بەهرۆز جەعفەر: تاشە بەردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خلۆربونەوەدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دوای بەهاری عەرەبیەوە، لە تاشە بەردێکی ئێجگار گەورە ئەچێ لە قەتپاڵی شاخێکی مەزندا، ئەوەی ئەم تاشە بەردە گەورەیەی ڕاگرتوە تەنها بەردێکی خڕی بچوکە لە ژێریدا، ئەوە زیاتر لە حەوت ساڵە ڕۆژ ئەبێتەوە هەرچی داموستگەی هەواڵگریی و سیاسی و ئابوریی ڕوسیاو ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیاو ئەملاو ئەولای ئەم جیهانە هەیە هەر یەکەی دارێکی گرتوە بە دەسیەوە ختوکەی بەردە بچوکەکە ئەدەن، تاوەکو تاشە بەردە زلەکە خلۆر بێتەوە. بێگومان ئەم بەردە گەورەیە بەربێتەوە کۆمەڵی شوێن تەخت ئەکاو، هەندێ شوێن دابەش ئەکاو، هەندێکیش ئەشکێنێ.
ئەوەی پەیوەستە بە کوردستانەوە لەسەر ئاستی حیزب ئەوە بۆ خۆیان خەریکی دەست بادان و ملجەڕاندنی یەکتر ئەبن، لەهەوڵدان، بەڵکو ئەوانەی بەردەکە ئەخەنە خوارەوە ئەویتریان بشکێنێ و ئەمیتریان قووت بکاتەوە.

لەسەر ئاستی کیانی کوردی و پارچەکانی کوردستان، ئەمە گریمانە بەهێزەکانی ئاوایە:
یەکەم/ تورکیا لە دوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس -400 لە ڕووسیا، مەترسی ئەوەی هەیە بە پاڵپشتی ئەمریکاو ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان یان فیدراڵیەتێک بۆ کوردەکانی باکور دروست بکرێت، بۆیە خێرا سێ سەرۆکی شارەوانی کوردی لە باکوری کوردستان بە زەبری هێز گۆڕی و، لە شوێنەکانیان سێ قەیومی دانا. ئەمە ئەگەرچی لەسەر دیموکراسیەت و کەسێتی سیستمە ئەردۆغانیەکە زۆر ئەکەوێت، بەڵام تاکە فاکتەرێکە بۆ ئەوەی بەر بە دابەشبوونی تورکیا بگرێت.
دووەم/ لەسەر ئاستی کوردستانی باشور ( کوردستانی عێراق) جەوهەری مەسەلەکان کەرکوکەو، کەرکوکەو، هەر کەرکوکە، لە ماوەی دوو هەفتەی ئایندە ئەبێت کورد چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورە بکات لە کەرکوک. ئیتر چێشتەکە لە مەتبەخەکانی ئەو دیو سنورەکان پێگەیوە.
شەڕ لێرەیە لە عێراق، گریمانەی ئەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق هەڵبوەشێتەوە « پێش پێنج مانگ وتارێکمان لە پێگەی ئیلافی عەرەبی لەسەر ئەمە نوسی». هەروەها گرفت لە بەسرە وەک قورگی عێراق و بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی خۆی لە ژێر سێبەری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران فاکتەرێکی کار لەسەر کراوە لە عێراق.
هەرچی گرفتەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدایە، ئاوها نیە کە کۆمەڵێ پەرلەمانتار ئەڵێن لەسەرچی وەستاوین بۆ 250.000 دووسەت و پەنجا هەزار بەرمیل نەدەین بە بەغداو ، ئیتر بودجە دێت و هەرێم هەقی هیچی تری نییە!. بابەتەکە پێچراوە بە کۆمەڵێ بێنەو بەرەی ترەوە، لەوانە ئیشکالیەتی هەرێم و فەڕەنساو بەغداو تورکیا پێکەوە لەسەر شکایەتی کۆمپانیاکان و قەرزدەرەکیەکان و…زۆر بابەتی دیکە. تازە کۆمپانیایەکی تر « دایناسیتی پیترۆلیۆم- Dynasty Petroleum» لە دادگای شاهانەی لەندەن سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردوەو، داوای (1.5) یەک ملیارو نیو دۆلار ئەکا…جگە لەم قەرزی شایستە داراییانەی کۆمپانیاکان، پرسی گۆڕینی هێڵەکانی غازی سروشتی و نەوتی عێراق لە کەنداوە وە لە بەندەری جەیهانەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست پرسێکی ئێجگار ئیش لەسەر کراوە.

سێهەم/ ڕۆژئاوای کوردستان سەری ڕمی ململانێ هەرێمایەتیەکان و بەرەی پێشەوەی جەنگی هەستانەوەی کوردستانە. ئەوەی وەک دەرئەنجام هەیە ئەوەیە مادام ڕۆژئاوای کوردستان، واتە باکوری سوریا ئەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، مادام قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل و میسر لە دەریای ناوەڕاست بە پاڵپشتی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانێتی یان بەستوە، کەواتە تورکیا هیچ ڕۆڵێکی پێ نادرێ لە دەریای ناوەڕاست بەسوریاشەوە، هەموو ئەو وڵاتانەی ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست دژی تورکیا خۆیان ڕێکخستوە، بەتایبەت لەپرسی پەیوەست بە ووزەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت