كارۆخ عوسمان: تەنھا 10 ھەزار دینار؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو كاتەی كە ئێمە كاندید بووین دەیانجار بەسەركردایەتی گۆڕانم گوت؛ با یەكێ لە مەھام و ئامانجەكانمان لەناو پڕۆژەكەدا كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵا بێت.
پێم گوتن با لەبەرنامەكەماندا بنوسین: ئەگەر لایەنەكانی تریش كەمی نەكەنەوە ئێمە لای خۆمان موچەی زۆر ڕەتەكەینەوەو بەھیچ جۆرێ وەریناگرین.
گردەكەو ئەوانەشی ئێستا دەرچوون دژم بوون.
ئەوەی لەگەڵ پێشنیارەكەشم بوون یەك كەسیان دەرنەچوون بەمنیشەوە.
سەیری ئەو كارەساتە بكەن.
ڕۆژانەی كرێكارێك كە لەبەر ھەتاوی گەرمی ھاوین عاڕەقە دەڕژێت لە 10 ھەزار دینار دەست پێدەكات تا 15 ھەزار دینار، چاندن و لێكردنەوەو گواستنەوەی بەرووبوومە كشتوكاڵیەكان بەدەستی ئەو گەنجانەیە كەھەڵگری جنسیەی وڵاتی عێڕاقی پڕ لەنەفتن.
ئەو سەرزەمینەی كە دەوڵەتانی ئیقلیم و زلھێزەكانیش بەسەروەت و مەعدەنەكەی خەنی بوون، ئەو وڵاتەی كە پڕ بووە لەمافیاو دزو چەتەو ئاغاو كوێخای حزبی و خێڵەكی، ئەو نیشتمانەی كە سەدان دكتاتۆری چكۆلەی خوێنڕێژ حوكمی دەكەن.
ھەر لەو وڵاتەدا ھەزاران لاوی پێگەیشتووی نازدار بەڕۆژانەی 10 ھەزار دینار تەماتەو خیارو كدو و باینجان دەڕنن.
ھەر لەو وڵاتەشدا تەنھا لەھەرێمی كوردستان
111 كەسی موچە 8 ملیۆن دیناری ھەیە.
28 كەسی موچە 9 ملیۆن دیناری ھەیە.
21 كەسی موچە 6 ملیۆن دیناری ھەیە.
23 كەسی موچە 5 ملیۆن دیناری ھەیە.
105 كەسی موچە 4 ملیۆن و نیوی ھەیە.
3 كەسی موچە لەسەرووی 10 ملیۆن دیناری ھەیە.
2 كەسی موچە لەسەرووی 20 ملیۆن دیناری ھەیە.
(سەدان) كەسی خانەنشین كراوی پەرلەمانی و وەزاری و عەسكەری موچە لەسەرووی 6 ملیۆن دیناری ھەیە.
چەند كەسێكی كەمیش كە بەپەنجە دەژمێردرێن، موچەیان فریەو جگە لەخودا فریشتەی سەرشانیش نازانن چەندەیە.
ئەوەش حاڵی ئەو گەنجانەیە كە ڕۆژانە كرێیەكی 10 ھەزار دیناریشیان دەستناكەوێ.
وڵاتی عێڕاق بەگشتی ئەوە بارودۆخە ناھەموارەكەیەتی لەسایەی حوكمی فاشلە چاوچنۆكەكان.
گرفتە ھەرە گەورەكەش ئەوەیە، كە ھێشتا خەڵكی عەوام ناپرسێ ئاخر بۆ؟
ڕاستە حزب ھەبووەو ھەیە كە دەھۆڵی درۆیینە لێدەدەن گوایە بەرەنگاری ئەو ستەمە گەورەیەن، بەڵام دەبێ خەڵك ئەوەش بزانێ كەئەو دەھۆڵكوت و دەفژەن و گوتار خوارو خێچانە گشتیان (موچەخۆری موچەزۆری) ناو ئەو سیستەمە ھیچ و پوچە بەیاسایی كراوەن، كەوابێ چۆن دەكرێ ئومێد بەوانە بێت تا لەبەرژەوەندی خەڵكی چەوساوە حوكم بگۆڕن.؟
(ھاوكار) دەگێڕێتەوە: كرێكارێك كە زیاتر لە 15 ساڵە ڕەنجی كرێكاری دەكێشێ كەچی لەئانی مردنی كەسێكی ئاوا موچەزۆری دزو چەتەدا دەڵێ پشتم شكا، بێ ئەوەی بیری لەشكانی پشتی خۆی كردبێتەوە كە ھەر بەھۆی ئا ئەمانەوە داچەماوەتەوە.
ئەوەیە ئەسڵی گرفتە كۆمەڵایەتیەكە كەھێشتا تاكی ئەم كۆمەڵگەیە زاڵمی خۆی ناناسێت و نایەوێ تێبگا كە ھەر ئەو چەند كەسە مردوو و زیندووە فێڵبازو مافیایانەن ئەویان مەزڵوم كردووە.
ئەوانەشی كە بەشێك لەو مەزڵومانەیان بەخیتابی تەڵەكەبازیەوە جۆشداو پڕیان كردن لەقین و ڕق بەرامبەر سوڵتەی ستەمكاری و ھانیاندان تا بێنە مەیدان بۆ ڕاماڵین و سڕینەوەی حوكمڕان بوونەوە بەشێكیترو چاوچنۆكترو دەسپیستر بەسەر خەڵكەوە.
كەوابێ لێرە بەدواوە دەبێ ڕووی قسەو ڕاسپاردەو پێشنیارو تكامان ھەر لەوانەی پێشوتربێت كە درۆزنەكانی ئۆپۆزسیۆنیشیان خستە ناو سیستەمە موچەزۆرو موچەخۆریە بەدكرداریەوە، تاكو بەھانای ئەو گەنجە گیرفان بەتاڵ و بێپەرواو كرێ كەمانەوە بێن.
ئاخر كوا كوڕو كچی موچەخۆرێكی موچەزۆر بەو ڕۆژە گەرمانە بە 10 ھەزار دینار تەماتەو خیار دەڕنێ و تا باركردن دەیگوازێتەوە.؟
كامیان ھەیە ئەولادێكی تەنھا ڕۆژێكی بەوجۆرە بەڕێكردبێت كە بەشانی لاوازو ڕەق و تەقەوە سندوقی تەماتەو فەردەی تەلیسی خیارو باینجان ھەڵگرێت و كرێیەكەشی تەنھا 10 ھەزار دینار بێت.؟
ئاخر 10 ھەزار دینار بدا بەچی؟
چی لێبكات؟ ھەڵیگرێ یان كراسێكی كاركردنی پێبكڕێت؟
ڕووتان تێدەكەم، كاردارو حوكمگێڕەكانی ئێرە، تكاتان لێدەكەم حزبەكانی باڵادەست و خاوەن كڵاشینكۆف و دۆشكەو ئاڕبیجی و میلان و ناتۆو جەیشە نانیزام و ڕەوەجەلیە میلیشاكە.
دەی تەنھا یەكجار چاوداخەن و لەگەڵ ویژدانی خۆتان كۆببنەوە، ئاخۆ بۆ دەبێ گەنجانی ئەو وڵاتە ئاوایان لێبێت.؟
پارەیان مەدەنێ
دایان مەمەزرێنن
تەنھا (زەمانەتی حەیات)یان بۆ بكەن
ئیشێكی شەڕەفمەندانە بەكرێیەكی شایستەیان بۆ دابین بكەن.
ئەگەرنا تەنھا یەك مانگ ئەو موچەزۆرانە ڕاگرن و بیدەن بەو چەوساوەو كرێكارە كرێ كەم و شان و مل سوتاوانە با یەكجار (تەنھا یەكجار) ھەست بكەن كە ھاونیشتمانی ئەو وڵاتەن.
دەی جەنابی سەرۆكی وڵات و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەلەمانی خەسێنراو، بزانین كامتان پێش ئەویتر موچڕكی ویژدان دەیجوڵێنێت و تەنھا یەكجار ئەو كرێكارە كرێ كەمە پشتكوڕانە شاگەشكە دەكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت