بەهرۆز جەعفەر: عێراق و کارەساتی بەردەوام, سەرۆک کۆمار خەریکی چیە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە دیاردەیەکی سەیرە!. عێراق ڕووی لە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ئابوریی و ئیتنی و جیاکاری کۆمەڵایەتی ترە، ئەم لانکەی شارستانیەتی سۆمەرە کەوتۆتە بەرداشی ململانێی زلهێزێکی جیهانی (ئەمریکا) و زلهێزێکی ناوچەیی ( ئێران) ەوە، کەچی سەرۆکی کۆمارەکەی عێراق لەبری حوکمی ڕەشیدەکەی پێشوتر باسی ئەکرد سەرقاڵی کوتلەکاری و وەڵامدانەوەی کۆمێنتە لەناو حیزبەکەی خۆیدا!. خەریکی بەشبەشێنەو، خەڵک گیرکردنە لەملاولای حکومیدا تا خزمەتی پرۆژە بزنسیەکانی خۆی پێ بکا !. لە زانستی سیاسی دا ئەم حاڵەتە ناوی دەستەڵاتە بە بێ سیاسەت. چونکە هەموو دەستەڵاتێک سیاسی نییە، دەستەڵات کاتێک ئەبێتە سیاسی کە دوو سیفەتی تیا بەرجەستە بوبێت، یەکێکیان خەڵکەکەی لە هەڕەشەو مەترسی دەوروبەر بپارێزێت، ئەوەکەی تریش بەرژەوەندی و خواستی کۆمەڵگەکەی بهێنێتە دی.
ئەمە دیاردەیەکی سەیرە!. خەڵکی بەسرە کە دەرچەی هەرە ستراتیجی و شادەماری ئابوری عێراقن، ئەوە دوو ساڵە (4) ملیۆن هاوڵاتی داوای ئاوی خواردنەوە ئەکەن، ئاویان نییە بیخۆنەوە، کەچی سەرۆک کۆمار « بەرهەم ئەحمەد ساڵەح» ڕۆژە بێتەوە نوسینگەکەی ڕائەسپرێ وەڵامی ئەم و ئەوی ناو حیزبەکەی خۆی لە هەرێمێکی چکۆلانەی وەک کوردستاندا بدەنەوە؟!. ئیشی نوسینگەو دارودەستەی بەناو ڕاوێژکاری ئەوەیە وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە مەترسین لە سەر ئاسایشی ووڵات. ئەوە شاعیرێکی چینی بەناوی ( Irene Y. Tsai) هەیە لە کتێبەکەی بەناونیشانی ” بۆقی ناو بیرەکە – The frog in the well ” ئەڵێت « بۆقێک لە بیرێکدا چی لە دەریا ئەزانێت»!. کەسێک کە بۆ مەلەزات و چێژی کەسیی خۆی و جرت و فرتی ندی و بدیانە بەملاولایا ( گوایە ئەمە دیبلۆماسیەتە) بوبێتە سەرۆک بێگومان بە ئارەزووی خۆی تێی ئەفکرێ و لاشیوایە لە ئیشی دەریا ئەزانێت، تۆپێک و هێڵکەیەک وەک یەک ئەبینێت. مرۆڤ سەری سووڕ ئەمێنێت چۆن ئەبێت کاراکتەرێک باوەڕی بە حیزبێک نەبێت، لەناخەوە گاڵتەی بە مێژووی تێکۆشانی حیزبێک بێت، جیابوبێتەوە لێی، تەنها چەند مانگێک پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار بۆی کرابا جەستەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی هەللا هەللا ئەکرد، ئیمڕۆکە بۆ بازرگانی کردن بیەوێ لەسەرووی هەڕەمەکەوە بە کەماڵی ئیسراحەت لێی دانیشێت؟!.
سەرۆکایەتی کردنی عێراق پێویستی بە فێربونە لە فەلسەفەی دەستەڵاتی سیاسی دا. لە خۆڕا نییە تەنها دوای سێ مانگ دەست بەکاربونی سەرۆک کۆمار سیاسەتمەداری عێراقی ” حەسەن عەلەوی” لە پەیامێکی دەنگیدا ئەڵێت « بەرهەم ساڵەح خراپترین سەرۆکە لە مێژووی عێراق دا”. کەسێک شکۆ و حورمەتی خۆی پێ نەپارێزرێت چۆن شکۆی شکاوی عێراقیەکان و میللەتە ستەملێکراوەکەی خۆی ڕائەگرێت. جان جاک ڕۆسۆ ئەڵێت: ” هەمیشە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوانی ئەوەدا کە کۆمەڵگایەک ببەیتە ڕێوە لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵگایەک ملکەچ بکەیت”. ئایا ئەوە ملکەچی نییە دان بە بونی (11) بنکەی سەربازیی وڵاتێکی دراوسێدا بنەیت لە وڵاتەکەت و هەموو ڕۆژێکیش هاوڵاتییە سڤیلەکانت لە شیرین خەوا بۆمباران بکات !؟.
لە ڕاستیدا، بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا ئیشی پیاوە گەورەکانە، نەک ئەوانەی لە ناو بیرێکدا وەک بۆقەکە لایانوایە ئیش لە کاروباری ناو دەریا ئەکەن. ئەمە هەجوو نییە، ئەمە ڕوون کردنەوەی ئەوەیە بۆچی کە تسونامییەکە لە وڵاتی تایلەند ڕوویدا حکومەتی سوید گازندەیەکی زۆری هاتە سەر چونکە گورجوگۆڵ نەبوە لە خێرا گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیە سویدیانەی بۆ سەفەر لەوێ بون؟. ئەمە سەرنج دانە لەوەی بۆچی ئیسرائیل لەسەر سەربازێکی دیلی خۆی خۆی سەدان فەلەستینی ئازاد ئەکات، ئەوە ناوی تۆڵە نیە، بەڵکو گرنگی پێدانی سیاسیە.
لەکاتێکدا تورکیا ئاوی دیجلەو فورات ئەگرێتەوەو، کێشەی ئاویی بۆ عێراق دروست کردووە، نزیکەی ( 600) شەش سەت هەزار دۆنم زەوی عێراق مەترسی بیابانبون و بێ کەڵک بونیان کەوتۆتە سەر، ئێ کەچی سەرۆک کۆمارەکەی عێراق بۆ بنکۆڵکردنی کیانی هەرێمی کوردستان و عێراق خۆی کردۆتە ئەندازیاری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا!. لەسەر حیسابی کێ و بۆچی؟. بێگومان لەسەر حیسابی گەل و بۆ بەرژەوەندی و پێگەی لاوازی خۆی.
ئەمە دیاردەیەکی سەیرە!. تا ڕادەیەکیش لە باق و بریقی نیۆ- لیبراڵە ساختەچیەکانی ئەم عەسرەی سەرمایەداریی ئەچێت، کە سەرۆک کۆمار بانگەشەی سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی هاوبەش – Common REGIONAL Security System ئەکات، بەڵام نەک لە ناو میللەتەکەی خۆیدا، نەک لە ناو حیزبەکەی خۆشیدا، بەڵکو ئەولاتریشی لەگەڵا کۆک نییە. کاراکتەرێک نەتوانێ کۆدەنگی نەک لە عێراق، نەک لە ناو گەلە ستەمدیدە کوردەکەی خۆیدا، نەک لە ناو حیزبەکەی خۆشیدا، بابە لەناو کوتلە حیزبیەکەی خۆشیدا لێی بێزار بن، ئیتر چۆن ئەمە بە ئاماژەی دەرەتانێکی گەورە بۆ عێراق نەخوێنینەوە؟!. لە ڕاستیدا پێویستە پاڵپشتی کردن لە بزنسمانێکی خاڵی لە هەموو بەهایەک جیابکەینەوە لە پاڵپشتی دۆز و پرسێکی ستراتیجی، کە ئێمە ئەوەی دووەمیمان هەڵبژاردوە.
ئیشی سەرۆک کۆمار چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و، لێپرسینەوەیە لە ڕەزالەتی خەڵکەکەی، ئیشی ئەو وەرگرتنی قەرەبووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەسوکاری ئەنفال کراوەکان نەک بۆ ڕیکلام و وێنە گرتن بەکاریان بهێنێ. ئیشی سەرۆک کۆمار ئەوە نییە مناڵ و مەزم لە خۆی کۆبکاتەوە شەڕە هینی فەیسبوکیان پێ بکات دژی کوتلەکانی تری ناو حیزبەکەی. تەنانەت ڕێکخراوێکی مەدەنی لەبەرئەوەی سەر بە تەکەتولەکەی سەرۆک کۆمار نییە لەناو حیزبەکەی خۆیدا، سەرۆک کۆمار! بەو عەزەمەتیەوە ئیشی لەسەر بڕینی فەندەکانی کردووە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
بەپێی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ 7663 هاوڵاتی عێراقی لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا بێسەروشوێن بون و دیار نەماون!. سەرۆک کۆمار ئەبێ لە خۆی بپرسێت سەرۆکی چی و کوێیە لە کاتێکدا (5) ڕزگاربوی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بەعس هەیە هەر یەکەیان لە سوچێکی ئەم دونیایە بە دوای لە تێک نانەوەن!.
ئیشی سەرۆک کۆمار پاسەوانی کردنی کۆمەڵگەیە، کەچی سەرۆک کۆمار نوسینگەکەی خۆی بۆ کاری نافەرمی و ناشیانە بەکاردەهێنێت تا وەڵامی ئەم و ئەوی ناو حیزبەکەی بدەنەوە. لە هەر وڵاتێکدا سەرۆک هێمای پێکەوە بوون و کۆکردنەوەو بەخشندەیی و ڕووئیای قووڵە بۆ ئایندە، کەچی سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراق بۆتە مایەی تێکدان و ترازان و کوتلەکاری. ئیشی سەرۆک کۆمار ئەوەیە لە ئیستەوە کنە بکات کە بەرەو ئەوە ئەچێ بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 نزیکەی 70 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت، ئەمەش ئاستەنگەکانی بەردەم بەسرە لە باشور و هەرێمی کوردستان لەباکوری عێراق پتر ئەکا، ئیشی ئەو ئەوەیە مشور بخوا بۆچی سیناریۆ لەسەر کەرکوک و داقوق هەیەو، هەرشەوەو سوپاو شۆڤێنیەکان حەوت و هەشت و نۆ کەس لە خێزانێکدا ئەکوژن. ئاخەر بە هەموو پیودانگێک ئەم حکومەت و سەرۆکایەتی و پەرلەمانەی عێراق هەیەتی (15٪) هاوڵاتیان دەنگیان پێداوە، کەسێکی وەک سەرۆک کۆمار دوو حیزبی کردووە بە قوربانی پۆستەکەی و پۆستەکەشی بۆ چەلەحانێ و کاری بچوک بچوک وە گەڕ ئەخات ؟!. ڕۆژێک دێت ئەم چەشنە لە کاراکتەری درۆزن باجی خۆیان وەرگرنەوە…
ئەز پێشنیار ئەکەم کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێک لەسەرکردە گەنجەکانی خۆی فێری عەرەبیەکی باش بکاو، ئامادەی بکات. چونکە تاریکی مانگ سەر لە ئێوارە دیارە.
تێ بی نی: ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش بڵاوبۆتەوە لینکەکەی لە خوارەوە دا ئەنرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت