مەحمود عەبدوڵا: پێویستە بارزانی دادگایی بکرێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژوی جەنگەکاندا ڕوداوێکی هێندە کۆمیدی نییە، کە هەزاران سەرباز بەبێ تەقه بکشێنەوە، لەکاتێکدا گیانی هەزاران کەس دەکەوێتە مەترسییەوە. نەک هەر مەترسی مردن، بەڵکو مەترسی ئەوەی دەستدرێژی دەکرێتەسەر ژنان .
ئەو هێزەی کە بەرەو شەنگال دێت، بەهەمان ئایدیۆلۆژی بە ڕق و قینی زیاتر لەحەفتا فەرمانی مێژویی دژی ئێزیدیەکان پەلاماریان ئەدات، بەڵام بارزانی بڕیاریی کشانەوە”ڕاکردن”دەردەکات! دیارە بڕیاری هەڵاتن لە شەنگال لەلایەن بارزانییەوە تەکتیکی جەنگی نییە، بەڵکو بڕیاری ڕاکردنە. چونکە لەو کات و شوێنەی بارزانی بڕیاری ڕاکردندەدات، ئەو کات و شوێنەیە کە دەبوو شەڕی مان و نەمان بکرێت.
ئەگەر سوپایەک بەشێوەیەکی تەکتیکی لەسنورێک پاشەکشەبکات بۆ خۆئامادەکردن و بەرگری کردن لەشارێک ئەوە دەکرێ پێی بوترێت تەکتیکی جەنگ، لێ بارزانی ڕێک شارەکە تەسلیم دەکات بێ هیچ پاساوێکی لۆجیکی تەنها ئەوەنەبێت، ئەگەر بڵێت شەڕمان کردبا پێشمەرگەیەکی زۆردەکوژرا! ئەوەش شتێکی زۆر گاڵتەجاڕانەیە.
ئەوکارەی بارزانی شەرم هێنەرە بۆ گەلیکورد و تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی، بۆ سومعەی پێشمەرگە، ئەو جوامێریەی جەنگاوەرانی کورد لەمێژودا نواندویانە، ئەو سومعەیەی لەمێژودا جەنگاوەرانی کورد بەدەستیان هێنا، ئەو بەساتێک کۆتای پێ هێنا. بەجۆرێک کە بارزانی لەمێژوی بزوتنەوە ی کوردایەتیدا وەک ڕەمزی بەزین هێمای بۆدەکرێت. ئەگەر دیوێکی مێژووی کورد ئازایەتی بێت، ئەوە دیوێکیشی بەزین و ڕاکردنەکەی هێزەکانی ژێر فەرمانی بارزانییە.
ئەگەر بارزانی باوک ئاشبەتاڵێکی سیاسی کردبێت، ئەوە بارزانی کوڕ ئاشبەتاڵێکی سەربازی ئەنجامدا لەمێژوی بزوتنەوە ی کوردایەتیدا. هەزاران ژن و منداڵ کەوتنە دەست هێزەکانی داعش، بێ ئەوەی لانیکەم سەد پێشمەرگە شەهید ببێت، ئەوانەی لەژێر فەرمانی بارزانیدابون، بەڕاستی ئەمە ئابڕوچونێکی گەورەیە.
ئیتر هیچ پاساوێک نییە کە ئەم پیاوە دادگایی نەکرێت، بەڵکو لەسێدارەش بدرێت. بەڵام لەبەر چەند هۆیەک کە هەموو تاکێکیکورد دەزانێت ئەمڕۆ بارزانی دادگایی ناکرێت، بەڵام ئەوەی کە دەکرێت و هەموومان دەمانتوانی ئەنجامی بدەین دادگایکردنی بارزانیبو لە یژدانماندا، لەویژدانی نەتەوەیی و مرۆڤایەتیماندا دەبو بارزانی دادگایی بکەین. بەجۆرێک کە بارزانی ناچاربوایە خۆی بکوژێت. لێ مخابن! کەسانێک کە نەویژدان و نە ڕەوشتی کۆمەڵایەتیان هەیە. هێشتا چەپڵە بۆ بارزانی لێدەدەن و، بارزانیش وەک دۆنکی شۆت باوەڕیکردوە کەهێشتا پاڵەوانێکی نەتەوەییە. هەندێ کۆیلە و دەربار و مشەخۆر، تائێستاش بێشەرمانە دیفاع لەبارزانی دەکەن! گەلێک نەتوانێک لانیکەم لەویژدانیا خائین و نشتیمان فرۆشان دادگایی بکات، گەلێکی کۆیلە و گەمژەیە و هەرگیز مەترسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی لێ دورناکەوێتەوە.
لەهەموو سەردەمێک کۆمەڵێ مرۆڤی گەمژەو کاسەلێس هەن کە لەهەموو بارودۆخێکدا چەپڵە بۆ ئاغاکەیان لێدەدەن، دەنا دۆخی بارزانی دوای کارەساتی شەنگال هی ئەوەنییە مرۆڤی هۆشیارو بەویژدان شەرم نەکات لەوەی کە بارزانی تەنانەت هاوڕێشیەتی، نەک سەرۆک.
بارزانی ئیتر سەرۆکی کۆمەڵێ بودەڵەو کاسەلێس و ماستاوچییە و هیچیتر، ئەوەش شتێکە بارزانی خۆی دەیزانێت، بەڵام هێشتا دڵخۆشە، چونکە بارزانی خۆی دەناسێت! چونکە ئەگەر لەوە گەورەتربوایە کە من باسی دەکەم، هەرگیز بەو دۆخەی ئێستای ڕازی نەدەبوو، ئازاری ویژدان دەیکوشت و، خۆی خۆی دادگایی دەکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت