هۆشیار جەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی مێزی نۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆمانی مێزی نۆ لەنوسینی نوسەری لاو(ئازاد گوڵەدین)ە، کەبەرگێکی قەشەنگ و لەدووتوێی(150)لاپەرەدا نوسراوە.
ئەم ڕۆمانە کارکردنە لەناو مێژوو ئەدەبدا واتا ڕووداوەکانی ڕابردوو بە تەواوی بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە، بەڵام بەزمانێکی ئەدەبیانە نوسراوەتەوە. شوێنی ڕووداوەکان هەرێمی کوردستان و یەکێک لەشارەکانە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بەگشتی لەناوشارەکە و زانکۆی ئەوشارەیە.
دوو زەمەنی کۆمەڵگای کوردی پێکەوە بەستۆتەوە، کەبریتین لە ڕووداوەکانی سەردەمی شۆرش و حکومڕانی شۆرشگێڕان لە شار، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە خوێندکارێكی زانکۆیە بەناوی (هاکان)، کە کوڕی یەکێک لەشۆرشگێرە پاکەکانی شاخە، کە لەدوای ڕاپەڕین و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بەدەستی ‌هاوڕێیەکی دەکوژرێت لەپێناو گەیشتن بە پۆست و پێگەی حزبی بۆخۆی، لێرەوە ئازارەکانی هاکان و دایکە تەنهاکەی دەست پێدەکات.
نوسەر زۆر بەوردی چۆتە ناوڕووداوەکانی مێژووی شۆرشە کوردیەکان لەباشوری کوردستان، کە بە بۆچوونی من ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی نوسەر خۆی دەرچووی زانکۆ بەشی مێژووە کە زۆر بەوردی ئاگاداری ڕووداوەکان بووە، وە پاشخانێکی ڕۆشنبیری باشی هەبووە.
هەروەها زۆر بە جوانی ئازارەکانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەی باسکردوە کە لە بێ باوکیەوە دەست پێدەکات، کەدیسانە پێم وایە ئازارەکانی ژیانی نوسەر خۆشی بوونی هەیە لەم ڕۆمانەدا چونکە خۆشی لە تەمەنێکی کەمی منداڵیەوە باوکی لەدەستداوە، کەئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەوەی کەتوانیویەتی ئازارەکان وابەجوانی وێنا بکاتەوە.
ئەو بابەتانەی نوسەر لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەرکردوە کۆی کێشەکانی ئێستا و ساڵانی ڕابردوی کۆمەڵگای کوردیە. کە بەدیاری کراوی لە سەردەستی حکومڕانی کوردی دروست بوون، ئەگەر چی لە ڕابردوودا ئەم بابەتانەی نێو ڕۆمانەکە بەشێوەی وتار ولێکۆلینەوە و چاوپێکەوتن کاری لەسەرکراوە و ڕۆشنبیران بێ دەنگ نەبوون، بەڵام بەشێوە ئەدەبیە کەزمانێکی شعری بەسەردا زاڵە کەم کاری لەسەر کراوە.
ئەو لایەنی ڕۆمانەکە کەباس لەشێوازی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی دەکات و ڕەخنەی توندیان لێ دەگرێت، هەڵسوکەتی خراپیان بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و لە بەرامبەردا، ڕوانین بۆ ئەو کچانەی کە سەردانیان دەکەن بۆ ئێش یاخود کارێک و بینینان وەک بووکەڵی سێکسی و بەکارهێنانیان بۆ مەرامی شەخسی و پرکردنەوەی حەزی سێکسی خۆیان، نوسینەوەی شەڕی براکوژی ناوشارەکان لە دوای ڕاپەرین. هاوشێوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی (شارنەوازانە) کەلەلایەن نوسەر(ئاراسی لالە حمە)وە، نوسراوە.
بەگشتی ڕۆمانەی (مێزی نۆ) دەرخەری چینایەتی لەنێوان کەسەکانی نزیک لە مەسولەکان و پاش دزەکانیان و ژیانی هاوڵاتی ئاسایی و کەسوکاری شەهیدان لەکوردستان سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستی وەک دوو سێکتەری هەستیاری شکست خواردووی وێران وێناکراوە. کە بەرپرسانی وڵات ئامادەنین نە منداڵەکانیان و خۆیان تیدابخوێنن و نەچارەسەریش وەرگرن تێدا، بەڵام خەڵکی هەژار کەزۆربەی کۆمەڵگاکەیە پێوستە لەو شوێنانە بخوێنێت و چارەسەریش وەرگرێت کە کەڕابردوو شاهیدی ئەوە دەدات خوێندنگەکان خوێندکاریان چۆن گرگن کردوە. کەسایەتیان شکاندوە، لەنەخۆشخانە حکومیەکان چۆن نەخۆش هەبووە لەجیاتی چاک بوونەوە خراپتربووە.
کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە جگە لەوەی لەدۆخێکی سەختی ژیانیدایە و بێ باوکەلە دەرونێکی ئاڵۆزی هەیە، چونکە لەیەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە توشی شکان و بەکەم سەیرکردن و شایەنی بەزەی پێداهاتنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەجیاتی ئەوەی بەچاوی مرۆڤەوە سەیربکرێت و مامۆستاکان ڕێگای ئازاردان بەکاردەهێن بۆ فێربوون، زانکۆش بەهۆی ئەو چینایەتیەوە کە هەموو کۆمەڵگای گرتۆتەوە وادەکات ناجێگری باری دەرونی کارەکتەری سەرەکی (هاکان)بەردەوام بێت، هەردەم خۆی لەهاوڕێیانی بەتایبەت ڕەگەزی بەرامبەر دوور دەخاتەوە بەهۆی هەژاری و نەداریەوە چونکە هەڵسوکەوت و جلوبەرگ و گەشتەکانی زانکۆ بەڕونی ئەوچینایەتیە دەردەخات.
ئەم هەموو نادادپەروەری و ستەمکاریەی هەیە وادەکات لەجیاتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بە هەر مرۆڤێک کە دەژی بەگیانی تۆڵەوە بیربکاتەوە بڕیار دەدات بکوژی باوکی کە کەسێکی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێک لە حزبەکانە، بکوژێتەوە کە لەسەرحسابی باوکی ببوو بە بەرپرسێکی گەورەی وڵات.
ئازارەکانی ناو ڕۆمانەکە ئازاری هەموو گەنجان و لاوانە بەهەردوو ڕەگەزەوە پرسیارەکە لیرەدا ئەوەیە کەی ئەم ئازارانە تەواو دەبن؟
کەی مرۆڤ ژیانێکی شایستەی لەم هەرێمە دەبێت؟
کەی حزب واز لەژیانی خەڵک دەهێنێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت