کاوسێن بابەکر: باسکردنی کارەساتی شەنگال ڕوویەکی قایمی دەوێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گومان لەسەر چۆنیەتی ڕادەستکردنی شەنگال و هەڵاتنی زیاتر لە 16 هەزار پێشمەرگەی چەکدار بە هەمووجۆرە چەکێک کەگومان لەئازایەتی زۆربەیان ناکرێ، لەبەرامبەر 16 ئۆتۆمبێلی داعش، هێشتا نەڕەویوەتەوە. چونکە ئەو لیژنەیەی بڕیاربوو لێکۆڵینەوە لەو ئابروچونە بکات، دیزە بەدەرخۆنەکراو هیچ ئەنجامێکی نەدا بەدەستەوە! نەڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و نەکەس سزادرا، لەکاتیکدا چیرۆکی ئەو پێشمەرگانەش دەزانین کە فەرمانی سەرکردەکانیان بۆ کشانەوە، جێبەجێنەکردو تا دوا فیشەک بەرانگاریان کردو بەمەش هەم ئەرکی نیشتمانیان جێبەجیکرد و، هەم گیانی هەزاران پیاوو ژنومنداڵی ئێزیدیان ڕزگار کرد.
گەلۆ! سەرکردەکانمان ئێستا بەدەم پێکەنینەوە بەڵێنی هاوکاری ئێزدیەکان دەدەن و خۆیان شین و مۆردەکەنەوە کە خەمیی خۆیان بۆخوێن و فرمێسکی ئێزدیان نیشان بدەن، نازانم بۆ پێدەکەنن؟ بۆ داپۆشینی ئەو شەرمە گەورەیەی لەڕادەستکردنی شەنگالدا بۆ ژن و منداڵە هەتککراوو بێسەرو شوینەکان وەک دووپشک بەویژدانیان وەدەدا، ئەگەر هەیان بێ! یان بەسادەیی وخۆشباوەڕی ئەو نەتەوە بێ کەسەیە کەئەوانی کردووە بەکەسو براگەورەی خۆیان، بۆ پێدەکەنن؟ ڕەنگە بۆ ئەو چەپڵانەبێ کەلەدڵێکی شەقار شەقارەوە بەناچاری لێدەدرێ و خەیاڵیشی لای گۆڕە بەکۆمەڵەکانە داخوا کەی ئێسک و پروسکی ئازیزانی دەردەکەون و برینە ساڕێژ نەبوەکانی لەنوێ دەکولێنەوە!
پێدەکەنن و دەشبینن؛ هەموو ئەو کارەساتە نەبڕاوەیە، کە هەموو چرکەو ساتێک لەدڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا لەکوڵاندایەو زنجیرەیەکە لەکارەساتەکانی کیمیاباران و ئەنفالەکان، کە هێشتا جێمان نەهێشتووەو لەپێشماندایە. بەڵام سەرکردەکانمان هێشتا نەیانتوانیوە یان خەمیان نییە بۆ بە جیهانیکردن و، هێشتا نەیانتوانیوە دەوڵەتی فیدڕاڵی بەغدا ناچار بکەن دان بەجینۆسایدەکەدا بنێ و، بەفەرمی بیناسێ و قەرەبووی کۆستەکەیان بکاتەوە. کە هیچ نەبێ ئەوانەی ماون ژیانێکی شەرافەتمانەو ئەمن و ئەمان بەسەر بەرن!
تکا دەکەم پێمەکەنن؛ لەو فەرماندانە بپرسنەوە کە شنگالیان ڕادەستکرد، باوەشێکی گەرمتر بۆ ئێزدیان بکەنەوەو شەنگالیان بۆ ئاوەدان بکەنەوەو قەرەبوی زیانەکانیان بکەنەوەو، ژیانێکی ئەمن و ئەمانیان بۆ فەراهەمبکەن.
میکانیزمێکی کاراتر دەکارکەن بۆ ئەو 3هەزار ژن و منداڵەی هێشتا چارەنوسیان نادیارە و، بیانگێڕنەوە بۆ باوەشی کەسوکاریان. شوێن و ژینگەی گونجاویش بۆ منداڵ و ئەو کەسانەی لەڕووی دەرونیەوە کاریگەربوون، فەراهەم بکەن و لەژێر چاودێری کەسانی پسپۆردا بن تا بە ڕۆحێکی تەندروست بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت