دکتۆر کەمال میراودەلی: ئایا ئەردۆگان هێرش دەکات؟ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا ئەمریکا کوردی ڕۆژاوا دەفرۆشێت؟

( 1 )
بۆ ڕاستیی لە باشوور ونە؟
وتارەکەی پێشووم دەربارەی ئەگەرو مەگەرەکانی هێرشی تورک بۆ سەر ڕۆژاوا، لە فەیسبووک زیاتر لە 30،000 خوینەر و 7000 لایک و شیر و کؤمینتی هەبوو، لە سایتی وتاریکورد، کە تاکە شوێنێکە تێیدا بڵاو کراوەتەوە، زیاد لە 3000 کەس شێریان کردووە.www.wtarikurd.info

ئایا ئەمە شتێکە دڵخۆشم بکات؟ نا، خەمباری کردم.
باشوورێک وایلێهاتبێت تاکە گوتارێکی زاڵ، تاریک، گومڕاکەر، دژە نەتەوەیی، گوتاری میتیی، ئەردۆگانی تورکپەرستی، دژ بە هەموو ئەخلاقێکی ئینسانیی و نەتەوەیی بیت و هەزاران دڵیان بە تاکە وتارێک خۆش بێت وەک ئەوەی نووسیومە – ئەمە کارەساتە.
چونکە ئەوەی من نووسیومە دەبوو ئەنجامی بنکۆڵیی زانستیی بێت لە سەدان باسی ئەکادیمییدا لە بەشەکانی سیاسەت، یاسا، مێژوو، مێژووی هاوچەرخ، تەنانەت ئەدەب و فەلسەفەش لە زانکۆکاندا.
دەبوو سەدان جۆر لەم وتارانە لە هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە و بەرنامە هەوالییەکان و سیاسییەکانی تەلەڤزیۆنەکاندا پەخش کرابان
دەبوو هەموو بەرێوەبەری قوتابخانەیەک و مامۆستایەک ڕۆژانە پێش وانەکان، کۆبوونەوە بۆ خوێندکاران ڕێکخەن و ئەم ڕاستییانەیان بۆ روونکەنەوە،
دەبوو بە سەدان سیمینار و کۆڕ لە هەموو شار و شارۆچکەیەک ببەسترێن و ئەم بابەتانە باس کرابان و دیباتکرابان.
هەر نەىێ دەبوو ئەم وتارەی من زۆربەی سایتەکان و میدیاکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان وەری بگرن و چاپ و پەخشی بکەنەوە.
ئاخر ئەم پرسانە میژوومانن، ژیانمانن، چارەنووسمانن.
دەبوو پەرلەمان و لێژنەکانی و ئەندامەکانی، لە جیاتی ئەوەی ببنە نووستوخانەی مووچەخۆران، دەوری خۆیان وەک گوایە نوێنەری خەڵک ببینن و بە دوای ساغکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکانەوە بن.
کەچی برادەرێک پێیڕاگەیاندم کە: ئاوێنە بابەتێکی بلومبرگی بلاوکردۆتەوە کە دەلێ ئەمریکا کوردی سوریا تەنیا بەکاردێنێت و بە تورکیایان دەفرۆشێت؟ ئەمەش موعجیزەیەکی تری باشووری بەراوەژووە.

( 2 )
بۆ ئاوێنە ئەو وتارەی هەڵبژارد؟
لە نێو ئەو هەزاران وتارەی لە رۆژنامە و گۆڤار و دەزگا ستراتیجییەکانی بنکۆلی سیاسیی و بیرخانە [ثینکتاکەکان] و راپۆرتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکی و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و سیئایئەی و مۆساد و ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامە و دەزگا رووسییەکان و ئاژانسی هەوالەکانی جیهان و… هتد، دەربارەی پێوەندیی و دەوری ئەمریکا و یەپەگە و هەسەدە بلاوکراونەوە، [ئاوێنە] دێت راپۆرتێکی گوایە بلامبورگ بە نیوەناچڵی تەرجەمە دەکات و بە خەلکی کورد دەلێ: بەخوا هەر بەرەی کلاوشینەکانی ئێستا دەیبەنەوە. ئەمریکا هەر یاری بە کوردی رۆژاوا دەکات.
ناونیشانێکی هیوابڕ و ترسناک بە خەلکی هومێدشکستی کورد دەدات:
[ بلومبێرگ: ئه‌مریکا تورکیای لا گرنگتره‌ تاوه‌کو کوردی سوریا
ئاژانسی بلومبێرگ رایده‌گه‌یه‌نێت ”ڕاسته‌ ئه‌مریکا له‌ ڕێگای ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا ڕێگری له‌ هێرشی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر کوردی سووریا ده‌کات، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئه‌مریکا تورکیای لای گرنگتره‌ تاوه‌کو کوردی سوریا.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ستراتێژیی گه‌وره‌تری ئه‌مریکا ده‌رباره‌ی یه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێیانده‌ڵیت “ئێمه‌ ده‌ستخۆشی له‌ یارمه‌تیی ئێوه‌ ده‌که‌ین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌ردسه‌ری و کێشه‌ بۆ هاوپه‌یمانێکمان دروست بکه‌ن ئه‌وا ئێمه‌ ئێوه‌ ناپارێزین.]”awene.com
ئاوێنە هەر نەبوو دەبوو ئەو پێوەرە رۆژنامەگەرییە سیاسییە ئەخلاقییە ڕەچاو کات: گەر تۆ رایەکی خراپ یان نەکار/ سەلبی بەرابەر هێزێک یان دەربارەی پرسێک بلاودەکەیەوە ئەوە ئەرکی ئەخلاقیی سەر شانتە وەک رۆژنامە کە بە ڕایەکی دژی ئەو ڕایەش وەک هاوسەنگیی/ بەلانس بڵاوبکەیەوە، ئەوە ئەگەر بێلایەن بێت. بەلام چۆن ڕۆژنامەیەکی کوردیی لە کێشە نەتەوەییە چارەنووسسازەکاندا دەبێ ىێلایەن بێت؟ خۆزگە بێلایەن بوونایە، ئەوە ئاوێنە شەرمنانە شتیكی تێدا دێلێتەوە، بەلام دەزگای رووداو ئەوە میتخانەیەکی ڕووتە و خەندانیش بەرە بەرە بە ڕووتی دەچیتە ناو ئەو میتخانەیەوە..
هەر نەبێ دەشێ ئەمە شایانی بایەخپێدان بێت گەر ئەمە ڕاگەیاندنی تاکە یەک بەرپرسی ئەمریکی بێت کەوا نییە. گەر واش بێت ئەوا ئەمریکا فرە جەمسەرە و فرە دەسەلات و موئەسسەساتی بڕیاردانە. گەر ئەم قسەیە هی خودی ترامپ یش ىیت هێشتا نرخی نییە هەر وەک چۆن فشە- بڕیارە هەڵە و هەڵەشەکەی بە کشانەوە لە سوریا هیچ نرخێکی نەبوو.. بەلام ئەمە قسەی تاکە وتارنووسێکە لە سەدان، بەڵکو هەزاران وتارنووس کە لە سەدان رۆژنامە و گۆڤار و دەزگای ستراتیجی و بیرخانە و ئاژانسدا بنکۆلیی و باسکاریی دەکەن و دەنووسن و هەر یەکە وەک تاک یان گروپ سەر بە یەک لۆبی یان زیاتر لە سەدان لۆبی چالاکن. زۆربەیان بێگومان سەر بە لۆبی جوولەکە و سەهیۆنیزمن کە پێوەندییەکی مێژوویی ماسۆنیییان لەگەڵ رژێمی تورکیی و تورکیای نەتەوەپەرست هەیە، هەر لە سەردەمی دروستکردنی ئەتاتورکەوە تا دروستکردنی ئەردۆگان وەک ئەتاتۆرکێکی بەراوەژوو.
بێگومان گلەیی من ئەوە نییە کە ئاوێنە ئەم بابەتەی بلاوکردۆتەوە، قەیدی نەبوو گەر یەکیک بووایە لە نێوان دەیان وتاری تەرجەمەکراو، بەلام ئەم تاقە هەتیوە- وتارە لەم کاتەدا بۆ؟

( 3 )
ئایا ئەمریکا تورکیای لا گرنگترە لە کوردی ڕۆژاوا؟
کەواتە با لە ئەنجامی وتارەکەی بلومبرگی ئاوێنەوە دەستپێبکەین.
ئایا ئەمریکا تورکیای لە کوردی سوریا بەلاوە گرنگترە؟
دیارە پەروەردەی سەقەت، میدای حیزبیی توڕەهات، وتاری ئیخوانیی و خەرافیی مزگەوتەکان، فەلسەفە و زانستی میزی حوشتر، کەلتووری فشەبیریی و بۆشەوتاری لەشکری بۆشنبیری زماننەزانی نەخوێندەواری خانەنشینی تەمبەل و مووچەپەرست، زڕیی و نەزۆکی پێگەیاندنی زانکۆکان، نەبوونی عەقڵی ڕەخنەیی و میتۆدی زانستیی بنکۆلیی و باسکاریی، حیزبییبوونی هەموو شتێک، هتد هەموو ئەمانە وا دەکەن مرۆڤی ئاسایی کورد هەر گاڵتەشی بە پرسیارەکە بێت: بێگومان تورکیا ی بەلاوە گرنگترە، تورکیا دەولەتە، ئەندامی ناتۆیە، دووەم سوپای گەورەی ناتۆیە، پێوندی مێژوویی ستراتیژیی دوورودرێژیی لەگەل ئەمریکا و رۆژاوا هەیە و… هتد.
خۆ گەر بتوانێ ئەوەندەش ئاگادار بێت کە ئەم چەند هۆکارەی سەرەوە ڕیز بکات، ئەوە هەر باشە بەلام نا، بە غەریزەی خۆبەکەمزانیی و دوژمنپەرستیی و پەروەردەی حیزبیی داماڵراو لە هۆشیاریی نەتەوەیی و پاشخانی ڕووناکبیریی و چەکی فەلسەفیی لۆجیک و بیرکردنەوە و شیکردنەوە و لێکدانەوە، وا فێرکراوە بڕیاربدا بێ بیرکردنەوە، بسەلمێنێت بێ سۆراخ کردن، قسە دەرپەڕێنیت بەر لەوەی بیکوڵێنێت.
ئەوەی مرۆڤی کورد پێویستی پێیەتی دەوڵەتی خێڵەکی بنەماڵەیی عوسمانلی نییە، ئاڵا نییە، سەربەخۆیی نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەوەیە خۆی بێت، خۆی بکڕێتەوە، خۆی لە دەست جەهالەت دەربێنیتەوە، ببێتە خاوەنی عەقلی ئازاد و بیرکردنەوەی ئازادی خۆی، بخوێنێتەوە و بخوێنێتەوە و بخوێنێتەوە، تا خۆی دەدۆزێتەوە.
ئالا ئازادت ناکات گەر خۆت کۆیلەبیت. دەوڵەت ئازادییت ناداتێ گەر کەسپەرست و بتپەرست بیت.
سۆکرات تەنیا دوو ئەرکی گەوهەریی بۆ فەلسەفەی ژیانی مرۆڤ داناوە:
1- خۆت بناسە و
2- بتوانە سەرنجی ژیانت بدەیت و تێیبگەیت و شیبکەیتەوە و بپرسی:
ئایا ئەم ژیانەی من تییدا دەژیم ، شایانی ژیانە؟
ئایا دەکرێ ىاشتر و ڕاستتر و جوانتر و عەقلانییتر و دادیارتر بکرێ؟ چۆن؟
گەل لە تاکەکان پێکدێت. نەخێر لە تاکە ئازادەکان پێکدێت. هیچ ولاتێک نابێ بە دەوڵەت، یاسا سەروەر نابێت و دیمۆکراسی رێبەر نابێت، تا هاوولاتەکانی نەبنە تاکی خۆناس، تاک وەک تاک، نەک وەک برغۆی ناو مەکینەیەک، وەک مەڕی ناو ڕانێک، وەک مانگای دۆشین. تاک وەک تاک، تاکی هوشیار، خوێندەوار، رووناکبیر، تاکی ئازاد وەک خۆی و بۆ خۆی بریار بدات، مانگا نەىیت لە گاڕانا، بزن نەبێت لە مێگەلا، حیزبییەکی خێڵپەرست و کەسپەرست و بتپەرست نەبیت لە ناو گەل و کۆمەڵا، سەڵاوات لە کەشکەک نەدات لەگەڵ گرۆی بێ خەبەرا، لە سەرپشت ڕاکشاو و زارکراوە نەبێت لە چاوەڕوانی میزی حوشترا.
گەر هەم خۆت نەناسی و، هەم نەتتوانی سەرنجی زیرەکانەی ژیانت بدەیت، کە هەردووکیان بێ ئەرکیاریی ئازادی عەقل مەحالن، مەحاڵیشە بتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە وەک مرۆڤی بیریار و ئازاد بدەیەوە: ئایا ئەمریکا تورکیای بەلاوە گرنگترە یان کوردی ڕۆژاوا؟

( 4 )
چۆن لەو پرسیارە بگەین؟
پێوەندی بەوەوە هەیە چۆن بیر دەکەیەوە، چۆن دەخوێنیەوە، چۆن خۆت خۆتی.
دەسا با پێکەوە بیر بکەینەوە و هەوڵی وەلامدانەوەی بدەین.
1- پرسیار لە پرسیار بکە؟
هیچ پرسیارێک وەک هەیە قبوڵ مەکە، تۆ ناتوانی وەڵامی پرسیارێک بدەیتەوە تا لە پرسیارەکە تێنەگەیت، تێیناگەیت تا توخمەکانی/ بیرۆکەکانی/ وشەکانی شینەکەیتەوە، ناتوانیت لە بیر و بۆچوونێک ڕەخنە بگریت کە بە وردیی لەو بیرو بۆچوونە نەگەیشتبیت ئەگینا بۆچوونەکەت هەمووی دەبێتە هەڵە و هەڵەشەیی و هەڵچوونی غەریزەیی و سەپاندنی پێشباوەڕیی پێشوەخت و پێشئەزموون و پێش زانینی زانیارییەکان و شیکردنەوەی رەگەزەکان.
زۆربەی خوێنەری ئێستا نە پرسیار، نە وتار دەخوێننەوە تا تێیبگەن ئەوسا ڕای خۆیانی دەربارە دەربڕن.
2- پرسیارەکان، پرسەکان، بابەتەکان شیکەوە بۆ ئەو بیرۆکانەی پێکیدێنن:
A- ئەم پرسیارە سی ئەکتەری هەیە: تورکیا، کورد، ئەمریکا.
B- دیارە ئەکتەری بڕیاردەر ئەمریکایە.
C- پرسیارەکە وەڵامێکی پەنهانی تێدایە.
وا پێشنیاز دەکات ئەمریکا دەبێ یەکێکیان هەلىژێڕیت بۆ [هاوپەیمانی] یان هەر مەبەستیک ئەویش ئەوەیانە کە گرنگترە بۆی؟
وەک وتم تێگەیشتنی باو ئەوەیە حەتمەن تورکیای لا گرنگترە، بەلام ئەوە بیرە باوەکەیە.
بیر، زانست، تیگەیشتن، ژیریی، زیرەکیی ئەوەیە بیری باو وەک خۆی قبوڵ نەکات.
3- ئەوە بڕیارماندا ئەو بیرە قبوڵ نەکەین، بەلام قبوڵنەکردن مانای بازدان بۆ ئەنجامی دووەم نییە، واتە کوردی لا گرنگترە. ئەمەش لەڕووی لۆجیکییەوە وەلامێکی دروست نییە. مەبەست تێگەیشتن و شیکردنەوەی پرسیارەکە و جەدەلیاتی پرسەکەیە نەک بازدان بۆ ئەنجامی دووەم کە ڕەنگە بە دڵی ئێمە بێت. لۆجیک گۆترەبازیی و خەملاندن و خۆزگەخواستن نییە.
4- کلیلی پرسیارەکە و کەواتە وەڵامەکەش وشەی [گرنگبوون ە]. کەواتە دەبێ بزانین مەبەست لە گرنگبوون چییە؟ گەر شارەزای سیاسەت و جیۆپۆلیتیک بیت دەزانی کە مەبەستی [گرنگتر] لێرەدا ستراتیجی بوونە، واتە لە ڕووی ستراتیجی سەربازیی و سیاسییەوە کامیان گرنگترن بۆ ئەمریکا: کورد یان تورک؟
لێرەشدا گەر پەلە بکەیت تەسلیمی بیری باو دەبیتەوە: کورد لە چاو تورکدا چ گرنگییەکی ستراتیجی بۆ ئەمریکا هەیە؟
ىێگومان تورک هەڵدەبژێرێت. دیارە هۆکاری سایکۆلۆجی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێگانەخوازیی و نەتوانینی بینینی دیمەنەگەورەکە، پاڵنەریکی ترە بۆ هەڵبژاردنی ئەم ئاکامە. نا، لە بیرکردنەوە و شیکردنەوە بەردەوام بەو پەلە مەکە.
5- کۆئاخن واتە کۆنتێکست واتە هەلومەرج و ڕەوشی بوون و پەیدابوونی پرسیارەکە تێبگە: لە وتارەکە و کاتی بلاوبوونەوەی و بابەتەکەی تێدەگەین دەربارەی سوریایە، کەواتە ئێستا بەراستی بۆ وەلامدانەوەی پرسیارەکە پێویستیت بە زانیاریی، گەڕان، پشکنینە، ئێستا پرسیارەکە بوو بە پرسێکی باسکاریی زانستی ئەکادیمیی کە دەتوانین ئەو ناونیشانەی بۆ دابنێین: [ تورکیا و کوردی ڕۆژاوا لە ستراتیجی ئەمریکادا لە سوریا.]

( 5 )
چۆن وەڵامی بدەینەوە؟
1- بەڵام هێشتا پرسیارمان لە پرسیارەکە نەکردووە. واتە قبوڵنەکردنی وەک هەیە و هەڵوەشاندنەوەی. هەموو بیرێک، وتارێک، دەربڕێنێک گەمەی وشەکاریی و وشەبازییە. وشەکان ستراکتوورێک واتە بنسازییەک دروست دەکەن کە دامێنێکی ئایدیۆلۆجی پێشنیازیی هەیە و وەک هەبوویەکی مەزن و مەعقول دێتە بەرچاو، تۆش یەکسەر وەک مانای ڕووکەشیی قبووڵی دەکەیت؟
2- تا ئێرە ئەوەمان قبول کرد کە پرسیارەکە دەربارەی ستراتیجی ئەمریکایە دەربارەی سوریا و ئایا بۆ ئەو ستراتیجییە کامیان بە گرنگتر دەزانێ و هەلی دەبژێرێت؟ تورکیا یان کورد؟ بیربکەوە.
هێشتا پرسیارەکە و پرسەکە بەم چەشنەش تەڵەی فیکریی و واتایی تێدایە. کە ئەمانەن:
1- ئەمریکا ستراتیجی لە سوریا هەیە.
2- کورد و تورک فاکتەریکن لەو ستراتیجییەدا.
3- ئەمریکا دەبێ یەکیکیان هەڵبژێرێت کە بەلای ئەوەوە بۆ ستراتیجییەکەی گرنگترە.
4- تەلەکان چین؟
1- هەموو پرسیارێک [کەموتیزم] ی تێدایە. کەموتیزم لە جیاتی ریدەکشنیزمی ئینگلیزیی و ئیختیزالی عەرەبی بە کار دێنم واتە [کەم و کورتکردنەوە] ی کێشەیەکی فراوان و ئاڵۆز لە هاوکێشەیەک یان چەند رەگەزی سادەدا. لیرەدا کێشەی سوریا کەموت کراوەتەوە بۆ بڕیار یان کاری هەلبژاردنی ئەمریکا لە نیو کورد و تورکدا.
2- گریمانکاریی وەهمی: گریمانی وەهمیی یان نەسەلمێندراوی تێدایە:
گریمان دەکات
A- ئەمریکا لە سوریا ستراتیجی هەیە،
B- دەبێ تورک یان کورد بۆ خزمەتی ئەو ستراتیجە هەڵبژێرێت.
C- جەخت تەنیا لە سەر ئەمریکا دەکات وەک ئەمریکا تاکە بریاردەر بێت و ستراتیجی ئەمریکیی پەیوەست و کارتێکەر و کارتێکراوی ستراتیجییەکانی تر نەبێت بە تایبەتی روسیا وەک زلهیز ئەوسا تورک، کورد، ئێران و… هتد.
D- ئەمریکا بە یەک ئەمریکا دادەنێت وەک یەک نیوەندی دیکتاتۆری بریار لە ئەمریکاش هەبیت وەک پۆتین یان ئەردۆگان.
3- بیگومان گریمانەکان وەهمین و زانستی نین یان بەلای کەمەوە نەگەیشتووینەتە ئەو قنیاتەی کە وەک ئەنجام یان دراوێكی دروست و بابەتیی و زانستیی قبوڵی بکەین.
4- کەواتە تەنیا لێرەدا دەگەینە ئەوەی پرسیار لە پرسیارەکە بکەین:
1- ئایا بەراستی ئەمریکا ستراتیجی لە سوریادا هەیە؟
2- کە هەیە چییە؟ کە نییە کاریگەریی چ دەبێت و چۆن شتەکان دەگۆڕێت؟
3- ئایا کوردی رۆژاوا و تورکیا بەشێکن لەو ستراتیجییە؟
4- ئایا یەک ئەمریکا هەیە؟ واتە یەک نیوەندی بریار؟ و دەسەلاتێک لە دەرەوەی نێوەندی بریارەکان نییە کە دەشێ ستراتیجییەکان بگۆڕێت؟
5- ئایا ئەمریکا لە سوریا دەبێ لە نێوان تورکیا و کورد تەنیا یەکیان هەڵبژێرێت و ئەوی دی فت کا یان بیکاتە قوربانی؟
6- ئایا وەک زلهێزێک ناتوانیت هەردووکیان هەڵبژێرێت و کۆمپرۆمایسێک، کۆبەلێنییەک، لە نێوان هەردووکیانا دروست بکات؟ گەر نا بۆ؟ گەر ئا بۆ نایکات؟
7- ئەو هۆکار وفاکتەرانە چین کەوا دەکات ئەمریکا کورد و تورک وەک دوو هاوپەیمان یان هەر نەبێت دوو فاکتەری یارمەتیدەر بۆ سیاسەت و ستراتیجییەکانی سەیر نەکات و ڕیکەوتنێک لە نیوانیان، [حەللێکی وەسەت] دروست نەکات؟
8- ئایا کە ئەمریکا ناچار بێت لە کورد و تورک یەکیان هەڵبژێرێت کامیان هەڵدەبژێرێت؟ چۆن دەتوانین بزانین کە ئەمریکا قوربانی بە کورد دەدات یان نادات؟
9- ئایا ئەمریکا تاکە زلهێزێکی ستراتیجییە؟ ئەلتەرناتیڤ و بریکاری کوردی ڕۆژاوا چییە گەر ئەمریکا خیانەتیان لێبکات وەک روسیا لە عەفرین کردی؟ ئەم ئەلتارناتیڤە چۆن کار لە سیاسەت و ستراتیجی ئەمریکا بەرامبەر کورد دەکات؟

( 6 )
مەرجەکان و پێویستییەکانی وەلامدانەوە چین؟
لێرەوە بۆمان دەرکەوت کە بەر لەوەی وەلام بدەینەوە مەرجی هەرە گرنگ ئەوەیە دەبێت پرسیار لە پرسیارەکان بکەین. ئەو پرسیاراندنەیە کە راستیی دەرگای وەلاممان بۆ دەکاتەوە.
وەڵامی هیچ کام لەم پرس و پرسیارانە بە هەرەمەکیی و گۆترە و پێشباوەڕیی و خۆشخەیاڵیی نادرێتەوە.
پێویستیی بە گەڕان بە دوای زانیارییدا و پشکنین هەیە؟
پێویستیی بە باسکاریی و داتا و فاکت و بەڵگەنامە و بەڵگە و خوێندنەوەی رووداوەکان و ئاگاداریی لە سیاسەتی نێوەندەکانی بڕیار و فێربوون لە پێشینە مێژووییەکان هەیە.
پێویستی بەوە هەیە هەم وەک پرۆسە و هەم وەک دیمەنە گەورەکە تێیبگەین.
واتە بناغە و بنەما و ستراکتووریی دەوڵەتی مۆدێرن زانست و بۆچوونی زانستیی و لێکۆلێنەوەی زانستییە. ئەمەش کاری زانکۆکانە. ئەوان دەبێ ڕیبەر بن.
زیاد لە زانکۆکان، گەلان دەیان هەندێ سەدان بیرخانە [ثینکتانک] و دەزگای لێکۆلینەوەی ستراتیجییان هەن.
نووسەران و باسکاران و رۆژنامەنووسان و ڕێبەرانی بیریش بە هەزاران هەن کە سەربەخۆ یان وەک بەرکاری لۆبییەکان کاری خۆیان دەکەن. بۆیە هیچ کاتێک تاکە بیرێک و تاکە وەلامیک نییە، سەدان بیر و بۆچوونی جۆراوجۆر هەن.
کەواتە بۆ ئەوەی وەک ئەنجامێکی بۆشی لاوەکیی بۆچوونێکی تاکەنووسەرێکی بولمبێرگی [بیری بێگانە] ، ئەوە قبول نەکەین کە ئەمریکا تورکیا هەلدەبژێڕێت و کورد فت دەکات، دەبێ خۆمان بیربکەینەوە، بپشکنین، باسکاریی بکەین، و دوای هەڵوەشاندنەوە و پرسیار کردن لە پرسیارەکان بتوانین وەلامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە.

( 7 )
ئاخریی، کەواتە ئەمریکا کامیان هەڵدەبژێرێت؟
وەلامی سەرەتایی من ئەوەیە تکایە تۆش بیری لێبکەوە:
1- ئەمریکا بە فیعلی دەمێکە کوردی ‌هەڵبژاردووە بە سەر تورکیادا!
2- ئەمریکا ستراتیجی نییە
3- کوردی ڕۆژاوا ستراتیجی ئەمریکای دروستکردووە
4- بە‌‌‌هێزترین نێوەندی ستراتیجی بڕیاری ئەمریکیی پشتگیری کورد دەکات.
5- تورکیا, تورکیا نییە.
6- پێوەندی ئەمریکا بە تورکیاوە ستراتیجی نییە.
7- مەترسی لە سەر کورد هێزێکە لە دەرەوە و سەرەوەی دەسەلاتی ئەمریکاش
8- کوردی رۆژاوا زۆر وەرەقەی بەدەستەوەن گەر بتوانێ زیرەکانە بەکاریان بێنێت
9- نابێ کارەساتی عەفرین دووبارە بکاتەوە.
ئەم وەلامانە لە بەشی داهاتوودا روون دەکەمەوە.
تا ئەوساش تکایە تۆش بیریان لێبکەوە و بەڵگەی پشتگیریی یان دژ بدۆزەوە. تکایە نە جنیو بنووسە نە وشەی دەستخۆش, کە هیچ مانایەکی نییە. لای هەموو گەلان ئینتەرنێت و فەیسبووک بوار و دەرفەتێکی گرنگە بۆ گۆڕینەوەی بیرورا، بەرپاکردنی دیباتی عەقلیی و رووناکبیریی، دۆزینەوەی چارەسەریی بەکۆمەڵ بۆ کیشەکان، فێربوونی قبووڵکردنی بیر و رای جیاواز و ڕیزگرتنی. با لەم وتارەوە هەر نەبێ لە جیاتی پەرچەکرداری پێشباوەڕیی و پەلەیی بیربکەیتەوە و ڕایەکی جددی خۆت لە سەر بابەتەکان بنووسی.
سوپاس بۆ ئەوانەی بە وتارەکەی پێشوو هیوادارتر بوون و سەرنجی زیرەکانی خۆیان نووسی، ئەمە هانی دام لەم زنجیرە وتارە بەردەوام بم و قووڵتر ڕەوش و چارەنووسی ڕۆژاوا کە هی هەموو کوردستانی پێوەبەندە لە وتارەکانی ئایندەدا ڕوون بکەمەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت