکەوتەوەو ئەم وڵاتانەش هەریەکەو بەرژەوەندى و ئامانجى تایبەتى خۆى لەو شەڕە هەیەو سەرەڕاى دۆڕان و شکستیان عەرەبستانى سعوودیەو ئیمارات ئازایەتى ئەوەیان تێدانیە دان بە شکستى خۆیاندا بنێن و لەو زەلکاوەدا چەقیون چاوەڕوانى فریادەڕەسێکن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت