دکتۆر کەمال میراودەلی: دوو هۆنراوە بۆ شەنگال.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وێنەکە هی کچێکی یەزیدییە، لە کاتی مامەڵەو فرۆشتنیدا

 

( 1 )
شەنگال سێی ئابی 2014

داعشە داعشە داعشە
ئاڵایەکەی خوێنی ڕەشە
سنووری سایکس
ناسڕێتەوە
بۆ سێکس
بۆت دێتەوە
لەشفرۆش خەنجەرەکەت دەربێنە
لەشفرۆش خەنجەرەکەت دەربێنە
گەر هێشتا زیندووی
یەک نا، دوو نا، دە نا
فەوجێک سەرەیان بۆ گرتووی
دێوی ڕیشن و
منالخۆر
کلێتە سوور،
کلێتەشین
چەکمە بۆر
ئالاکەیان ژێرپێداوی
دەڵێن هەزار جاریان جاوی
درۆیە بۆیان مەسەلمێنە
لەشفرۆش خەنجەرەکەت دەربێنە
ئەمجارەیان بۆ وەشاندن
بۆ ترساندن
گەلپاراستن
ناوی خودای لێبهێنە
لەشفرۆش خەنجەرەکەت دەربێنە

تۆ پارێزەری وڵاتی
مۆنۆپۆلی چەک و ‌هێز و دەسەڵاتی
بەرپرسی ژیان و شەرەفی
یەک بە یەکی هاو-ولاتی
لەشفرۆش خەنجەرەکەت دەربێنە
ئەم زارۆکە لە ناو زاری
ئەو عەزیایە دەربهێنە
درەنگە درەنگە
لەشفرۆش
لەشفرۆش
لەشفرۆش
درەنگە درەنگە درەنگە
عەزیا مناڵی هەڵلوشیی
دەرپێیەکەت هەڵکێشەوە
پشتێنەکەت توند کەوە
ناوی خودای لێبهێنە
خەنجەرەکەت بوەشێنە

( 2 )
دڵەکەم کەس لە قووڵایی چاوت ناڕوانێ
یەکیک لە چەندین هۆنراوە بۆ کارەسەتی شەنگال لە ئابی 2014 بلاوکراوەتەوە]

دڵەکەم ناوت نازانم
کورد ناوت نازانێ
کوردستان ناوت نازانێ
جیهان ناوت نازانێ

ئایا تۆش (دنیا) یەکی تری،
بە دۆلار فرۆشراوی
یان زەعیفەیەکی دیکەی
بێکەس و داماوی
لە جیاتی یەک
دڕندەی ئیسلامیی
پێشکەشی
هەزاران دڕندە، کراوی
ئایا تۆ بێناوی
ئایا تۆ بە کاڵی خوراوی
ئایا تۆش لە مەرگ مارەکراوی
ئایا تۆش لە لایەن
دەسەڵاتەوە
بە تاک،
بە جووت،
بە کۆمەڵ،
ئەتککراوی؟

دڵەکەم کەس لە قووڵایی چاوت ناڕوانێ
تا قوڵپەکانی بخوێنێتەوە
دڵەکەم کەس لە روخسارت ناڕوانێ
تا برینەکانی بهۆنێتەوە
دڵەکەم کەس چیرۆکی ژیانت نازانێ
تا یەک دێڕی لێ بنووسێتەوە
گەوادەکانی دین
بێ ئەوەی بتناسن
دەڵێن تۆ گاوری
لەم دنیا شایانی چەقۆی داعشی
لەو دنیا شایانی
دۆزەخ و ئاگری

گەوادەکانی سیاسەت
دەڵێن: تۆ قەت نەبووی
نەبیستراوی
ئەسڵەن هەر کورد نەبووی
بە ئینسانیش نە خولقاوی

گەوادەکانی راگەیاندن دەڵێن:
ئەم كچە لای داعش بووکە
داعش داڵێکی رەزاسووکە
خاوەنی باڵ و دەنووکە

رژێمی ئەنفالچیی کورد
هەزارەهای بەم دەردە برد
کەوتنە پێش پاسدار
ئەمسەر و ئەوسەری عێراقیان
داچاند
بە چاوو دەست و دڵی
دەیان هەزار
کچ و کوڕی جوان و نازدار
کەوتنە ناو شار
داگیریان کرد گردو دۆڵ و
باخچە و بازاڕ
ئەنفالیان کردە کەلتوور
شەرەفیان کردە خەتی سوور
مەرگیان لە سەر جاددە داچاند
پێچایانەوە لە پاروو
خۆشیان کردە قۆندەرەی
داگیرکەری زۆردار

دڵەکەم تۆ یەکەم كچی بێناو نیت
دڵەکەم تۆ تاقە کچی خوراو نیت
دەسەڵاتی ئەنفالچیی کورد
هەزاران کچی وەک تۆ لێ کرد
لاشەی ونیان
بە سەگ خوران
لاشەی خنکاویان
وەک کەری تۆپیو
لە گۆم دەرهێنران
هەزاران سووتان هەزاران
نەمان بینی ئەنفالچییەک
داخێک هەڵڕێژێ
فرمێسکێک بڕێژێ
خێزانێک بەسەرکاتەوە
گەڕەکێک دڵنیا کاتەوە

گەوادەکانی سیاسەت
کردیان بە شەرعی سووتان
گەوادەکانی دیانەت
کردیان بە شەرعی قورئان

کچەکەم ناوت نازانم
بۆیە پێت دەڵێم خوشكی دنیا
گەوادی ئیسلامیی
پێت دەلێن سەبایا
گەوادیی سیاسی
پێت دەڵێن
ئەفسانەی میدیا

نە کەس ناوت دەزانێ
نە هەواڵ
نە شارێک هەبووە
بە ناوی شەنگاڵ

نازانم هاوارت بە کێ رادەگا
کام ئاسمان
کام ئینسان
کام دادگا

نە کەس ناوت دەزانێ
نە هەواڵت بیستراوە
هیچ شتێ نەگۆڕاوە
هەموو شتێک وەک خۆی ماوە
قۆندەرەخانەکەی پەرلەمان
خەریکی نوێژن و
خوێندنی قورئان
باس باسی پۆست و پارەیە
باس باسی گەمەو نوکتەیە
باس باسی چەک و
جاشێتیی نوێیە:
شەڕی موسڵ بۆ ئەمریکا
شەڕی جەلەولا بۆ ئێران

تۆ و هەزار کچی وەک تۆش سەبایان
بێ کەس بێ باوک بێ داک بێ بران
لە چەقۆیەک دەگەڕێن
دڵتانی پێ دەربێنن
لە کڵپەیەک دەگەڕێن
خۆتانی پێ بسووتێنن
لە ژەهرێک
دەگەرێن بینۆشن
بە دددان مەچەکی خۆتان
دەکرۆژن
تا دەمارەکان لێکهەڵبچڕن
دەتانەوێ بەر لەوەی بتانخۆن
بمرن
تا بە گیانی پاکی خۆتان شەرەف
بۆ بێشەرەفەکان بکڕن
بۆ ئەوەی جەستەی
پاک و بێگەردتان
بە کاڵیی و بە خامیی
نەکەوێتە دەست
دڕندەی ئیسلامیی

لەگەڵ هەر قەپاڵێکیان
دەزیڕێنن
خوێن لە چاوتان بە خوڕ
دێتە خوار
هاوارتان بە کەس راناگا
لێرەش هیچ نەبووە،
نە چرپە. نە هاوار

نە کەس ناوت دەزانێ
نە هەواڵ
نە شارێک هەبووە
بە ناوی شەنگاڵ

نا هیچ نەبووە،
لە شار
لە بازاڕ
لە رێگا
کۆیلەکانی ئەم شارە، لەشفرۆشانە،
چاوەڕێن
مووچەی ئەم مانگەش کەی دەگا.؟

دڵەکەم ئێرە گەوادستانە
شەرەفی میللەتێک
لە دنیادا
هەڕاج دەکرێ
قۆندەرەخانە باسی ناکات
کەس خەو لە چاوی نازڕێ
ئێستا تۆ چیت بەسەر هاتووە ، دڵەکەم؟

تەنیا دوو هەواڵی پێوەست بەم هۆنراوەوە
دوو کچی کوردی ئێزیدی لە ماوەی قسەکردنێکی تەلەفوونیدا بە مەچەکبڕینی خۆیان، خۆیان دەکوژن چواری تر لەلایەن پاسەوانەکانەوە دەکوژرێن.
شێخ عەبدوڵلا یاوەر پەرلەمانتاری شاری موسڵ دەڵێت: ئەو توانی پێوەندی بە کچێکی یەزیدییەوە ە بکات کە مۆبایل فۆنی پێبوو،
ئەو یەکێک بوو لە گروپێکی 98 ژن کە سواری دوو پاسی پڕ کرابوون و لە زیندانی بەدوشەوە لە باکووری موسل بۆ شارۆچکەی دووری بەعچ بردرابوون ..
شیخ عەبدوڵلا بە تایمزی وت:
ئەو کچە هەرزەکارە پێی وتم: لێت دەەپاڕێمەوە لە دەست داعش رزگارمان کە،
وتی کچەکان لە خانوویەکدا دیل کراون کە شەش پاسەوانی هەیە.
شێخ دەلێت: تیمێکی 10 چەکداری لە عەشیرەتی شەمەرم نارد، بۆ ئەوەی بەهێز بیانهێنیتە دەرەوە، بەلام دەلێت خەلكی گوندەکە هەموو پشتگیری داعشیان دەکرد، و ئەو ئۆپەراسیۆنە مەحاڵ بوو.
شیخ دەلێت: دوای ئەوە لە رێگای نێوانچییەکەوە هەوڵی دا کە کچەکان بکڕێت.
بەڵام لە کاتێکدا خەریکی ئەو دانوستانە بووین دوو لە کچەکان مردن بە بڕینی مەچەکی خۆیان، خۆیان کوشت، دوای ئەوە هەراوهەڵا پەیدا بوو، بە قسەی کچەکە، پاسەوانەکان چوار کچی تریان بە دەسترێژی فیشەک کوشت.
لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکە تا 14 ی ئاب خەریک بوو سەر بگرێت تا کاتی پارە وەرگرتنەکە هات، بەلام پاسەوانەکان وتیان دەترسن پارەکە وەربگرن و لە ئازادکردنی کچەکان پەشیمان بوونەوە.
دوێنی داعش کلیپیکی ڤیدیۆیی بلاوکردەوە کە نیشانی دەدا سەدان پیاوی یەزیدی دەبنە مسڵمان. ڤیدیۆکە نیسانی دەدای پیاوەکان وتەی مەلایەکی رەشپۆش کە کلاشینکۆفی لەشانە، دووبارە دەکەنەوە.
دەقی هەواڵەکە لە تایمز وەرگیراوە، جاوپیکەوتنی شیخ عەبدوڵلا یاوەر لەگەڵ تایمز
لینکی هەوالەکە لە تایمزhttp://www.thetimes.co.uk/…/middlee…/iraq/article4183542.ece

هەواڵی دووەم
داعشێکی خەلکی کاردیف (بەریتانیا) بانگاشەی فرۆشتنی ژنان (ی یەزیدی) بە 2000 دۆلار دەکات
داعشێکی خەڵکی کاردیف بانگاشەی ئەوە دەکات کە بە سەدان كچی یەزیدییان لایە لە سوریا کە کردوویانن بە سەبایا و هەر کچەی بە 2000 دۆلار دەفرۆشن. ئەو دەلێ کچێکی منالکارەی بە 1200 پاوەن بۆ خۆی کڕیوەو گەر ئیتاعەی نەکات بە خەنجەر قسەی لەگەڵ دەکات. داوا لە موجاهیدان دەکات بچن بۆ سوریا و سەبایای یەزیدی بکڕن وەک جیهادێک دژ بە کافرە ئێزیدییەکان. 
دەقی هەواڵەکە لە تایمزی بەریتانیhttp://www.thetimes.co.uk/tto/news/uk/article4186161.ece

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت