هاوڕێ جەبار محەمەد: وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی پێشوو و ئێستادا هەمان چارەنوسیان دەبێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم دوو کابینەی حکومەتی هەرێمدا, پارتی خۆی لە وەرگرتنی وەزیری پێشمەرگە بە دوور گرت. پارتی دەبینێت ڕەوشی ئێستای هەرێم و ناوچەکە هەمان خەسڵەت و تایبەتمەندی ساڵانی ڕابردووی هەیە، بگرە ڕەوشی ئێستا دژوارترە. هەروەها خۆ دوورگرتن لەو وەزارەتە چەندین هۆکاری شاراوەی لە پشتەوەیە، پارتی هەرکات پیلانێک و نیەتێکی خراپی هەبووبێت ویستوویەتی دەورووبەرەکەشی بەشداری پێبکات، وەک کوردەواری دەڵێن: دەیەوێت دەستە چەورەکەی بەوانی تردا بسڕێت.
لە کابینەی پێشوودا وەزیری پێشمەرگە درا بە (مستەفای سەید قادر) لە پشکی بزووتنەوەی گوڕان، هەر لەو ماوەیەدا (شەنگال) ڕادەستی چەتەکانی داعش کرا، کە ئێزییدیەکان دووچاری کۆمەڵکوژییەکی زۆر گەورە هاتن کە دەتوانرێت بە کۆمەڵکوژی سەددە ناوببرێت. پاراستنی شەنگال و دەورووبەری لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەدا بوو ، کە نزیکەی (12) هەزار هێزی پێشمەرگە لەو سنورانەدا هەبوون. بەڵام لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەموو هێزی پێشمەرگە هەڵهاتن و ئەو سنورانەیان چۆڵکرد. وەزیرەکەی گۆڕان نەیتوانی خۆی لێ بێ بەری بکات و بڵێت بە ئەمری من ئەو هێزانە نەکشاونەتەوە، نەیتوانی تۆمەتباران دیاری بکات و بیاندات بە دادگا، وە نە دەستی لە کار کێشایەوە. ئەوەبوو پارتی ئیشی خۆی پێکرد و دواتر لە کابینەی حکومەتیش دەری کرد. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو دۆسیێیە بە داخراوی و شاراوەیی ماوەتەوە. پارتی دواتر لە ڕێی (ڤیان دەخیل) پەرلەمانتاری عێراق (مستەفای سەید قادر) وەزیرەکەی گۆڕانی لەسەر کشانەوەی هێزی پێشمەرگە نەپاراستنی ئێزییدیەکان تۆمەتبار کرد.
لەم کابینە نوێیەی حکومەتیش دا پارتی لە ژێر فشارێکی زۆری دەوڵەتی تورکیادایە و، تەواو ئیجبار کراوە بە شەڕکردن دژی پەکەکە، هەر بۆیە وەزیری پێشمەرگەی دابە (شۆڕش ئیسماعیل) لە پشکی یەکێتی.
تورکیا پێش دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەر ناوچەی برادۆست، داوای لە بارزانی کردبوو بەشدرابێت دژی پەکەکە، بارزانیش گووتبوی بۆ تەنها پارتی لە باشور تۆمەتبار بکرێت و ڕەش بکرێت بەشەڕی براکوژی بڕۆن یەکێتیش بەشداربکەن. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدابێت فشارێکی زۆر لەلایەن تورکیاوە لەسەر یەکێتی هەیە بێگومان لەسەر پێشنیاری بارزانی.
وەزیری پێشمەرگە لەم کاتەدا کە درا بە یەکێتی ڕێکەوت نیە جێبەجێ کردنی ئەو پلانەیە. ئێستا پارتی هێزێکی زۆری بەچەکی قورسەوە ڕەوانەی شیلادزێ کردوە وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ لە دژی پەکەکە. بە گوێرەی لێدوانەکانی پەکەکە پارتی لە بواری ئیستخباراتی و ڕاگەیاندنیەوە کەوتۆتە شەڕەوە، زۆربەی ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن پارتی بەتەواوەتی بکەوێتە ئەو شەڕەوە شانبەشانی تورکیا دژ بە پەکەکە. بێگومان ئەگەر پارتی شەڕی دەست پێبکات هێزی پێشمەرگە دەباتە شەڕەوە، ئەوکات وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە ئاخۆ چ ڕۆڵێک دەبینێت؟
ئایا چارەنوسی ئەم وەزیرەی یەکێتی هاوشێوەی وەزیرەکەی گۆڕان دەبێت،
ئیشەکەی پێ دەکرێت و دواتریش بەدەرکردنی دەدەن و تۆمەتباریشی دەکەن؟ یان ئەم وەزیرەی یەکێتی ڕۆڵی ئیجابی دەبینێت و ڕێگر دەبێت لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و ئەگەریش ڕووی دا بوێرانە هەموو شتی ژێر بەڕە دەخاتە سەر بەڕە.
دەبێت یەکێتی لەم کاتەدا زۆر بەووردی لەسەر ئەو مەسەلەیە ڕاوەستە بکات، ئەگەر دەزانێت هیچی پێ ناکرێت، باشتر وایە چی زووە ئەو وەزیرە ڕادەستی پارتی بکاتەوەو، خۆی شەرمەزاری شەهیدەکانی خۆی و کۆمەڵگەش نەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت