دکتۆر کەمال میراودەلی: ستراتیجی ئەمریکا و کورد و تورک. ئایا یەپەگە ئاشبەتاڵ دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاک بۆتین کوردستانی مرۆیەکی نەتەوەیی دڵسۆز و درێژپشووە، بەڵام نە نەتەوەییبوون، نە دڵسۆزیی مانای ڕاستیی و عەقلانیبوون نادەن.
ڤیدیۆیەکی بلاوکردۆتەوە، هاواری لێ هەستاوە و هەرای ناوەتەوە: سەیری کەن دوای 12.000 شەهید یەپەگە ئاشبەتال دەکات و سەنگەر و خەندەقەکانی پر دەکاتەوە و ‌‌هیز و چەکەکانی دەکشێنێتەوە.
بێگومان ئەو جۆرە نەتەوەییانەی وەک کاک بۆتین و زۆری وەک ئەو زیانیان زیاترە: عاتیفە لە جێی عەقل دادەنین، کورتبینین لە جێی قووڵبیریی، هەڵچوونی ىێ سەر و بەر، لە جێی شیکردنەوەی سارد و لێکدانەوەی گەرم.
کورد لەم سەردەمەدا نە ڕۆشنبیری نەتەوەیی هەبووە، لە ئاستی خانیی و حاجی قادر و فانی، نە بزاڤی نەتەوەیی.
چ ڕۆشنبیری نەتەوەیی و چ بزاڤی نەتەوەیی مەحاڵە مەحاڵە بە بێ بوونی فەلسەفەیەکی نەتەوەیی دروست نابن. هیچ فەلسەفەیەکیش بە بێ وەکارخستن و وەبەرهێنانی ئەوپەڕی عەقل نایەتە بەرهەم.
فەلسەفەی نەتەوەیی سەردەم دەبێ بنەماکانی زانست، یاسا، دیمۆکراسیی و ئەخلاق بن.

( 1 )
کوا عەقڵ؟
ئەمەیە کارەساتی کورد.
ئینگلیز وەسفێکی بۆ کورد هەیە، هەڵبەت ئەوساش کوردی باشوور، دەڵێ: کورد عەقلی لە چاویدایە. هەر ئەمەشە وایکردووە ئێستا وەک لەحزەیەکی عەدەمی ببینێ و بڵێ: نان ئەو نانە ئەمڕۆ لەخوانە.
نانیش تەنیا ئەوەیە لەبەر دەمە و لە سەر سینییە.
لەوە بەولاوە نەبووە و نییە. . چی هەیە بیخۆ، ئاو بێنە و دەست بشۆ.

( 2 )
بۆ چاو هەڵخەڵەتینەرە؟
بێگومان چاو جوانترین و گەردوونیترین هەستی مرۆڤە، بەلام کورتبین و کەمبین و روخسار بینە. واتە دوورە لە دووربینیی، گشتبینیی، قووڵبینیی و تێگەیشتنی، هۆکار و پێوەندیی لە دوای روخسارەکانەوە.
ئەزموونکردننی ئەمە ئاسانە:
میوانێکی خۆشەویستت لە بەر دەرگا مالئاواییت لێدەکا، بە پەرۆشەوە لێی دەڕوانی، لەسەر هەمان ڕیگە و جاددە دوور دەکەوێتەوە، دوور دەکەوێتەوە، بچووک دەبێیتەوە، بچووک دەبیتەوە، دەبێتە تارماییەک، خاڵێک، لە ناکاوێکدا نایبینی- ئا، غەیب دەبێت؟
نەخێر- نە بچووک دەبێتەوە وەک تارماییە خاڵێک، نە غەیب دەبێت، چاوی تۆ کورتبینە و نایبینێ.
بەلام ئەوانەی وەک بەرهەمی سەدان ساڵەی عەقل و زانست لە پێوەندی نێوان چاو و مەودا/ مەسافە و بینین تێگەیشتوون، دەتوانن چەند دوور کەوێتەوە بیبینن [داهینانی دووربین]، دەتوانن هەزاران بووەک ببینن کە بە چاو نابینرێن وەک ڤایرۆس و بەکتریا و بووە کیمیاییەکان و دیاردە فیزیاییەکان کە بە بێ ئەوە نە بایۆلۆجی نە کیمیا، نە فیزیا، نە زانستی پزیشکیی مۆدێرن، نە تەکنۆلۆجی نوێ بەردەست دەبوو، دەتوانن ئەو هێزەش بە تۆ بدەن هاوڕێکەت هەرچەند دوورکەوێتەوە و لە هەر شوێنێکی دنیادا بێت، بە چاوێکی تر بیبینی و تەنانەت قسەشی لەگەڵ بکەیت و چەند بتانەوێ پێکەوە بن و کێشتان دەوێ لە هەر کونجێکی دنیا دابێت بانگی بکەن ببێتە هاودەمی گفتوگۆ و دیادەرەکەتان. [تەنکنۆلۆجی سمارتفۆن، گووگل، شوینهەڵگری جیهانیی [جی.پی ئێس] و… هتد]
ئەمە لە کوێ و بڕکردنی کورتەبینینی چاو لە کوێ؟
تۆ، بوونی تۆ،[ زانستی تۆ، تەکنۆلۆجی تۆ،] هەر ئەو بووەی، کە بە چەند هەنگاو دوورکەوتنەوەی هاوڕێکەت، غەیب دەبیت و غەیب دەبێت. تۆ هەر لەو بیر و بۆچوون و ئەفسانە غەیبییەدا دەژیت.
ئەوەی هاورێکانت لە هەموو کونجیکی دنیادا، لە سمارتفۆنەکەی بە قەد لەپی دەستدا و لەگەلیا هەموو دنیاش، لە بەر چاوی [غەیبییتا] کۆ دەکاتەوە، دنیایەکی ترە، بیرێکی ترە، عەقلێکی ترە، کە لەگەڵ بەخشینی ئەو دەسەلاتە زەبەلاحە بە تۆ، کۆنترۆلی کردووی، چۆنی بوێ بەکارت دێنیت، دەتدۆشێت، سڕ و تڕت دەزانێت، وەک کۆیلەیەکی غەیبی عەقڵیکی گەردوونیی، چی بوێ لێت دەکات و پێت دەکات.
ئەمە لە کوێ و ئەو عەقلەی لە چاودا خەوی لێکەوتووە لە کوێ؟
بەداخەوە دەبێ هەمووجار ئەم بەڵگەنەویستانەی سەدەی بیستویەکەم بۆ کۆمەڵگایەکی خێڵەکی خیانەتکاری حیزبیی ژنکوژ و نیشتمانفرۆش، کە گەڕێندراوەتەوە قەرنی پێش سفر، وەبیر بێنینەوە.

( 3 )
کەی چاو هەڵخەڵەتینەر نابێت؟
ئەگەر بیخەیتە ژیر سایەی عەقڵەوە، گەر چاو تەنیا وەک پەنجەرەیەکی بچووک بۆ جیهانێکی جوان و مەزن و قوول و بێ بن و سنووری عەقل سەیر بکەیت. گەر بەر لە باوەڕکردن بە چاو و [گوێ] و هەڵچوون و پەرچەکرداری غەریزیی و عاتیفیی، ئیستێک بکەیت، بەراوردێک بکەیت، شتەکان وەک پرۆسە و وەک دیمەنە گەورەکەی پێوەندییە جەوهەرییەکان و لاوەکییەکانیش ببینیت،
گەر کاک بۆتین ئەمەی کردایە نەدەکەوتە ئەو هەڵە و هەلەشەیی و هەڵچوونە عاتیفییە بۆشەوە و، شەلم کوێرم شتەکانی تێکهەڵنەدەشێلان، هەر چۆن وەختی خۆی ئاوا عاتیفییانە و ساوێلکانەش بە جۆش و خرۆشەوە پشتگیری ڕیفراندۆمە بۆشەکەی کرد.

( 4 )
ئەم هەڵچوونە بۆ؟
کاک بۆتین ئەمەی نووسیوە [ به به‌لگه: پاش 12.000 [یەپەگە] شه‌هید، سه نگەرەکانیان چۆڵ و وێران دەکەن له سنوری تورکیا پاشه‌ کێشه دێکن . بەداخەوە هەمیشه کوردیان له تەواوی روژهەلاتی ناوراستدا وەکو ئالەتێک به کاریان هیناوه و هەر کات ئیشی پییان نەما وا تڕۆی کردون.]
ئەمانە قسەی زل و ترسناک و بوختانیین.
کاک بۆتین چ بەلگەیەکی هەیە؟
وێنەکانی فەرمانداریی ‌‌هێزەکانی نیوەەندی ئەمریکی کە لە ڕاگەیاندنێکدا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی هەسەد و پڕکردنەوەی سەنگەر و خەندەق و تونێلەکانی سەر سنووری تورکیا دەکات.
بەڵێ منیش بینیم، بەڵێ فەرمانداریی نێوەندی ئەمریکا خۆی کە پێشتر شتی وای نەکردووە، لەگەل ڕاگەیاندنەکەیدا وێنەی هەموو چاڵە پرکراوەکان وو سەنگەرە تێکدراوەکانی بلاوکردوونەوە. ئەمەش دەقی راگەیاندنەکەیە:
the U.S. Central Command (CENTCOM) announced on August 23.
“Within 24 hours of the phone call between U.S. SECDEF and Turkish MINDEF to discuss security in northeast Syria, the SDF destroyed military fortifications, Aug 22,” a press release by the CENTCOM reads.
The CENTCOM added that the destruction of the fortifications demonstrates the SDF’s commitment to the U.S.-Turkish security mechanism framework.

فەرماندەیی ‌هێزی سەربازی ئەمریکی نێوەندیی [سێنتکۆم] لە رۆژی 23 ی ئابدا رایگەیاند:
[ لە ماوەی 24 سەعاتی دوای پێوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان هیزەکانی هاوکاریی سەربازیی تورکیی و ئەمریکییدا، بۆ باسکردنی پرسی ئاسایشی سەرووی ڕۆژهەلاتی سوریا، هێزەکانی سوریا دیمۆکرات [هەسەدە] سەنگەرە سەربازییەکانیان تێکدان- لە 22ی ئابدا.. تێکدانی ئەم سەنگەرانە پابەندبوونی هەسەدە بە چوارجێوەی میکانیزمی ئاسایشی ئەمریکی-تورکی دەردەخات]!
لەگەڵ ئەم راگەیاندنە وەک وتم: کۆمەلە وێنەیەکی تێکدان و پڕکردنەوەی سەنگەر و خەندەقە سنوورییەکانی هەسەدە بلاکراوەتەوە.
ئایا ئەمە شایانی ئەم گومان و ترس و هەڵچوونەیە؟
ئایا شایانی لێوردبوونەوە و بەراورد و بیرلێکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی عەقلانی نییە؟

( 5 )
راگەیاندنەکە چی دەلێت؟
هیچ راگەیاندنیکی سیاسیی ڕیزکردنی وشە و مانای فەرهەنگی وشەکان نییە. ئینگلیز دەلێت: دەىێ نیوانی وشەکان بخوێنییەوە واتا بۆشایی نێوان وشەکان، نەوتراوەکان، پێشنیازکراوەکان، پەنهانکراوەکان.
ئەم راگەیاندنە زۆر شت دەڵێت:
1- گەورەترین ‌هێزی سەربازیی ئەمریکی بۆ هەسەدە و ڕاستیی لە جیاتی هەسەدە قسە دەکات
2- ئەم بلاکراوە وەک دەڵێت لە ماوەی 24 سەعات دوای پیوەندییە تەلەفونییەکەی بەرپرسانی سەربازیی تورکیی و ئەمریکی بووە.
3- لەو ماوەیەدا، ئەمریکییەکان دەڵێن، هەسەدە سەنگەرەکانی تێکداون و بۆ بەلگە وێنەکانیشی بلاوکردوونەوە.
4- ئەمە مانای ئەوەیە: هێشتا دژ بە داوا و وخواستی تورک، ئەمریکا – هەسەدە بە لایەنێکی سەرەکی ڕیکەوتنەکە دەزانیت.
5- لە ماوەی ئەو 24 سەعاتەدا پێوەندی لە نیوان ئاستی هەرە بڵندی سەربازیی یەپەگە و سوپای ئەمریکی هەبووە.
6- سەرکردایەتی یەپەگە کە پێشتر لە زمانی فەرمانداری گشتیی هەسەدەوە جەنەرال مەزلوم عەبدی، پێبەندبوونی خۆیان بە ڕیکەوتنکە راگەیاند، لە سەر داوای ئەمریکییەکان ئەو هەنگاوەیان ناوە.
7- ئەمریکییەکان ئەو هەنگاوەیان بەرامبەر تورک وەک بەڵگەیەک بۆ پابەندبوونی یەپەگە بە ڕیکەوتنەکە و نەبوونی هیچ بنەمایەک بۆ ترس و بیانووی تورک لە یەپەگە بلاوکردۆتەوە.
8- ئەمریکییەکان شایەتی بۆ ئاسایشخوازیی و ئاشتیخوازیی یەپەگە دەدەن.
9- راگەیاندنەکەی سێتنتکۆم وەک هەموو راگەیاندنەکانی ئەمریکییەکان لە سەر رێکەوتنەکە بە هێچ جۆر باسی ناوچەی ئارام ناکات، تەنانەت ناوچەی دابریش. باسی کۆریدۆری ئاشتیی [ و دەیان جۆر روونیان کردۆتەوە مەبەست ئاشتی بۆ تورکیا و کورد/ هەسەدە وەک یەک] و تەنیا دروستکردنی چوارچێوەی میکانیزمی ئاسایش بۆ ئەو کۆریدۆرە دەکات. ناوچەی ئارام تەنیا لە خەیاڵی نەخۆشی ئەردۆگان دایە.
10- تورکیا بە تەنیا ناتوانێ یەک درۆن، مەفرەزە، سەرباز بجووڵێنێت، چونکە [ میکانیزمەکە هاوبەشە: تورکی – ئەمریکییە.
11- کاک بۆتین و هەر کوردێک گوناحە لەم سەردەمی فرەزێدەیی زانیاری ئاسان و بەلاشدا بۆ زانیاری پتر و قوولتر و پرۆفێشنالتر نەگەڕێن. بە سەدان وتار و کۆمینت و لێدوان و گوفتوگۆی تەلەڤزیۆنی لە سەر ڕێکەوتنەکە هەن. زۆرم سەرنجداون. پوختەی بۆچوونە زانستیی و ستراتییجیەکان ئەوەیە:
کە ئەم ڕیکەوتنە، ڕێکەوتنە بە مەرجی ئەمریکا نەک تورک و بۆ پاراستنی ئابرووی دوا تنۆک تکاوی ئەردۆگان و، دوورخسنەوەی لە هەر کاریکی هەڵەشەیی ئەمریکا بەو ڕێکەوتنە ڕازیبووە.
12- ئەم ڕیێکەوتنە بۆ راگرتنی کاریکی هەڵەشەی ئەردۆگانییە و بۆ کاتکوشتنە لەو ماوەیەدا بە سەدان شاحینەت چەکی نوێ بۆ هەسەدە دەجێت. بە دڵنیایی یەوە ئەمانە چەکی پێشکەوتووی دژە فرۆکەی جەنگییان تێدایە، ئەم چەکانە لە بنکەکانی ئەمریکیی پاریزراون، بەلام لە ئەگەری هیرشی تورکیادا دەیان بە هەسەدە.

( 6 )
خوێندنەوەی وێنەکان
دیارە ئەوەی وایکردووە کاک بۆتین هەڵچێت زیاتر وینەکانن، چونکە وێنە لە عەقڵی چاوەوە نزیکترە، بەلام لە چاوی عەقڵ دوورترە.
1- گەر کاک بۆتین تۆزێک رامابایە، سەیری سروشتی وینەکانی کردبایە، رەنگە بیرێکی جیای بکردایەوە. وێنەکان هەموو هی خەندەقی یەکجار قوولن و بە درێژایی سنووری رۆژاوا و ناوچەکانی هەسەدە لەگەڵ تورکیا لێدراون.
2- ئەو سەنگەرانە تازەن لە ئەنجامی هەڕەشەکان و خەتەرەنزیکەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاوا لێدراون کاتێ جەنەرال مەزلوم عەبدی رایگەیاند گەر تورکیا هیڕش بکات بە درێژایی 600 کیلۆمەتر بەرەی جەنگ و بەرگریی دژی تورک دەکەنەوە.
3- چاو ، گەر چاوی ئاسایی نەبێت، چاوی عەقل، دەبی هەول دا نە بینراوەکان ببینیت. گەر کاک بۆتین و هەر کوردێ ئەم سەنگەرە تێکدراوانە ببینیت دەبێ هەول دا تەنیا 200 یان 300 مەتر دوور لەو سەنگەرانە ببینێت و بزانێت چ هەیە؟
4- چ هەیە؟ بەلای کەمەوە 70.000 سەربازی تورک، سەدان دەبابە و زرێپؤش. بنکەی سەربازی، هەموو جۆرە فرۆکەیەکی کوشندە ئامادەن بۆ هێڕش.
5- ئایا ئەو سەنگەرانە لەگەل گوند و شارەکان بکەونە ژێر شالاوی کوشتن وئیبادەی دووەم سوپای ناتۆوە؟ دوژمنێک کە خۆی ئامانجی ئیبادەکردن و زیندەبەچالکردنی راگەیاندووە و دەست لە هیچ ناپارێزێت؟ یان بە ئامۆژگاری ئەمریکا و وەک بەشیک لە ڕیکەوتنیکی زامنکراو پڕ بکرێنەوە؟
6- لە نۆ خالی وتارەکانی پێشوودا خالی نۆیەم ئەوە بوو، کە نابی کارەساتی عەفرین دووبارە بێتەوە. چارەسەری سیاسیی بە زامنی یەکێک لە دوو زلهێزەکە ئەمریکا یان ڕوسیا تاکە ڕیگایە و مەحالە لە شەڕی ناو شاراندا، هیج بەرگرییەک هەرچەندە پالەوانانە و خۆبەخشانە بێت و هەزاران شەهید بدەیت، بەرامبەر ‌هێزی ئاسمانی دوورخایەن خۆی بگرێت.
7- هێزی ستراتیجی تەنیا ئەمریکا و روسیایە. تورکیا، سوریا، فاشیستە ئیسلامییەکان و هەسەدەش بەرامبەر ستراتیجی ئەو دوو هیزە ، ‌هیزی پەراوێزیین. گەر تورکیا شوێنی ستراتیجیی و هیزی ستراتیجیی هەبیت ئەوە لە بەرئەوەیە ئەمریکا و ناتۆ، لە لایەکەوە وروسیا لە لایەکی ترەوە، بۆ ئامانجی خۆیان ئەو دەورە ستراتیجییەکان پێداوە، ئەگینا تەنیا دانی چەکی تەکنۆلۆجی نوێ بە تایبەتی چەکی دژە ئاسمانیی بە پەکەکە بەسە بۆ ئەوەی تەنانەت لە ناو تورکیا خۆشییدا چارەنووسی سوپای تورک لە چارەنووسی سوپای روسیا لە ئەفغانستان باشتر نەبێت. بروانن ‌هێزەکانی فاشیستی ئیسلامیی لە ئیدلیب چۆن تەفر و تونا کران. سوپای تورک خۆی لە ئیدلیب چەندە سەرکز و داماوە. چونکە لەوێ سوریا و روسیا هێزی ئاسمانیی بەکاردێنن و تورکیا ناتوانیت تاقە تەقەیەکیش بکات و بۆ پاراستنی خالەکانی چاودێریی و جاشئیسلامییەکانی، ئێستا ئەمرۆ بە پەلە خۆی گەیاندۆتە پۆتین. بەلام دڵنیام پۆتین تڕۆی دەکات و مەرجی قورستری بەسەردا دەسەپێنێت.
8- هەسەدە هێزیکی ستراتیجییە چونکە ئەمریکا بۆ ئامانجی خۆی کردوویەتی بە هیزێکی ستراتیجی و هەسەدەش بە ئازایەتیی و زیرەکیی و دیسیپلینی خۆی ستراتیجییەتیکی نوێی هەر نەبێت بۆ پنتاگۆن و سوپای ئەمریکی دروست کردووە . بە هۆی ئازادکردنی سەدی سیی خاکی دەولەمەندی سوریا لە لایەن هەسەدە وە ئەمریکا ٢٧ بنکەی سەربازی ملكی خۆی لەو ناوچانەدا داناوە و بە فشەی ئەردۆگان دەستبەرداریان ناىێت..
9- هەسەدە بە ئامۆژگاری ئەمریکا ئەو هەنگاوانە دەنیت. خۆزگە روسیاش بۆ عەفرین ئەمەی کردایە ، داوای لە هەسەدە کردبایە لە ناوچە سنوورییەکان بکشێتەوە بەلام عەفرینی شار و پاڕێزگای بپاراستایە.
بە هیوای ئەوەی چاوی عەقڵتان هەموو دەم زیت و کراوە بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت