كەمال محەمەد: 3 ی ئاب ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو ساڵێك ڕۆژێكی تایبەت بە رادەستكردن و داگیركردنی شەنگال هەیە. ڕۆژی 3 ی ئاب سەختترین بو بۆ شەنگال و هاوڵاتییە ئێزدییەكانی، كە بەشێوەیەكی زۆر توند و ڕادیكاڵ ڕووبەڕووی گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی جیهانی بونەوە، لەگەڵ ئەوەی خەڵكەكەی لە چەند گوندێكی نزیكی ناوچەكە هەوڵێكی زۆریاندا بەر بە پێشڕەوی چەكدارانی داعش بگرن، بەڵام بە هۆی نەبونی پاڵپشتییەكی بەهێز هەوڵەكانیان زۆری نەخایاند. لەئەنجامدا بینیمان چ كارەساتێك بەروی ئەو شارەو دانیشتوانەكەی دا هات.
لەدەرەوە ڕای گشتی جیهان و لە ناوەوەش حەسرەتەكانی دانیشتوانی شەنگال نەبوە ڕێگر لەبەردەم وەها كارەساتێكی گەورەی جینۆساید، ئەمە لە كاتێكدایە تەكنەلۆژیای گەیاندن دەتوانێ گەیاندنی ڕوداوەكان و پێشهاتەكان خێراتر بكات لەم سەردەمەدا، كاتێك نەیانتوانی هەڵوێستێكی واتادار لەسات و شوێنی خۆیدا بنوێنن، تا ئەو كاتەی رێكخراوەكە داگیركاری و كۆمەڵكوژییە بێ ڕەحمانەكەی بەسەر دانیشتوانەكەیدا سەپاند كە بوە هۆی كۆژرانی هەزاران و بە كەنیزەككردنی هەزاران كچی ئێزدی زیندە بەچاڵكردنی هەزارانی دیكە ،ئەمەو جگە لەو ژمارە زۆرەی كە لەتاو تینوێتی و برسێتی و گەرمای تاقەپروكێنی ئابی ساڵدا گیانیان لەدەستدا لەكاتی چونیان بۆ بەرزاییەكانی شاخی شەنگال ،ئەگەر بڵێین ئەی ڕۆڵی هێزە چەكدارەكانی پێشمەرگە لەو شارەدا لە كوێ مایەوە لە كاتێكدا بەرگریكردنی ئەم هێزە بۆ چەند كاتژمێرێك توانای رێگریكردنی لە وەها كارەساتێكی گەورەی بەدوادا ئەهات بۆئەوەی راستی و ڕۆڵی سەرەكی خۆیان بخەنەڕوو. بەڵام هەڵاتنی ئەم هێزە و چەندین فەرماندەی سەربازی لە چەند كاژێرێكی كەمدا بو بە هۆی لەدەستدانی پێكهاتەی هێز و وزەی بەرجەستەو مەعنەوی كۆمەڵگای ئێزدییەكان، ئەو هێزەی چەندە پاشەكشەیان دەكرد بە بێ بەرگری توانا داسەپاوەكانی رێكخراوی داعیشیش وەك سێبەرێك بەدوایاندا بون تا ئەو كاتەی شارەكەو زۆربەی دانیشتوانەكەی كەوتنە ژێر چەپۆكیان.
كارەساتی شەنگال هیچی كەمتر نییە لە ڕووداوە تراژیدییە جیهانییەكان، تەنانەت ڕووداوێكە پێویستە هێزی ڕوماننوسی ئەدەبیات و ئۆتۆپیا و تراژیدیای لەسەر بەرهەم بهێنرێ بۆئەوەی هەڵدانەوەی ئەم كارەساتە وانەی لێ وەربگیرێ كە كوردانی ئێزدیش خاوەن بەهاو ناسنامەو ئایدیای خۆیان بوون و ئەم داستانە تراژیدییە پێشێلكارییەكی زۆر خراپ بوە بۆسەریان لەوانەیە جێگای واقوڕمان بێت كە گەلێك لەزێدی باو باپیرانی خۆیان هێرش و كردەوە گەلێكی دوور لە مرۆڤایەتیان كرابێتە سەر، بەتایبەتیش لەلایەن هێزێكی تیرۆری جیهانی بەناو ئیسلام كە ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوی كتێبە ئایینییەكانی هەر ئاییدیا و ئایینزایەك هەڵبدەینەوە، ئەوا دورە لەوەها هەڵوێست و كردارێك و لەگەڵ هیچ یەكێك لەیاسا و رێساكانی مرۆڤایەتیدا یەكناگرێتەوە،
لە پێناو سەرلەنوێ ژیانەوەو حەسانەوەیان و پاڵنەرێك بۆئەوەی ویژدان و مێشكی مرۆڤ بێنێتە بەرچاو بەرامبەر ئەوكارەساتە تراژیدیایە و كەمێك لە خەمەكانیان لاببرێت پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پڕۆژە یاسایەكی قەرەبوكردنەوەی كچان و ژنانی ئێزدییەكان كردوە، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە ئیمزای لەسەر كراوەو ئاراستە كراوە. بۆ ئەوەی ئەو شوێن پەنجە سامناك و ترسناكەی بەسەریاندا هێنراوە كاڵبكرێتەوە و نەهێڵدرێت، پرسی گرنگ ئەوەیە كە بە شێوەیەكی گشتی لێتوێژینەوەو بەدواداچون بۆ روداوەكەو قوربانییەكانی بكرێت و، هەلوێست و قەرەبوكردنەوەكانن جێی بایەخ رەزامەندی ئێزدییەكان بێت و، وەڵامی پێویستییە سەرەكییەكانیان بدەنەوە و، رێگا لەپێش دۆخێكی ئەرێنی و گەڕانەوەی ئومێددا بكەنەوە بە بێ جیاوازی بۆ هەموان.
لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای ڕۆژی دیاریكردنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان و، قەرەبوكردنەوەی بەشێك لە ئازار و قوربانیدانیان لەساڵرۆژی كارەساتەكەیاندا. پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە پڕۆژە یاسایەك داوە، بەڵام ئەوەی پێویستی بە ئاماژەو هەڵوێست و تێڕامانە خاڵی یەكەمی پڕۆژەكەیە، كە تیایدا هاتوە قەرەبوەكە تەنها قوربانیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگرێتەوە. لەكاتێكدا پێویست بوو قوربانیانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی بگرتبایەتەوە. ئەم داكۆكی و قەرەبوكردنەوەش، ئەگەر پێڕەو بكرێت لەسەرئاستی ئەبێت و، ئەمەش غەدرێكە لە خودی ئێزدییەكان. چونكە لە راستیدا ئێزدییەكان قوربانی دەستی ئایینن نەوەك جوگرفیا. بۆیە پێویستی پڕۆژەو ڕێگاچارەی شیاو بۆ ئەوەیە ئێش و ئازاری نابەجێ زیاد نەبێت و، كۆتای بە ئازارەكان بهێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت